بەپێی زانیارییەکانی ئیرادە میدیا، هەنگاوی نوێ بۆ ڕێکخستنەوەی میلاکی مامۆستایانی ئایینی خۆبەخش لە هەرێمی کوردستان نراوە، پڕۆسەی دابینکردنی مینحەی مانگانە و خۆشکردنی ڕێگە بۆ بەگرێبەستکردنیان چووەتە قۆناغێکی جێبەجێکردنەوە.
محەمەد خەلیل، بەڕێوەبەری کارگێڕی لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ (ئیرادە میدیا) ڕایگەیاند نوسراو لە وەزارەتی ئەوقافەوە ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران کراوە بەمەبەستی دابینکردنی مینحەی مانگانە بۆ 1500 مامۆستای ئایینی خۆبەخش. ئەنجومەنی وەزیرانیش نوسراوی ئاراستەی وەزارەتی دارایی کردووە بۆ ئەوەی مانگانە بڕی 250 هەزار دینار مینحە بۆ ئەو مامۆستایانە خەرجبکرێت و لەلایەن وەزارەتی ئەوقافیشەوە کاری پێویستیان بۆ ئەنجامبدرێت. هەروەها داوایان لە وەزارەتی دارایی کردووە کە لە بودجەی ساڵی 2027دا ناوەکانیان تۆماربکات بەمەبەستی ئەوەی بکرێنە گرێبەست.
محەمەد خەلیل ئاماژەی بەوەش کرد کە وەزارەتی ئەوقاف پێی گونجاوە ئەم مامۆستا ئایینییە خۆبەخشانە دابمەزرێندرێن، چونکە ئەوان ئەزموون و شارەزاییەکی باشیان لە وتارداندا هەیە، گلەییان لەسەر نییە و شیاوترن لەوەی کەسانێکی بێ ئەزموون بهێنرێن، جگە لەوەی بەهۆی کەمیی تێچووەکەیەوە، دامەزراندنیان بڕە پارهیهكی كهمی دهوێت.
محەمەد هیجرانی، وتەبێژی نوێنەرانی مامۆستایانی ئایینی خۆبەخش لە هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ (ئیرادە میدیا) ڕایگەیاند ئەوان ساڵانێکی زۆر وەک خۆبەخش بەبێ مینحە و بەبێ وەرگرتنی یەک دینار بەردەوام بوون لە وتاردان و پێشنوێژیکردنی موسڵمانان، بەڵام لە مانگی 9ی ساڵی 2024ەوە بەناوی مینحەوە بۆ 1500 مامۆستای خۆبەخش بڕی 250 هەزار دیناری مانگانەیان بۆ بڕدراوەتەوە. باسی لەوەش کرد ساڵانە فەرمانی دابینکردنی مینحەکەیان بۆ نوێدەکرێتەوە کە بڕەکەی 375 ملیۆن دینار دەکات، ئەگەر تەنها بڕی 400 ملیۆن دیناری دیکە دابینبکرێت، دەتوانن بیانکەنە گرێبەست؛ بەجۆرێک دەرچووانی زانکۆ ٥٠٠ هەزار دینار، دبلۆمی باڵا 600 هەزار دینار، ماستەر 800 هەزار دینار و دکتۆرا یەک ملیۆن و 100 هەزار دیناری مانگانە وەربگرن.
محەمەد هیجرانی، وتەبێژی نوێنەرانی مامۆستایانی ئایینی خۆبەخش ڕوونیشیکردەوە، له ئێستادا مامۆستای ئایینی دامەزراو هەیە دەرچووی کۆلێژی شەریعەیە و مۆڵەتی حوجرەشی هەیە بەڵام موچەکەی تەنها 302 هەزار دینارە. بەڵێنیان پێدراوە کە لە ساڵی 2027 ناوەکانیان تۆماربکرێن تاوەکو بکرینە گرێبەست؛ لەم بارەیەوە کۆبوونەوەیان لەگەڵ محەمەد خەلیل، بەڕێوەبەری کارگێڕی لە ئەنجومەنی وەزیران کردووە و نوێنەری سەرجەم شارەکانی هەرێمیش لە کۆبوونەوەکەدا بەشداربوون.
هیجرانی وتیشی، لە کاتێکدا 86 هەزار فەرمانبەری گرێبەست هەیە، وەزارەتی ئەوقاف بەڵێنی پێداون جگە لەو 1500 کەسەی مینحە وەردەگرن، کاربکەن بۆ ئەوەی 500 مامۆستای ئایینی دیکەش ئەو مینحەیەیان بەربکەوێت. ئاماژەی بەوەش دا پێشتریش چاویان بە ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و ئومێد سەباح، بەڕێوەبەری دیوانی ئەنجومەنی وەزیران کەوتووە و داواکارییەکانیان خستۆتە بەردەستیان.
ناوبراو باسی لەوەش کرد، ئێستا تەمەنی خانەنشینی مامۆستایانی ئایینی کراوەتە 60 ساڵ و ئەوانەشی گرێبەستن و 15 ساڵ خزمەتیان تەواو نەکردووە، گرێبەستەکانیان لە ئەوقافی سلێمانی هەڵوەشێندراوەتەوە.
محەمەد هیجرانی ئاشکراشی کرد، خۆبەخشانی ئایینی لە مزگەوتەکان میلاکیان پڕکردووەتەوە، بەڵام لە ئێستادا تەنها ١٧٣٦ مامۆستای ئایینی لە وەزارەتی ئەوقاف بونیان هەیە، لەکاتێکدا زیاتر لە 6000 مزگەوت لە سەرتاسەری هەرێم دروستکراون و هێشتا نیوەی مزگەوتەکان بێ پێشنوێژ و وتارخوێنن.
لە کۆتاییدا هیجرانی هۆشداریدا، ئەگەر ئەوان نەبن مەترسی هەیە بیری توندڕەوی و گرووپی خراپ سەرهەڵبدات. هەروەها ئاماژەی بەوە دا لە شاری سلێمانی وتاری ئایینی هەینی چاوپۆشی لێدەکرێت، بەڵام ئەوقاف وتاریان بۆ دەنووسێت، داواشی لە وەزارەتی ئەوقاف کرد کاری جدی بکەن بۆ دامەزراندنی مامۆستایانی ئایینی خۆبەخش و کردنەوەی دۆسیە بۆ خۆبەخشانی ڕۆژانەش بەمەبەستی دامەزراندنیان.