2025-02-20 474 جار خوێنراوەتەوە

کۆمپانیای کۆڕەک بارگرانیە بۆ سەر داهاتی هەرێم و هاوڵاتیان پێویستە فشاربکرێت ئەو کۆمپانیایە هەڵبوەشێتەوە

سێشه‌ممه‌ ده‌سته‌ی ڕاگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كانی عێراق ڕایگه‌یاند: "فه‌رمانی كردووه‌ به‌‌ بڕینی ده‌ستبه‌جێی هێڵی ئه‌نته‌رنێتی تایبه‌ت به‌ كۆمپانیای كۆڕه‌ك تیلیكۆم له‌به‌رئه‌وه‌ی تا ئێستا ئاماده‌ نه‌بووه‌ شایسته‌ دارایی و سزاكانی سه‌ر كۆمپانیاكه‌ی بداته‌وه‌ به‌ حكومه‌تی عێراق كه‌ نزیكه‌ی ملیاریك و سێ سه‌د ملیۆن دۆلارە، ئه‌مه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و سه‌رپێچییه‌ به‌رده‌وامانه‌ی كه‌ له‌سه‌ری تۆمار كراوه"‌‌. هه‌روه‌ك ده‌سته‌كه‌‌ ئاشكرای كرد كه‌ "نوسراوی كردووه‌ بۆ وه‌زاره‌تی په‌یوه‌ندییه‌كانی ناوه‌ند بۆ جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه‌، هه‌روه‌ك ڕاشیگه‌یاند كه‌ كۆمپانیای كۆڕه‌ك به‌ پێی مه‌رجه‌كانی گرێبه‌ستی كاركردن مۆڵه‌تی به‌سه‌رچووه‌، بۆیه‌ ده‌بێت قه‌ره‌بووی هه‌موو ئه‌و زیانانه‌ بكاته‌وه‌ كه‌ به‌ر به‌شداربووانی ده‌كه‌وێت. له‌دوای بڕینی خزمه‌تگوزاری ئینته‌رنێتیشه‌وه‌ چاوه‌ڕوانی هه‌موو ئه‌و سكاڵایانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ به‌شداربووانی كۆڕه‌ك ده‌یكه‌ن له‌باره‌ی ئه‌و زیانانه‌ی به‌ریان كه‌وتووه‌ له‌ئه‌نجامی بڕینی ئه‌و خزمه‌تگوزارییه‌وه و‌ ده‌بێت كۆڕه‌ك بیداته‌وه".
له‌بارەی کێشەکانی کۆمپانیای کۆڕەک، یوسف كیلابی ئه‌ندام په‌رله‌مانی عێراق، "هه‌یام ئه‌لیاسر"ی وه‌زیری وه‌زاره‌تی په‌یوه‌ندییه‌كانیی عێراقی تۆمه‌تبار كرد به‌وه‌ی "مه‌له‌فی سه‌رپێچییه‌كانی كۆمپانیای كۆڕه‌كی پشتگوێخستووه‌، به‌تایبه‌ت مادده‌ی ( 17 ) له‌ ئه‌حكامه‌كانی یاسای بودجه‌ی عێراق كه‌ ده‌سته‌ی ڕاگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كان پابه‌ند ده‌كات به‌ سه‌پاندنی سزای دارایی به‌سه‌ر كۆمپانیای كۆڕه‌كدا، و ناچاركردنی بۆ پێدانی ئه‌و شایسته‌ دارایانه‌ به‌ حكومه‌تی عێراق، پێش كۆتایی ساڵی ( 2023 )". هه‌روه‌ها كیلابی گوتی: "جێگای داخه‌ ئه‌م وه‌زیره‌ به‌ به‌رده‌وامی جێبه‌جێكردنی ئه‌و یاسایه‌ی پشتگوێخستووه‌ كه‌ كۆمپانیاكانی بواری په‌یوه‌ندیكردن ناچار ده‌كات شایسته‌ داراییه‌ كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانی سه‌ریان بده‌نه‌وه‌ به‌ خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌ت، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی فه‌رمانی پابه‌ندكه‌ری دادگاشی له‌وڕووه‌وه‌ له‌به‌رده‌ستدایه"‌، هه‌روه‌ها گوتیشی: "ئه‌م پشتگوێخستنه‌ كه‌مته‌رخه‌می نییه‌، به‌ڵكو به‌ به‌فیڕۆدانی به‌ئه‌نقه‌ستی مافه‌كانی ده‌وڵه‌ته‌. به‌ڵێنیشی دا كه‌ به‌رده‌وام بێت له‌ به‌دواداچوون بۆ هه‌ركه‌سێك كه‌ ڕێگری بكات له‌ جێبه‌جێكردنی فه‌رمانی دادگا، چ له‌ وه‌زاره‌تی په‌یوه‌ندییه‌كان بێت یاخود له‌هه‌ر شوێنێكی تر، و سكاڵا له‌سه‌ر ئه‌و وه‌زیره‌ تۆمار ده‌كات له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌شی به‌رپرسن له‌و پێشێلكارییه".
حه‌نان فه‌تلاوی سه‌رۆكی بزوتنه‌وه‌ی ئیراده‌ له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ئێكس نوسیویه‌تی: كۆڕه‌ك ساڵانێكه‌ قه‌رزاری حكومه‌تی عێراقییه‌ و ڕه‌تی ده‌كاته‌وه‌ قه‌رزه‌كانی بداته‌وه‌، ساڵێكیشه‌ بڕیاردراوه‌ كه‌ ئه‌نته‌رنێتی ئه‌و كۆمپانیایه‌ ڕابگیرێت، به‌ڵام له‌ لایه‌نێكه‌وه‌ ده‌ستتێكه‌ڵكردن هه‌یه‌ و ڕێگه‌ی نه‌داوه‌ ئه‌و بڕیاره‌ جێبه‌جێ بكرێت، به‌وشێوه‌یه‌ به‌ نایاسایی ملیاران قازانجی كردووه‌.. داوا له‌ وه‌زیری په‌یوه‌ندییه‌كان ده‌كه‌م ده‌ستبه‌جێ خزمه‌تگوزاری ئه‌نته‌رنێتی لێ ببڕێت و پابه‌ندی یاسا بكرێت، به‌ پێچه‌وانه‌ لێكه‌وته‌ یاسایه‌كانی ڕووبه‌ڕووی وه‌زیر خۆی ده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌نێویاندا دزی و به‌هه‌ده‌ردان".
له‌به‌رامبه‌ریشدا سیروان بارزانی به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمپانیاكه‌ ڕایگه‌یاند: "ڕێوشوێنه‌كانی حكومه‌تی ناوه‌ندی له‌به‌رامبه‌ر ئه‌واندا سته‌م و نادادییه‌ و ته‌نیا له‌به‌ر كوردایه‌تییه‌ نه‌ك شتێكی تر كه‌ ڕووبه‌ڕووی ئه‌م سزایانه‌ ده‌بنه‌وه

