1 کاتژمێر پێش ئێستا
36 جار خوێنراوەتەوە
مەبەستی ترەمپ لە بڵاوكردنەوەی هەواڵی ناردنی چەك بۆ حزبە كوردیەكان چی بوو؟
ئایا ڕۆژهەڵات کرایە قوربانی دەستکەوتە کەسی و حزبیەکانی باشور ؟
ناوەندی هەواڵ
بەپێی ئەو زانیارییانەی تا ئێستا بەردەستن، جگە لە لێدوانەکەی " دۆناڵد ترەمپ " سەرۆکی ئەمریکا، هیچ بەڵگەیەکی فەرمی یان ڕاپۆرتێکی پشتڕاستکراو نییە کە بیسەلمێنێت ئەمریكا، "چەک"ی بەشێوەی ڕاستەوخۆ بۆ لایەنە کوردییەکان یان نەیارانی تری ڕژێمی ئێران ناردبێت، بەڵام پێدەچێت لێدوانەکەی ترەمپ کە تا ئێستا وەزارەتی جەنگی ئەمریكا هیچ پشتڕاستکردنەوەیەکی بۆ نەکردووە بریتی بێت لە بەکارهێنانی " سیاسەتی گوشار کردن" و دەنگۆ و پڕوپاگەندە، بەو پێییەی لایەنە کوردییەکان تا ئێستا داوای چەکیان نەکردووە ئەوەندەی داوای پاڵپشتی سیاسی و مەعنەویان کردووە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا .

دەنگۆی "دزینی چەک" یان "ڕێگری لێکردن"
ئەوەی ڕوونە تا ئەم ساتە، هیچ بەڵگەیەکی فەرمی یان دۆکیومێنتکراو نییە کە پشت ڕاستی قسەکانی دۆناڵد ترەمپ بکاتەوە لەوانە " پنتاگۆن یان هەر دامەزراوەیەکی دیکەی ئەمریکا " .
پێشتر ئەمریکا لە ناوچەکە و بە تایبەت لە ڕوبەڕوبونەوەی داعش لە سوریا چەکی ڕەوانەی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکرد، دەنگۆی بەهێز هەن کە دەریدەخەن ئەمریکا پێشتر هەوڵیداوە هەندێک هاوکاری بگەیەنێتە لایەنەکانی دەرەوەی ڕژێمی ئێران، بەڵام هێزە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە ناوخۆی عێراق یان لە سنوورەکان ڕێگرییان کردووە یان دەستیان بەسەر بارەکاندا گرتووە.
سەبارەت بە ناردنی چەک و دەستبەسەردا گرتنی لە لایەن لایەنێکەوە کە دۆناڵد ترەمپ ناوی نەهێنا، "جەبار یاوەر" ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ میدیایی ئیرادە ڕایگەیاند: دۆناڵد ترامپ " قسە دەگۆڕێت" و لە بەیانی تا ئێوارە بیست بڕیار دەدات، سەرەتا وتی چەکم ناردووە بۆ لایەنێکی کوردی بە بێ ئەوەی ناوی لایەنەکە ئاشکرا بکات ، دواتر قسەکەی گۆڕی بۆ گروپێکی نەیاری ڕژێمی ئێران. کەواتە شتەکە ڕوون نییە بەو پێیەی سەرۆکی ئەمریکا هیچ کەس و لایەنێکی ئاشکرا نەکردووە لەسەر ئەم پرسە .
ئەمیندارەکەی پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە بە گومانەوە لە وتەکانی دۆناڵد ترەمپ دەڕوانێت و پێی وایە سەرۆکی ئەمریکا ویستویەتی لە ڕێگەی کوردەوە ئۆپراسیۆن بکات، دەشڵێت، ترەمپ پێشتر دەیویست شەقامی ئێرانی بجوڵێنێت، بەڵام لەبەر ئەوەی سەرکەوتوو نەبووە لە پلانەکەیدا "دێت و بەهانە بۆ شکستەکانی دەهێنێتەوە" .
سەبارەت بە دەنگۆی دەستوەردانی " پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕێگری کردن لە گەیاندنی ئەو چەکانە بە پارتەکانی ڕۆژهەڵات بە فشاری تورکیا" جەبار یاوەر ئەم جوڵەیە بە دوور دەزانێت و بە ڕوونی دەڵێت " بروا ناکەم پارتی ئەوە بکات و چەک گەیشتبێتە دەست پارتی " .

