2025-06-18 8457 جار خوێنراوەتەوە

مێژوی ململانێكانی ئێران و ئیسرائیل لە چەند وێستگەیەك دا

 

ڕوبەڕوبونەوەی نێوان ئیسرائیل و ئێران تەنها ململانێیەکی تێپەڕ یان دەرئەنجامی ناکۆکییەکی سیاسی کاتی نەبو، بەڵکو ململانێیەکی درێژخایەن و ئاڵۆزە کە لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران لە ساڵی 1979ەوە ڕەگ و ڕیشەی قوڵی داکوتاوە.

لەوکاتەوە تاران شوناسێكى دوژمنکارانەی بەرامبەر ئیسرائیل گرتۆتەبەر و بە "دوژمنی ژمارە یەک"ی خۆی دەزانێت، لە کاتێکدا تەلئەبیب وەک جددیترین هەڕەشەی ستراتیژیی خۆی مامەڵەی لەگەڵ ئێراندا کردوە.

لەگەڵ گەشەسەندنی نفوزی تاران لە دەوروبەری ئیسرائیل لە ڕێگەی بریكارەكانى خۆى لەناوچەكەدا وەک حزبوڵڵا لە لوبنان و میلیشیاکان لە سوریا و عێراق، ململانێکان لە هەمو ئاستەکاندا گۆڕاوە بۆ "شەڕی سێبەر"ی ئاشکرا.

بەدرێژایی ساڵان ئامرازەکانی ڕوبەڕوبونەوە لە نێوان هەردولادا جیاواز بون، لە تیرۆر و هێرشە ئەلیکترۆنییە بەرزەکانەوە تا ئۆپەراسیۆنە هەواڵگرییە ئاڵۆزەکان، و دواتر تا دەگاتە لێدانی ورد کە ئەمڕۆ سەرکردە باڵاکانی ئێران یەك لە دواى یەك لەناودەبات و و ئاماژەیە بۆ کۆتاییهاتنێكی دراماتیکى بۆ ئەم ململانێیە 45 ساڵەیە.

ئیرادە لەم راپۆرتە 10 وێستگەى گرنگ لە مێژوى ململانێ سیاسى و سەربازییەكانى نێوان ئەو دو وڵاتە دەخاتەڕو؛ كە دەرئەنجامەكانى گەیشتوە بەم دۆخە ئاڵۆزو مەترسیدارەى ئێستا.

یەكەم: سەرەتای گرژییەکان لە ساڵى 1979دا

دوای شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران، تاران پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل پچڕاند و بە "دوژمنی زایۆنیستی" زانی. ئێران دەستیکرد بە پاڵپشتیکردنی بزوتنەوەکانی مقاوەمەى فەلەستینى و لوبنانى، دیارترینیان حیزبوڵڵا بو لە لوبنان.

دوەم: پشتیوانی ئێران لە حزبوڵڵا  لە ساڵى 1982دا

لەکاتی داگیرکردنی لوبنان لەلایەن ئیسرائیلەوە، ئێران بەشداری لە دامەزراندنی حزبوڵڵای لوبنان کرد و لەوکاتەوە ئەو رێكخراوە بۆتە ئامرازێکی سەرەکی بۆ ئێران لە ڕوبەڕوبونەوەی ئیسرائیل، بەتایبەتی لە باشوری لوبنان.

سێهەم: شەڕی حزبوڵا و ئیسرائیل لە ساڵی 2006دا

شەڕی تەمموزی ساڵى 2006ی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵای لوبنان، یەکێک لە بەرچاوترین ڕوبەڕوبونەوە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل بو لە دەیەکانی ڕابردودا، ململانێکان ڕەهەندێکی ناوچەیی وەرگرت کە لە گۆڕەپانی لوبنان زیاتریش درێژبۆوە.

لە ماوەی شەڕی 34 ڕۆژەدا، ئێران لە ڕێگەی پاڵپشتی سەربازیی و داراییەوە بۆ حزبوڵا ڕۆڵێکی سەرەکی بینی و موشەک و چەکی پێشکەوتوی بۆ ئەو حزبە دابینکرد. ئەمەش لە کاتێکدا بو کە تاران لە هەوڵی بەهێزکردنی نفوزی ناوچەیی خۆی و سەپاندنی هاوسەنگی ڕێگریکردن بو لەگەڵ ئیسرائیل لە ڕێگەی بریکارەکانییەوە.

