ئایدن و ڕۆژین
2024-11-16
207 جار خوێنراوەتەوە
چیرۆكی ئایدن و ڕۆژین؛ ئەو دوو ئێزدیەی لە ڕێگەی فەیسبووكەوە یەكیان دۆزییەوە
ناوەندی هەواڵ
ئایدن و ڕۆژین دوو بران، ئەوان لە ساڵی 2014 بەهۆی هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆسەر شنگال لەیەك دابڕان، بەڵام لە ڕێگەی فەیسبووكەوە توانییان یەكتر بدۆزنەوە و دەست بە ژیانێكی نوێ بكەن.
چیرۆکەکە بەمشێوەیەیە
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز چیرۆكی ئەو دوو برایەی باس كردووە، ئایدین كە گەنجێكی ئێزدییە ساڵی ڕابردوو لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك دەستی كرد بە بانگەواز كردن بۆ برا ونبووەكەی كە ناوی رۆژین حەدید تەڵاڵە.
دواتر رۆژین لە فەیسبووك نامەی بۆ ئایدن ناردووە و سەرەتا ئایدین بڕوای نەكردووە بەو ئاسانییە براكەی بدۆزێتەوە.
چۆن ڕزگاری بوو؟
رۆژین باسی لەوە كردووە، لە ساڵی 2014ـدا چەكدارانی داعش ئەوانیان بردووەتە سوریا و بەهۆی ئەوەی منداڵ بوون و خێزانێك هەڵی گرتوونەتەوە و دواتر ئەو خێزانە فرشتوونی بە خێزانێكی تر.
بەوتەی ڕۆژین، دوای كۆتایی هاتنی داعش لە سوریا ڕەوانەی كەمپی دەستبەسەركردنی هۆل كراوە، بەڵام كەسێك دەدۆزێتەوە و بە قاچاخ لەو كەمپە دەیباتە دەرەوە و ساڵانێك لە سوریا دەژی و ئەوەی لە توانایدا بووە كردوویەتی بۆ ئەوەی پارەیەك پاشەكەوت بكات بۆ گەڕان بەدوای خێزانەكەیدا.
کاری کردووە بۆ کڕینی مۆبایلێک
رۆژین دەشڵێت " لە هۆل هاتمە دەرەوە مۆبایلێكم كڕی و دەستم كرد بە گەڕان لە سۆشیال میدیا، لە فەیسبووكدا بەدوای ناوی براكەمدا دەگەڕام، چەندین كاتژمێرم لە گەڕان و گەڕان بەسەر برد تا ناوی براكەمم دۆزیەوە كە ئایدن حەدید بوو، داواكاریی هاوڕێیەتیم بۆ نارد و دەستم كرد بە پەیوەندی لەگەڵیدا."
سەرەتا باوەڕی نەکردووە
ئایدن لە سەرەتادا باوەڕی نەكردووە رۆژین برای بێت، بەڵام رۆژین چەندان بەڵگەی داوەتە ئایدن و لە كۆتایدا باوەڕی كردووە كە رۆژین برایەتی و دواتر دەستیان كردووە بەوەی پلان دابنێن بۆ یەكتربینینەوە و ژیانكردن پێكەوە.
ئاسان نەبوو
سەرەڕای دڵخۆشی دووبراكە بە یەكگرتنەوەیان، بەڵام یەكتر بینینیان ئاسان نەبوو، بەو پێیەی ڕۆژین هیچ ناسنامە و بەڵگەنامەیەكی گەشتكردنی نەبووە، دەبوو بە قاچاخ بڕواتە دەرەوەی سوریا.
رۆژین دەڵێت "پەیوەندیم بە ماممەوە كرد بۆ ئەوەی ڕێگەیەك بدۆزمەوە بۆ ئەوەی دەربچم و ئەو وتی "باشە، نیگەران مەبە، هەوڵ دەدەم ڕێگەیەكت بۆ ڕێكبخەم، پێم وت باشە، چاوەڕێ دەكەم و دوای نزیكەی دوو سێ ڕۆژ مامم وتی كەسێك پەیوەندیت پێوە دەكات بۆ ئەوەی دەرت بكات و بە خێزان و براكەم شادبوومەوە".
ئەو دوو برایە دەڵێن لە ئێستادا، ژیانێكی ئارام دەژین و بیر لەوە دەكەنەوە لە داهاتوودا خوێندیان تەواو بكەن و كارێك بۆ خۆیان بدۆزنەوە یان بچنه دەرەوەی وڵات بۆ كاركردن و خوێندن.
|