×

کاوەی مەلاحسێن 21/09/2024 605 جار خوێنراوەتەوە

خۆت مەخە بەردەم شاشەیەکی بێڕەحم

بەداخەوە لەوڵاتێکدا دەژین ، چۆن زۆرێک لەسێکتەرەکانی ژیان بەدست قەیرانەوە دەناڵێنن، میدیای کوردیش لەنێو ئەو قەیرانەدایە هەم خۆی سپۆنسەری قەیرانەکان دەکات، هەم خۆیشی بووە بەبەشێک لەقەیرانەکە، لەبەرئەوەی شەڕێکی دەروونی و بێ مۆراڵی لەگەڵ تاک بەتاکی کۆمەڵگە دەکات، لەبری ئەوەی تاک هۆشیاربکاتەوە، تاک بێ ئەرزش دەکات و هیچ بەهایەکی بۆ ناهێڵێتەوە.

ئامانجی زۆرێک لەڕاگەیاندنەکانی کوردی کارکردنە بۆ پڕبینەرترین، نەک هۆشیارکردنەوەی تاک و گەیاندنی پەیامێکی ڕاست و دروست، تا دەرئەنجام وا لەخەڵکی بکات بەرامبەر بەنیشتمان و خاک و ئاوو ژینگە هەست بەبەرپرسیارێتی بکەن، بەداخەوە بەبێ ئەوەی هیچ حسابێک بۆ ئیتیکی کاری ڕۆژنامەنوسی بکات، بەمایکێکەوە دەچێت کەسێک دەدوێنێت کە ئەو کەسە زۆرجار پێویستە لەڕووی دەروونی و کۆمەڵایەتییەوە و داراییەوە هاوکاری بکرێت، ئەم دەیکات بەکایەی نێو سۆشیال میدیاو ڕاگەیاندنەکان، کە سەرئەنجام تەنها کاریگەری نەرێنی نەک لەسەر خودی خۆی بەڵکو لەسەر کەسوکارو خزمەکانیشی بەجێدەهێڵێت.

ئەو کەسانە کێن کاری ڕۆژنامەنوسی دەکەن و کار لەسەر چی دەکەن؟!

زۆرێک لەو کەسانەی لەمیدیاکاندا کاردەکەن ئەجنداو کارنامەی  میدیکانیان بەسەردا جێبەجێدەکەن و دەبێت لەسەر ئەو تەوەرو بابەتانەکاربکەن کە بۆیان دیاری و دەستنیشاندەکرێت، بۆیە میدیکار لەوکاتەدا تەنها ڕۆڵێکی ڕۆبۆتیانە دەبینێت بەبێ ئەوەی خۆی هیچ ڕۆڵێکی هەبێت لەگەڵاڵەکردنی ئینتەرڤیوو بابەتەکاندا، لەو چوارچێوەیەدا زۆرجار ئەو کەسانە دەهێنرێتە سەرشاشەکان کە لەکۆمەڵگەدا نیشانەی پرسیاریان لەسەرو ڕوخسارێکی قێزەونیان هەیە، بەبێ ڕەچاوکردنی دەرونی بینەرو بەبێ ئەوەی گۆی بەوە بدرێت چی فیدباگ و کاریگەرییەک لەبەرئەنجامی ئەو پەیامانە بەجێدەهێڵێت.

بۆ بێ دەنگی لەئاستی کارکردنی ئەو میدیاو مایک بەدەستانە هەڵبژێردراوە؟

تەنها ئامانج ئەوەیە ڕایگشتی لەسەرپرسە چارەنوسسازەکان وەک نیشتمان و خاک و داگیرکاری و گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی لابدرێت، خەڵکی لەبری ئەوەی هۆشیاربکرێتەوەو ئاگاداری پرسە گرنگەکان و نەتەوەییەکان بێت، بەجۆرێک لەجۆرەکان لەڕێگەی مایک و پەیج و سۆشیالمیدیاکانەوە مودمین و بێهۆش دەکرێت، بەداخەوە ئەوەی بەشێک لەمیدیای کوردی لەڕێگەی دیمانەو دراما دۆبلاژکراوی تورکی و دەرخستنی بەناو کچانی مودیل بەتاکی کوردی کردووە، ڕژێمەکان و دوژمنانی کورد نەیانتوانییەوە لەڕێگەی هێزەوە بەکلتورو فەرهەنگ و زمانی و خوڕەوشتی کوردی بکەن.

هەموو وتارەکانی کاوەی مەلاحسێن

هەموو وتارەکانی کاوەی مەلاحسێن

هەموو وتارەکانی کاوەی مەلاحسێن

هەموو وتارەکانی کاوەی مەلاحسێن

سەرەکی