هەرچەندە هیچ لایەنێک سەرکەوتنێکی یەکلاکەرەوەیان بەدەست نەهێنا، بەڵام شەڕەکە بە خاڵی وەرچەرخان دادەنرا کە حزبوڵای وەک هێزێکی سەربازیی ناوچەیی دامەزراند و لە ڕێگەی ناڕاستەوخۆوە ڕادەی ململانێی ئیسرائیل و ئێرانی نیشان دا، کە دواتر ڕێگەی خۆشکرد بۆ قۆناغێکی گرژیی درێژخایەن لە ناوچەکەدا.

چوارەم: بەرنامەی ئەتۆمی ئێران

بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لە سەرەتای هەزارەى دوەمەوە؛ یەکێک لە دیارترین سەرچاوەکانی گرژیی نێوان ئیسرائیل و تاران بوە. تەلئەبیب ئەو چەكە بە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر بونى خۆى دەزانێت کە دەبێت بە هەر ڕێگەیەک بێت چارەسەربکرێت، تەنانەت بە کردەوەی سەربازیشەوە.

لەو کاتەوەی ئێران لە سەرەتای ساڵانی 2000 چالاکییە ئەتۆمییەکانی ڕاگەیاند، ئیسرائیل چەندین جار ترسی خۆی دەربڕی کە تاران بەدوای پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمیدا دەگەڕێت.

ئیسرائیل لە ڕێگەی فشاری دیپلۆماسی و هێرشی ئەلیکترۆنی و ئۆپەراسیۆنی هەواڵگرییەوە بەرەنگاری ئەم بەرنامەیە بۆتەوە.

ئیسرائیل لە ساڵی 2020دا زانایەكى ئەتۆمیی ئێرانی بەناوى موحسین فەخریزادە تیرۆر کرد و هێرشێكی ئەلیکترۆنی بە ڤایرۆسی "ستۆکسنێت" ئەنجامدا؛ کە دامەزراوەکانی پیتاندنی یۆرانیۆمی كردە ئامانج و لەکارى خست.

پێنجەم: گۆڕەپانى روبەڕوبونەوەى سوریا  لە ساڵى 2011دا

لە ساڵانی ڕابردودا سوریا بۆتە گۆڕەپانێکی کراوە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ناڕاستەوخۆی نێوان ئیسرائیل و ئێران. حكومەتى تاران هەوڵدەدات لە ڕێگەی سوپای پاسداران و میلیشیاکانی سەر بە وڵاتەكەى؛ بونی سەربازی خۆی چەسپێنێت، لە کاتێکدا ئیسرائیل لە ڕێگەی هێرشی ئاسمانی وردەوە بە شێوەیەکی سیستماتیک کار بۆ پوچەڵکردنەوەی ئەم فراوانبونە دەکات؛ کە شوێنە سەربازییە هەستیارەكانى ئێران و کۆگاکانی چەک و ناوەندەکانی فەرماندەیی دەکاتە ئامانج.

ئیسرائیل بونی ئێران لە سوریا وەک هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەی دەزانى، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی هەوڵەکانی تاران بۆ گواستنەوەی چەکی پێشکەوتو بۆ حزبوڵڵا لە لوبنان لە ڕێگەی خاکی سوریاوە.

 لەبەرامبەردا ئێران بەردەوامبو لە بەهێزکردنی ئامادەیی خۆی لەڕێگەی بنکە سەربازییەکان و ناوەندەکانی مەشق و ڕاهێنانەوە، بەمەش خاکی سوریاى دەكردە گۆڕەپانێکی بەردەوام بۆ ئاڵوگۆڕی پەیامی ئاگرین لە نێوان هەردولادا.

