2025-06-19 9837 جار خوێنراوەتەوە

سیامەند موعینی: ئێران خەریکە بەچۆکدا دێت

 

پوختەى چاوپێكەوتنێكى موعینى

سیامەند موعینی، ئەندامی مەجلیسی بەڕێوەبەری پەژاک؛ لەنوێترین چاوپێکەوتنێكدا لەسەر شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل و ئاییندەی گەلانی ناوچەکە، ئاماژە بەوە دەدات كە ئێران خەریکە بەچۆکدا دێت.

موعینى، لەو چاوپێكەوتنەدا ئەوەى خستۆتەڕو پەژاک ئامادەیە بۆ گۆڕانكارییەكان و لەهەرکوێیەک گەل پێویستی بەوان بێت لەوێ دەبن.

ئەو ئەندامەی مەجلیسی بەڕێوەبەری پەژاک رونیشیكردۆتەوە، ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕودەدات دەرەنجامی سیاسەتی دەوڵەت نەتەوەیی ئەوروپایە و شەڕی ئێران و ئیسرائیلیش شەڕی دو هەژمونخوازی ناوچەکەیە، بەڵام لەپەراوێزی ئەو شەڕەدا شەڕێكى گەلانە بۆ دەستخستنی ئازادی.

بە بڕواى موعینى، لەناوچەکەدا شەڕ لە دژی دیکتاتۆر و بەدەستهێنانی ئازادی هەیە کە لەلایەن گەلانی ناوچەکە خۆیەوە بەڕێوەدەچێت و ئەو شەڕەی کە گەلانی ئازادیخواز لە نێویاندا کورد بەتایبەت لە ناوچەکە دەیکات، شەڕێكى حەقە و پێویستە لە هەر شەڕێکی بەرژەوەندیخوازانە جیای بکەینەوە.

ئەندامەكەى پژاك پێیوایە؛ ئەو شەڕەی کە کورد دەیکات لە ناوچەکە؛ نابێت سێبەری شەڕە هەژمونخوازییەکەی وڵاتانى شەڕكەرى لەسەربێت و کاریگەريی لەسەر ویست و خواستە دیموکراتییەکەی كورد لە ناوچەکە هەبێت، چونكە ئێران لاوازبوە و خەریکە بەچۆکدا دێت، و زلهێزەکانیش خەریکن هاوپەیمانێتییەك لە دژى ئێران پێکدەهێنن.

ئێران و هەناردەكردنى سیاسەتە ئیسلامییەكەى

 بە راى ئۆپۆزسیۆن و چاودێرانى سیاسى؛ ئەو سیاسەتەی ئێران پیادەى دەكات لە هەمبەر هەناردەکردنی سیستم و سیاسەتەکانی ئیسلامی سیاسی بۆ دەرەوەی خۆی، یەکێکە لە هۆکارەکانی ڕوبەڕوبونەوەی بەوشێوەیە، چونكە هەندێک دەوڵەت ئەوەی ئێرانیان پێ قبوڵناکرێت لە ناوچەکە؛ بەتایبەت كاتێك بانگەشەى ئەوە دەكات كە ئیسرائیل لەسەر نەخشەی جیهان دەسڕێتەوە، بەم هەڵوێستە ئێران لەوكاتەدا جینۆسایدی زیهنیەتی ئیسرائیلییەکان دەكات، بێ ئاگا لەوەی کە ئەوجۆرە بانگەشەکردنە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی شەڕێکی مەزن لە ناوچەکەدا.

رەهەندەكانى شەڕى ناوچەكە چییە؟

بۆ وەڵامى پرسیارێكى لەم چەشنەو زانینى راى ئۆپۆزسیۆنى ئێران، پێویستمان بەگەڕانەوە بۆ چاوپێكەوتنەكەى سیامەند موعینى دەبێت، ئەو لە وەڵامى پرسیارێكى وەهادا دەڵێت:  من ناڵێم شەڕ شتێکی باشە، بەڵام لە ئاستە گشتییەکەیدا ئەو شەڕە دەکرێت هەندێک دەرفەت بخولقێنێت کە کۆماری ئیسلامی وەک دەوڵەتێکی دیکتاتۆر لاواز بکات و دەرفەت بۆ گەلانی ناوچەکە و کورد بە تایبەتی بڕەخسێنێت کە نەفەسێک هەڵبمژێت و ویست و خواستە دیموکراتییەکانی هەنگاوێک بەرێتە پێشەوە، لەبەرئەوە  گرنگە لەو چوارچێوەیەدا گەلی ئێمە ئامادە بێت بۆهەر ئاڵوگۆڕ و ئەگەرێک کە دەکرێت لە داهاتودا بێتە پێشەوە.

