2025-06-29 315 جار خوێنراوەتەوە

دواین زانیاری لەسەر کۆبونەوەی شاندی هەرێم لەگەڵ حکومەتی عێراق

ئیرادە میدیا

پوختە

کۆبوونەوەکانی شاندی هەرێم لەگەڵ حکومەتی عێراق لە سەر پرسی شایستە داراییەکان و دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت بەردەوامە و چاوەڕوان دەکرێت، لە ماوەیەکی نزیک ڕێککەوتن لەسەر کەرتی نەوت و هەناردەکردنەوەی ئاشکرا بکرێت.
شاندەکەی هەرێمی کوردستان پێکهاتووە لە کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکان؛ ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران؛ ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق.

شاندەکەی هەرێم لە بەغدا سەرقاڵی چین؟

شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێم لە بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 29ی حوزەیرانی 2025، لەگەڵ نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبووەتەوە، بڕیارە دوای تەواو بوونی ئەو کۆبوونەوەیە، لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای ئابوری عێراقیش کۆ دەبنەوە.

سەچاوەیەکی باڵای ئاگادار لەکۆبونەوەکانی نێوان شاندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی عێراق بە  میدیای"ئیرادە"ی وت، بڕیارە شاندەکەی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای سۆمۆش کۆ ببێتەوە، هەرچەندە تا ئێستا کێشەی شایستەی کۆمپانیاکانی وەبەرهێنەری نەوت یەکلایی نەبووەتەوە، بەڵام پێشبینی دەکرێت لە ماوەیەکی نزیکدا ڕێککەوتنەکانی حکومەتی هەرێم لەگەڵ حکومەتی عێراق، بەتایبەت لەگەڵ وەزارەتی نەوت لە سەر پرسی هەناردە کردنەوەی نەوتی کوردستان ئاشکرا بکرێت، چونکە بەپێی زانیارییەکان ڕێککەوتنەکان گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی.

هەرێم بۆ دەستپێکرندەوەی هەناردەی نەوت داوای چی دەکات؟

هاوکات بەپێی هەواڵی میدیای پارتی، شاندی هەرێم بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، داوای ڕێککەوتنێکی نووسراو لە نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی کوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق دەکەن، کە خەرجکردنی قەرز و شایستە کەڵەکە بووەکانی کۆمپانیاکانیش لەخۆ بگرێت، کە لە ساڵی 2023 ەوە نەوتیان ڕادەستی حکومەتی عێراق کردووە، کەچی هیچ شایستەکیان پێ نەدراوە، کە بڕەکەی بە نزیکەی یەک ملیار دۆلار دەخەملێنرێت.

شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاندووە، چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا، دەنگ لەسەر ناردنی موچەی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئایار بدرێت.

داواکارییەکانی ئەمجارەی بەغداد لە هەرێم تەندروستن

موسەننا ئەمین ئەندامی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، داواکارییەکانی ئەمجارەی حکومەتی عێراق لە هەرێمی کوردستان، تەندروست و سروشتین و شۆڤێنی نین.

د.موسەننا ئەمین لە لێدوانێکدا رایگەیاند، حکومەتی هەرێم دەبێت مانگانە 400 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆی هەبێت، بەغداد داوای 150 ملیار دینار دەکات، واتە بەغداد بە (35% و 40%)ی داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رازییە، بەڵام حکومەتی هەرێم نایدات.

دەشڵێت، "سودانی دەڵێت من لە سەروو پەرلەمان، حکومەت و دادگاوە نیم و، خەرجنەکردنی مووچە لەسەر وتەی دیوانی چاودێریی دارایی و وەزارەتی دارایی عێراقە".

کەی پارەی موچە دەگاتە هەرێم

لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراق بە ماڵپەڕی بەغداد الیوم ی  راگەیاندووە، "حکومەتی فیدراڵی وەک نیازپاکییەک رەزامەندی نیشانداوە لە خەرجکردنی مووچەی مووچە خۆرانی هەرێمی کوردستان، پێش ئەوەی رێککەوتن لە بارەی نەوتەوە بکرێت لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا بەغدا پارەی مووچەی مانگی پێنج بۆ هەرێم دەنێرێت".