ترەمپ "پیاوی گرێبەستەکان "
ترەمپ پیاوی "گرێبەست"ە؛ ئەگەر چەکێکی ناردبێت و نەگەیشتبێت، بە دڵنیاییەوە وەک خۆی دەڵێت "حسابەکە زۆر بە قورسی بۆ ئەو لایەنە دەشکێتەوە"، کە پلانەکانی سەرۆکی ئەمریکا لە ناوچەکە تێکدەدات، بەڵام شیکارە سیاسی و سەربازییەکان پێیان وایە زۆرجار ئەو جۆرە قسانە بۆ راکێشانی سەرنجە بە تایبەت دوای ئەوەی لە ڕابردوودا ترەمپ زۆر جار بە هاوڵاتیانی ئێرانی دەوت ، "ڕژێمەکەتان بگۆڕن و ئێمەش هاوکارتان دەبین" .
پرسی ناردنی چەک و ڕێگری کردن لێی، یان دەستبەسەرداگرتنی " ئەگەر ڕاستی تێدا بێت" کارێکی مەترسیدارە بۆ هەر لایەنێک کە لە عێراقەوە ئەنجامی دابێت .
چاودێرێکی سیاسی بۆ میدیای "ئیرادە " کە داوای کرد ناوەکەی بپارێزرێت ئاماژەی بەوەدا "ئەگەر چەک داخڵی عێراق وکوردستان بووبێت، ئەوا لەڕێگەی فڕۆکەخانەکانەوە بووە، لە نێو فڕۆکەخانەکانیشدا، فڕۆکەخانەکانی بەغداد و هەولێر و سلێمانی یەکێکن لەو فڕۆکەخانانەی کە دەکرێت چەکیان لێوە هاتبێت، لە نێو ئەو سێ فڕۆکەخانەیەشدا گومانەكان زیاتر بۆ فڕۆکەخانەی هەولێرن، بەو پێیەی فڕۆکەخانەکانی بەغداد و سلێمانی ناكرێت لێیانەوە چەك دژی ئێران داخڵ بكرێت.
سەبارەت بە ڕێگریەکەش لە گەشتنی ئەو چەکانە، " ئەگەر هاتبن " ئەوا ئەو لایەنەی ڕێگری کردووە وڵاتێکی هەرێمی بووە، چونكە لایەنی کوردی ئەو هێز و فشارەی نییە ڕوبەڕووی پلانی ئەمریکا لە ناوچەکە ببێتەوە یان پلانی ئەمریکا لە ناوچەکە تێکبدات.
ئەو شارەزا سیاسی و سەربازییە پێی وایە، ڕێگریکردن لە گەیشتنی ئەو چەکانە بە ناو ئێران، ئەگەر چی سەرکێشیەکی مەترسیدار بووە، بەڵام لایەنی ئەرێنی تێدایە بەو پێیەی دەستڕاگەشتنی خەڵکانی نێو ئێران بەو چەکانە لەوەیە شەڕی ناوخۆی لە ئێران هەڵبگیرساندایە، یان بە ئەگەرەوە لە دژی کوردی ڕۆژهەڵات بەکاربهاتایەتەوە.
"کورد لایەنێکی لاوازی ناوچەکەیە، بەراورد بەوڵاتانی دیکەی دۆستی ئەمریکا، بۆیە کارێکی ژیرانەی کردووە، کەلەو ڕێگەیەوە خۆی بەدوور گرتووە لە چوونە نێو جەنگی ئەمریکا ئێرانەوە".