كێشه‌كانی ئه‌و كۆمپانیایه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراقیدا چییه‌؟‌

دره‌نگانی دوێنێ شه‌و كۆمپانیای كۆڕه‌ك به‌یاننامه‌یه‌كی به‌په‌له‌ی بڵاوكرده‌وه‌ تێیدا هاتبوو كه:‌ "ملیۆنان به‌شداربوو به‌شێوه‌یه‌كی ناڕه‌وا له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان و ڕاگه‌یاندن و وه‌زاره‌تی په‌یوه‌ندییه‌كانی عێراقه‌وه‌ به‌ پێی ڕێنمایی سه‌رۆك وه‌زیران، خزمه‌تگوزاری ئینته‌رنێتیان لێ بڕاوه‌، هه‌روه‌ها كۆمپانیاكه‌ ڕه‌تی كرده‌وه‌ كه‌ مۆڵه‌تی كاركردنیان به‌سه‌رچووبێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌ ساڵی ( 2020 )دا حكومه‌تی عێراق له‌به‌رئه‌و زیانانه‌ی به‌هۆی شه‌ڕی داعشه‌وه‌ به‌ر كۆمپانیاكه‌یان كه‌وتووه‌ بڕیاری قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی داون، له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ كۆمپانیاكه‌یان ڕووبه‌ڕووی هه‌ڵمه‌تێكی چه‌واشه‌كارانه‌ی میدیایی بۆته‌وه‌، سه‌رجه‌می هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ش گوشاری سیاسی پێوه‌ دیاره‌ به‌ قازانجی لایه‌نێكی دیكه".
كۆمپانیاكه‌ پێی وایه‌ "بڕینی ئینته‌رنێت له‌ به‌شداربووانی په‌یامێكه‌ بۆ هه‌ر كه‌سێك كه‌ وه‌به‌رهێنان له‌ عێراقدا بكات كه‌ ده‌بێت بزانێت له‌ وڵاتێكدایه‌ هێز و به‌رژه‌وه‌ندی كه‌سی جێی یاسا و دادپه‌روه‌ری گرتۆته‌وه".
 كێشه‌ی نێوان كۆمپانیای كۆڕه‌ك تیلیكۆم و ده‌سته‌ی ڕاگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كان و وه‌زاره‌تی په‌یوه‌ندییه‌كانی حكومه‌تی عێراقی چه‌ندین ساڵه‌ به‌رده‌وامه‌.
له‌ ئایاری ( 2023 )دا ده‌سته‌ی ڕاگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كان ئاشكرایكرد كه‌ سكاڵایه‌كیان له‌ دژی كۆمپانیای كۆڕه‌ك له‌ دادگا بردۆته‌وه‌ كه‌ كۆمپانیاكه‌ ناچار ده‌كات بڕی ( 800 ) ملیۆن دۆلار بخاته‌ سه‌ر خه‌زێنه‌ی حكومه‌تی ناوه‌ندی، هه‌روه‌ك چوار بڕیاری له‌دژی كۆمپانیاكه‌ ده‌ركردووه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی مۆڵه‌تی كاركردنی له‌ ( 30 ) ئابی ( 2022 ) به‌سه‌رچووه‌ و سه‌ره‌ڕای هه‌موو گفتوگۆكان له‌گه‌ڵیدا به‌ڵام ئاماده‌ نه‌بووه‌ قه‌رزه‌كانی بداته‌وه‌ به‌ حكومه‌تی عێراق. 
یه‌كێك له‌ بڕیاره‌كان كه‌ له‌ دژی ئه‌و كۆمپانیایه‌ ده‌ركرا بڕینی په‌یوه‌ندی نێوان كۆڕه‌ك بوو له‌گه‌ڵ هه‌ردوو كۆمپانیا ڕكابه‌ره‌كه‌ی تری بازاڕی په‌یوه‌ندییه‌كانی عێراق ئه‌وانیش كۆمپانیای ئاسیا سێل و كۆمپانیای زین، ئه‌م بڕیاره‌ش له‌ یه‌كی نۆفه‌مبه‌ری ( 2023 ) جێبه‌جێ كرا، هه‌روه‌ها یه‌كێك له‌ بڕیاره‌كانی تر قه‌ده‌غه‌كردنی مامه‌ڵه‌ی كڕین و فرۆشتنی سیمكارتی كۆمپانیاكه‌بوو.
له‌ لایه‌كی تریشه‌وه هه‌مان ساڵ‌ زه‌هره‌ ئه‌لبوجاری سه‌رۆكی لیژنه‌ی  گه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق ڕایگه‌یاندبوو كه‌ لیژنه‌یه‌كیان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان حكومه‌تی به‌غدا و كۆڕه‌ك پێكهێناوه‌ بۆ هه‌موو ئه‌و ناكۆكیانه‌ی كه‌ له‌نێوانیاندایه‌ له‌ ساڵی ( 2007 )ه‌وه‌، هه‌ره‌وه‌ها زه‌هره‌ ڕایگه‌یاند: دوو كۆمپانیاكه‌ی تر (ئاسیا و زین) هه‌موو ئه‌و شایسته‌ دارایانه‌ی كه‌ تا ساڵی ( 2020 ) لایان بووه‌ داویانه‌ته‌وه‌ به‌ حكومه‌تی عێراقی و به‌ڵێنیشیان داوه‌ هی ساڵانی دواتریش به‌شێوه‌ی قیست بده‌نه‌وه‌، به‌ڵام تا ئێستا كۆڕه‌ك پابه‌ند نه‌بووه‌.

