11 کاتژمێر پێش ئێستا
300 جار خوێنراوەتەوە
ڕووفاتەکان دەگەڕێنەوە و برینەکان دەکولێنەوە؛ شنگال لە سایەی 12 ساڵ شوێنەواری داعشدا
ماوەی 12 ساڵ بەسەر ئهو کاتەدا تێپەڕیوە، بەڵام بەشێک لە ڕزگاربووان هێشتا لەو چركەساتە سەختەدا دەژین کە داعش هێرشی کردە سەر ناوچەکەیان و بەهۆیەوە کەسوکار و ئازیزانیان لەدەستدا. لەگەڵ هەڵدانەوەی هر گۆڕێکی بەکۆمەڵدا، برینی ڕزگاربووان دەکولێتەوە و دەگەڕێنەوە بۆ ساتەوەختی لەدەستدانی خۆشەویستانیان.

دەستبەسەرداگرتنی شنگال و دەستپێکی ئاوارەیی
لە 3ی ئابی 2014دا (دوو مانگ دوای داگیرکردنی شاری موسڵ)، چەکدارانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش هێرشیان کردە سەر شنگال. دوای ڕووبەڕووبوونەوەیەکی کەم، لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا قەزاکە بەتەواوی کەوتە دەستیان.
لێرەوە چیرۆکی ئاوارەبوون، ڕفاندن و زیندەبەچاڵکردن دەستی پێکرد. بەشێک لە دانیشتووانی شنگال و ناحیەکانی بەرەو دهۆک و ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان هەڵهاتن، هەندێکیشیان ڕوویان لە چیای شنگال کرد و ماوەی 10 ڕۆژ لەلایەن داعشەوە بە توندی گەمارۆ دران.
دوای ئۆپەراسیۆنێکی چڕ بە هاوکاریی ئاسمانیی هێزەکانی هاوپەیمانان و مەیدانیی هێزی پێشمەرگە و یەکینەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە)، گەمارۆکە شکێندرا و رێڕەوێک بۆ دەربازکردنی گیراوخواردووانی سەر چیاکە کرایەوە. بەشێکیان بەرەو ڕۆژئاوای کوردستان گوازرانەوە و دواتر لە ڕێگەی دەروازەی سێمێلکاوە گەڕێندرانەوە باشووری کوردستان و لە چەندین کەمپدا نیشتەجێ کران.

ئێزیدیەكانیان سەردەبڕی
داعش لە گوندێكی ئێزدی 80 هاووڵاتی ئێزدیان سەربڕی بە چەند ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگر هەڵیانكوتابووە سەر گوندێك و دوایان لێكردوون ببنە مسوڵمان، بەڵام ئەوان داواكەیان رەتكردوونەتەوە، دواتر داعش 80 پیاوی ئەو گوندەیان لە ماوەی یەك کاتژمێردا كۆكردووەتەوەو سەریان بڕیون و دواتر سەرجەم ژنانی گوندەكەیان بەرەو شوێنێكی قەزای تەلەعفەر رفاندووە كە چەكداری داعشی بیانی لێیە.
داعش جلی كوردی پۆشی بۆ چەواشەكردنی كوردە ئێزیدییەكانی شەنگال
تیرۆرستانی داعش لەكاتی داگیركردنی شەنگال فێڵێكی نوێیان بەكارهێنا بۆ چەواشەكردنی كوردە ئێزیدییەكانی شەنگال و هێزەكانی پێشمەرگە، فێڵەكەشیان بریتیبوو لەوەی بە جلوبەرگی كوردییەوە لەناو قەزای شەنگال دەسوڕانەوە، مەبەستیش لەوە هەڵخەڵەتاندنی كوردە ئێزییەكان بوو، هەروەها چەواشەكردنی پێشمەرگەكان لە كاتی شەڕو پێكدادانەكاندا، بەهۆی ئەو كارەشیانەوە چەكدارە تیرۆرستەكان توانیان چەندین هاووڵاتی كورد دەستگیربكەن و بەزۆر بیانكەن بە موسوڵمان.