هاوکێشەی تورکیا و هێزە کوردییەکان لە نێو پرسی دەستبەسەرداگرتنی چەکی ئەمریکی بۆ لایەنەکانی ڕۆژهەڵات
تورکیا، وەک ئەندامێکی ناتۆ، پەیوەندییەکی ئاڵۆزی لەگەڵ ئەمریکادا هەیە. تورکیا زۆر بە هەستیارییەوە دەڕوانێتە هەر جۆرە پڕچەککردنێکی هێزە کوردییەکان لە ناوچەکەدا، جا لە سوریا بێت یان لە ئێران (ڕۆژهەڵات)، تورکیا دەترسێت هەر هێزێکی کوردی لە ڕۆژهەڵات بەهێز بێت، دواتر بێتە هاوپەیمانی پەکەکە یان ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی ورەی کوردانی باکوور. بۆیە ئەگەری هەیە تورکیا فشارێکی زۆری خستبێتە سەر هەولێر بۆ ڕێگری لەم کارە.
پێگەی پارتی و پەیوەندیی لەگەڵ ئێران و تورکیا
پارتی دیموکراتی کوردستان لە نێوان چەند بەرداشێکدایە:
• لەگەڵ ئەمریکا: دەیەوێت هاوپەیمانێکی ستراتیژی بێت.
• لەگەڵ تورکیا: پەیوەندییەکی ئابووری و ئەمنی بەهێزی هەیە، زۆرجار پارتی توانای ڕوبەڕوبونەوەی تورکیای نییە و ئەو وڵاتە چی بوێت تەنانەت لە خاکی هەرێمیشدا دەیکات .
•لەگەڵ ئێران: تا ئێستا ئەوەی دەردەکەوێت، پارتی نایەوێت بیانوو بداتە دەست تاران بۆ ئەوەی مووشەکبارانی هەولێر بکات (وەک ئەوەی لە ساڵانی ڕابردوو بینیمان).
ئەگەر پارتی چەکی ئەمریکی گەیاندبێتە دەستی حزبەکانی ڕۆژهەڵات، ئەوا ئێران ڕاستەوخۆ هەولێر وەک "سەکۆیەک بۆ تێکدانی ئاسایشی خۆی" دەبینێت. بۆیە پارتی لەوانەیە بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم، ناچار بووبێت ڕێگری لەو پرۆسەیە بکات.

بۆچی ترەمپ ناوی نەهێنان؟
شیکارییە سیاسی و سەربازییەکان پێیان وایە ئەگەر لایەنە عێراقییەکانی وەک حەشد بوونایە، ترەمپ بە ئاشکرا ناوی دەهێنان چونکە ئەو حەز بە شەڕە قسە دەکات لەگەڵیان. بەڵام ئەگەر لایەنەکە پارتی یان حکومەتی هەرێم بێت، ترەمپ ڕەنگە دوو دڵ بێت لە ناوهێنانیان چونکە:
• هێشتا وەک "دۆستی ئەمریکا" لە قەڵەمیان دەدات.
• نایەوێت بە ئاشکرا دان بەوەدا بنێت کە هاوپەیمانە نزیکەکانی (پارتی) فەرمانی ئەویان جێبەجێ نەکردووە
سیناریۆی "حساب لەگەڵ کردن"
کاتێک ترەمپ دەڵێت "حساب لەگەڵ ئەو لایەنە دەکەین"، ئەگەر مەبەستی پارتی بێت، ئەوا ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە لە خولی دووەمی سەرۆکایەتیدا، فشارەکان بۆ سەر هەولێر زیاد دەکات تاوەکو زیاتر لەگەڵ ئەجێندای ئەمریکا دژی ئێران هاوتەریب بن، نەک لەژێر فشاری تورکیا و ئێراندا بمێننەوە.
هاوکاریە داراییەکان وەک "پەتێک"
ئەمریکا مانگانە بڕە پارەیەکی زۆر (نزیکەی 20 ملیۆن دۆلار) بۆ مووچەی بەشێک لە هێزەکانی پێشمەرگە دەنێرێت. بڕینی ئەم هاوکارییە یان تەنانەت دواخستنی، گەورەترین گوشارە بۆ سەر پارتی و حکومەتی هەرێم. ترەمپ وەک بازرگانێک بیر دەکاتەوە: "ئەگەر پارەت دەدەمێ، دەبێت ئەو کارەم بۆ بکەیت کە من دەمەوێت."

