22   کاتژمێر پێش ئێستا 238 جار خوێنراوەتەوە

بەغداد مەرجی نوێی هەیە

ناوەندی هەواڵ

كۆبوونەوەی نێوان شاندی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی دارایی عێراق شەوی ڕابردوو لە بەغداد بەڕێوەچوو، هەرچەندە وەزارەتی دارایی هەرێم دەڵێت كۆبوونەوەكە ئەرێنی بووە بەڵام زانیارییەكان ئەوە ڕەتدەكەنەوە.
شاندەكە لەلایەن ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری هەرێمی كوردستانەوە سەرۆكایەتی كرا و  ئێوارەی ڕۆژی یەك شەممە 19ی كانونی دووەمی 2025، بەرەو شاری بەغداد بەڕێكەوت.
بەوتەی یەكێك لە ئەندامانی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ ئیرادە میدیا، ڕێككەوتن كراوە لەسەر هاوتاكردنی مووچەی خانەنشینی، تەمەنی خانەنشینی دەبێتە 60 ساڵ و هاوشێوەی عێراق خانەنشینانی هەرێم 12 مووچە لەكاتی خانەنشین بوون وەردەگرن، لەكاتێكدا پێشتر شەش مووچەیان وەردەگرت".
وتیشی:"بە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بەغداد دەست دەكات بە پێدانی بودجەی بەكاربردن بە هەرێمی كوردستان، لەبەرامبەردا دەبێت هەرێم پابەند بێت بە پێدانی 50% ی داهاتی نانەوتی بە بەغداد".
وەك ئەو سەرچاوەیە وتی:"ڕۆژی 21-1-2025 شاندێكی وەزارەتی دارایی عێراق بەمەبەستی وردبینی لە داهات و خەرجییەكان دەگەنە هەرێمی كوردستان و دواتر ڕاپۆرتێك ئاراستەی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكەن، واتە تا ئەوكاتە بەغداد هیچ پارەیەك بۆ هەرێم نانێرێت".
وەزارەتی دارایی هەرێم دەڵێت ئەرێنی بووە
لەلایەكی دیكەوە، وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی كوردستان ڕاگەیەندراوێكی لەبارەی كۆبوونەوەكە بڵاوكردووەتەوە و ڕایگەیاند:"لە كەشێكی ئیجابی و بەرپرسیارانەدا گفتوگۆ لەسەر ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2025 كرا و هەردوولا هاوڕابوون كە هەموو هەوڵەكان بخرێنەگەڕ بۆ لابردنی ئاستەنگەكانی بەردەم ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەم ساڵدا، هاوكات داواكاریەكانی حكومەتی هەرێم بۆ ناردنی ئەو شایستانەی كەساڵی ڕابردوو نەنێردراوە بەداتا و بەڵگەی فەرمی خرایەڕوو گفتوگۆی لەبارەوە كرا".                                                             
ئەوەشی خستەڕوو:"هەردوولا ڕێككەوتن كۆبوونەوەكان بەردەوام بێت و ڕۆژی یەكشەممەی داهاتوو كۆبوونەوەی هاوبەش ئەنجام بدرێت كەتیایدا بڕیاری پێویست لەسەر ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بدرێت و ڕاسپاردەی پێویستیش ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بكرێت".
بەوتەی وەزارەتی دارایی هەرێم، "هەر لەكۆبوونەوەكەدا بڕیاردراوە تیمێكی هاوبەش لە هەردوو وەزارەتی دارایی فیدراڵ و وەزارەتی دارایی هەرێم پێكبهێنرێت و لە ڕۆژی سێشەممەوە تیمەكە لە وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان دەستبەكار بن و  ئامادەكاری پێویست بكەن بۆ كۆبوونەوەی سەرەتای هەفتەی داهاتوو لەسەر ئەرك و پابەندییەكانی هەردوولا بۆ ساڵی 2025".
