گادی ئایزنکۆت، سەرۆکی پارتی "یاشار"، لەلایەن ئیسحاق هێرتزۆگ، سەرۆک کۆماری ئیسرائیلەوە بە فەرمی ئەرکی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی خستە ئەستۆ، پاش ئەوەی لەلایەن ٦٧ بۆ ٧٤ ئەندامی کنێستەوە پشتگیریی کرا و متمانەیان بە حکومەتی پێشوو نەدایەوە.
لە مەراسیمی ڕاسپاردنەکەدا، سەرۆک کۆمار جەختی لەوە کردەوە، وڵاتەکە ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی گەورە و هەڕەشەی بەردوامی ئێران و دۆخی غەززە و لوبنان بووەتەوە، بۆیە پێویستە حکومەتێکی سەقامگیر دروست بکرێت کە بۆ ماوەیەکی درێژ توانای بەرەنگاربوونەوەی تەنگژەکانی هەبێت.
«گادی ئایزنکۆت، سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو، ٢٨ ڕۆژی لەبەردەمدایە بۆ تەواوکردنی کابینەکەی»
، لەگەڵ ئەگەری درێژکردنەوەی بۆ ماوەی ١٤ ڕۆژی تر. لە یەکەم وتاریدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئیسرائیل لە دۆخی نائاساییدا ژیان بەسەر دەبات، بەرەکانی جەنگ هێشتا کراوەن، ئامانجەکان بە تەواوی بەدی نەهاتوون و وڵات لەناو قەیرانێکی سیاسیی قوڵدایە.
ئایزنکۆت وەک ئاماژەیەک بۆ بنیامین نەتەنیاهۆ هۆشداری دا لەوەی کە هەوڵدانی نابابەتی بۆ پەکخستنی پێکهێنانی حکومەت دژ بە بەرژەوەندیی گەلە. ڕاشیگەیاند ئەو سەرۆکایەتیی حکومەتێکی فریاگوزاریی نیشتمانی دەکات، چونکە ئیسرائیل چیتر بەرگەی هەڵبژاردنێکی تر ناگرێت و پێویستە هەمووان سازش بکەن.
هاوکات پارتی "یاشار" لە یەکەم کاردانەوەیدا ڕایگەیاند کە سەردەمی بنیامین نەتەنیاهۆ کۆتایی هاتوو و چەند ڕۆژێکی کەمی لە دەسەڵاتدا ماوە، کابینە نوێیەکەش لەسەر بنەمای داننان بە ناسنامەی دەوڵەتی جوو و پابەندبوون بە خزمەتی سەربازی پێکدەهێنرێت.
ڕۆژی سێشەممە، 27ـی تشرینی یەكەمی 2026، هەڵبژاردنی كێنێستی ئیسرائیل بە بەشدارییەكی فراوان بەڕێوەچوو.
«ئەنجامە بەراییەكان دەریانخست كە هاوپەیمانییەكەی بنیامین نەتانیاهۆ بە 53 كورسی پێشەنگی گرتووە»
، بەڵام بۆ پێكهێنانی حكومەت پێویستی بە 61 كورسی هەبوو و نەیتوانی لایەنەکانی تر بۆ پێکهێنانی حکومەت ڕازی بکات.
لە بەرامبەردا، بەرەی ئۆپۆزسیۆن بە سەرۆكایەتیی گادی ئایزنكۆت 48 كورسیی مسۆگەر كرد، لایەنە عەرەبییەكان بە 19 كورسی دەستكەوتێكی مێژووییان تۆمار كرد و هەرزوو پشتیوانی خۆیان بۆ ئایزنکۆت ڕاگەیاند تا ڕێگربن لەوەی دووبارە نەتەنیاهۆ ببێتەوە بە سەرۆکوەزیران.