18   کاتژمێر پێش ئێستا 149 جار خوێنراوەتەوە

جیهان خۆی پڕ چه‌ك ده‌كات

ئیرادە میدیا

له‌ دوای كۆتاییهاتنی جه‌نگی سارده‌وه‌، دوو ساڵه‌ جیهان به‌رزترین ڕێژه‌ی خۆپرچه‌كردنی تۆمار كردووه‌، "ئه‌مریكا و چین" له‌ پێشی هه‌مووانه‌وه‌ن

به‌ پێی ڕاپۆرته‌ هه‌واڵییه‌كانی بواری لێكۆڵینه‌وه‌ی سه‌ربازی، خه‌رجی بواری سه‌ربازی له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا له‌ ساڵی ڕابردووه‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رچاو به‌رزبۆته‌وه  و گه‌شتۆته‌ زیاتر له‌ 2,72 تریلیۆن دۆلار، واته‌ 9,4% له‌ ساڵی 2023 زیاتر بووه‌، ئه‌وه‌ش به‌رزترین ئاسته‌ له‌دوای كۆتاییهاتنی جه‌نگی ساردی نێوان هه‌ردوو بلۆكی ڕۆژئاوا و سۆڤیه‌ته‌وه‌.

به‌ پێی ڕاپۆرته‌كان  بودجه‌ی ته‌رخانكراوی نیشتمانی بۆ بواری سه‌ربازی له‌سه‌رجه‌م ناوچه‌كانی جیهاندا به‌شێوه‌یه‌كی خێرا هه‌ڵكشاوه،‌ به‌تایبه‌ت له‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ ئه‌وروپا و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ساڵانێكه‌ ئه‌مریكا و چین هه‌ر به‌ "پله‌ی یه‌كه‌م" و دووهه‌م دێن له‌ به‌رزترین ئاستی خه‌رجی بواری چه‌كداری و به‌مدوایانه‌ش به‌كارهێنانی تازه‌ترین و پێشكه‌وتوترین ته‌كنه‌لۆژیای سه‌ربازی و سوود وه‌رگرتن له‌ زیره‌كی ده‌ستكرد له‌بواری سوپادا.

له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و چین وڵاتانی دیكه‌ی پێشكه‌وتووی جیهان له‌وانه‌ "ڕوسیا و ئه‌ڵمانیا و هندستان" له‌ 60% خه‌رجی بواری سه‌ربازی له‌سه‌ر ئاستی جیهان پێك ده‌هێنن، كه‌ كۆی گشتییان ده‌گاته‌ 1,63تریلیۆن دۆلاری ئه‌مریكی به‌ پێی ڕاپۆرتێك كه‌ په‌یمانگای نێوده‌وڵه‌تی ستۆكهۆڵم بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی ئاشتی بڵاوی كردۆته‌وه‌.

جه‌نگی ئۆكرانیا خه‌رجی بواری سه‌ربازیی ئه‌وروپی زیاد كردووه‌:


خه‌رجی سه‌ربازی ئه‌وروپا له‌ نێویشیاندا ڕووسیا، له‌دوای چوونه‌ ساڵی سێهه‌می هه‌ڵگیرسانی جه‌نگی ئۆكرانی-ڕوسیاوه‌ به‌ ڕێژه‌ی 17%به‌رزبۆته‌وه‌ و كۆی گشتیشی گه‌شتۆته‌ 693 مليار دۆلاری ئه‌مریكی. جیهان ئێستاكه‌ دۆخێكی هاوشێوه‌ی جه‌نگی جیهانی دووهه‌م به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت. 

جگه‌ له‌ دورگه‌ی "ماڵتا" سه‌رجه‌م ده‌وڵه‌تانی ئه‌وروپا خه‌رجی سه‌ربازییان بۆ ساڵی 2024 به‌رزكردۆته‌وه‌.

