3   کاتژمێر پێش ئێستا 309 جار خوێنراوەتەوە

ترەمپ کۆتایی به‌یاساو ڕێسا نێودەوڵەتییەکان دەهێنێت

لەپەرەسەندنێکدا کە ڕەنگدانەوەی گۆڕانکارییەکی ڕیشەییە لەپێکهاتەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، ڕۆژنامەی "ئارگۆمینتی ئی فاکتی" ڕوسی بابەتێکی بڵاوکردووه‌تەوەو تێیدا باسی لەوەکردووە، دۆناڵد تره‌مپ سەرۆکی ئەمریکا "فیشەکی ڕەحمەت"ی بەسیستەمی جیهانیی دوای کۆتایی هاتنی جەنگی ساردەوە ناوە، بەمەش پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی گۆڕیوە بۆ گۆڕەپانێکی کراوەی بێ یاسا و ڕێسا.

رۆژنامەکە ئاماژە بەوە دەکات کە کردارەکانی ئیدارەی ئەمریکا لەسەردەمی تره‌مپدا، بەتایبەتی لە بەرامبەر ڤەنزوێلا، رەنگدانەوەیەکی ڕوونی داڕمانی نەریتە دیپلۆماسییەکان بوو. تره‌مپ بە ئاشکرا هەڕەشەی داگیرکردنی ئەو وڵاتەی کرد، لە کاتێکدا هێزەکانی ئەمریکا لە نزیک کەناراوەکانی ئەو وڵاتە مۆڵدراوە و نیکۆلاس مادۆرۆی سەرۆکی ڤەنزوێلای وەک "سەرۆکی چەتەی ماددە هۆشبەرەکان" وەسفکرد.
 
میدیاکانی ئەمریکاش دوودڵ نەبوون لە قسەکردن لەسەر پلانی ڕفاندن یان تیرۆرکردنی ناوبراو، لەسایەی بێدەنگییەکی گوماناویی نێودەوڵەتی لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاواو ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە.

.راپۆرتەکە بەراوردێکی دۆخی ئێستا بەداگیرکردنی عێراق لەساڵی 2003 دەکات، کاتێک واشنتۆن هەوڵیدا شەرعییەتێکی شکڵی بەجەنگەکە بدات، بەڵام ئەمڕۆ ئەمریکا پێویستی بەپاساو هێنانەوە بۆ دەستوەردانەکان یان هەڕەشەکانی نییە.

لەبارەی ئەم گۆڕانکارییە، فیۆدۆر لۆکیانۆڤ، بەڕێوەبەری توێژینەوە لەیانەی نێودەوڵەتی ڤاڵدای بۆ گفتوگۆ، باسی لەوەکردووە کە چەمکی "سیستەم"و "حوکمڕانی" نێودەوڵەتی پێشتر ئاماژە بوون بەبوونی کۆمەڵێک یاسای دیاریکراوی ڕەفتار کە وڵاتان پابەندی بوون، بەڵام ئەم یاسایانەى لەقۆناغی ئێستادا ونبوون. 

هەروەک دەڵێت: ئیتر سیستەمێک لەسەر بنەمای یاسا نەماوە، تەنانەت سیستەم بە واتای نەریتیش نەماوە،  چووینەتە سەردەمێکی نوێ، کە ناونیشانەکەی نەبوونی سیستەمی جیهانییە، سەرەڕای ئەوەی لەوانەیە خودی تره‌مپیش درک بەوە نەکات کە یەکێکە لەدیارترین دروستکەرانی ئەم واقیعە نوێیه‌."

رۆژنامە روسییەکە پێیوایە تره‌مپ، سەرەڕای وتارە ناسیۆنالیستی‌و دابڕانخوازە دیارەکەی، لەڕاستیدا پێشەنگی جیهانێکی فرە-جەمسەر بووە، کە تێیدا هەژموونی ئەمریکا وردە وردە لەبەردەم هێزە هەڵکشاوەکان وەک چین‌و ڕوسیا پاشەکشە پێدەکات.

لەگەڵ ئەوەشدا، تره‌مپ هەروا لەسەر ئەو بڕوایە دەمێنێتەوە کە ویلایەتەیەکگرتووەکان بەهێزترین لایەن دەبێت لەهەر ڕوبەڕوبوونەوەیەکی تاکەکەسی‌و مافی ئەوەی هەیە ویستی خۆی بسەپێنێت کاتێک بەرژەوەندییەکانی ئەوانی دیکە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەودا ناکۆکبن.

شیکەرەوە ڕوسییەکە لەکۆتاییدا ئاماژە بەوەدەکات، ئەوەی ئەمڕۆ تێیدا دەژین تەنها بەرهەمی سەردەمی حوکمڕانی تره‌مپ نییە، بەڵکو ئەنجامی ڕێچکەیەکی درێژخایەنی گۆڕانکارییەکانە کە پێش هاتنی بۆسەر دەسەڵات دەستیان پێکردووە، بەڵام تره‌مپ ئەو هۆکارە بوو کە ئەم گۆڕانکارییەی لەواقیعێکی شاراوەوە گۆڕی بۆ واقیعێکی ئاشکراو ڕوون.

  • وه‌زاره‌تێكى هه‌رێم سێ ڕۆژ پشووى ڕاگه‌یاند

  • ئیراده‌ واده‌ى ئازادكردنى سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش ئاشكراده‌كات

  • ترەمپ کۆتایی به‌یاساو ڕێسا نێودەوڵەتییەکان دەهێنێت

  • نه‌ورۆز ئویساڵ بۆ ئیراده‌: هیچ یاسایه‌كمان قبوڵ نییه‌ سوكایه‌تى به‌كوردو خه‌باته‌كه‌ى بكات

  • کۆمیسیۆن: سبەی ملیۆنێک و 300 هەزار کەس دەنگ دەدەن

  • سەرپەرشتیاری هەڵبژاردنەکانی هەرێم: بانگەشەی هەڵبژاردن درێژناکرێتەوە

  • سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا جەخت لەسەر پرۆسەی "چەک دانان" دەکاتەوە

  • چیتر ئەمریکا ملیۆنان دۆلار بۆ گرتنی جۆلانی تەرخان ناکات

  • تاڵیبان: گفتوگۆی ئاشتیی لەگەڵ پاکستان شکستی هێنا

سەرەکی