2024-11-08
195 جار خوێنراوەتەوە
دووەم دانیشتنی دۆسیەی نارین گوران بەڕێوەدەچێت
ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ دووەم دانیشتنی دادگا لە بارەی دۆسیەی نارین گوران، لە هەشتەمین دادگای سزا قورسەكانی ئامەد بەڕێوەدەچێت، وتەی چوار تۆمەتباری سەرەكی و 22 شایەتحاڵ وەردەگیرێت.
نارین گورانی هەشت ساڵ كە لە 21 ی ئابی ئەمساڵ لە گوندێكی ئامەد كوژرا، دوێنێ یەكەم دانیشتنی دۆسیەكەی لە هەشتەمین دادگای سزا قورسەكانی ئامەد بەڕێوەچوو.
ئەمڕۆش دووەم ڕۆژی دانیشتنەكەیەتی و ڕێوشوێنی ئەمنیی لەدەوروبەری دادگا گیراوەتەبەر.
ئەو چوار تۆمەتبارە سەرەكییەی لە دانیشتنەكەدا دەبرێنە بەردەم دادوەر، هەریەك لە یوكسەل گوران دایكی نارین، ئەنەس گوران براگەورەی نارین، سەلیم گوران مامی نارین و نەوزاد بەختیار دراوسێی ماڵی نارینن، هەرچواریان تۆمەتبارن بە كوشتنی بە ئەنقەستی نارین، لەلایەن ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و منداڵانەوە داوا دەكرێت سزایەكی قورس بدرێن.
دانیشتنەكە بە وەرگرتنی وتەی برایەكی نارین بەناوی باران دەستیپێكردووە و درێژەی هەیە.
دۆسیەكەی نارین كاردانەوەی فراوانی بەدوای خۆیدا هێنا
دۆسیەكەی نارین گوران لە توركیا كاردانەوەی فراوانی بەدوای خۆیدا هێنا، بەشێك لە میدیاكان باس لەوە دەكەن كە هەوڵ دراوە بە ناوی ئەوەی گوایە نارین ون بووە و دیار نەماوە، بابەتی كوشتنەكەی دیزە بەدەرخۆنە بكرێت، بەڵام بەهۆی ئەو كاردانەوە زۆرەی لە توركیا و باكوری كوردستان لێی كەوتەوە، تیمە پەیوەندیدارەكان هەوڵەكانیان چڕ كردەوە و دوای 19 ڕۆژ لە دیارنەمانی تەرمی نارین لە گوندەكەی خۆیان "چولی" لەناوچەی ڕێزانی ئامەد دۆزرایەوە.
چیرۆكەكە چۆن دەستیپێكرد
نارین گوران دوای ئەوەی بۆ خولی فێربوونی خوێندنەوەی قورئان لە ماڵەوە دەرچووبوو، نەگەڕابۆوە ماڵەوە و خانەوادەكەی و هاوسێكانیان دەستیان كردبوو بە گەڕان بۆ دۆزینەوەی نارین، بەڵام دوای ئەوەی نەیانتوانی نارین بدۆزنەوە هانایان بردە بەر تیمە پەیوەندیدارەكان تاكوو كچەكە بدۆزێتەوە.
دواتر تیمەكان هەوڵەكانیان چڕ كردەوە بۆ دۆزینەوەی نارین گوران و لەو ماوەیەدا 12 هەزار و 565 ئۆتۆمبێل پشكێندرا، گوتە لە 130 كەس وەرگیرا، لێكۆڵینەوە لەگەڵ 32 هەزار و 952 كەس كرا، حەوت سەگی پیلیسی بەكار هێندرا و 11 هەزار دۆنم زەوی پشكنرا.
دوا دیمەنەكانی نارین گوران لە كامێرای چاودێرییەوە
چەند گرتەیەكی ڤیدیۆیی نارین بەر لە ونبوونی لە كامێرای چاودێرییەوە تۆمار كراون. كاتژمێر 15:15ی 21ی ئاب نارین لەگەڵ چوار هاوڕێی دەبیندرێت لە قوتابخانە و دواتر خواحافیزیان لێ دەكات و بەرەو ماڵەوە دەگەڕێتەوە.
لە كاتی گەڕان بە دوای ناریندا بە دووری سێ كیلۆمەتر لە 22ی ئاب یەك تاك نەعل و بە دوری دوو كیلۆمەتر لە 28ی ئاب تاكێكی دیكەی نەعل دەدزرانەوە.
بەڵام كەسوكاری نارین ڕەتیان كردەوە ئەو نەعلانە هیی كچەكەیان بن.
مامی بە تۆمەتی كوشتنی زیندانی كراوە
لە میانی لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكەدا بە هۆی بوونی شوێنی گازلێگرتن لە سەر قۆڵی، ئەنەسی برا گەورەی نارین كە تەمەنی 18 ساڵە دەستگیر كرا، بەڵام دوای ئەوەی دەرنەكەوت لە لایەن نارینەوە ئەو گازە گیراوە، ئەنەس ئازاد كرا.
هەر لە میانی لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكەدا هەروەها مامی نارین كە هاوكات موختاری گوندەكەیە، سەلیم گوران دەستگیر كرا، بڕیارە لەدووەم دانیشتنی دادگا لەبارەی دۆسیەكەی نارین ئەمڕۆ وتەی لێ وەربگیرێت.
دواتر ئەو نمونانەی DNA كە لە ئۆتۆمبێلەكەی سەلیم گوراندا وەرگیران لەگەڵ نمونەكانی DNA سەر جلوبەرگی نارین وەك یەك بوون.
دوای ڕاییكردنی كارەكان لە بنكەی جەندرمە، سەلیم گوران بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی ئەمنی توندوتۆڵ ڕەوانەی دادگا كرا و لەوێش بە تۆمەتی ئەنجامدانی "كوشتنی بە ئەنقەست" بڕیاری زیندانیكردنی بۆ دەرچوو.
لە دوای زیندانیكردنی سەلیم گوران، تەرمی نارین لە كەنار چەمێك دۆزرایەوە، كە پێشتر لایەنە پەیوەندیدارەكان سێ جار بە وردی ئەو ناوەیان پشكنی بوو و تەرمەكەیان نەدۆزیبوەوە.
دژیەكی لێدوانی تۆمەتباران وای كردووە، گەیشتنە ئەنجامی ئەوەی كە ئاخۆ نارین بە بڕیاری كێ و بە چ هۆكارێك كوژراوە هێشتا ڕوون نییە.
|