مەزڵوم عەبدی
2025-01-19 286 جار خوێنراوەتەوە

مه‌زڵوم عه‌بدى: نه‌ چه‌ك داده‌نێین نه‌ خۆمان هه‌ڵده‌وه‌شێنینه‌وه‌

ناوەندی هەواڵ

مه‌زڵوم عه‌بدى فه‌رمانده‌ى هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، هه‌سه‌ده‌ نه‌ چه‌ك داده‌نێت و نه‌ خۆى هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌، به‌ڵام ده‌یه‌وێت تێكه‌ڵ به‌ سوپاى نوێى سوریا ببێت. هۆشداریش ده‌دات هه‌ر رێگایه‌ك جگه‌ له‌ گفتوگۆ له‌پرسى تێكه‌ڵكردنى هێزه‌كانیان به‌ وه‌زاره‌تى به‌رگریی سوریا كێشه‌ى گه‌وره‌ى لێده‌كه‌وێته‌وه‌.

مه‌زڵوم عه‌بدى له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بیه‌، ڕایگه‌یاند:"تائێستا بانگهێشت نه‌كراوین بۆ كۆبوونه‌وه‌ى تێكه‌ڵكردنى گروپه‌ چه‌كداره‌كان به‌ وه‌زاره‌تى به‌رگرییه‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌نجامى كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌حمه‌د شه‌رع فه‌رمانده‌ى ئیداره‌ى نوێى سوریا له‌گه‌ڵ گروپه‌كان هیچ په‌یوه‌ندى به‌ ئێمه‌وه‌ نییه‌".

فه‌رمانده‌ى هه‌سه‌ده‌ پێشنیازێكى ئاشكراكرد كه‌ بۆ پێكهێنانى لیژنه‌یه‌كى هاوبه‌شى سه‌ربازى كردوویانه‌ تا هێزه‌كانیان تێكه‌ڵ به‌ سوپاى نوێى سوریا بكه‌ن، وتیشى:"دژى بوونى دوو سوپام له‌ سوریا".

مه‌زڵوم عه‌بدى ده‌شڵێت "په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ ئیداره‌ى نوێى سوریا كردار دیارى ده‌كات نه‌ك گوفتار".

سه‌باره‌ت به‌ بوونى هێزه‌ ئه‌مریكییه‌كان له‌ سوریا، عه‌بدى ئاماژه‌ى به‌وه‌دا "بوونیان گرنگه‌ بۆ نزیككردنه‌وه‌ى دیدگاكان له‌یه‌كتر".

فه‌رمانده‌ى هه‌سه‌ده‌ ڕه‌تیشیكرده‌وه‌ ئێران درۆنى پێدابن و جه‌ختی كرده‌وه‌ پێویستیان به‌ چه‌كى ئێران نییه‌.

چوونى وه‌فدى هه‌سه‌ده‌ بۆ دیمه‌شق

ناوچه‌كانى ئیداره‌ى خۆبه‌ڕێوه‌به‌رى باكور و رۆژهه‌ڵاتى سوریا كه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌ كوردییه‌كانه‌وه‌ له‌ ساڵى 2011 ه‌وه‌ دروستبووه‌ و دواى 2015 فراوان بووه‌، ئێستا بووه‌ته‌ جێى سه‌رنجى جیهان و به‌شێكى وڵاتان داواى پاراستنى ئه‌و ئه‌زمونه‌ ده‌كه‌ن.

كوردانى رۆژئاوا ئێستا جگه‌ له‌ دامه‌زراوه‌ى سه‌ربازى و هێزى ڕێكخراو، ده‌زگاى ته‌ندروستى و كۆمه‌ڵایه‌تى و خزمه‌تگوزارییان هه‌یه‌، به‌درێژایی ئه‌و ساڵانه‌ش هه‌وڵیان داوه‌ ده‌ستكه‌وته‌كانیان بپارێزن، ده‌سه‌ڵاتى پێشووى سوریاش به‌ جوداخواز ناوى ده‌بردن و ڕه‌تیده‌كرده‌وه‌ له‌گه‌ڵیان دابنیشێت، ده‌سه‌ڵاتى ئێستاى دیمه‌شقیش ڕه‌تیده‌كاته‌وه‌ باس له‌ فیدراڵى و خۆبه‌ڕێوه‌به‌رى بكات.

