2025-07-10
7254 جار خوێنراوەتەوە
مۆساد لە عێراق.. بێدەنگی فەرمی یان گێڕانەوەى دژ بەیەك؟
پوختە
لەگەڵ بڵاوکردنەوەی هەواڵی دەستگیرکردنی دو کەس بە تۆمەتی "سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل" لە میدیا ناوخۆییەکان، ئیدى مشتومڕی ئەمنی و سیاسی لە عێراق پەرەیسەند، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بێدەنگی فەرمی لایەنە پەیوەندیدارەکان پرسەكە گوماناوى تر دەكات.
لەکاتێکدا سەرچاوەکان باس لەبونى تۆڕێکی سیخوڕیی دەكەن كە ئێستا لەژێر لێکۆڵینەوەدایە، بەڵام لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمان ڕاستی ئەم زانیارییانەی ڕەتکردەوە و بە دەنگۆی "ئامانج لێی ناسەقامگیرکردنی دۆخەکە" وەسفی کرد.
هاوكات، سەرەڕای نەبونی هیچ لێدوانێکی فەرمی لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ یان دەزگای هەواڵگرییەوە، بە لەبەرچاوگرتنی دوبارەبونەوەی حاڵەتە هەستیارەکانی لەو شێوەیە لە کاتە سیاسییە گرنگەکاندا، بەڵام پێشبینییەکان بۆ ئەو بابەتە لە گەشەکردنى زیاتردان.
ليژنەی ئەمنى پەرلەمان: نە "دەستگیرکردن" و نە "بونى هیچ تۆڕێک" راست نییە
یاسر وەتوت، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری، لە لێدوانێكى دا بۆ كەناڵەكانى راگەیاند ئەوەى خستەڕو کە ئەو ڕاپۆرتانەی باس لە دەستگیرکردنی دو کەس بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل دەكەن؛ بێ بنەمان، تا ئێستاش هیچ پشتڕاستکردنەوەیەک لەلایەن دەزگا ئەمنییە پەیوەندیدارەکانەوە نەکراوەو هۆشداریشیدا لە بونی هەندێك لایەنى ناوخۆیی کە هەوڵی بڵاوکردنەوەی دەنگۆى لەوجۆرە دەدەن بۆ تێکەڵکردنی بابەتەکان و دروستکردنی سەرلێشێواوی لە کایەی گشتى دا.
وەتوت، جەختی لەوە کردەوە کە دۆخی ئەمنی سەقامگیرە و ئەوەی دەگوازرێتەوە لە هەوڵێک زیاتر نییە بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی.
سەرچاوە ئەمنییەکان: لێکۆڵینەوە لە تۆڕی سیخوڕيی بەردەوامە
هاوكات لە بەرانبەردا، تۆڕێكى میدیایى کوردی بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی ئەمنی بڵاویکردەوە، "دەزگا ئەمنییەکان دو کەسیان دەستگیرکردوە کە گومانی تێوەگلانیان لە کارکردن بۆ مۆسادی ئیسرائیل لێدەكرێت"، هەربەپێى سەرچاوەكانى هەواڵى ئەو تۆڕە میدیاییە؛ لێکۆڵینەوەکان پەیوەندییان بە تۆڕێکی فراوانترەوە ئاشکراکردوە کە لە زیاتر لە پارێزگایەکدا کاردەکەن.
ئەو دەزگا میدیاییە كوردیە لە درێژەى هەواڵەكەیدا دەڵێت: دۆسیەکە ڕاستەوخۆ لەلایەن دەسەڵاتدارە پلە باڵاکانەوە چاودێری دەکرێت، ئاماژەی بەوەشکردوە، کەسانی دیکە هەن کە بەنهێنی کاردەکەن و بەدواداچونیان بۆ دەکرێت، ئەمەش لەکاتێکدایە کە باس لە فشارە سیاسییەکان دەکرێت بۆ ئازادکردنی یەکێک لە دەستگیرکراوەکان.
بەپێى زانیارییەكانى ئیرادە، تا کاتی نوسینی ئەم راپۆرتە هیچ ڕونکردنەوەیەکی فەرمی لە لایەنە دەزگا پەیوەندیدارەکانەوە دەرنەچوە کە ئەم هەواڵە پشتڕاست بکاتەوە یان ڕەتبکاتەوە.
هۆشداری لە دوبارەبونەوەی ئەزمونی ئێران
پێشتر عائید ئەلهیلالی، سیاسەتمەداری سەربەخۆ هۆشداری دابو کە عێراق "نوێنەرایەتی ژینگەیەکی ئەمنی ناسک دەکات" کە دەکرێت زەمینەیەکی بەپیت بێت بۆ چالاکییە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل، هاوشێوەی ئەوەی لە ئێران دوای شەڕی ئەم دواییەی لەگەڵ تەلئەبیب ڕویدا.
لە لێدوانێكى پێشوى ئەلهیلالى بۆ میدیا عێراقییەكان؛ ناوبراو ئەوەى رونكردبۆوە كە ئێران هەڵوەشاندنەوەی شانە سیخوڕییەکانی پەیوەست بە مۆسادى ڕاگەیاندوە، ئەو شانانەى دزەیان کردبوە ناو دامودەزگاکانی دەوڵەتەوە، ئەمەش وایکرد سانسۆری توند بەسەر میدیا و پەیوەندییەکان و گەشتەكاندا بسەپێنێت". ئەو ئەم مۆدێلەی بە زەنگی ئاگادارکردنەوە زانی بۆ عێراق کە سیستەمێکی ئەمنی یەکگرتو یان ئامرازە ئەلیکترۆنییە پێشکەوتوەکانی تێدا نییە.