سەرچاوەكان پێچەوانەی وەزارەتی دارایی قسە دەكەن
سەرچاوەیەك لە كۆبوونەوەی شاندی هەرێم لەگەڵ جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرۆكی فراكسیۆنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان، یەكێتی نیشتمانی كوردستان، كۆمەڵی دادگەری كوردستان، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و بەشێك لە ئەندامانی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، قسەی بۆ ئیرادە كرد و وتی:"كۆبوونەوەكە هیچ ئەنجامێكی ئەرێنی بۆ شاندی هەرێم نەبووە، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق سوربووە لەسەر ئەوەی دەبێت تەوتینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەڕێگەی بانكەكانی عێراقەوە بێت".
ئەو سەرچاوەیە وتیشی:"تەیف سامی داوای نیوەی داهاتی ناوخۆی نانەوتی هەرێمی كوردستانی كردووە و وتوویەتی دەبێت مانگانە لەكاتی خۆیدا بینێرن".
سەبارەت بە داوای هەرێم بۆ ناردنی تەواوكاری مووچەی مانگی 12 ی ساڵی ڕابردووی مووچەخۆران، بەوتەی سەرچاوەكە تەیف سامی وتویەتی "ئەو داوایە ئەستەمە جێبەجێ بكرێت چونكە ئەژمێرەی دارایی كۆتایی هاتووە و وەزارەتی دارایی عێراق هەموو پابەندییەكانی خۆی جێبەجێكردووە".
وەڵام و وەڵامكاری
دواین تۆمەتباركردنی نێوان هەولێر و بەغداد لەسەر مووچە بوو، بەغداد ڕایگەیاند كە تەواوی مووچەی ساڵی 2024 یان بۆ هەرێم ناردووە، هەرێمی كوردستانیش ئەوە ڕەتدەكاتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەك بۆ لێكۆڵینەوە پێكهێنراوە.
ئێستا تەنها مووچە نییە كە خاڵی ناكۆكی نێوان هەرێم و بەغدادە، بەڵكو لەسەر نەوت و بەدیاریكراویش كێڵگە نەوتییەكانی كەركوك ناكۆكییەكان دوای هەشت ساڵ سەریانهەڵداوەتەوە.
 بەغداد بە ڕێككەوتن لەگەڵ كۆمپانیایەكی بەریتانی دەیەوێت كێڵگەكان پەرەپێبدات و نەوت و غازی زیاتریان لێدەربهێنێت، هەرێمی كوردستانیش واژۆكردنی گرێبەستی نەوت و گاز بۆ گەشەپێدانی كێڵگەكانی كەركوك بە پێشێلكردنی هەردوو مادەی 140 و 112 دەستور دادەنێت.
  

 

  • سیاسەتی ترەمپ بۆ جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چی دەبێت؟

  • ئایا داواكەی شاسوار عەبدولواحید یاساییە؟

  • بەغداد مەرجی نوێی هەیە

  • ئاگربەستی ئیسرائیل و حەماس دەچێتە ڕۆژی دووەم

  • "پێچه‌وانه‌ى لێدوانه‌كانیان گفتوگۆى هه‌سه‌ده‌ و ئیداره‌ى نوێى سوریا به‌ نه‌رمى به‌ڕێوه‌ده‌چێت"

  • مه‌زڵوم عه‌بدى: نه‌ چه‌ك داده‌نێین نه‌ خۆمان هه‌ڵده‌وه‌شێنینه‌وه‌

  • شه‌ڕ چۆن سه‌ریهه‌ڵدا و ڕێككه‌وتنى ئاگربه‌ست چۆنه‌؟

  • لیژنەی دارایی: پێویسته‌ هه‌رێم نه‌وته‌كه‌ى له‌ڕێگه‌ى سۆمۆوه‌ هه‌نارده‌ بكات

  • ​ ئیسلامییەكان پشتیوانی توركیا دەكەن كە سوێندەكەی ناوی خوای تێدا نییە

سەرەکی