سیروان بارزانی" کێشەکانمان لەگەڵ عێراق ڕیشەیەکی کۆنی هەیە و نوێ نیە"
هه‌ر ئه‌و ساڵه‌ سیروان بارزانی له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌نووسیدا ڕایگه‌یاند كه‌ تا ئه‌و سه‌روه‌خته‌ كۆمپانیاكه‌ی دوو ملیار دۆلاری داوه‌ به‌ عێراق، هه‌روه‌ها سیروان ڕایگه‌یاند كه‌ كێشه‌ی ئه‌وان كێشه‌ی ئێستا نییه‌ و ڕێشه‌یه‌كی كۆنی هه‌یه‌ كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵی ( 2007 ) دوای ئه‌وه‌ی كۆمپانیاكه‌ له‌ مه‌زادێكی ئاشكرادا كه‌ له‌ عه‌مانی پایته‌ختی ئه‌رده‌ن به‌سترا سه‌ركه‌وتووبوو له‌ وه‌رگرتنی مۆڵه‌تی هه‌میشه‌یی كاركردن له‌ ته‌واوی عێراقدا له‌گه‌ڵ هه‌ردوو كۆمپانیای ئاساسێڵ و ئه‌ثیر، له‌به‌رامبه‌ردا كۆمپانیای ئۆراسكۆم عێراقنا شكستی هێنا له‌به‌ده‌ستهێنانی مۆڵه‌تی كاركردن.
 به‌ پێی لێداونی سیروان با‌رزانی ده‌بوو كۆڕه‌ك كۆدی سێ ملیۆن و دوو سه‌د هه‌زاری به‌شداربووی ئه‌و كۆمپانیایه‌ی به‌ربكه‌وێت كه شكستی هێنا له‌ وه‌رگرتنی مۆڵه‌ت، بۆ ئه‌وه‌ی ببنه‌ به‌شداربووی كۆمپانیاكه‌ی، به‌ڵام پێی وایه‌ ڕێوشوێنێكی نه‌زانرا وای كرد ‌كه‌ ئه‌وه‌ بدرێت به‌ كۆمپانیاكانی تر، هه‌روه‌ك ده‌بوو كۆمپانیای عێراقنا دوای ( 90 ) ڕۆژ ئامێره‌كانی بدات به‌ كۆمپانیاكه‌یان. 
كۆڕه‌ك تیلیكۆم کۆمپانیایەکی سنووردارە بە پێدانی خزمەتگوزاری بێ تەل و تۆڕی تەلەفۆن، لە ساڵی ( 2000 ) لە کوردستان دامەزراوە، لە ( 17 - 8 - 2007 )بووە خاوەنی مۆڵەتی بەکارهێنان لە تەواوی عێراق. خاوه‌نه‌كه‌شی سیروان سابیر بارزانی برازای مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌، بۆیه‌ كۆمپانیاكه‌ وه‌ك كۆمپانیایه‌كی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی ته‌ماشا ده‌كرێت، بنکەی سەرەکی کۆمپانیاکە دەکەوێتە سەیرانگای سەڵاحەدینی پارێزگای هەولێر، چه‌ندین لقی لە شارەکانی دیکه‌ هه‌یه‌. هه‌روه‌ها به‌پێی ڕاگه‌یاندنی كۆمپانیاكه‌، نزیكه‌ی ( 3500 ) تاوه‌ری له‌سه‌رتاسه‌ری عێراقدا هه‌یه‌ و ( 2500 ) فه‌رمانبه‌ر و ( 7 ) ملیۆن به‌شداربووی هه‌یه‌‌.
 
