2025-04-30 684 جار خوێنراوەتەوە

کەناڵی BBC لەبارەی تاوانەکانی تورکیا لە خاکی هەرێم، زانیاری گرنگ ئاشکرادەکات

ڕاپۆرت/ ئیرادە میدیا

بەڵگەفیلمی (ناوچەی قەدەغەکراو) بۆ یەکەمین جار پەردە لەسەر ئۆپراسیۆنەکانی سوپای تورکیا لە خاکی هەرێمدا لادەدات و ئاشکرای دەکات کە بۆچی هاوڵاتیانی مەدەنی دەکرێنە ئامانج و چۆن دەسەڵاتدارانی پارتی دیموکراتی کوردستان تاوانەکانیان بۆ پەردەپۆش دەکەن.

لەم بەرهەمەی کەناڵی BBC  کە بە هەر سێ زمانەکانی ئینگلیزی و عەرەبی و تورکی بڵاوکراوەتەوە، بەدواداچوون بۆ سروشتی هەماهەنگییەکانی نێوان هەواڵگری تورکیا و حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە.

ئامادەکردنی ئەم کارە رۆژنامەوانییەی BBC ماوەی دوو ساڵی خایاندووە و لە رێگەی کۆمەڵێک چاوپێکەوتنەوە هەوڵدراوە زانیارییەکان بە دواداچوون و پشتڕاستکردنەوەیان بۆ ئەنجامبدرێت، تیمی رۆژنامەوانی ناسراو بە (چاوی BBC  )،  لەگەڵ نوێنەری رێکخراوی CPT ی ئەمریکا پشتیوانی دەکات و بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و هۆشیار زێباری ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و فەرماندەیەکی پاسەوانی سنور و هاوڵاتیانی ناوچە زیانلێکەوتووەکان چاوپێکەوتنی ئەنجامداوە.

 لەسەرەتای بەڵگەفیلمەکەدا، ئاماژە بە شەهیدبوونی سەدان کوردی مەدەنی دەدرێت لە ئەنجامی ئۆپراسیۆنەکانی تورکیا، ئەوەش بە ئامانجی دروستکردنی (ناوچەیەکی قەدەغەکراو).

ناوچەی قەدەغەکراو یان بە عەرەبی: ( مەنتیقەی موحەڕڕەمە) یادەوەرییەکی تاڵە لە باشوردا، حزبی بەعس بەکاری دەهێنا بۆ راگواستن و ئەنفال و کیمیاباران بە ئامانجی پاکتاوی کورد و گۆڕینی دیموگرافیا و شێواندنی سنورەکان. ئەم جارە BBC  بە دوای هەمان وەڵامدا دەگەڕێت: بۆچی تورکیا ئەو هەموو بنکە سەربازییە لە خاکی هەرێمی کوردستانی عیراقدا بنیاتدەنێت؟

لەرێگەی کامێراکانی مانگی دەستکردەوە، نەخشەسازیی لەشکرکێشی سوپای تورکیا ئاشکرادەکرێت، هەروەها پەردە لەسەر هاوکارییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ جێبەجێکردنی مەرامەکانی تورکیا لادەدرێت. هەر لە بەرئەمەشە بەڵگە فیلمەکەی BBC  ناونیشانی: (جەنگە نهێنیەکەی تورکیاناوچەی قەدەغەکراو)ی لێ نراوە.

لە بەرزاییەکانی ناوچەی قەدەغەکراوی چیای گارا، لە چەقی بازنەی مەترسیداری هێرشی فڕۆکە و درۆنەکانی تورکیاوە، تاکە تاکەیەک لە گوندنشینانی ناوچەکە ئامادەنین بە یەکجاری خاکی خۆیان جێبهێڵن،  تیمی رۆژنامەوانی BBC دەگاتەلایان و دیمەنی گوندە خاپورکراوکراوەکانیان تۆماردەکات، بازنەی مەترسییەکان لانی کەم قوڵایی 40 کیلۆمەترە بە درێژایی ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان. بە بیانوی روبەرووبوونەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان تا دێت سوپای تورکیا ناوچەی قەدەغەکراو فراوانتردەکات.

لە دیمەنێکی بەڵگە فیلمەکەدا کامێرای BBC بە چواردەوری یەکێک لەو ئۆتۆمبیلە مەدەنیانەدا دەسوڕێتەوە کە لەلایەن فرۆکەکانی تورکیاوە لە ناوچەیەکی کشتوکاڵی هەرێمدا پێكراوە، BBC  لە رێگەی برینداران و شایەتحاڵەکانی ئەو روداوە دەیسەلمێنێت کە زۆرینەی قوربانییەکان لە هاوڵاتیانی مەدەنین و هیچ پەیوەندییەکیان بە هێزی چەکداریی پارتی کرێکارانی کوردستانەوە نەبووە. 