ته‌نیا ڕوسیا له‌ ساڵی 2024 دا 149 ملیار دۆلاری ئه‌مریكی بۆ بواری سه‌ربازی ته‌رخانكردووه‌، ئه‌مه‌ش واته‌ زیادكردنی خه‌رجی ئه‌و بواره‌ به‌ ڕێژه‌ی 34%به‌راورد به‌ ساڵی پێشووتر، ئه‌م بڕه‌ش 7,1%كۆی بودجه‌ی وڵات پێك ده‌هێنێت.

ئه‌ڵمانیاش 88,5 ملیاری بۆ بواری سه‌ربازی ته‌رخانكرد واته‌ به‌زیادكردنی 28%له‌چاو ساڵی پێشووتردا، به‌مه‌ش بوو به‌ یه‌كه‌مین وڵاتی ئه‌وروپی كه‌ ئه‌و ڕێژه‌ به‌رزه‌ له‌ بواری سه‌ربازی ته‌رخان بكات و له‌سه‌ر ئاستی جیهانیش پله‌ی چواره‌می گرتووه‌، هه‌روه‌ك پۆڵه‌ندای هاوسێشی 38 ملیاری بۆ بواری سه‌ربازی ته‌رخانكردبوو.

 هه‌موو وڵاتانی دیكه‌ی ئه‌وروپاش به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو بڕی بودجه‌ی سه‌ربازییان تا ئاستێكی زۆر هه‌ڵكشاندووه‌، به‌شێوه‌یه‌ك سه‌رجه‌میان 55% كۆی خه‌رجی سه‌ربازی جیهانی پێك ده‌هێنن.

به‌ڵام بودجه‌ی سه‌ربازی هه‌ره‌ زه‌به‌لاحی جیهان هێشتاكه‌ "ئه‌مریكا" ته‌رخانیكردووه‌ كه‌ زیاتره‌ له‌ 997 ملیار دۆلار، كه‌ 66%كۆی ڕێژه‌ی بودجه‌ی سه‌ربازی له‌سه‌ر ئاستی ناتۆ ده‌گرێته‌وه‌ و 37%كۆی بودجه‌ی سه‌ربازی له‌سه‌ر ئاستی جیهان.

مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی ئه‌مریكاش له‌ ته‌رخانكردنی ئه‌و بودجه‌ زه‌به‌لاحه‌ بۆ بواری سه‌ربازی هێشتنه‌وه‌ی ئه‌مریكایه‌ وه‌ك به‌هێزترین و پێشكه‌وتووترین سوپا له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا تا به‌ چه‌ند هه‌نگاوێك له‌ پێش ڕوسیا و چینه‌وه‌ بمێنێته‌وه‌. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ئه‌مریكا به‌ سود وه‌رگرتن له‌ تازه‌ترین پێشكه‌وتنه‌كانی بواری ته‌كنۆلۆجیا و بواری زیره‌كی ده‌ستكرد كه‌ وڵاته‌كه‌ی پێشه‌نگه‌ تێیدا، ده‌وێت به‌ چه‌ند هه‌نگاوێك له‌ پێش وڵاتانی دیكه‌ی پێشكه‌وتووه‌وه‌ بمێنێته‌وه‌.
 
ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دوای شه‌ڕی غه‌ززه‌:

وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیش له‌دوای په‌لاماری حه‌ماس بۆ سه‌ر شاره‌ سنوورییه‌كانی ئیسرائیل له‌ ٧ی ئۆكتۆبه‌ری 2023 و تۆڵه‌كارییه‌ وێرانكارییه‌كانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر ئه‌و هه‌رێمه‌، به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو پاره‌داركردنی بواری سه‌ربازیی خۆیان به‌رز كردۆته‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌ك وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ ساڵی 2024دا زیاتر له‌ 243 ملیار دۆلاری ئه‌مریكییان بۆ كڕینی چه‌ك و په‌ره‌پێدانی سوپاكانیان خه‌رج كردووه‌، ئه‌مه‌ش واته زیادكردنی ئاستی خه‌رجی ئه‌و بواره‌یه‌ به‌ 19%له‌ چاو ساڵی پێشوودا.

