2025-07-07 4678 جار خوێنراوەتەوە

نوسینگەی سودانی: سەرۆک کۆمارو سەرۆک وەزیران، تاوتوێى خەرجکردنى موچەى هەرێمى کودستانیان کرد

ناوەندی هەواڵ

ئەندامێکی ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، چارەسەر بۆ ئەم دۆخەی ئێستا، پابەندبوونە بە یاسای بودجە و بڕیاری دادگای فیدراڵی، نەک رێککەوتن و بەپێی ڕاگەیەندراوی نوسینگەکانیان، سەرۆک کۆمارو سەرۆک وەزیرانی عێراق، تاوتوێى دۆسییەى خەرجکردنى موچەى هەرێمى کوردستانیان کردووە.

دارا سێکانیانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە، بەهۆی ئاڵۆزبوونی گرفتەکان لەنێوان هەرێم و بەغدا، لەم ماوەیەی دواییدا زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەنێوان هەردوولا ئەنجامدرا و بەغداد دەڵێت، دەبێت هەرێم پابەندبێت.

دەشڵێت، "پێموایە گرنگترین شت ئەوەیە ئەم پابەندبوونە، پابەندبوون بیت بە بڕیاری دادگای فیدراڵی و یاسای بودجە، نەک بە رێککەوتن لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران یان کارەتکەرێکی سیاسی لە عێراقدا، چونکە ئەگەر رێککەوتنێک لەسەر بنەمای یاسا و لە چوارچێوەی دەستووردا نەبێت، بواری تانەلێدانی هەیە".

بەووتەی ئەو پەرلەمانتارە،لەئێستا تاکە چارەسەر پابەندبوونە بە بڕیاری دادگای فیدراڵی و یاسای بودجە.

مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی رایگەیاند، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئێستا لە بەغدادە بۆ ئەوەی لە نزیکترین کاتدا کێشەی موچەبڕینی خەڵکی کوردستان چارەسەر بکرێت.

مەسرور بارزانی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەک کادیری ئۆرگانەکانی پارتی باسی لەوەکرد، "کێشەیان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ کێشەیەکی سیاسییە نەک تەکنیکی، ئاماژەی بەوەشکردووە، هەرێمی کوردستان، هەرگیز دەستبەرداری هیچ مافێکی دەستوری خۆی نابێت و دەبێت رێز لە دەسەڵات و مافە دەستوورییەکانی بگیرێت.

عەلی حەمەساڵح دەڵێت، رەشنووسی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغداد دەرفەتێکی زێڕینە بۆ چارەسەرکردنی پرسی مووچە. هۆشداریش دەدات، "لە حاڵەتی رەتکردنەوەی رەشنووسەکە، بارودۆخێکی نەخوازراو دێتەئاراوە".

عەلی حەمەساڵح بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکرد، بەرپرسیارێتیی یەکەمی قبوڵکردنی ئەو رەشنووسە لە ئەستۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانە و ئەگەر پەسەندی نەکات دەبێت جێگرەوەی بە هاونیشتمانییان بڵێت".

لەبارەی وردەکاریی رەشنووسی رێککەوتنەکەوە بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست روونیکردەوە، "بەغداد داوای کۆی بڕی نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێمی کوردستان دەکات، کە لە یاسای بودجەدا 400 هەزارە، بەڵام دەگوترێت ئێستا 280 هەزار بەرمیل نەوتە، بۆ هەر بەرمیلێکیش بەغداد 16 دۆلار دەداتە کۆمپانیاکان و پێویستیی ناوخۆش لە بەنزین و نەوتی سپی دابیندەکات، هەروەها لە رەشنووسی رێککەوتنەکەدا بەغداد داوای رادەستکردنی 50٪ی داهاتی ناوخۆ دەکات و کێشەی مووچەش چارەسەر دەبێت".

سەبارەت بە هەڵوێستی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت لەبەرامبەر ئەو رەشنووسی رێککەوتنەدا، عەلی حەمەساڵح دەڵێت؛ بەشی هەرەزۆری کۆمپانیاکان بە رێککەوتنەکە رازین و تاکە کێشە ئەوەیە، ئەوان داواکارن لەکاتی گەشتنی نەوتەکە بە بەندەری جەیهان، 16 دۆلارەکەیان دەستبەجێ بۆ خەرجبکرێت، بەڵام بەغداد دەڵێت، سیستمی پارە خەرجکردنی ئەوان مانگانەیە و ئەگەری چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە هەیە.

لەلایەکی دیکەوە، هەر ئەمڕۆ دوشەممە7ی تەمموزی2025، سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانى عێراق کۆبوونەوە و بەپێی ڕاگەیەندراوی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، تاوتوێى دۆسییەى خەرجکردنى موچەى موچەخۆرانى هەرێمى کوردستان و چارەسەرکردنى کێشە هەڵپەسێردراوەکانیان بەگوێرەى دەستوور کرد.

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق و سەرۆکوەزیران، محەمەد شیاع سودانی، کۆبوونەتەوە و باسیان لە پرسی خەرجکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و کارکردن بۆ چارەسەرکردنی پرسە هاوبەشەکان بەگوێرەی یاسا و دەستوور کردووە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لەتیف رەشید و سودانى گفتوگۆیان لەبارەى ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردن لەوادەى دیاریکراودا کردووە، تا ئەنجامەکانی لەئاست چاوەڕوانیی گەلی عێراقیدا بێت.

لەڕاگەیەندراوەکدا باس لەوەشکراوە،لەبەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەیاندا، سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی عێراق تاوتوێی پرسە گشتییەکانی وڵاتەکە و پەرەسەندنەکان لەئاستی هەرێمی و ئاڵنگارییەکانی رووبەڕووی ناوچەکە دەبێتەوە، کردووە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە سەرۆک کۆمارو سەرۆک وەزیران، تاوتوێى دۆسییەى خەرجکردنى موچەى هەرێمى کوردستانیان کردووە.

بەهۆی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر پرسەهەنووکەییەکان تا ئێستا فەرمانبەرانی هەرێم، مووچەی مانگەکانی پێنج و شەشیان وەرنەگرتووە؛ لەئێستادا وەفدێکی هەرێم لە بەغدادن و چاوەڕواندەکرێت،ئەنجامی کۆبونەوەکانی نێوانیان بۆئەم پرسە یەکلاکەرەوە بێت.

  • گرووپی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی: بە ئیرادەی ئازادمانەوە چەکەکانمان لەناودەبەین

  • دادگای فیدراڵی دەربارەی موچە و هەڵوەشاندنەوەی کارەبا 24 کاتژمێرییەکەی هەرێم کۆدەبێتەوە

  • وەزارەتى كارەبا لە راگەیاندراوێكدا چەند داتایەكى بڵاوكردەوە

  • ئیرادە... سیناریۆكانى گفتوگۆى نێوان هەرێم و بەغدا ئاشكرادەكات

  • مۆساد لە عێراق.. بێدەنگی فەرمی یان گێڕانەوەى دژ بەیەك؟

  • عێراق.. تاتۆكردن بەشێوەیەكى مەترسیدار تەشەنەدەسێنێت

  • لیژنە وەزارییەكەی عێراق یەكەم كۆبونەوەی لەبارەی كێشەی موچەو نەوتی هەرێم كرد

  • ئەو کەسانە بناسە کە لەگەڵ ئۆجەلاندا دەرکەوتن

  • دەم پارتی: 11ی تەمموز لە سلێمانی بەشداری چەكدانانی گەریلا دەكەین

سەرەکی