ئەو داتایانەی کەناڵەکە لە رێگەی رێکخراوی (تیمەکانی پاراستنی ئاشتی کۆمەڵگە CPT) بەدەستی هێناوە دەریدەخەن زیاتر لە 700 هاوڵاتی لە گوندنشینانی ئەو ناوچانە، بەبێ هیچ بەڵگەیەکی پەیوەندی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان لە ئەنجامی ئۆپراسیۆنەکانی سوپای تورکیا شەهیدکراون، ئەمە وێڕای ئاشکراکردنی زانیاری مەترسیدار لە بارەی پەیوەندی نێوان حکومەتی هەرێم و تورکیا. 

لەبارەی ئەو ئابڕوچوونە سیاسی و یاساییەی کە بەڵگەفیلمەکە ئاشکرای دەکات، BBC  هەوڵی زۆریداوە لێدوانی بەرپرسانی تورکیا وەربگرێت بەڵام هەردەم داواکارییەکەی رەتکراوەتەوە. ئەو کەناڵە دەڵێت شکەستی تورکیا لە بەدەستهێنانی ئامانجە سەربازییەکان و گۆڕانکارییە هەرێمایەتییەکان هۆکارن بۆ ئەوەی تورکیا بیر لە ستراتیجی دوورمەودا بکاتەوە لە هەرێمی کوردستاندا، ئەوەش لە رێگەی بنیادنانی چەندین بنکە و بارەگای سەربازی لە ناوچە قەدەغەکراوەکانی هەرێمدا کە ژمارەیان تا کانونی یەکەمی 2024 لانی کەم 136 بنکەی سەربازی بووە.

بۆ پاراستنی گیانیان، تیمە رۆژنامەوانییەکەی BBC ناچاردەبێت لە رێگەی هێزەکانی پاسەوانی سنور سەردانی بەشێک لە ناوچە قەدەغەکراوەکان بکات، ئەگەرچی هێزەکانی پاسەوانی سنور و بەرپرسانی هەرێم ژمارەی بارەگا سەربازییەکانی تورکیا ئاشکرا ناکەن بەڵام کەناڵەکە پشتبەست بە لێکۆڵینەوە رۆژنامەکان و وێنەکانی مانگی دەستکرد، قەبارەی بێ شوماری لەشکرکێشی و بارەگا سەربازییەکانی تورکیا ئاشکرادەکات، ئەوە جگە لەوەی BBC بۆی دەرکەوتووە، حکومەتی هەرێم دژایەتی بە شەهید تۆمارکردنی ژمارەیەک لە قوربانیانی مەدەنی دەکات تاوەکو بەرپرسیارییەتی شەهیدکردنی هاوڵاتیانی مەدەنی نەکەوێتە ئەستۆی تورکیا، بۆ ئەو مەبەستە رێکاری یاسایی چەواشەکار دەگیرێتەبەر بۆ تۆمارنەکردنی هۆکاری راستەقینەی گیانلەدەستدانی ئەو هاوڵاتیانە وەک تۆمارکردنی روداوەکان وەک پارچەی تەقەمەنی بەبێ ئاماژەدان بە جۆر و سەرچاوەی هێرشە سەربازییەکان.

لە هەندێک لەو بەڵگەنامانەدا کە BBC  بەدەستیخستوون، لە راپۆرتی پۆلیسدا ئاماژە بە جۆر و سەرچاوەی هێرشەکانی تورکیا دراوە بەڵام لە فەرمانگە دادوەرییەکانی هەرێمدا پاش تەواوکردنی بەڵگەنامەکان هێدی هێدی تورکیا وەک هۆکاری گیانلەدەستدانەکان ناوی دەسڕێتەوە و هۆکاری گیانلەدەستدان لە (هێرشی تورکی) وە دەگۆڕێت بۆ ( پارچەی تەقەمەنی) ئەم کارەش بۆ سەدان شەهیدی لەو جۆرە ئەنجامدراوە. 

بۆ هەڵسەنگاندنی رادەی لەشکرکێشی تورکیا، بەڵگەفیلمەکەی BBC  ئاماژە بە وتاری بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەدات، کاتێک لە بانگەشەی هەڵبژاردنی 2024ی پەرلەمانی کوردستان وتی: بەهۆی خزمەتکردن بە داگیرکەران 400 گوندی هەرێمی کوردستان چۆڵکراوە. بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەم زانیاریانە کەناڵەکە چاوپێکەوتنی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی ئەنجامداوە تیایدا ئاماژە بە زۆری هێزەکانی تورکیا دەدات لە هەرێم کە ژمارەیان لە هێزەکانی ئەمریکا زیاترە و ئامانجیان پاراستنی پارتی دیموکراتی کوردستانە.