له‌ناو وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا سعودییه‌ زۆرترین بودجه‌ی بۆ بواری سه‌ربازی ته‌رخانكردووه‌، به‌زیادكردنێكی كه‌م كه‌ ده‌گاته‌ 80,3 ملیار دۆلار.

هه‌روه‌ك ئیسرائیلیش له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامی په‌لاماره‌كانی بۆسه‌ر غه‌ززه‌ و ڕاگه‌یاندنی شه‌ڕ دژ به‌ گروپه‌ هاوپه‌یمانه‌كانی ئێران له‌ناوچه‌كه‌دا، 46,5 ملیاری دۆلاری بۆ بواری سه‌ربازی ته‌رخانكردووه،‌ ئه‌مه‌ش زیادكردنی بودجه‌ی ئه‌و بواره‌یه‌ به‌ ڕێژه‌ی 65%به‌راورد به‌ ساڵی پێشووتر.

هه‌رچه‌نده‌ ئێران و گروپه‌ هاوپه‌یمانه‌كانی تووشی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌كی سه‌خت بۆنه‌ته‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئیسرائیل و وڵاتانی ڕۆژئاوایی، به‌ڵام بودجه‌ی ته‌رخانكردنی بۆ بواری سه‌ربازی خۆی دابه‌زیوه‌، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ بودجه‌ی سه‌ربازی 10%ی كۆی بودجه‌ی وڵاته‌كه‌ پێك ده‌هێنێت، كه‌ ده‌گاته‌ نزیكه‌ی 7,9 ملیار دۆلار، ئه‌وه‌ی وای كردووه‌ كه‌ ئێران له‌چاو وڵاتانی دیكه‌ی هه‌رێمیدا ئه‌و بودجه تا ڕاده‌یه‌ك ئاساییه‌ بو‌ بواری سه‌ربازی ته‌رخان بكات، ئه‌و ته‌نگه‌ژه‌ ئابوورییه‌یه‌ كه‌ له‌ ئه‌نجامی ئابڵوقه‌ی ئابووری ئه‌مریكی و نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر وڵاته‌كه‌ی پێكیانهێناوه‌.

چین و وڵاتانی هاوسێی چین له‌بواری سه‌ربازیدا:


چین، بۆ چه‌ندین ساڵ له‌سه‌ر یه‌كه‌ وه‌ك دووه‌مین وڵات جێگه‌ی خۆی ده‌گرێت له‌ ئاستی پێشبڕكێی خۆچه‌كداركردن و به‌كارهێنانی به‌رزترین ئاستی بودجه‌ی وڵاته‌كه‌ی بۆ بواری سه‌ربازی، به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌و وڵاته‌ زیاتر له‌ 314 ملیار دۆلاری بۆ پێشخستنی سوپای وڵاته‌كه‌ی ته‌رخانكردووه‌، ئه‌مه‌ش 7%ی كۆی بودجه‌ی وڵاته‌كه‌یه‌تی، به‌مشێوه‌یه‌ چین سی ساڵ له‌سه‌ر یه‌كه‌ پله‌ی به‌رز وه‌رده‌گرێت له‌ ئاستی پاره‌داركردنی ئه‌و بواره‌ له‌سه‌ر ئاستی جیهان دوای ئه‌مریكا، به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌و بڕه‌ بودجه‌یه‌ی چین له‌ بواری سه‌ربازیدا به‌خه‌رجی ده‌دات‌ زیاتره‌ له‌ 50%كۆی هه‌موو ئه‌و بودجه‌یه‌ی وڵاتانی هاوسێی ئه‌و، بۆ ئه‌و بواره‌یان ته‌رخان كردووه‌.

