8   کاتژمێر پێش ئێستا 323 جار خوێنراوەتەوە

جوڵەکانی پرۆسەی ئاشتی لە نێوان ئیمراڵی و ئەنقەرە؛ نوێترین پەیامی ئۆجەلان لە بارەی پرۆژەیاسای چوارچێوە لە پەرلەمانی تورکیا

وەفدی ئیمراڵیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) دوای ئەنجامدانی دیدارێکی سێ کاتژمێری لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان کە دوێنێ ئەنجامدرا، ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی دواین پێشهاتەکانی پرۆسەی ئاشتی بڵاوکردەوە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە لە دیدارەکەی دوێنێدا، ئۆجالان هەڵسەنگاندنی بۆ پرۆسەی ئێستا و بەرپرسیارێتییە مێژووییەکان کردووە و جەختی لەوە کردووەتەوە ڕێگای هەزار کیلۆمەتری بە هەنگاوێک دەست پێدەکات و لە ڕێگەی ئەم یاسایەوە هەنگاو بۆ چارەسەرکردنی پرسێکی مێژوویی دەنرێت. 

ئۆجەلان ئەم قۆناغەی بە سەرەتای پرۆسەیەکی دیموکراتیزەکردن ناوزەد کرد کە لە گرنگیی دامەزراندنی کۆمار کەمتر نییە، داوای کرد هەموو لایەک بە جدییەتەوە بۆ کۆماری دیموکراتیک کار بکەن، چونکە ئەم هەنگاوە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر چارەنووسی تورکیا و ناوچەکە دەبێت و خزمەت بە دەستەبەرکردنی دادپەروەری، گەشەی ئابووری و بەدیهێنانی ئاشتی بۆ هەموو پێكهاتەكان دەکات. لە پەیامەکەدا ئەوەش ڕوونکراوەتەوە ئەگەرچی هێشتا هەموو کێشەکان چارەسەر نەکراون، بەڵام دۆخەکە نەرێنی نییە و یاسای چوارچێوەش کلیلی کردنەوەی دەرگای پرۆسەکەیە.

پێشتر ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆبوونەوەی ڕاوێژکاریی پارتەکەی لە ئیستەنبوڵ ڕایگەیاند، حکومەتەکەی هیچ دەرفەتێک نادات بەوانەی دەیانەوێت پرۆسەی ئاشتی تێکبدەن.

 ئەردۆغان جەختی کردەوە، لەگەڵ هاوبەشەکەیان لە هاوپەیمانیی جمهور هەڵوێستی دڵسۆزانە و بنیاتنەرانەیان هەبووە و بڕوای تەواویان بە چارەسەر هەیە، هەروەها ئاماژەی بەوە دا بە ناردنی پێشنیازەیاسای چوارچێوە بۆ پەرلەمان، پرۆسەکە خێراتر دەبێت و پێویستە بە بەشداریی هەموو پارتەکان کێشەکان لەسەر ڕێگەی ڕاست دابنرێن.

لە هەمان کاتدا، نومان کورتوڵموش سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ئاشکرای کرد، یاسای چوارچێوە هەفتەی داهاتوو وەک پێشنیازێکی هاوبەش پێشکەشی پەرلەمان دەکرێت و هیوای زۆر هەیە بە زۆرینەی دەنگ پەسەند بکرێت تاوەکو بنەما یاساییەکانی قۆناغی نوێ دیاری بکات و وڵات بەرەو پێشەوە ببات.

بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، ئەم یاسایە وەک بنەمای سەرەکی بۆ چارەسەری دۆزی کورد، بڕیارە چارەنووسی سەرکردە و بەشداربووانی پرۆسەکە دیاری بکات دوای گۆڕانکارییەکانی پێکهاتەی سیاسی. بەڵام لەگەڵ بوونی سازانی سەرەتایی لەسەر ڕەشنووسی یاساکە لە دیداری پێشووی ئیمراڵیدا، میدیاکانی نزیک لە قەندیل و بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادی هۆشدارییان داوە لەوەی کە پارتی دەسەڵاتدار هەوڵ دەدات بەپێی تێگەیشتنی خۆی ڕەشنووسەکە ئامادە بکات. هەروەها ئاماژە بەوە کراوە دەم پارتی ئەو ڕەشنووسەی ئاکەپەی ڕەتکردووەتەوە کە بە شێوەی زارەکی پێیان ڕاگەیەندراوە، تەڤگەری ئازادیش جەختی لەسەر پێگە و ئازادیی جەستەیی عەبدوڵا ئۆجەلان کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە، دوای گەیشتنی ڕەشنووسە رەسمییەکە هەڵوێستی کۆتایی خۆیان لەبارەی پرۆسەکەوە ئاشکرا دەکەن.

  • نێچیرڤان بارزانی بۆچی سەردانی دیمەشقی کرد؟

  • جوڵەکانی پرۆسەی ئاشتی لە نێوان ئیمراڵی و ئەنقەرە؛ نوێترین پەیامی ئۆجەلان لە بارەی پرۆژەیاسای چوارچێوە لە پەرلەمانی تورکیا

  • ڕووفاتەکان دەگەڕێنەوە و برینەکان دەکولێنەوە؛ شنگال لە سایەی 12 ساڵ شوێنەواری داعشدا

  • موجتەبا خامنەیی زیندووە؛ ئەمریکا و ئیسرائیل بۆچی نەیانتوانیوە شوێنی بدۆزنەوە؟

  • عێراق سەرەڕای کەمبوونەوەی داهاتیی نەوتیی چۆن توانیویەتی بەردەوام بێت لە دابەشکردنی مووچە؟

  • فشارە سیاسییەکان هەڵمەتی دژە گەندەڵی لە عێراق سست دەکەنەوە

  • لە نێوان ئیرادەی چارەسەر و مەرجە توندەکانی دەسەڵاتدا؛ مشتوموڕ لەسەر گەڕانەوەی گەریلا و داهاتووی پرۆسەی ئاشتی گەرمتر دەبێت

  • ئارامییەکی هۆشدارانە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ گفتوگۆی پاش هەڕەشە

  • سێ مانگی پڕ لە تراژیدیا و ٤٣ ساڵ لە چاوەڕوانی؛ چیرۆکی ئەنفالی هەشت هەزار بارزانیی

سەرەکی