عەبدوڵا ئۆجەلان
2024-11-02
112 جار خوێنراوەتەوە
لەكاتێكدا توركیا باس لە پرۆسەی ئاشتی دەكات؛ دیداری بنەماڵەكەی لە ئۆجەلان قەدەغە دەكرێت
ناوەندی هەواڵ
لەكاتێكدا بەرپرسانی توركیا باس لە دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی دەكەن، دیداری بنەماڵەیی لە عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانیكراوی پەكەكە قەدەغە دەكرێت.
بە گوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی مێزۆپۆتامیا، 'سزای دیسپلین'ی نوێ بۆ عەبدوڵا ئۆجەلان بڕاوەتەوە.
وەك ئەو ئاژانسە دەڵێت: پارێزەرانی نوسینگەی یاسایی سەدە بەمەبەستی ئەنجامدانی دیداری بنەماڵە سەردانی دادگای جێبەجێكردنی سزاكانی بورسایان كردووە. دادوەر رایگەیاندووە، كە لە 16ی تشرینی یەكەمی 2024دا 'سزایەكی دیسپلینی نوێ' بۆ ماوەی سێ مانگ بۆ عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانیكراوی پەكەكە بڕاوەتەوە.
سەبارەت بە پاساوی 'سزا' ئاماژەبۆكراوەكە، هیچ زانیارییەك رانەگەیەندراوە. پارێزەران بڕیارە تانە لەسەپاندنی ئەو سزایە بدەن.
لە 23ی تشرینی یەكەمەدا پەرلەمانتاری دەم پارتی عومەر ئۆجالان دوای 43 مانگ دیداری لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان ئەنجامدابوو.دوای دیدارەكە دوو جار بە مەبەستی دیداری نوێی بنەماڵە و پارێزەران لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان داواكاری پێشكەش كرابوو، بەڵام هیچ وەڵامێكیان نەدرابووەوە.
هەڵوێستی دەم پارتی لەسەر پرۆسەی ئاشتی
لە نوێترین هەڵوێستدا، تولای هاتیمئۆغولاری هاوسەرۆكی پارتی یەكسانی و دیموكراسیی گەلان (دەم پارتی) ڕایگەیاند: ئەگەر لە توركیا كێشەی كورد نەبێت و هاوڵاتییان هەست بە یەكسانی بكەن و بە زمانی دایك بخوێنن، وڵات دابەشنابێت، بەڵام ئەگەر ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست توركیا لاواز بێت و دووچاری قەیرانی ئابووری ببێت، هۆكارەكەی ئەوەیە لەو وڵاتە پرسی كورد چارەسەرنەكراوە.
هاوسەرۆكی پارتی یەكسانی و دیموكراسیی گەلان (دەم پارتی)دەشڵێت: ئەگەر ئومێدێكی بچووك هەبێت، دەیانەوێت ئەو ئومێدە گەورە بكەن، چونكە كێشەی كورد بە چەك و شەڕ چارەسەر نابێت، پێویستە شەڕوپێكدادان كۆتایی بێت و پرۆسەیەكی ئاشتی و دیموكراسییانە دەستپێبكات.
دوو مەرجەکەی ئۆجەلان
لەمیانی كۆبوونەوەی لەگەڵ عومەر ئۆجەلان پەرلەمانتاری دەم پارتی كە هاوكات برازایەتی، عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانیكراوی پەكەكە دوو مەرجی بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆی ئاشتی لەنێوان كورد و دەوڵەتی توركیا خستووەتەڕوو.بەپێی ئەو زانیارییانەی بەشێك لەمیدیای توركیا و باكوری كوردستان بڵاویانكردووەتەوە، كۆبوونەوەی نێوان عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانیكراوی پەكەكە و عومەر ئۆجەلانی برازای كە دوای 43 مانگ و 23 ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ بەڕێوەچوو، لەلایەن وەزارەتی دادی توركیاوە بە دەنگ و ڕەنگ تۆماركراوە و یەك كاتژمێر و 45 خولەكی خایاندووە، تاوتوێی داواكارییەكەی دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی مەهەپەش كراوە كە داوایكردبوو ئۆجەلان بچێتە پەرلەمانی توركیا و داوای هەڵوەشاندنەوەی پەكەكە بكات.بەڵام ئۆجەلان بە دوو مەرج ڕازی بووە ئەو ڕۆڵە ببینێت، مەرجەكانیشی بە عومەری برازای وتووە.
مەرجی یەكەم ئەوەیە وڵاتێكی دیكە وەك گرەنتی گفتوگۆكان و دڵنیاییدەر بەشدار بێت، بەڵام ناوی وڵاتەكەی نەوتووە.هەروەها مەرجی دووەمی عەبدوڵا ئۆجەلان ئەوەبووە پرۆسەكە دڵنیایی یاسایی هەبێت و چوارچێوەیەكی یاسایی بۆ دابنرێت، جا بە ناوی پرۆسەی ئاشتی یان هەر ناوێكی دیكە بێت.
ئۆجەلان دوای بینینی عومەر ئۆجەلان پەرلەمانتاری دەم پارتی، پەیامێكی بە برازاكەیدا بۆ ڕای گشتی نارد و ڕایگەیاند "ئەگەر هەلومەرج بڕەخسێنرێت توانای تیۆری و كردەیی هەیە ئەو پرۆسەیە لە پێكدادان و توندوتیژییەوە بگۆڕێت بۆ زەمینەی سیاسی و یاسایی".
وتەکەی باخچەلی
ڕۆژێك پێش ئەو كۆبوونەوەیە باخچەلی لە كۆبوونەوەی فراكسیۆنی پارتەكەیدا لە پەرلەمانی توركیا ڕایگەیاند: "ئەگەر گۆشەگیرییەكەی سەری هەڵبگیرێت با ئۆجەلان بێت لە كۆبوونەوەی فراكسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی توركیا كۆتایی بە 'تیرۆر' بێنێت و پەكەكە هەڵبوەشێنێتەوە، ئەوكات با یاساكان بە جۆرێك ڕێك بخرێنەوە، ئۆجەلان بتوانێت داوای مافی هیوا بكات و ئێمەیش ئامادەین زەمینە بۆ ئەوە دەڕەخسێنن".
ئەو وتانەی باخچەلی لە كاتێكدایە 25 ساڵ تێپەڕ بووە بەسەر زیندانیكردنی ئۆجەلان و دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا دوای تەواوبوونی ئەو ماوەیە "مافی هیوا" بە شایستەی ژمارەیەك لەو كەسانە دەزانێت كە بە زیندانی هەتاهەتایی قورسكراو سزا دراون، تا دواتر ئازاد بكرێن.
|