كۆڕه‌ك و زیانه‌كانی له‌ به‌شه‌ بوجه‌ی هه‌رێم :
هەرێم مانگانە( 80 ) ملیاری لێبڕدراوە لە جێگەی پێبژاردنەکانی کۆڕەک 
له‌وه‌ته‌ی كه‌ حكو‌مه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ساڵی ( 2014 ) دا به‌شێوه‌یه‌كی تاكلایه‌نه‌ له‌ چوارچێوه‌ی "ئابووری سه‌ربه‌خۆ"دا ده‌ستی كرد به‌ ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی نه‌وت به‌ بێ ڕه‌زامه‌ندی حكومه‌تی ناوه‌ندی، له‌ به‌رامبه‌ردا حكومه‌تی ناوه‌ندیش بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستانی بڕی كه‌ بڕه‌كه‌ی ئه‌و ساڵانه‌ زیاتر له‌( 12% ) بودجه‌ی عێراق بوو. له‌وكاته‌وه‌ تا ئێستا حكومه‌تی ناوه‌ندی به‌ بیانووی ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی نه‌وت به‌شێوه‌ی سه‌ربه‌خۆ و دواتر به‌هۆی پابه‌ند نه‌بوونی هه‌رێم به‌ ڕاده‌ستكردنی داهاتی نه‌وتی و نانه‌وتی به‌ به‌غدا بودجه‌ی هه‌رێمی بڕیوه‌ و ناوبه‌ناو بڕێكی جیاوازی مانگانه‌ی بۆ هه‌رێم ڕه‌وانه‌ سه‌رباری ئه‌و كێشانه‌، كێشه‌ی كۆمپانیای كۆڕه‌ك یه‌كێكی تر بووه‌ له‌ كێشه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر، چه‌ندین جار حكومه‌تی هه‌رێم به‌ نووسراوی فه‌رمی و له‌ دانیشتنه‌ فه‌رمییه‌كاندا خۆی كردووه‌ به‌ به‌شێك له‌ كێشه‌كانی كۆمپانیا كۆڕه‌ك و حكومه‌تی ناوه‌ندی و داوای چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی كردووه‌، له‌به‌رامبه‌ریشدا به‌شێك له‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی عێراق و به‌رپرسانی عێراقی دوایان كردووه‌ به‌شێك له‌ بودجه‌ی هه‌رێم ببڕدرێت وه‌ك قه‌ره‌بووی ئه‌و قه‌رزانه‌ی له‌سه‌ر كۆمپانیاكه‌یه‌.  
له‌ سه‌رده‌می مالیكی و پاشان حه‌یده‌ر عه‌بادی و عادل عه‌بدولمه‌هدی و دواتریش مسته‌فا كازمی و دواترینشیان سودانیدا گه‌لێك ڕێكه‌وتن كراوه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌ داراییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا، به‌ڵام هیچیان قه‌یرانه‌كانی به‌ ته‌واوه‌تی چاره‌سه‌ر نه‌كردووه‌.
له‌ ساڵی ( 2017 ) ڕێكه‌وتنێك كرا له‌ نێوان حكومه‌تی ناوه‌ندی و حكومه‌تی هه‌رێمدا به‌ پێی ڕێكه‌وتنه‌كه‌..‌ حكومه‌تی عێراق مانگانه‌ بڕی ( 400 ) ملیار بدات به‌ هه‌رێم و له‌به‌رامبه‌ریشدا هه‌رێم نیوه‌ی داهاتی ناوخۆ ڕاده‌ست بكات، به‌ڵام زۆرینه‌ی جاره‌كان عێراق ته‌نیا ( 320 ) ملیاری ڕه‌وانه‌ ده‌كرد، سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له‌سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌وكاتی عێراقه‌وه‌ له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ "ده‌ره‌ج" ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ هه‌رێم ڕه‌زامه‌ندی نواندووه‌ كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی "ناڕاسته‌وخۆ" قه‌رزه‌كانی كۆمپانیاكانی په‌یوه‌ندیكردنی ناو هه‌رێم له‌ئه‌ستۆ بگرێت، بڕی ئه‌و ( 80 ) ملیاره‌ی كه‌ عێراق نه‌یناردووه‌ وه‌ك پێبژاردنی قه‌رزه‌كانی سه‌ر كۆمپانیاكه‌ بووه‌، به‌مشێوه‌یه‌ مانگانه‌ زیانی هه‌شتا ملیار له‌ داهات و موچه‌ی هه‌رێم و فه‌رمانبه‌رانی دراوه‌.
 
كێشه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی كۆمپانیای كۆڕه‌ك:

