12 کاتژمێر پێش ئێستا
123 جار خوێنراوەتەوە
یاسای چوارچێوە لە پەرلەمانی تورکیا؛ پرسی کورد دەگوازرێتەوە بۆ سەر زەمینەیەکی سیاسی و یاسایی
لە سەردانی ئیمراڵیەوە تا هەنگاوە یاساییەکان؛ ئایا پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەچێتە قۆناغێکی نوێوە؟
لە پەرەسەندنێکی نوێ و هەستیاردا لەسەر دۆسیەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، سەرکردەکانی دەم پارتی ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەگەر هیچ گرفتێک دروست نەبێت، لەم هەفتەیەدا "یاسای چوارچێوە" دەچێتە کارنامەی پەرلەمانەوە و پرسی کورد لە چوارچێوەیەکی ئەمنی و سەربازییەوە دەگوازرێتەوە بۆ سەر بنەمایەکی سیاسی و یاسایی، ئەمەش لە کاتێکدایە کە جووڵە دیپلۆماسییەکان، سەردانی شاندی ئیمراڵی بۆ لای ڕێبەر ئاپۆ و کۆبوونەوەکانی سەرۆکی پەرلەمان لەگەڵ پارتە سیاسییەکان چڕتر بوونەتەوە.

جموجۆڵە دیپلۆماسییەکان و سەردانی ئیمراڵی
لە هەفتەکانی ڕابردوودا، دۆخی سیاسیی تورکیا کۆمەڵێک پێشهاتی خێرای بەخۆیەوە بینی؛ شاندی ئیمراڵی دەم پارتی کە پێکهاتبوون لە پەڕلەمانتاران پەروین بوڵدان، مەدحەت سەنجەر و پارێزەر فایەق ئۆزگور ئەرۆڵ، سەردانی دوورگەی ئیمراڵیان کرد و لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی کورد لە باکور کۆبوونەوە.
دوای ئەم سەردانە، شاندەکە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا جەختی لەسەر بەیاساییکردنی هاوپەیمانیی مێژوویی نێوان کورد و تورک، پێویستیی پێکەوەژیانی هاوبەش، کۆتاییهێنان بە چەک و شەڕ لەسەر بنەمای ڕاپۆرتی کۆمیسیۆنی پەرلەمان، و بونیادنانی کۆمارێکی دیموکراتیک کردەوە. هاوکات لەسەر ئاستی دامەزراوەیی، نومان کورتولمووش سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ پارتە سیاسییەکان لەوانە دەم پارتی و مەهەپە ئەنجامدا بە مەبەستی جێگیرکردنی چوارچێوەیەکی یاسایی، و پشووی هاوینەی پەرلەمانیش بۆ ٣١ـی تەممووز دواخرا تاوەکو دەرفەت بۆ پەسەندکردنی یاساکە بڕەخسێت.

یاسای چوارچێوە و دیدگای دەم پارتی
تونجەر باقرخان، هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی، لە وتارێکدا ڕایگەیاند، ئەگەر هیچ گرفتێک روونەدات، یاسای چوارچێوە لە ماوەیەکی کورتدا دەچێتە کارنامەی پەرلەمانەوە و پرسی کورد دەگوازێتەوە سەر بنەمایەکی یاسایی و سیاسی، هیوای خواست ئەمجارە پرۆسەکە لە بار نەچێت.
لە هەمان چوارچێوەدا، ئایشەگوڵ دۆغان، وتەبێژی دەم پارتی، جەختیکردەوە، یاسای چوارچێوە دەبێتە خاڵی بنەڕەتیی پرۆسەکە و ڕێگە بۆ چارەسەری دیموکراتیک خۆش دەکات، و ئاماژەی بەوەشکرد کە ڕێبەر ئاپۆ پرۆسەکەی بە ستراتیژێکی بونیادنانی سەدساڵە دەستنیشان کردووە بۆ دیموکراتیزەکردنی تورکیا لە ڕەگەوە. دۆغان جەختی لەوەش کردەوە تەنها دەرچوونی یاسای چوارچێوە بەس نییە، بەڵکو دوای ئەوە دەبێت یاسای جێبەجێکردن، یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و یاسای سزادانی تورکی هەموار بکرێنەوە تاوەکو زەمینەیەکی ئازاد بۆ سیاسەتی دیموکراتی بڕەخسێت.