گوێ ڕاکێشان" نەک "ڕووخاندن"
پێودانگە سیاسیەکان لە عێراقی ئەمڕۆدا پێمان دەڵێت " ئەمریکا هەرگیز نایەوێت هەرێمی کوردستان لاواز بێت" تا ئەو ڕادەیەی بڕووخێت، چونکە:
• هەرێم تاقە شوێنە لە عێراقدا کە ئەمریکا دەتوانێت بە ئازادی بنکەی سەربازی لێ هەبێت (وەک بنکەی هەریر).
• لەدەستدانی هەرێم واتە زاڵبوونی تەواوەتی ئێران بەسەر هەموو عێراقدا، بۆیە ترەمپ تەنها دەیەوێت "سەری زمانەوانەکە" بکێشێتەوە بۆ لای خۆی تا پارتی تێبگات کە پاراستنی ئەوان لە دەستی ئەمریکادایە، نەک تورکیا یان ئێران.
ناچار کردن بە سیاسەتی "ئەمری واقیع"
ئەگەر ترەمپ بیەوێت فشارەکانی بۆ سەر ئێران بگەیەنێتە لووتکە، پێویستی بەوەیە سنوورەکانی هەرێم کراوە بن بۆ چوونە ناوەوەی کەلوپەل، زانیاریی، یان تەنانەت هاوکاری بۆ نەیارانی ئێران. لێرەدا پارتی دەخاتە بەردەم هەڵبژاردنێکی سەخت:
• یاخود دەبێت مەترسییەکانی تاران قبوڵ بکات و ڕێگا بۆ ئەمریکا خۆش بکات.
• یاخود دەبێت بەرگەی سزاکانی واشنتۆن بگرێت.

تورکیا وەک گرێ کوێرە و بۆمب لەبەردەم کورد
ئەمە ئاڵۆزترین بەشە، ئەگەر ترەمپ پارتی ناچار بکات، تورکیا توڕە دەبێت. بەڵام ترەمپ پێی وایە دەتوانێت لەگەڵ ئەردۆغان ڕێکبکەوێت (وەک چۆن پێشتر چەندین جار بە تەلەفۆن کێشەکانیان بڕاندووەتەوە)، ترەمپ لەوانەیە بە تورکیا بڵێت: "تۆ لە باکووری سوریا چیت دەوێت بیکە، بەڵام دەست وەر مەدە لەوەی من لە سنووری ئێران چی دەکەم".
ئەمریکا (بەتایبەت لەژێر دەستی ترەمپدا) "دۆستایەتی بێبەرامبەر"ی نییە، ئەوان هەرێمێکی کوردستانیان دەوێت کە بەهێز بێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، بەڵام گوێڕایەڵ بێت بۆ جێبەجێکردنی نەخشەکانیان دژی ئێران.
ئەگەر ئەم سیناریۆیە ڕوو بدات، پێت وایە لایەنە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات (کە چاوەڕێی ئەو چەکانەن) دەتوانن سوود لەم دەرفەتە وەربگرن، یان تەنها دەبنە قوربانی ململانێی نێوان واشنتۆن و تاران؟ هەرچەندە تائێستا پژاك و كۆمەڵەكان و دیموكرات و پاك ڕەتیانكردووەتەوە هیچ چەك و هاوكارییەكی ئەمریكایان بەدەست گەیشتبێت.

ڕۆژهەڵات وەک "کارتێکی مامەڵە"
حزبەکانی ڕۆژهەڵات (دیموکرات و کۆمەڵەكان) زۆرجار کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی ڕاستەوخۆی پارتی و یەکێتی. ئەم دوو هێزەی باشوور بۆ ئەوەی قەوارەی هەرێم لە تووڕەیی ئێران بپارێزن، زۆرجار فشاریان خستووەتە سەر لایەنەکانی ڕۆژهەڵات کە چالاکییە سەربازییەکانیان ڕابگرن یان بارەگاکانیان بگوازنەوە، لێرەدا ڕۆژهەڵات دەبێتە قوربانی پاراستنی ئەو دەستکەوتە ئابووری و سیاسییانەی کە لە باشوورهەن .

پژاک وەک "ئەکتەری جیاواز"
"پژاک " لەبەر ئەوەی خاوەنی ئایدۆلۆژیایەکی سەربەخۆیە (ئاپۆییزم) و لە دەرەوەی بازنەی "بەرژەوەندییەکانی هەولێر و سلێمانی" مامەڵە دەکات، بوەتە مەترسی بۆ چەند لایەنێک:
• بۆ تورکیا: وەک درێژکراوەی پەکەکە دەیبینێت و نایەوێت "کەوانەی کوردی" لە باکوورەوە بگاتە ڕۆژهەڵات.
• بۆ پارتی: پژاک وەک ڕکابەرێکی سیاسی و ئایدۆلۆژی دەبینێت کە هەژموونی پارتی لە ناوچە سنوورییەکاندا کەمدەکاتەوە.
• بۆ ئەمریکا: ئەمریکا لە کاتێکدا دەیەوێت ئێران لاواز بکات، بەڵام لەبەر "خاتری تورکیا" و پاراستنی هاوسەنگییەکان، ناوێرێت بە ئاشکرا پشتگیری لە هێزێکی ئاپۆیی بکات.