شەشەم: "جەنگی سێبەر" لەنێو دەریا؛ لەماوەى ساڵانى 2019-2022دا

ئەم جەنگە تێکدان و بەئامانجکردنی کەشتییە بازرگانی و نەوتییەکان لەلایەن هەردولاوە لە کەنداوی عەرەبی و دەریای سور دەگرێتەوە، ئەم هێرشانە هەرگیز رانەدەگەیاندران، بەڵام سەرچاوەكەى بۆ هەردولا دەگەڕایەوە

حەوتەم: هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەک

 بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەک لە نێوان ئێران و ئیسرائیل لە ساڵانی ڕابردودا پەرەی سەند و بۆتە یەکێک لە لایەنە دیارەکانی ڕوبەڕوبونەوەی ناتەقلیدی نێوان هەردولا. ئێران بە تەکنۆلۆژیای موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان پشتیوانی گروپەکانی وەک حەماس، جیهادی ئیسلامی و حوسییەکانی کردوە، لەبەرانبەردا ئیسرائیل ئێرانی بەوە تۆمەتبار کردوە کە لە غەززە، لوبنان، سوریا، یەمەن و تەنانەت عێراقیشەوە هێرشەکانی ئاراستە دەکات یان پشتیوانی دەکات.

هەشتەم: شەڕی غەززە لە ساڵى 2023دا

 لە کاتی هەڵکشانی گرزییە گەورەكانى نێوان ئیسرائیل و حەماس، ئیسرائیل ئێرانی بەوە تۆمەتبار کرد کە لە ٧ی تشرینى یەكەمى 2023دا پشتیوانی هێرشەکەی کردوە، ئێران ڕەتیکردەوە دەستوەردانی ڕاستەوخۆی هەبێت، بەڵام لە ڕوی سیاسی و ئەخلاقییەوە پشتیوانی حەماسی کرد.

نۆیەم: هێرشی ڕاستەوخۆی ئێران لە مانگى نیسانى 2024دا

 ئێران زیاتر لە 300 موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بەرەو ئیسرائیل هەڵدا، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە ئامانجگرتنی کونسوڵخانەکەی لە دیمەشق لەلایەن ئیسرائیلەوە. بەشێکی زۆری هێرشەکە بە هاوکاریی سوپای ئەمریکا و وڵاتانی دیکە ڕێگریی لێکرا، بەڵام ئەوە یەکەم هێرشی ئاشکرای ئێران بو بۆ سەر ئیسرائیل.

دەیەم: لێدانى حزبوڵڵا  لە ئەیلولی 2024دا

لە 27ی ئەیلولی ساڵى 2024، ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانی وردی ئەنجامدا و بارەگایەکی حزبوڵاى لە گەڕەكى "حەریک" لە زاحیەى باشوری بەیروت کردە ئامانج و تێیدا حەسەن نەسروڵڵا سکرتێری گشتیی حزبوڵای لوبنان کوژرا.

ئەم تیرۆرە لەگەڵ کوژرانی زۆربەی سەرکردە دیارەکانی ئەو حزبە، وەک هاشم سەفیەدین، محمد ناسر و فواد شوکر، قوڵایی توانای هەواڵگریی ئیسرائیل و کوالیتی بەئامانجگرتنى ئەو وڵاتەى ئاشکرا کرد کە تا دوا سات بە نهێنی مابوەوە.

هێرشەكان گورزێکی کوشندەیان لە یەکێک لە دیارترین باڵەكانى ئێران لە دەرەوەی ئەو وڵاتە وەشاند و دیوێكى ترى ململانێكانى زەق كردەوە.

 

 

  • ئێران.. فەتواکان هۆشداريی لەبەئامانجگرتنی خامنەیى دەدەن

  • عێراق..لەمەودوا هەر هەڵسوكەوتێكى تائیفی سزاى 3 ساڵ زیندانییە

  • پەكەكە وەك نیازپاكییەك دەست بەڕادەستکردنی چەکەکانی دەکات

  • عێراق دابه‌شكردنی موچه‌ی مانگی حه‌وت دەستپێدەكات و موچه‌خۆرانی هه‌رێمیش 60 رۆژه‌ چاوەڕێی موچەن

  • حکومەتی هەرێم موفلیسە پارەی نییە

  • ئایا سیاسەتە نوێیەکەی کاتس لەدوای ئێران؛ عێراق دەگرێتەوە؟

  • بۆچی میلیشا عێراقییەکان لە ڕوبەڕوبونەوەکەدا ئامادە نەبون؟

  • موسەوى: روفاتى قوربانییەکان بەدانپێدانانی داعش ئاشکرابوە

  • دواین زانیاری لەسەر کۆبونەوەی شاندی هەرێم لەگەڵ حکومەتی عێراق

سەرەکی