هه‌رچه‌نده‌ یابانیش له‌ ساڵی ڕابردوودا 55,3 ملیار دۆلاری ئه‌مریكی بۆ بواری سه‌ربازی ته‌رخانكردبوو، ئه‌وه‌ش به‌رزترین خه‌رجی سه‌ربازییه‌ كه‌ له‌ ساڵی 1958 ئه‌و وڵاته‌ له‌و بواره‌دا ته‌رخانی كردبێت. به‌ڵام هێشتاكه‌ ئه‌و بڕه‌ بودجه‌یه‌ی یابان كه‌متره‌ له‌ 1,4% كۆی گشتی بودجه‌ی وڵاته‌كه‌ی.

هندستانیش وه‌ك پێنجه‌مین وڵات كه‌ زۆرترین بودجه‌ی بۆ بواری سه‌ربازی ته‌رخانكردووه‌ له‌ سه‌ر ئاستی جیهاندا، به‌ ڕێژه‌ی زیاتركردنی 1,6% به‌ به‌راورد به‌ ساڵی پێشوو، به‌مشێوه‌یه‌ كۆی ئه‌و بودجه‌یه‌ی بۆ سوپاكه‌ی ته‌رخانیكردووه‌ گه‌شتۆته‌ 86,1 ملیار دۆلاری ئه‌مریكی. 
هه‌روه‌ها تایوانیش كه‌ كێشه‌ی سه‌ربه‌خۆبوونی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ چیندا، 16,5 ملیار دۆلاری بۆ سوپاكه‌ی خه‌رج كردوه‌.

لێكچوون و جیاوازییه‌كانی دۆخی ئێستا له‌گه‌ڵ ساڵانی پێش جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م و دووه‌م:

هه‌رچه‌نده‌ جیاوازییه‌كی به‌رچاو هه‌یه‌ له‌ ڕووی دۆخی ئابووری و كولتووری ئێستا و نیوه‌ی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌م له‌سه‌ر ئاستی جیهان، به‌ڵام شتێكی هاوشێوه‌ش به‌ ئاسانی به‌ ڕوخساری سیاسه‌تی جیهانییه‌وه‌ دیاره‌.

له‌ ساڵانی پێش سه‌رهه‌ڵدانی جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌مدا له‌ ساڵی 1914، وڵاتانی كۆڵۆنیالیزمی ئه‌وروپی و ڕوسیا بۆ به‌رگرتن له‌ هه‌ژموونی هه‌رچی زیاتری ڕكابه‌ره‌كانیان پێشبڕكێیه‌كی نائاساییان له‌ بواری خۆپڕچه‌ككردندا ده‌ست پێ كرد، به‌تایبه‌ت له‌ڕووی پێشخستنی بواری كه‌شتیوانی سه‌ربازی و په‌رپێدانی بواری تۆپه‌ دوورهاوێژه‌كانیان، و سه‌پاندنی یاسای سه‌ربازیی زۆره‌ملێ. به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌و سه‌رده‌مه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ وڵاتانی به‌ریتانیا و فه‌ڕه‌نسا كه‌ پێشه‌نگی وڵاتانی كۆڵۆنیالیست بوون، له‌گه‌ڵ وڵاتانی دیكه‌ی وه‌ك ڕوسیا و ئه‌ڵمانیا كه‌ ته‌ماحی بوون به‌ وڵاتانی زلهێزیان هه‌بوو كه‌وتبوونه‌ پێشبڕكێی پێشخستنی بواری سه‌ربازیی وڵاته‌كانیان. ئه‌نجامی ئه‌و پێشبڕكێ سه‌ربازی و خۆپڕچه‌ككردنه‌یان له‌ پاڵ ئاماده‌سازیی كولتووری و دوژمنسازیان، بوو به‌ یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانی سه‌رهه‌ڵدانی جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م له‌ ساڵی 1914 بۆ 1918 و جه‌نگی جیهانی دووهه‌م له‌ ساڵی 1939 بۆ 1944.