ئامارە دڵتەزێنەکانی کارەساتەکە
سەرەڕای نەبوونی ئامارێکی ڕەهای گشتی، بەپێی دواین ئامارەکانی نووسینگەی ڕزگارکراوانی ئێزدی:
- ژمارەی کوژراوان: نزیکەی 5,000 کوردی ئێزدی گیانیان لەدەستداوە.
- منداڵانی بێباوک: 2,742 منداڵ باوکیان لەدەستداوە.
- گۆڕە بەکۆمەڵەکان: تا ئێستا 93 گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە و دەیان گۆڕی دیکەش هێشتا هەڵنەدراونەتەوە.
گۆڕە بەکۆمەڵەکەی نەینەوا: پارێزگاری نەینەوا ڕایگەیاندبوو کە دەستیان کردووە بە هەڵدانەوەی گەورەترین گۆڕی بەکۆمەڵ لە باشووری پارێزگاکە، کە هەزاران قوربانیی تێدایە. ڕۆژانە نزیکەی دوو هەزار کەس لەلایەن داعشەوە کوژراون و بە ئۆتۆمبێل گواستراونەتەوە بۆ ئەو گۆڕانە. پێدەچێت بەشێکی زۆری ڕووفاتەکان ئێزدی بن.
ڕفێندراوان و بێسەروشوێنەکان
- کۆی گشتیی ڕفێندراوان: 6,417 کەس (3,548 ژن و 2,869 پیاو).
- ڕزگارکراوان: 3,585 کەس (1,211 ژن، 339 پیاو، 1,074 کچە منداڵ و 961 مێرد منداڵ).
- دۆزینەوەی تەرمەکان: تا ئێستا 274 ڕووفات (37 ژن و 237 پیاو) ڕادەستی کەسوکاریان کراونەتەوە. (لەوانەش گواستنەوەی 32 ڕووفاتی خەڵکی گوندی کۆجۆ).
- بێسەروشوێنبووان (تا ئێستا): 2,558 کەس (1,225 ژن و 1,333 پیاو) چارەنووسیان نادیارە.

کۆچ و ئاوارەیی
کارەساتەکە بووە هۆی ئاوارەبوونی سەدان هەزار کوردی ئێزدی:
- 135,860 کەس لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان نیشتەجێ بوون.
- 189,337 کەس لە دەرەوەی کەمپەکان لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێم دەژین.
- نزیکەی 120,000 ئێزدیش کۆچیان بۆ دەرەوەی وڵات کردووە.
-
نێچیرڤان بارزانی بۆچی سەردانی دیمەشقی کرد؟
|
-
جوڵەکانی پرۆسەی ئاشتی لە نێوان ئیمراڵی و ئەنقەرە؛ نوێترین پەیامی ئۆجەلان لە بارەی پرۆژەیاسای چوارچێوە لە پەرلەمانی تورکیا
|
-
ڕووفاتەکان دەگەڕێنەوە و برینەکان دەکولێنەوە؛ شنگال لە سایەی 12 ساڵ شوێنەواری داعشدا
|
-
موجتەبا خامنەیی زیندووە؛ ئەمریکا و ئیسرائیل بۆچی نەیانتوانیوە شوێنی بدۆزنەوە؟
|
-
عێراق سەرەڕای کەمبوونەوەی داهاتیی نەوتیی چۆن توانیویەتی بەردەوام بێت لە دابەشکردنی مووچە؟
|
-
فشارە سیاسییەکان هەڵمەتی دژە گەندەڵی لە عێراق سست دەکەنەوە
|
-
لە نێوان ئیرادەی چارەسەر و مەرجە توندەکانی دەسەڵاتدا؛ مشتوموڕ لەسەر گەڕانەوەی گەریلا و داهاتووی پرۆسەی ئاشتی گەرمتر دەبێت
|
-
ئارامییەکی هۆشدارانە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ گفتوگۆی پاش هەڕەشە
|
-
سێ مانگی پڕ لە تراژیدیا و ٤٣ ساڵ لە چاوەڕوانی؛ چیرۆکی ئەنفالی هەشت هەزار بارزانیی
|
|
|
|