بەربەستە یاساییەکان و ڕەخنەی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ
سەرباری گەشبینییە سیاسییەکان، ڕەخنە و نیگەرانیی یاسایی لە ئارادایە؛ ڕەنگین ئەرگول، ئەندامی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسیی نێونەتەوەیی (ماف-داد)، سەبارەت بە بڕیاری ساڵی ٢٠١٤ـی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەورووپا لەسەر "مافی هیوا" بۆ عەبدوڵا ئۆجەلان ڕەخنەی لە دواکەوتنی تورکیا گرت.
ڕەنگین ئەرگول ڕایگەیاند، سەرەڕای تێپەڕبوونی ١١ ساڵ، تورکیا هیچ گۆڕانکارییەکی یاسایی پێویستی نەکردووە و کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجوومەنی ئەورووپا لە چاودێریکردنی ئەم دۆسیەیەدا سەرکەوتوو نەبووە.
ئەرگول جەختیکردەوە کە چارەسەری بنەڕەتی لە پەرلەمانی تورکیایە و دەبێت ئاستەنگییە یاساییەکان لەسەر ئازادکردنی مەرجدار و باشترکردنی دۆخی گۆشەگیری لاببرێن.
چوارچێوەی یاسایی داواکراو پێکدێت لە "یاسای چوارچێوە" وەک نەخشەڕێگا، "یاسای جێبەجێکردن" بۆ ڕێکخستنی دۆخی زیندانیان و کەمکردنەوەی جیاکاری، هەموارکردنی "یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر" کە پێناسەی تیرۆر لە تورکیادا بەرفراوان بەکاردەهێنێت بۆ سەرکوتکردنی ئۆپۆزسیۆن، هەروەھا هەموارکردنی "یاسای سزادانی تورکی" کە ماددەکانی بەرتەسککردنەوەی ئازادیی تێدایە، بە جۆرێک کە سەرکەوتنی ئەم پرۆسە مێژووییە مەرجە بە لابردنی ئەم ئاستەنگە ڕیشەییانە.
-
داپۆشینی بێبەرنامەیی و گەندەڵی؛ چۆن حکومەتی هەرێم قەیرانی سووتەمەنی و پچڕانی کارەبای خستە ئەستۆی کۆمپانیاکان و بەغدادەوە؟
|
-
یاسای چوارچێوە لە پەرلەمانی تورکیا؛ پرسی کورد دەگوازرێتەوە بۆ سەر زەمینەیەکی سیاسی و یاسایی
|
-
پەککەوتنی حکومەت و قەیرانی مووچە و بەنزین؛ هاووڵاتیانی هەرێم بێهیوا بوون و بۆ ناوچە دابڕێندراوەکان کۆچ دەکەن
|
-
وێنەکانی ترەمپ لەسەر کەشتییە نەوتییەکان و ڕاگرتنی هێرشەکان؛ ئەمریکا و ئێران دەرگای گفتوگۆ و دیپلۆماسی دەکەنەوە
|
-
جیاوازیی گەورەی حوکمڕانی؛ لە کاتێکدا بەغدا گەندەڵکاران دەستگیر دەکات، هەرێمی کوردستان ٣٥ ساڵە لە بێدەنگیدایە
|
-
لە نووسینگە ئابوورییەکانەوە؛ چۆن داهاتی عێراق ئاراستەی ململانێ نێودەوڵەتییەکان دەکرێت؟
|
-
فراوانبوونی بەرەی جەنگی ئەمریکا و ئێران؛ ئۆکرانیا دەچێتە ناو هاوکێشەکە و وڵاتانی کەنداویش دەبنە ئامانج
|
-
یەکخستنەوەی پێشمەرگە دەچێتە قۆناغێکی یەکلاکەرەوە؛ گرەو لەسەر بەردەوامی هاوکاری هاوپەیمانان دەکرێت
|
-
سیناریۆکانی واشنتۆن و تەلئەبیب دژی تاران؛ لە شکستی مانگی ئادارەوە تا گەڕانەوەی ئاماژەکانی ترەمپ بۆ بەکارهێنانی "کارتی کوردی"
|
|
|
|