پرۆسەی دارایی و ئابووریی عێراق ڕووبەڕووی قەیرانێکی قووڵ بووەتەوە، دوای ئەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەی یەکلاکەرەوەی تایبەت بە پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵی ٢٠٢٧ی دواخست. ئەم دواخستنەش دوای تەقینەوەی ناکۆکیی نوێ لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان لەلایەک، و قووڵبوونەوەی ململانێی دارایی لەنێوان پارتی و یەکێتی و توندبوونی ناڕەزایەتیی پارێزگاکانی عێراق لەلایەکی دیکەوە هات، کە وڵاتەکەی خستووەتەوە ژێر ڕەحمەتی سیستەمی خەرجکردنی کاتیی (١/١٢).
شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی وەزیری دارایی و سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران سەردانی بەغدادیان کرد و
«ئەمرۆش مەسرور بارزانی سەردانی بەغدادی کرد، بۆ ئامادەبوون لە کۆبوونەوەکان»
. شاندەکە لەگەڵ محەمەد تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئابووری و وەزیرە فیدراڵییەکان کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکاندا، هەرێمی کوردستان جەختی لە جیاکردنەوەی تەواوی پشکی مووچەی فەرمانبەران بە بڕی ١١ ترلیۆن و ٢٠٠ ملیار دینار لە خەرجییە ڕاستەقینەکان کردەوە، و داوای کرد پشکەکەی لە بودجەدا لە ١٢.٦٧٪ بۆ ١٤٪ بەرز بکرێتەوە، لە بەرانبەر کەمکردنەوەی پشکەکەی لە ڕەشنووسەکەدا بۆ نزیکەی ١٣ ترلیۆن دینار. لە بەرامبەردا، حکوومەتی عێراق مەرجی هەناردەکردنی ڕۆژانەی نەوت و تێچووی بەرهەمهێنانی خستووەتەڕوو. بەپێی ڕەشنووسەکە، کۆی خەرجییەکانی بودجەی ٢٠٢٧ بە ٢١٧ ترلیۆن دینار و کورتهێنانەکەی بە ٤٣ ترلیۆن دینار خەمڵێنراوە و نرخی ١٠٠ دۆلاریش بە ١٥٠ هەزار دینار جێگیر کراوە.
تاریق مەعموری، پسپۆڕی یاسایی ڕایگەیاندووە کە هۆکاری سەرەکیی دواخستنی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران دەگەڕێتەوە بۆ گرژیی توندی نێوان ئیدارەی سلێمانی و هەولێر، دوای ئەوەی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی هەڕەشەی کشانەوە لە هەرێم و دامەزراندنی ئیدارەیەکی سەربەخۆی بۆ سلێمانی کردووە. بەپێی شیکاریی یاسایی مەعموری، بەغدا دەستوورییەن پشکی گشتیی دەداتە قەوارەی هەرێم، بەڵام بۆ بودجەی وەبەرهێنان دەتوانێت بەبێ گەڕانەوە بۆ هەولێر پشکی سلێمانی ڕاستەوخۆ خۆی خەرجبکات. هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە تەوتینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە ڕێگەی بانکە فیدراڵییەکانەوە بەپێی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بەهۆی بوونی گومان لەسەر "پلەی وەزیفیی وەهمی" هێشتا بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە.
لە تەقینەوەی دواین پێشهاتە سیاسییەکاندا، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەیامێکدا جەختی لەوە کردەوە کە بەرژەوەندیی گەلی کوردستان لە هەموو ئامانجێکی تر گەورەترە. ناوبراو داوای لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد کە پێکەوە لەگەڵ پارتی دابنیشن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و کۆتاییهێنان بە قەیرانی سیاسی، هاوکات خواستی خۆی دەربڕی کە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان بەشداری لە پرۆسەکەدا بکەن بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی بنکەفراوانی نیشتمانی.
«ئەم پەیامەی سەرۆکی پارتی وەک هەنگاوێک لێکدەدرێتەوە بۆ دەستپێشخەریی ئاشتبوونەوە و بەهێزکردنی دەستی مەسرور بارزانیە لە بەغدا»
، بەتایبەت دوای ئەوەی عەلی زەیدی بەهۆی ڕێکنەکەوتنی شاندی هەرێم و بەغدا و قووڵبوونەوەی ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتی، ئامادە نەبوو بێتە هەولێر و ڕێگەی خۆش کرد تا مەسرور بارزانی خۆی ڕاستەوخۆ سەردانی بەغدا بکاتەوە.
لە لایەکی ترەوە، زەیدون نەبهایی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد کە بودجەی ٢٠٢٧ کەوتووەتە ژێر گوشاری ململانێی حزبی و خۆپیشاندانی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوور، بەتایبەت کە لە ساڵی ٢٠٢٦دا هیچ یاسایەکی بودجە نەبووە. نەبهایی جەختی کردەوە کە پشکی ئەو پارێزگایانە زۆر کەمە و داوای چارەسەرێکی خێرا دەکات.
سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ دەرچوون لەم دۆخە، جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمان پێشنیازی مۆڵەتێکی کاتیی دوو هەفتەیی کرد بۆ پێکهێنانی ژوورێکی کاری هاوبەش بەمەبەستی گەیشتن بە سازان و دڵنیاییدا کە مووچەی فەرمانبەران پارێزراوە. بەڵام وەفا محەمەد کەریم لە پارتی دیموکراتی کوردستان پشتڕاستی کردەوە کە کۆبوونەوەکان دواخراون چونکە شاندی کوردی ناڕەزایەتی لەسەر بڕگە داراییەکان هەبووە. هەروەها یاسین عەزیز شرۆڤەکاری سیاسی پێیوایە کە جیاکردنەوەی پشکی سلێمانی لە ڕووی یاساییەوە پێویستی بە کاتێکی زۆر هەیە و ڕای جیاواز لەسەر تێپەڕاندنی فۆرمی کۆتایی یاساکە لەناو لایەنە عێراقییەکاندا بوونی هەیە.
«چواری ئەم مانگە پارتی بە بێ گەڕانەوە بۆ یەکێتی دانیشتنی پەرلەمانی کوردستانی ئەنجامدا»
و سەرۆکی پەرلەمان و دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژارد، ئەمەشی بە هاوکاری سێ پەرلەمانتاری یەکێتی و چەند پەرلەمانتارێکی نەوەی نوێ و پێکهاتەکان و سۆسیالیست ئەنجامدا، ئەم هەنگاوەش توڕەیی یەکێتی لێکەوتەوەو بڕیاریدا لە حکومەت بکشێتەوە و دان بە دانیشتنەکەی پەرلەمانیشدا نەنێت.