كۆمپانیای كۆڕه‌ك تیلیكۆم چه‌ندین ساڵه‌ ناوبه‌ناو ده‌بێته‌ سه‌ردێڕی مانشێتی ڕۆژنامه‌ جیهانییه‌كان به‌ هۆی ئه‌و كێشانه‌وه‌ كه‌ دروستی ده‌كات و ڕووبه‌ڕووی ده‌بێته‌وه،‌ به‌تایبه‌ت له‌ دادگا نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا، هه‌روه‌ك زۆرجاریش دیكه‌ش به‌هۆی په‌یوه‌ندییه‌ داراییه‌ گومانلێكراوه‌كانی له‌گه‌ڵ كۆمپانیاگه‌لێكی دیكه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تیدا دێته‌وه‌ به‌رباس، هه‌ندێك جاری دیكه‌ش به‌هۆی مۆنۆپۆلكردنی ئاشكرای بازاڕ و ده‌زگا فه‌رمییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم به‌تایبه‌ت له‌هه‌ردوو پارێزگای هه‌ولێر و دهۆك، به‌شێوه‌یه‌ك حكومه‌تی هه‌رێم هه‌موو ده‌رگاكانی ده‌زگاكانی خۆی بۆ ده‌خاته‌ سه‌رپشت بێ ئه‌وه‌ی ڕێگه‌ بدات دوو كۆمپانیاكه‌ی تر هه‌مان ئه‌و مافانه‌یان هه‌بێت، بۆ نموونه‌ سایتی ده‌ره‌ج له‌ ڕاپۆرتێكدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ هه‌ر له‌گه‌ڵ دابه‌زین له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر بۆ ئه‌وه‌ی سیمكارتێكی ناوخۆیت هه‌بێت هه‌ست به‌وه‌ ده‌كه‌یت كه‌ ته‌نیا یه‌ك هه‌ڵبژارده‌ت له‌به‌رده‌سته،‌ ئه‌ویش ته‌نیا كۆڕه‌كه‌، چونكه‌ ته‌نیا ئه‌وان له‌وێ بوونیان هه‌یه‌، ڕۆژنامه‌نووسه‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات له‌ڕووی ئاسایشییه‌وه‌ ئه‌مه‌ په‌یامی ئه‌وه‌ ده‌دات كه‌:‌ ته‌واوی ناسنامه‌ و زانیاری و هه‌ڵسوكه‌وته‌كانیشت ده‌چێته‌ ژێر چاودێری نه‌ك ده‌وڵه‌ته‌وه‌ به‌ڵكو ته‌نیا یه‌ك لایه‌نه‌وه‌ كه خاوه‌ندارێتی كۆمپانیاكه‌یان بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.
له‌ ئۆكتۆبه‌ری ( 2020 )دا كۆمپانیای ئۆره‌نجی فه‌ڕه‌نسی بۆ په‌یوه‌ندییه‌كانی ئاشكرایكرد كه‌ ڕێوشوێنه‌كانی ده‌ست پێكردووه‌ بۆ تۆماركردنی سكاڵای یاسایی له‌سه‌ر حكومه‌تی عێراق له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌ستی گرتووه‌ به‌سه‌ر پشكه‌كانی كۆمپانیاكه‌یان به‌‌ قازانجی كۆمپانیای كۆڕه‌ك تیلیكۆم، كۆمپانیای ئۆره‌نج به‌ به‌های ( 400 ) ملیۆن دۆلار وه‌به‌رهێنانی هه‌بووه‌ له‌ناو كۆڕه‌كدا، بۆیه‌ سووره له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی مافه‌كانی.
له‌ساڵی ( 2011 )دا كۆمپانیای ئۆره‌نجی فه‌ڕه‌نسی له‌گه‌ڵ كۆمپانیای ئه‌گیلتی كوێتی بوونه‌ خاوه‌نی ( 44% ) پشكه‌كانی كۆمپانیاكه‌. به‌ڵام ده‌سته‌ی ڕاگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كانی عێراق له‌ ئایاری ( 2019 ) پشكه‌كانی كۆمپانیای ئۆره‌نجی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ و دای به‌ وه‌به‌رهێنه‌ ناوخۆییه‌كانی عێراق له‌ناویاندا سیروان بارزانی پشكی گه‌وره‌ی به‌ركه‌وته‌وه بووه‌وه‌ به‌ خاوه‌نی ( 75% )كۆمپانیاكه‌، به‌ڵام هه‌ندێك له‌ ڕاگه‌یاندنه‌كان گومانی ئه‌وه‌یان كرد كه‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی پشكه‌كانی ئۆره‌نج و ئه‌گیلتی په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌ ڕێكه‌وتنێكی ژێره‌كی نێوان كۆمپانیای كۆڕه‌ك و هه‌ندێك له‌ ئه‌ندامانی ده‌سته‌كه،‌‌ به‌ڵام هه‌رگیز ئه‌و بانگه‌شه‌ و ده‌نگۆیانه‌ نه‌سه‌لمێندران.
به‌ڵام له‌هه‌موو ئه‌وانه‌ ترسناكتر له‌ ناوه‌ڕاستی سێپته‌مبه‌ری( 2024 )دا كۆمپانیای ئه‌گیلیتی كوێتی بۆ كۆگاكردنی گشتی ئاشكرایكرد كه:‌ دادگای ناوبژیوانی نێوده‌وڵه‌تی له‌ ژووری بازرگانی نێوده‌وڵه‌تی بڕیارێكی پابه‌ندكه‌رانه‌ی بۆ كۆڕه‌ك تیلیكۆم ده‌ركردووه‌ به‌ دانی یه‌ك ملیار و ( 175 ) ملیۆن دۆلار به‌ كۆمپانیای "عێراق تیلیكۆمی سنووردار-ئیمارات" كه‌ لقێكیكردووه