"مەترسی پاشکۆبوون"
ئەو خاڵەی کە دەڵێت "لایەنەکانی تری ڕۆژهەڵات دەکاتە پاشکۆ"، ڕاستییەکی مەیدانییە. مۆدێلی "خۆبەڕێوەبەری" و ئەو ڕێکخستنە توندوتۆڵەی لە فیکری ئاپۆییدا هەیە (وەک ئەوەی لە ڕۆژاوا بینیمان)، وای کردووە کە پژاک لە ڕووی جەماوەری و ڕێکخستنەوە لە زۆر شوێن پێش بکەوێت. ئەمەش وای کردووە حزبەكانی رۆژهەڵات (دیموكرات و كۆمەڵەكان) زیاتر پەنا بۆ پارتی و یەکێتی ببەن بۆ ئەوەی لە ڕووی سیاسییەوە "بەرگریی لە بوونی خۆیان" بکەن، کە ئەمەش دووبارە دەیانخاتەوە ناو بازنەی گوێڕایەڵی بۆ دەسەڵاتی باشوور.
کێشە سەرەکییەکەی تورکیا
تورکیا زۆر باش دەزانێت ئەگەر پژاک لە ڕۆژهەڵات ببێتە هێزی یەکەم، ئەوا ستراتیژی "نەتەوەی دیموکراتیک" لە سێ پارچەی کوردستان (باکوور، ڕۆژئاوا، ڕۆژهەڵات) دەبێتە واقیع. ئەمە بۆ تورکیا هێڵی سوورە. بۆیە تورکیا ئامادەیە هەموو جۆرە هاوکارییەک پێشکەش بە پارتی و (تەنانەت بە ناڕاستەوخۆ بە ئێران) بکات بۆ ئەوەی ڕێگری لە گەشەی پژاک بگرن.

دەرئەنجام
شیکارییە میدیاییەکان بەر مەبنای "نەبوونی بەڵگەی پشتڕاستکراوە" و ئاشکرانەکردنی ئەم دۆسییە لە ناوچەکە ، تا ئێستا زۆرترین کار و کاردانەوەی بەدوادا هاتووە. لە ڕووی زانستی سەربازی و میدیاییەوە زۆرجار ئەم بابەتانە لە میدیا سێبەرەکان یان وەک "شیکاری سیاسی" بڵاو دەکرێنەوە نەک وەک هەواڵێکی پشتڕاستکراوە، ئەگەر چی لوتکەی دەسەڵاتی ئەمریکی ئەم پرسەی وروژاندووە .
ئەو چەکانەی ترەمپ باسی دەکات و تا ئێستا بنتاگۆن هیچ پشتڕاستکردنەوەیەکی بۆ نەکردووە، ئەگەر بۆ حزبەكانی رۆژهەڵات (دیموكرات و كۆمەڵەكان) بووبێت و پارتی ڕێگری لێ کردبێت، مەبەست لێی ڕازیکردنی ئێران و تورکیا بووە پێکەوە. بەڵام ئەگەر ئەو چەکانە بگەشتنایە دەست هێزێکی وەک پژاک، نەخشەی سیاسی ناوچەکە بە تەواوی دەگۆڕا .

-
مەبەستی ترەمپ لە بڵاوكردنەوەی هەواڵی ناردنی چەك بۆ حزبە كوردیەكان چی بوو؟
|
-
ئیسرائیل داوای یاخیبوون لە دروزەکانی سوریا دەکات
|
-
پێشبینی ئەنجامی هەڵبژاردن لە سلێمانی و هەڵەبجە لە شیکارییەکی ئیرادە-دا
|
-
پارتی و یەکێتی 31 ی ئاب و 16ی ئۆکتۆبەریان لە بانگەشەی هەلبژاردن دوورخستەوە
|
|
|
|