وه‌فدێكى هه‌سه‌ده‌ له‌ 30 كانوونى یه‌كه‌مى ڕابردوو بۆیه‌كه‌مجار له‌ دیمه‌شق كۆبوونه‌وه‌، ئه‌مه‌ش دواى ڕووخانى ڕژێمه‌كه‌ى ئه‌سه‌د له‌ هه‌شتى كانوونى یه‌كه‌مى ساڵى ڕابردوو.

بۆردومانى توركیا

دواى ئه‌وه‌ى گروپه‌ چه‌كداره‌كانى ئۆپۆزسیۆنى سوریا به‌ سه‌رپه‌رشتى ده‌سته‌ى ته‌حریرى شام به‌ 11 ڕۆژ كۆنترۆڵى ناوچه‌كانى ژێر ده‌سه‌ڵاتى رژێمى پێشووى سوریایان كرد، گروپه‌ چه‌كداره‌كانى سه‌ر به‌ توركیا كه‌ چه‌ندین ناوى جیاوازیان هه‌یه‌ ده‌ستیان كرد به‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر ناوچه‌كانى ژێر ده‌سه‌ڵاتى هه‌سه‌ده‌، بۆ ئه‌وه‌ش پشتیوانى فرۆكه‌ى جه‌نگیی و درۆنى توركییان هه‌یه‌.

له‌سه‌ره‌تاوه‌ هه‌سه‌ده‌ له‌ سه‌نته‌رى مه‌نبج و چه‌ند ناوچه‌یه‌كى دیكه‌ به‌ئاگادارى ئه‌مریكا پاشه‌كشه‌ى كرد، به‌ڵام دواتر هێرشى پێچه‌وانه‌ى ده‌ستپێكرد و چه‌ند ناوچه‌یه‌كى كۆنترۆڵكرده‌وه‌، ئێستاش نزیكه‌ى دوو مانگه‌ شه‌ڕى سه‌خت له‌نێوان ئه‌و گروپانه‌ و هه‌سه‌ده‌ له‌ده‌وروبه‌رى مه‌نبج و به‌نداوى تشرین و پردى قه‌ره‌قۆزاق به‌ڕێوه‌ده‌چێت، به‌ڵام ئه‌و گروپانه‌ سه‌دان كوژراویان هه‌یه‌ و نه‌یانتوانیوه‌ هیچ پێشڕه‌وییه‌ك بكه‌ن، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى توركیا به‌ چڕى ناوچه‌كانى ژێر ده‌سه‌ڵاتى هه‌سه‌ده‌ بۆردومان ده‌كات، به‌و دۆخه‌شه‌وه‌ هه‌سه‌ده‌ توانیویه‌تى پێنج درۆنى توركیا بخاته‌خواره‌وه‌.

 

  • سیاسەتی ترەمپ بۆ جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چی دەبێت؟

  • ئایا داواكەی شاسوار عەبدولواحید یاساییە؟

  • بەغداد مەرجی نوێی هەیە

  • ئاگربەستی ئیسرائیل و حەماس دەچێتە ڕۆژی دووەم

  • "پێچه‌وانه‌ى لێدوانه‌كانیان گفتوگۆى هه‌سه‌ده‌ و ئیداره‌ى نوێى سوریا به‌ نه‌رمى به‌ڕێوه‌ده‌چێت"

  • مه‌زڵوم عه‌بدى: نه‌ چه‌ك داده‌نێین نه‌ خۆمان هه‌ڵده‌وه‌شێنینه‌وه‌

  • شه‌ڕ چۆن سه‌ریهه‌ڵدا و ڕێككه‌وتنى ئاگربه‌ست چۆنه‌؟

  • لیژنەی دارایی: پێویسته‌ هه‌رێم نه‌وته‌كه‌ى له‌ڕێگه‌ى سۆمۆوه‌ هه‌نارده‌ بكات

  • ​ ئیسلامییەكان پشتیوانی توركیا دەكەن كە سوێندەكەی ناوی خوای تێدا نییە

سەرەکی