‌. كۆمپانیای ئه‌گیلتییه، به‌بێی ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی ئه‌گیلتی، كۆڕه‌ك ده‌بێت سه‌رجه‌م قه‌رزه‌كان و سوودی قه‌رز و تێچوون و خه‌رجییه‌كانی دۆسیه‌كه‌یان هه‌ڵبگرێت‌، كۆمپانیای ئه‌گیلتی شتێكی زیاتر له‌باره‌ی ئه‌م كه‌یسه‌وه‌ نه‌دركاندووه‌. 
به‌ڵام ساڵی پێشتر، واته‌ ( 2022 ) دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی كوێت بڕیاری دا كه‌ ده‌بێت حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رپرسیارێتی دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كانی كۆمپانیا كۆڕه‌ك تیلیكۆم له‌ ئه‌ستۆ بگرێت كه‌ بڕه‌كه‌ی ( 490 ) ملیۆن دۆلاره‌، تۆماری گرێبه‌ستی وه‌رگرتنی ئه‌و قه‌رزه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ( 30 ) سێپته‌مبه‌ری ( 2007 ) ، ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ بڕی قه‌رز و كه‌ڵه‌كه‌بوونی سوودی قه‌رزه‌كان و هی دیكه‌شه،‌ حكومه‌تی هه‌رێم به‌رپرسیار كراوه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌ گرێبه‌ستی وه‌رگرتنی قه‌رزه‌كه‌دا حكومه‌تی هه‌رێم بووه‌ به‌ "وه‌كیل"، حكومه‌تی عێراقیش هیچ لێپرسیراوێتییه‌كی ناكه‌وێته‌ ئه‌ستۆ، هه‌روه‌ك یاساناسه‌ عێراقییه‌كان ئاماژه‌یان به‌وه‌ش كردووه‌ خودی ئه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم خۆی كردووه‌ به‌ كه‌فیل له‌ وه‌رگرتن و دانه‌وه‌ی قه‌رز به‌ كۆمپانیایه‌كی ده‌ره‌كی پێچه‌وانه‌ی ده‌ستووره‌ به‌و پێیه‌ی كه‌فاله‌تكردنی وه‌رگرتنی قه‌رز له‌ لایه‌نێكی ده‌ره‌كییه‌وه‌ ته‌نیا وه‌زاره‌تی دارایی عێراقی ده‌بێت پێی هه‌ڵسێت و وه‌رگرتنی قه‌رز بابه‌تێكی سیادییه‌. له‌ بڕیاری دادگا كوێتێكه‌شدا هاتووه‌ كه‌ له‌ حاڵه‌تی نه‌دانه‌وه‌ی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ له‌ لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ ئه‌و كوێت له‌ ڕووی یاسایی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ده‌ست به‌سه‌ر سه‌رجه‌م پاره‌كانی هه‌رێمدا بگرێت كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان و عێراقن.
 به‌رواری وه‌رگرتنی قه‌رز له‌ لایه‌ن كۆڕه‌كه‌وه‌ له‌و كۆمپانیا كوێتییه‌ هاوكاتی وه‌رگرتنی مۆڵه‌تی كاركردنیه‌تی له‌ عێراقدا. له‌و ساڵه‌دا كۆمپانیای كۆڕه‌ك به‌ كه‌فیلیی حكومه‌تی هه‌رێم بڕی ( 250 ) ملیۆن دۆلاری وه‌ك قه‌رز له‌و كۆمپانیایه وه‌رگرتووه،‌ به‌ پێی ڕێكه‌وتنه‌كه‌ش بڕی سوودی ساڵانه‌ كه‌ ده‌چێته‌ سه‌ری‌ ( 7% ) بووه‌‌، كۆمپانیای كۆڕه‌ك ئه‌و پاره‌یه‌ی پێویست بووه‌ تا بیدات به‌ حكومه‌تی عێراقی وه‌ك به‌شی دووه‌می قیستی تۆماركردنی ڕوخسه‌تی كاركردن له‌ عێراقدا.
ئه‌نجامه‌كانی دادگاییه‌ نێوده‌وڵه‌تێكه‌ ئابڕوچونێكی ئاشكرای سیاسییه‌ كه‌ له‌و كاته‌دا پارته‌كانی تری ڕكابه‌ری پارتی دیموكراتی كوردستان و ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و ڕاگه‌یاندنه‌كانی هه‌رێم هیچ سه‌رنجێكیان نه‌خسته‌ سه‌ری، له‌كاتێكدا ده‌بوو لێپێچینه‌وه‌ و به‌دواداچوون بۆ ئه‌و دۆسیه‌یه‌ بكرێت و پرسیاری ئه‌وه‌ بكرێت: ئایا حكومه‌تی هه‌رێم به‌ چ مافێك داهاتی خه‌ڵكی كوردستان به‌هه‌ده‌ر ده‌دات له‌ هه‌ڵه‌ و كه‌مته‌رخه‌مییه‌كانی كۆمپانیایه‌كی كه‌رتی تایبه‌ت، بۆچی ده‌بێت له‌ داهاتی خه‌ڵكی كوردستان قه‌ره‌بووی ئه‌و كێشه‌ و گرفته‌ یاسایانه‌ی به‌رده‌وام كۆمپانیای كۆڕه‌ك له‌ عێراق و ده‌ره‌وه‌ی عێراق دروستی ده‌كات بخرێته‌ ئه‌ستۆی هه‌رێم؟

