3   کاتژمێر پێش ئێستا 84 جار خوێنراوەتەوە

زیانە نەبینراوەکەی کاره‌ساته‌که‌؛ ئەو دوو ئاگرەی گیرفانی قۆرخکارانی پڕکرد و سییەکانی سلێمانی سووتاند

لە هەنگاوێکدا کە ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ غیابی ڕێکارەکانی سەلامەتی و سەیفتی، شاری سلێمانی لە ماوەی دوو ڕۆژدا ڕووبەڕووی دوو ئاگرکەوتنەوەی گەورەی سووتەمەنی بووەوە. بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان، زیانە مادییەکانی ئەم دوو ڕووداوە لە ٧ ملیار دینار تێپەڕیوە، جگە لەو زیانە تەندروستی و ژینگەیییە درێژخایەنانەی بەهۆی سووتانی ملیۆنان لیتر بەنزین و سووتەمەنییەوە کەوتوونەتەوە.

شەوی دووشەممە، لە ناوچەی تانجه‌رۆی شاری سلێمانی، ئاگرێکی گەورە لە کۆگایەکی سووتەمەنی کەوتەوە. بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان، زیاتر لە ٣٠ تانکەری سووتەمەنی —کە زیاتر لە ٢٥یان پڕ لە بەنزین و بەشێکیشیان تانکەری غاز بوون— بڕی زیاتر لە ۳ ملیۆن لیتر بەنزینیان تێدا سووتاوە. ئەم ڕووداوە بووە هۆی برینداربوونی ٢٣ کەس کە بەشێکیان لە کارمەندانی بەرگریی شارستانین.

تەنانەت خزمەتگوزارییە حکومییەکانیش لە کارەساتی ئاگر سەلامەت نەبوون؛ شەوی سێشەممە لە کاتی بەتاڵکردنی بەنزین لە بنکەی سووتەمەنیی بینای پارێزگای سلێمانی کە تایبەتە بە فەرمانبەرانی پارێزگا، تانکەرێکی سووتەمەنی گڕی گرت و پاش زیاتر لە کاتژمێرێک بە هاوکاریی تیمەکانی بەرگریی شارستانی، بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و کارمەندانی وەڵامدانەوەی قەیرانەکان بەڕێوە چووە و کوژێنرایەوە. پارێزگاری سلێمانی لەبارەی ئەم ڕووداوەی دووەمەوە ڕایگەیاند کە هیچ زیانێکی گیانیی لێنەکەوتووەتەوە و لیژنەیەکی تایبەتمەند بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی کەتنەوەی ئاگرەکە پێکهێنراوە.

سەبارەت بە ئەنجام و زیانەکانی ئەم دوو ڕووداوە، شایی ئاوات، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بەوە کردووە، هەردوو ئاگرەکە زیاتر لە ٧ ملیار دینار زیانی مادیی هەبووە. بەڕێوەبەری ژینگە بە توندی ڕەخنەی لە ئاستی ڕێکارەکانی سەلامەتی (سەیفتی) لە هەرێم گرت و ڕایگەیاند، نەک هەر گرنگی بە سەیفتی نادەرێت، بەڵکو ئاستەنگ لە بەرامبەر لایەنەکانی پشکنینی سەیفتی لە کەرتی گشتی و تایبەتدا دەکرێت.

ناوبراو داوای لە جێگری سەرۆکی وەزیران کرد، بە بڕیارێک سیستمی سەیفتی چالاک بکات و کۆمپانیا ڕێپێدراوەکان و کەرتی حکومی ڕابسپێرێت بۆ ئەنجامدانی پشکنینی ورد بەبێ جیاوازی و چاوپۆشیکردن. هەروەها جەختی کردەوە کە زیانە مادییەکان بە تێپەڕبوونی کات قەرەبوو دەکرێنەوە، بەڵام ئەو زیانە گەورەیەی بەر هەوا و ژینگەی سلێمانی کەوتووە، درێژخایەنە و قەرەبوو ناکرێتەوە.

لە لایەکی ترەوە، ئەم دوو ڕووداوە، کاردانەوەی کۆمەڵایەتیی لێکەوتەوە؛ ژوان ئەحمەد، نووسەر و ڕۆژنامەنووس، لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم ئاگرانە دەریانخست قەیرانی ڕاستەقینە لە بڕی سووتەمەنی و بەنزیندا نییە، بەڵکو قەیرانی ئاکار و ویژدانە، کە بریتییە لە قۆرخکاری و شاردنەوەی سووتەمەنی لەسەر حسابی گیرفانی هاوڵاتییان. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، تاکە خەمی لەم ڕووداوانەدا برینداربوونی کارمەندانی دڵسۆزی بەرگریی شارستانی و خزمەتگوزارانی کەرتی گشتییە.

 

  • شاکاری گواستنەوە یان زیانی دارایی؟ بە بەهای زیاتر لە دوو ملیار دۆلار ئۆتۆمبێل لە کوردستاندا هەن

  • زیانە نەبینراوەکەی کاره‌ساته‌که‌؛ ئەو دوو ئاگرەی گیرفانی قۆرخکارانی پڕکرد و سییەکانی سلێمانی سووتاند

  • بە ئەلیکترۆنیکردنی گومرگەکانی هەرێم؛ بەغدا کۆنترۆڵی داهاتە داراییەکان توندتر دەکات

  • هەوڵەکان بۆ چارەسەری قەیرانی بەنزین چڕ دەبنەوە؛ ١٦٩ پەرلەمانتار گوشار دەخەنە سەر زەیدی و  سامانە سروشتییەکانیش وەڵامی بەغدا دەداتەوە

  • لە نێوان چاپکردنی دراو و قەرزی ناوخۆییدا؛ کورتهێنانی دارایی بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دوا دەخات

  • حكومەتی هەرێم ماوەی مۆڵەتی بێ مووچەی كەم كردەوە

  • عێراق لە قەیرانی قووڵی داراییدایە و بۆ مووچە پێویستی بە قەرزە

  • نرخى لیترێك به‌نزین له‌ وڵاتان و به‌راورد به‌ هه‌رێمى كوردستان

  • بەنزینی بێ کوالێتی و گرانبەها؛ بارمتەگرتنی خەڵک لە پێناوی قازانجی حزبی و بازرگانیدا

سەرەکی