1     کاتژمێر پێش ئێستا 192 جار خوێنراوەتەوە

شاکاری گواستنەوە یان زیانی دارایی؟ بە بەهای زیاتر لە دوو ملیار دۆلار ئۆتۆمبێل لە کوردستاندا هەن

لە مایباخەوە بۆ خراپبوونی ژێرخان؛ چۆن هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی گرانبەها فشاری خستووەتە سەر ئابووریی هەرێم؟

بەپێی زانیارییەکان، لە ئێستادا بە بەهای زیاتر لە دوو ملیار دۆلار ئۆتۆمبێل لەسەر شەقامەکانی هەرێمی کوردستان مامەڵەیان پێوە دەکرێت و هاتوچۆ دەکەن، ئەوەش بێجگە لەو ئۆتۆمبێلانەی کە تا ئێستا بە فەرمی تۆمار نەکراون.

بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی بەرپرسانی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان، تا ئێستا زیاتر لە دوو ملیۆن و ٣٥٠ هەزار ئۆتۆمبێل لە سنووری هەرێم تۆمار کراون، بەڵام پسپۆڕان و ڕۆژنامەنووسانی ئابووری هۆشداریدەدەن لەوەی ئەم ژمارە زۆرە و بەکارهێنانی سەرمایەیەکی وا گەورە لە کەرتێکی ڕەقدا زیانی بەرچاوی بە ئابووریی نیشتمانی و تاک گەیاندووە.

سیروان محەمەد، ڕۆژنامەنووسی ئابووری، لە لێدوانێکدا بۆ "ئیرادە میدیا" ئەوەی خستەڕوو، تەرخانکردنی ئەم قەبارە داراییە زەبەلاحە بۆ کڕینی ئۆتۆمبێل زیانێکی گەورەی ئابوورییە، چونکە رووداوەکانی وەرگەڕان و پێکدادان ڕاستەوخۆ کارپێکردنی سەرمایەی تاک لەناو دەبەن و لە کۆتاییشدا زیانەکە بەر تەواوی ئابووریی هەرێم دەکەوێت.

ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کاتێک ئۆتۆمبێلێکی مۆدێل بەرز دووچاری ڕووداوێکی قورس دەبێتەوە، بە لانی کەمەوە ٣ هەزار دۆلار زیانی پێدەگات، هاوکات دوای چاککردنەوەشی بە ڕێژەی %٢٧ تا %٤٠ بەهای بازاڕیی دادەبەزێت. تەنانەت هەندێک لە ئۆتۆمبێلەکان بەهۆی سەختیی پێکدادانەکەیانەوە بە تەواوی لەکار دەکەون و دەبێت مامەڵەی "سکراپکردن"یان بۆ بکرێت، کە ئەمەش بەفێڕۆدانی ڕاستەوخۆی سەرمایەی وڵاتە.

لە لایەکی ترەوە، بەردەوامیی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی گرانبەها بووەتە دیاردەیەکی بەرچاو. هێمن حەمەئەمین، لێپرسراوی بەشی ئۆتۆمبێل لە گومرکی مەرزی نێودەوڵەتیی باشماخ ڕایگەیاند، ڕۆژانە ١٠ بۆ ١٢ ئۆتۆمبێلی جۆراوجۆری مۆدێل بەرز لە رێگەی مەرزی باشماخەوە دێنە ناو هەرێمەوە.

 ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، بڕێک لەم ئۆتۆمبێلانە نرخەکانیان زۆر بەرزە و دەگاتە ٤٠٠ هەزار دۆلار (٤٠ دەفتەر) وەک مارسیدسی مایباخ، یان ئۆتۆمبێلی جۆری جی کڵاس و لاندکرۆزەر کە بەهایان تا ١٨٠ هەزار دۆلار (١٨ دەفتەر) دەڕوات. بەرپرسی گومرکی باشماخ ئاشکراشی کرد تەنها لە ڕێگەی دەروازەی ئەوانەوە زیاتر لە ٥٠ کۆمپانیا سەرقاڵی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلن بۆ هەرێم، بەڵام لە هەشت مانگی ڕابردوودا چەندین ئۆتۆمبێل بەهۆی نەبوونی مەرجەکانی سەلامەتی، وەک نەبوونی سیستمی ئێرباگ یان بوونی پێکدادانی قورس، ڕاگیراون و ڕەوانەی وڵاتی سەرچاوە کراونەتەوە.

سیروان محەمەد جەختی لەوەش کردەوە بۆ کەمکردنەوەی ئەم زیانە ئابووری و جەنجاڵییە، پێویستە حکومەت بە شێوەیەکی کرداری کەرتی گواستنەوەی گشتی ئەکتیڤ بکات تاوەکو هاووڵاتییان ناچار نەبن بۆ هەموو هەنگاوێک ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان بەکاربهێنن. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، لە ڕووی نەخشەسازیی ئابوورییەوە، پێویست بوو ئەم تێچووە خەیاڵییەی بۆ ئۆتۆمبێل خەرج دەکرێت، ئاڕاستەی بوژاندنەوەی کەرتە بڕبڕەیییەکانی وەک کشتوکاڵ و گەشتوگوزار بکرایە تا ببێتە هۆی گەشەپێدانی بەردەوام و دروستکردنی دەرفەتی کار.

بەپێی دواین ئامارە فەرمییەکان، ژمارەی گشتیی ئۆتۆمبێلی تۆمارکراو لە هەرێمی کوردستان نزیکەی  دوو ملیۆن و ٣٥٠ هەزار ئۆتۆمبێل دەبێت. ئەم ژمارەیە بە بەردەوامی بەهۆی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی نوێوە روو لە زیادبوونە.

دابەشبوونی ئۆتۆمبێلەکان

ئۆتۆمبێلی تایبەت: زۆرینەی ڕه‌های ئۆتۆمبێلەکان پێکدەهێنن.

جۆرەکانی تر: بارهەڵگار، پاس، و ئۆتۆمبێلی کرێ (تەکسی).

جۆری سووتەمەنی: زۆربەیان بە بەنزین کار دەکەن و ڕێژەیەکی کەمتر بە دیزڵن.

 

  • شاکاری گواستنەوە یان زیانی دارایی؟ بە بەهای زیاتر لە دوو ملیار دۆلار ئۆتۆمبێل لە کوردستاندا هەن

  • زیانە نەبینراوەکەی کاره‌ساته‌که‌؛ ئەو دوو ئاگرەی گیرفانی قۆرخکارانی پڕکرد و سییەکانی سلێمانی سووتاند

  • بە ئەلیکترۆنیکردنی گومرگەکانی هەرێم؛ بەغدا کۆنترۆڵی داهاتە داراییەکان توندتر دەکات

  • هەوڵەکان بۆ چارەسەری قەیرانی بەنزین چڕ دەبنەوە؛ ١٦٩ پەرلەمانتار گوشار دەخەنە سەر زەیدی و  سامانە سروشتییەکانیش وەڵامی بەغدا دەداتەوە

  • لە نێوان چاپکردنی دراو و قەرزی ناوخۆییدا؛ کورتهێنانی دارایی بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دوا دەخات

  • حكومەتی هەرێم ماوەی مۆڵەتی بێ مووچەی كەم كردەوە

  • عێراق لە قەیرانی قووڵی داراییدایە و بۆ مووچە پێویستی بە قەرزە

  • نرخى لیترێك به‌نزین له‌ وڵاتان و به‌راورد به‌ هه‌رێمى كوردستان

  • بەنزینی بێ کوالێتی و گرانبەها؛ بارمتەگرتنی خەڵک لە پێناوی قازانجی حزبی و بازرگانیدا

سەرەکی