هاوڵاتیان کۆڕەک بە بارگرانی دەزانن هەم بۆ سەر هاوڵاتیان هەم بۆ سەر بودجەی گشتی فەرمانبەرانی هەرێم و کەرتە خزمەتگوزاریەکان
كۆڕه‌ك تیلیكۆم بووه‌ به‌ بارگرانی به‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ كه‌ زیاتره‌ له‌ ده‌ ساڵه‌ له‌ قه‌یرانی دارایدایه‌ و به‌شێوه‌یه‌كی ڕێكوپێك مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ره‌كانی نه‌داوه‌، لێپرسراوێتی حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستانه‌ كه‌ بۆ ڕێوشوێنی یاسایی بگه‌ڕێن تا كۆڕه‌ك تیلیكۆم ناچار بكه‌ن بڕی ئه‌و پارانه‌ ئاشكرا بكات كه‌ زیانی له‌ داهاتی هه‌رێم داوه‌ و پابه‌ندیشی بكه‌ن به‌دانه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و پارانه‌، ئه‌گه‌رنا ده‌بێت فشاری جدی بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ناچار بكرێت به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدڕاڵ كۆمپانیاكه‌ هه‌ڵوه‌شێننه‌وه‌‌ و ده‌ست به‌سه‌ر دارایی كۆمپانیاكه‌دا بگیرێت.


