مەسعود بارزانی و مەزڵوم عەبدی
2025-01-20
146 جار خوێنراوەتەوە
ئەمریکا: دیالۆگى نێوان كورد بۆ قۆناغى نوێى سوریا گرنگه
ناوەندی هەواڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پێشوازی لە دیداری نێوان مهزڵوم عهبدى و مهسعود بارزانى دەکات و دیالۆگی نێوان کورد بۆ قۆناغی نوێی سوریا بە گرنگ دەزانێت.
دوای چوار رۆژ لە کۆبونەوەیان، بەشی کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پەیامێکی سەبارەت بە کۆبونەوەکە بڵاوکردەوە و رایگەیاند: ئەمریکا پێشوازی لە کۆبوونەوەی 16ـی 1ـی نێوان مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و جەنەڕاڵ مەزلوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکات. دیالۆگی نێوان کورد دەتوانێت رۆڵێکی گرنگ بگێڕێت لە بەهێزکردنی قۆناغی گواستنەوەی گشتگیر لە سوریا.
رۆژی پێنجشەممە رابردوو، بارهگای بارزانی ڕاگهیهندراوێكی لهبارهی ناوهڕۆكی کۆبونەوەی نێوان مەسعود بارزانی و مەزڵوم عەبدی بڵاوكردهوه و ئاشكرایكرد، لە دیدارهكەدا بارودۆخی سوریا و دوا پێشهاتە ئەمنیی و سیاسییەکانی سوریا و چوارچێوەی گشتیی مامەڵەکردنی لایەنە کوردییەکان لەگەڵ بارودۆخی تازەی سوریا و چۆنیەتیی گرتنەبەری هەڵوێستێکی هاوبەشی لایەنە کوردییەکانی سوریا تاوتوێ کراون.
بهپێی ڕاگهیهندراوهكه "لە دیدارەكهدا جەخت لەوە کراوهتەوە کە پێویستە لایەنە کوردییەکانی سوریا بەبێ دەستوەردانی هیچ لایەنێک و بە ڕێکاری ئاشتییانە، بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و لەپێناو زامنکردنی مافەکانیان بە یەکڕێزی و یەکهەڵوێستیی هاوبەش لەگەڵ حکومڕانانی تازەی سوریا بگەنە لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتن".
ههروهها دهڵێت، جهختكراوهتهوه لهوهی لایهنهكانی ڕۆژئاوای كوردستان "فاکتەری ئاشتی و سەقامگیری بن و ڕێگری بکەن لە دووبارەبوونەوەی ئەو نەهامەتییانەی بەسەر گەلی کورد و پێکهاتەکانی تری سوریادا هاتوون".
هەر لەوبارەیەوە،ـ مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات، لەبارەی كۆبوونەوەكەی لەگەڵ مەسعود بارزانی ڕایگەیاند، جەختیان لە یەك هەڵوێستی كورد كردووەتەوە.
مەزڵوم عەبدی لەبارەی ئەو سەردانەی ڕۆژی پێنجشەممە 16-1-2025 بۆ هەولێر ئەنجامیدا و چاوی بە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كەوت، لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس بڵاوی کردەوە:" چاوپێكەوتنی ئێمە لەگەڵ مەسعود بارزانی جێی خۆشحاڵییە، ئێمە پرسی گۆرانكارییەكانمان لە سوریا گفتوگۆ كرد، پێكەوە لەسەر ئەوە جەختمان كردەوە كە دەبێت هەڵوێستی كوردان لە سوریا یەك بێت".
وتیشی:"هەر لە كۆبوونەوەكەدا جەختمان كردەوە كە دەبێت لە دیالۆگی شام بەشێوەیەكی ئاشتیانە مافی گەلی كورد بپارێزرێت".
فەرماندەی هەسەدە ئەوەشی خستەڕوو:"جەختمان لەسەر ئەوە كردەوە گرنگی یەكێتی كورد و ئارامیی هەرێمەكە بە گشتیی بەرپرسیارێتی هەموومانە و پێویستە پێكەوە هاوكار بین".
|