سەرچاوەکە جەختیکردووەتەوە، ئەگەر ڕێککەوتنی نەوت لەنێوان بەغدا و هەولێر بکرێت، بەشی وردبینی و ژمێریاری وەزارەتی دارایی فیدراڵی پێداچوونەوە بەو لیستانەدا دەکات کە وەزارەتی دارایی هەرێم ڕەوانەی بەغدای کردووە، بەوهۆیەشەوە لەماوەی چەند ڕۆژێکدا، مووچەی مانگی حوزەیرانیش دەنێرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، "شاندی حکومەتی فیدراڵی بەڵێنیان داوە کە مانگانە مووچەی هەرێم لەگەڵ مووچەی فەرمانبەرانی پارێزگاکانی دیکەی عێراق خەرج بکرێت، بەبێ ئەوەی یەک ڕۆژ دوابکەوێت، بە مەرجێک ڕێککەوتنی نەوت و ڕادەستکردنی 50%ی داهاتی ناوخۆ بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەو جۆرە بەغداڕۆژانە بە شێوەی دیجیتاڵی پارەکە دەخاتە سەر حسابی بانکی وەزارەتی دارایی هەرێم".

دوێنی شەممە29ی حوزەیرانی 2025، سەرچاوەیەکی ئاگادارلەکۆبونەوەی نێوان هەردووشاندەکە بە"ئیرادە"ی راگەیاند، ئاماژەکانى چارەسەرکردنى کێشەی موچە دەرکەوتوون،کۆمپانیا نەوتییەکانیش بڕیاریانداوە رێگر نەبن لەبەردەم دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت و بەغدادیش نەرمى نواندووە.

رۆژی 28-5-2025 تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق نووسراوێکی ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و تێیدا هاتبوو، "وەزارەت ناتوانێت لە ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت، بەهۆی تێپەڕاندنی پشکەکەی (12.67%) کە لە یاسای بودجەی فیدراڵیدا دیاریکراوە."
 
دواتر لەرۆژی 29ی هەمان مانگ، وەزارەتی دارایی هەرێم راگەیێندراوێکی بە زمانی عەرەبی وەک وەڵامێک بۆ تەیف سامی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "ئەو رێڕەوەی وەزارەتەکەتان گرتوویەتیەبەر لە دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان، پێچەوانەی دەستووری عێراقە، دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان دەبێت پشت بە داهاتە فیدراڵییە کۆکراوەکان ببەستێت نەک خەرجی کردەیی."

بە گوێرەی بودجەی پەسندکراوی ساڵی 2025، دەبێت هەرێمی کوردستان ڕۆژانە 280 بۆ 300 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات بۆ ئەوەی لە ڕێگەی بەندەری جیهانەوە هەناردە بکرێت، بەڵام وا نزیک دەبینەوە لەمانگی تەمموز تا ئێستا، چارەنوسی موچەی مانگەکانی پێنج و شەشی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە نادیاری ماوەتەوە.

 

  • عێراق دابه‌شكردنی موچه‌ی مانگی حه‌وت دەستپێدەكات و موچه‌خۆرانی هه‌رێمیش 60 رۆژه‌ چاوەڕێی موچەن

  • حکومەتی هەرێم موفلیسە پارەی نییە

  • ئایا سیاسەتە نوێیەکەی کاتس لەدوای ئێران؛ عێراق دەگرێتەوە؟

  • بۆچی میلیشا عێراقییەکان لە ڕوبەڕوبونەوەکەدا ئامادە نەبون؟

  • موسەوى: روفاتى قوربانییەکان بەدانپێدانانی داعش ئاشکرابوە

  • دواین زانیاری لەسەر کۆبونەوەی شاندی هەرێم لەگەڵ حکومەتی عێراق

  • عێراق و هەرێم كەوتنە سەر نەخشەی مەترسيی ژینگەیی جيهان

  • فەزای دیجیتاڵیی عێراق بێ یاسایەو مۆبایلەكان لەژێر چاودێریدان

  • عێراق لە روى ئیلحادەوە لە ریزی پێشەوەى وڵاتە عەرەبییەكاندایە

سەرەکی