  • کۆمپانیای کۆڕەک بارگرانیە بۆ سەر داهاتی هەرێم و هاوڵاتیان پێویستە فشاربکرێت ئەو کۆمپانیایە هەڵبوەشێتەوە

  • کێشە سەرەکییەکان چین؟

  • داهاتووی خوێندنی ئەمساڵ چی لێ دێت ؟

  • پرۆسه‌ی ئاشتی ئه‌مجاره‌ له‌ توركیا چۆن ده‌ستی پێكرد؟ جیاوازییه‌كانی له‌گه‌ڵ پرۆسه‌ شكستپێهنراوه‌كانی پێشوو چین ؟

  • باسی مووچەیەكی ساڵی ڕابردووی نەكرد

  • "بەرپرسان جیاوازیی لەنێوان كەناڵەكان دەكەن"

  • ڕێككەوتنی پێشوەخت بۆ پەسەندكردنی

  • نهێنی كۆبوونەوە بەپەلەكانی نێوان شاندی هەرێم و بەغداد بۆ پرسی مووچە و بودجە ئاشكرابوو

  • زانیاریی له‌باره‌ى كۆبوونه‌وه‌كان؛ به‌غداد نه‌رمى نواندووه‌ و هه‌رێم ڕه‌تیكردووه‌ته‌وه‌

سەرەکی