×

5   کاتژمێر پێش ئێستا 155 جار خوێنراوەتەوە

ئێسك و پروسكی 50 ژن و منداڵی كوردی تێدایە؛ دوای 36 ساڵ گۆڕێكی بە كۆمەڵ لە بیابانی سەماوە هەڵدرایەوە

ناوەندی هەواڵ

ئەمڕۆ 22-12-2024 بەئامادەبوونی لێپرسراوان و پارێزگاری موسەنا، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا دۆزینەوەی گۆڕێكی بەكۆمەڵ لە بیابانی تەل شێخیەی پارێزگای سەماوە ڕاگەیەنرا، كە ژن و منداڵن و دوای هەفتەیەك لە كاری بەردەوام و بەدواداچوونی چڕ دۆزراوەتەوە.

دیمەنەکانی ناو گۆڕە بەکۆمەڵەکە زۆر کاریگەرن؛ پاشماوەی ئێسکوپروسکی ژنان بە جلوبەرگی کوردییەوە دەردەکەوێت، کە باوەشیان بە منداڵەکانیاندا داوە، پێش ئەوەی بکوژرین و لەو بیابانە دوورەدەستەدا بشاردرێنەوە.

گۆڕە بەکۆمەڵەکە ئێسکوپروسکی نزیکەی 50 ژن و منداڵی کوردی تیادایە، هەموویان پێش ئەوەی لە گۆڕە بەکۆمەڵەکەدا بشاردرێنەوە، گولەباران کراون.

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد سەبارەت بە دۆزینەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکە لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند:" ئەمڕۆ لەسەر ئەم خاکە کۆبووینەتەوە کە ئێشوو ئازاری دۆست و ژن و مناڵەکانمانی بەهۆی قێزەونترین تاوانی بەعسەوە لەئامێزگرتووە و چوار دەیەیە ئەم زەوییە ئازاری ژن و منداڵ لەئامیز دەگرێت".

وتیشی، "هەموو تواناکانمان دەخەینە گەڕ بۆ دۆزینەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و وەرگرتنی سامپڵ و ناسینەوەیان و گەڕاندنەوەیان".

هەر لەکۆنگرەکەدا، موهەنەد عەتابی پارێزگاری موسەننا وتی،"بەناوی سەرۆکوەزیرانی عیراقەوە سڵاو سەرەخۆشی بۆ گەلی گەورەی کوردستان دەنێرم، دەشڵێم قەبارەی ئەم تاوانە زۆر گەورەیە، هاوکات ئەم نەهامەتییە هی هەموومانە لەموسەنا و ژن و منداڵەکان هی خۆمانن".

هاوکات بەڕێوەبەری فەرمانگەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان ڕایگەیاند:" سەرەخۆشی لە کورد و کەسوکاری ئەم روفاتانە دەکەم و ناتوانم هیچ وشەیەک بڵێم گوزارشت لەم تاوانە قیزەونە بکات، سەبارەت بە گۆڕەکانیش پرۆسەی هەڵگرتنەوەی ئێسکەکان زۆر قورسە و پێویستی بەوریاییە لەپێناو ون نەبوونی شوناسیان و ناسینەوەیان پێویستە زۆر بە وردی هەڵیانبگرینەوە، هاوکات کارەکانی خانمی یەکەم عیراق زۆر کاریگەری هەبوو هەم لە ئێستا و هەم لە رابردووش کە کۆمەڵێک رووفات گەڕێندرانەوە بۆ هەرێم".

دۆزینەوەی ئەم گۆڕە بەکۆمەڵە دووەم گۆڕی بەکۆمەڵە کە ڕووبەرەکەی 16 مەتر درێژە و دوو مەتر پانە، هاوکات پرۆسەکە بەردەوامە و پێشتریش تیمێكی وەرگرتنی سامپڵی خوێن بۆ پشكنینی DNA لەكەسوكاری شەهیدان هاتنە هەرێمی كوردستان، هاوکات لە ئەمساڵدا پرۆژەی وەرگرتنی سامپڵی خوێنی تاقانەکانی ئەنفال لە هەرێمی کوردستان بە چوار قۆناغ دەستیپێکرد، کە لەشاری چەمچەماڵ بەقۆناغێک و کەلار بە دوو قۆناغ و کۆیە بە یەک قۆناغ سامپڵەکانی تێدا وەرگیراون.

وه‌رگرتنی سامپڵی خوێن پڕۆسه‌یه‌كی گرنگه‌ بۆ ناسینه‌وه‌ی ئه‌و ڕوفاتانه‌ی له‌مه‌وبه‌ر له‌ گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كان ده‌رهێندراون و سامپڵیان لێ وه‌رگیراوه‌ تا له‌ ڕێگای به‌رواردی تاقیگه‌یی كاری به‌راوردكردنیان له‌سه‌ر بكرێت.

دوای ڕوخانی ڕژێمی به‌عس ساڵی 2003 له‌ چه‌ند گۆڕێكی به‌كۆمه‌ڵدا ژماره‌یه‌ك ڕوفاتی ئه‌نفالكراو له‌ناوچه‌ جیاوازه‌كانی عیراق ده‌رهێنراونه‌ته‌وه‌و له‌ پزشكی دادوه‌ری نمونه‌ی ئێسكیان لێ وه‌رگیراوه‌ تا له‌ داهاتوودا به‌ به‌راوردكردن له‌گه‌ڵ سامپڵی خوێنی كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوان و به‌گوێره‌ی ئه‌و كۆده‌ی له‌سه‌ر كێلی گۆڕه‌كانه‌ دوای پشكنینی تاقیگه‌یی ڕوفاته‌كان بناسرێنه‌وه‌.

  • سۆران عومەر: هەرێم هۆکارە بۆ نەهاتنی بودجەى گشتی و نەوت و بەنزینی هەرزان

  • ئێسك و پروسكی 50 ژن و منداڵی كوردی تێدایە؛ دوای 36 ساڵ گۆڕێكی بە كۆمەڵ لە بیابانی سەماوە هەڵدرایەوە

  • ئەمریكا هێزی دیکە دەنێرێتە ڕۆژئاوای كوردستان

  • "دۆخی سوریای قۆستووەتەوە"؛ هەسەدە 18 ئەندامی داعش دەستگیردەكات

  • کاروان ئەنوەر: دونیا بۆ تورکیا وا ناڕواتە سەر خوداش لە لە سوڵتان مەحمود گەورەترە

  • بەهۆى تەقینى سیستمى غازەوە ژمارەیەک هاوڵاتى بوونە قوربانى

  • حزبی شیوعی لەبارەی هێرشەكانی تورکیا هاتەدەنگ

  • توركیا لە پێنج ساڵدا 13 ڕۆژنامەنوسی كوردی شەهیدكردووە

  • پەیامێكی نوێ لە مەزڵوم عەبدییەوە

سەرەکی