ئێسته‌ش سه‌ڕه‌ڕای ئه‌وه‌ی جیهان له‌ دۆخێكی تری ئابووری و كولتووریدایه‌، به‌ڵام پێشبڕكێی وڵاتانی پێشكه‌وتووی جیهان بۆ ته‌رخانكردنی به‌رزترین ئاستی بودجه‌ی وڵاته‌كانیان بۆ بواری سه‌ربازی دۆخێكی تا ڕاده‌یه‌ك هاوشێوه‌ی جه‌نگه‌ جیهانییه‌كانی هێناوه‌ته‌ ئاراوه‌.

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئێستا جیهان له‌ڕووی ئابوورییه‌وه‌ زیاتر تێكه‌ڵ بووه‌، كۆمپانیا فڕه‌ ڕه‌گه‌زی و هه‌مه‌چه‌شنه‌كانیان تێکەڵبووەو به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری جیهانی ئاسان نییه‌ به‌ ته‌واوه‌تی لێكجودا بكرێته‌وه‌، به‌ڵام ململانێی نه‌ته‌وه‌یی و نه‌ژادی و شارستانییه‌كانی نێوان وڵاتان وه‌ك خۆیان ماوه‌ته‌وه‌، له‌ پاڵ سه‌رهه‌ڵدانی نموونه‌ پێشكه‌وتووه‌كانی بواری ته‌كنۆلۆجی و زیره‌كی ده‌ستكرددا هانی وڵاتانی پێشكه‌وتووی داوه‌ كه‌ كارێك بكه‌ن بتوانن له‌ ئاینده‌دا هاوشان به‌و پێشكه‌وتنانه‌ بڕۆن، مه‌ترسی دواكه‌وتنیان له‌ وڵاتانی تری ڕكابه‌ریان هانی داون كه‌ هه‌رچی زیاتره‌ به‌ده‌م پێشكه‌وتنه‌ زانستییه‌كانی بواری سه‌ربازییه‌وه‌ بچن، ئه‌مه‌ش هۆكاری هه‌ره‌ سه‌ركییه‌ كه‌ وای كردوو ئه‌م ساڵانه‌ ئه‌و وڵاتانه‌ به‌رزترین ئاستی بودجه‌ی وڵاته‌كانیان بۆ بواری سه‌ربازی خه‌رج بكه‌ن.

ئه‌مڕۆ جیهان له‌ لایه‌كه‌وه‌، تێكه‌ڵبوونی هه‌رچی زیاتری كولتووری و شارستانییه‌ته‌كان دڵنیاییه‌كی پێداوه‌، به‌ڵام پێشكه‌وتنه‌ مه‌ترسیداره‌كانی بواری زیره‌كی ده‌ستكرد و به‌كارهێنانی له‌بواری سه‌ربازیدا ناچاری ده‌كات هه‌میشه‌ له‌ دڵه‌ڕاوكێدا بمێنێته‌وه‌.

 

  • جیهان خۆی پڕ چه‌ك ده‌كات

  • گرنگترین بابه‌ته‌كانی سه‌رمێزی گفتوگۆكانی تره‌مپ له‌گه‌ڵ وڵاتانی كه‌نداو چین؟

  • فەلەستین بەرەسمی برسیەتی لە غەززە راگەیاند

  • 3ی ئایار رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەگەریی

  • کەناڵی BBC لەبارەی تاوانەکانی تورکیا لە خاکی هەرێم، زانیاری گرنگ ئاشکرادەکات

  • ئیخوان موسلیمین لەسەرهەڵدانەوە بۆ قەدەغەکردن

  • کوردەکانی تورکمانستان

  • فیل و کەر؛ هێمای سەرەکی دوو حزبە سیاسییەکەی ئەمریکا

  • ئیسرائیل رێگەی نەدا توركیا سیستمی بەرگری ئاسمانی لە فرۆکەخانەی T4 لە سوریا جێگیر بكات

سەرەکی