بەدواداچونەکانی ئەو کەناڵە پەیوەندی پتەو لە نێوان میتی تورکیا و ئاسایش دەردەخات کە لەژێر ناونیشانی (لیژنەی هەماهەنگی)  لە ناوچە مەدەنییە داگیرکراوەکاندا دروستکراوە. بۆ ئەوەی جوتیاران بەروبوومەکانیان کۆبکەنەوە زۆربەدەگمەن دەتوانن لە رێگەی ئاسایشەوە رەزامەندی سوپای تورکیا وەربگرن. لەوەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا ئەمەی تورکیا دەیکات داگیرکاری نییە؟  هۆشیاری زێباری ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی ئاماژە بە باشی مامەڵەی سەربازە تورکەکان دەدات لەگەڵ گوندنشینانی ئەو ناوچانە، دواتر لە بەڵگەفیلمەکەدا، دیمەنەکانی گواستنەوەی ئامێر و سەربازانی تورکی لە شەقامی نێوان گوندەکاندا نیشاندەدرێت وەک بەڵگەیەک بۆ هەماهەنگی نێوان دەسەڵاتدارانی پارتی و تورکیا.

کاتێک هۆشیار زێباری روبەرووی پرسیاری ژمارەی بنکە سەربازییەکانی تورکیا دەکرێتەوە، ناوبراو لە وەڵامدا دەڵێت: ئەوان بۆ پاراستنی خۆیان پێشتر ئەم بنکە سەربازیانەیان هەبووە، ئەم وتەیە لە کاتێکدایە کە کەناڵەکە ئاماژە بەوەدەدات لە سەدا 98ی بنکە سەربازییەکان لە ماوەی دەسەڵاتداریەتی پارتی دیموکراتی کوردستاندا دامەزرێنراون. 

لە کۆتایی بەڵگەفیلمەکەدا، ئاماژە بە رێگری و تەنانەت دەستگیرکردنی ئەو قوربانیانە دەکرێت کە سوپای تورکیا تۆمەتباردەکەن. چەندین دۆسیەی هاوڵاتیانی قوربانی لە ئەنجامی هێرشەکانی تورکیا دادەخرێن و بە بیانوی بێ توانایی تیمی لێکۆڵینەوە بۆ بەزاندنی ناوچەی قەدەغەکراو بکەری هێرشەکان بە نادیار لە قەڵەم دەدرێن، تەنانەت فیلمەکە بەڵگەدەخاتەڕوو هەر کەسێک قوربانییەک یاخود کەسوکاری شەهیدێک هۆکارەکەی بگەڕێنێتەوە بۆ هێرشەکانی تورکیا ئەوا  لەلایەن بەرپرسانی هەرێمەوە بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی بە پارتی کرێکارانی کوردستانەوە زیندانی دەکرێت و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت کە ئەمەش ئاماژەیەکی روونە بۆ پەیوەندی بەتینی نێوان هێزە ئەمنیەکانی هەرێم و تورکیا.   

لەم فیلمەدا، کەناڵی BBC دیمەنێکی هێجگار دژیەک دەخاتەڕوو، لە کاتێکدا پارتی دیموکراتی کوردستان فەڕشی سوور بۆ سوپای تورکیا رادەخات، هاوکات بە دروشمە نەتەوایەتییەکانی  زۆرترین دەنگی لە دواهەمین هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستاندا بەدەستهێناوە، لە زاری چەند هاوڵاتییەکەوە هۆکارەکە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە ئەم حزبە بە چاوسورکردنەوە خەڵکی ناچاردەکات دەنگی پێ بدەن.

 

  • فەلەستین بەرەسمی برسیەتی لە غەززە راگەیاند

  • 3ی ئایار رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەگەریی

  • کەناڵی BBC لەبارەی تاوانەکانی تورکیا لە خاکی هەرێم، زانیاری گرنگ ئاشکرادەکات

  • ئیخوان موسلیمین لەسەرهەڵدانەوە بۆ قەدەغەکردن

  • کوردەکانی تورکمانستان

  • فیل و کەر؛ هێمای سەرەکی دوو حزبە سیاسییەکەی ئەمریکا

  • ئیسرائیل رێگەی نەدا توركیا سیستمی بەرگری ئاسمانی لە فرۆکەخانەی T4 لە سوریا جێگیر بكات

  • پێكهێنانه‌وه‌ی حكومه‌ت یان دوبارەکردنەوەی ڕێكه‌وتننامه‌ی ستراتیژی

  • كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌ڵقه‌یه‌ك بۆ پاكتاوی كورد

سەرەکی