سەبارەت بە ئەنجامى شەڕەكەش موعینى ئەوە دەخاتەڕو كە کەس ئەنجامی شەڕەکە نازانێت، بەڵام دەکرێت لە هەر ئان و ساتێکدا سیاسەت و ئەجێنداى شەڕکەرەکان بگۆڕدرێن. ئەوەی کە دیارە بڕیاری گۆڕینی ئەو سیستمەیە کە ئیدی ناتوانێت درێژە بە بەردەواميی خۆی بدات، لەبەرئەوە دواجار پێویستە گەلی ئێمە پێشوازی لەو داهاتوە بکات کە دەکرێت لە داهاتودا ڕوبدات.

هەڵوێستى حزبە سیاسییە ئۆپۆزسیۆنەكانى ئێران چى دەبێت؟

موعینى؛ هەر لەو چاوپێكەوتنەدا وەڵامى ئەو پرسیارەش دەداتەوە و دەڵێت: حزبە سیاسییەکان پێویستە بە هەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ واقیعەكەدا بکەن، چونكە شەڕ هاتوە و ناوەندەکەشی کوردستانە و یەخەی هەمومانی گرتوە و کەسیش ناتوانێت بڵێت ئەو شەڕە یەخەی من ناگرێتەوە، بۆیە پێویستە بە هەمو هێزمانەوە خۆمان ئامادە بکەین بۆ ئەو گۆڕانکارییانە، ئەگەر ئامادە نەبین، ئەوا دوای کۆماری ئیسلامی ئێرانیش هەر ڕوبەڕوی شۆفێنیزم و فاشیزمی ناوەندگەرایی ئێران دەبینەوە.

موعینى سەبارەت بە هێزى چەكداریى چى دەڵێت؟

ئەو ئەندامەی مەجلیسی بەڕێوەبەری پەژاک سەبارەت بە هێزى چەكداریى دەڵێت: پێویستە بە هێزەوە پێشوازی لە داهاتو بکەین  و وەک پەژاک ئەرکی خۆمان جێبەجێ دەکەین و لەهەرکوێ گەل پێوسیەتی بە ئێمە هەبو بە هەمو هێزمانەوە  لەوێ دەبین، چونكە پەژاک ئامادەیی تەدەخولی بە قازانجی گەلەکەمانەوە هەیە، لەبەرئەوە قۆناغەکە داوای ئەوەمان لێدەکات كە پێویستە حزبەکان رێگە بەچەند بەرەیی نەدەن و لەیەک بەرەدا کۆببینەوە؛ کە بەرەی دژی کۆماری ئیسلامی ئێرانە.

 

  • ئێران.. فەتواکان هۆشداريی لەبەئامانجگرتنی خامنەیى دەدەن

  • عێراق..لەمەودوا هەر هەڵسوكەوتێكى تائیفی سزاى 3 ساڵ زیندانییە

  • پەكەكە وەك نیازپاكییەك دەست بەڕادەستکردنی چەکەکانی دەکات

  • عێراق دابه‌شكردنی موچه‌ی مانگی حه‌وت دەستپێدەكات و موچه‌خۆرانی هه‌رێمیش 60 رۆژه‌ چاوەڕێی موچەن

  • حکومەتی هەرێم موفلیسە پارەی نییە

  • ئایا سیاسەتە نوێیەکەی کاتس لەدوای ئێران؛ عێراق دەگرێتەوە؟

  • بۆچی میلیشا عێراقییەکان لە ڕوبەڕوبونەوەکەدا ئامادە نەبون؟

  • موسەوى: روفاتى قوربانییەکان بەدانپێدانانی داعش ئاشکرابوە

  • دواین زانیاری لەسەر کۆبونەوەی شاندی هەرێم لەگەڵ حکومەتی عێراق

سەرەکی