ئاماژەی بەوەشکرد، "مەترسیەکە تەنها لە دزەکردنەکەدا نییە، بەڵکو لە کاتی کاراکردنیشیدایە، بەتایبەتی لە ئەگەری ڕوبەڕوبونەوەی هەمەلایەنەی ناوچەیی یان زیادبونی گرژییە ناوخۆییەکان".
چاودێران: کارتی "سیخوڕیی" بۆ نەهێشتنی نەیاران بەکاردەهێنرێت
لە چوارچێوەیەکی پەیوەندیداردا، چاودێران پێیانوایە کە پەرەسەندنی قسەی شانە سیخوڕیەکانی ئیسرائیل لە ناوخۆی عێراقدا ڕەنگە بێبەش نەبێت لە ڕەهەندێکی سیاسی، ئەوان ئاماژە بەوە دەکەن کە دەتوانرێت ئەم کارتە وەک چەکێک بۆ نەهێشتنی نەیاران یان بێدەنگکردنی دەنگە ناڕازییەکان بەکاربهێنرێت، بەتایبەتی لە ژێر ڕۆشنایی دیمەنی سیاسیی پارچەپارچە و دڵسۆزییە ئەمنییە ناکۆکەکان.
ئەو شارەزایانە هۆشداری دەدەن لە "دوبارەبونەوەی مۆدێلی ئێرانی"، کە لە چەند مانگی ڕابردودا چالاکوانان و ڕۆژنامەنوسان و نەیارانی سیاسی بە بیانوی سیخوڕی دەستگیر کراون، لە کاتێکدا وڵات توشی قەیرانێکی ئەمنی هەستیار بۆتەوە. بۆیە بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە کەیسانە لە کاتێکی دیاریکراوی سیاسیدا، بەبێ شەفافیەت لە لێکۆڵینەوەکان یان لێدوانی فەرمیی ڕون، دەتوانێت تێگەیشتنى "گومانی هەڵبژێردراو" دروستبكات و هەڕەشە لە ئازادییە گشتییەکان بکات و متمانەی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگە تێکبدات.
دزەکردنە نێو ئێران و لێكەوتەكانى
ئەم پێشهاتانە پاش ئەوە هاتن کە ئێران لەساتەوەختى شەڕی ئەم دواییەی لەگەڵ ئیسرائیل هەڵوەشاندنەوەی تۆڕە سیخوڕییەکانی پەیوەست بە مۆساد ڕاگەیاند. ئەم تۆڕانە کەسانێکیان لەخۆگرتبو کە توانیبویان دزە بکەنە ناو دامودەزگا باڵا ئەمنی و سەربازییەكانەوە، بەگوێرەی ئەوەی کە میدیای فەرمی لە تاران ئاشکرای کردبو.
ئێران کە سانسۆرێکی توندی بەسەر پەیوەندییەکان و سەفەر و میدیاکاندا سەپاندوە، تا ئێستاش بەدەست کاریگەرییەکانی ئەو دزەکردنە دەناڵێنێت، ئەمەش نیگەرانییەکانی وڵاتانی دراوسێی دروستکردوە کە ئەم سیناریۆیە لە ناوچەکانی دیکەدا دوبارە بکرێتەوە، بەتایبەتی ئەوانەی کە بۆشایی هەواڵگریی و چەند بڕیارێکی ئەمنییان بەخۆیەوە بینیوە، وەک عێراق.
لە کۆتاییدا عێراق جارێکی دیکە ڕوبەڕوی هاوکێشەیەکی ئاڵۆز دەبێتەوە لە چەشنى؛ گێڕانەوەی ناکۆک، ئینکاری فەرمی و نیگەرانییە جدییەکان کە بە هێمنی دەچنە ناو شەقام و کۆمەڵگەی سیاسی.
لەلایەكى ترەوە، لە نێوان ئەگەری بونى تۆڕێکی سیخوڕیی ڕاستەقینە، یان ئیستغلالکردنە سیاسییەکەی لە ململانێی ناوخۆییەكاندا، ڕاستییەکان تا كاتێكى نادیار بە دواخراو دەمێننەوە، یان تا بڕیارێکی فەرمی كە هەمو ڕاستییەکان ئاشکرا بکات.
-
سندوقی دراوی نێودەوڵەتی: ئابوری عێراق لە مەترسیدایە
|
-
گرووپی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی: بە ئیرادەی ئازادمانەوە چەکەکانمان لەناودەبەین
|
-
دادگای فیدراڵی دەربارەی موچە و هەڵوەشاندنەوەی کارەبا 24 کاتژمێرییەکەی هەرێم کۆدەبێتەوە
|
-
وەزارەتى كارەبا لە راگەیاندراوێكدا چەند داتایەكى بڵاوكردەوە
|
-
ئیرادە... سیناریۆكانى گفتوگۆى نێوان هەرێم و بەغدا ئاشكرادەكات
|
-
مۆساد لە عێراق.. بێدەنگی فەرمی یان گێڕانەوەى دژ بەیەك؟
|
-
عێراق.. تاتۆكردن بەشێوەیەكى مەترسیدار تەشەنەدەسێنێت
|
-
لیژنە وەزارییەكەی عێراق یەكەم كۆبونەوەی لەبارەی كێشەی موچەو نەوتی هەرێم كرد
|
-
ئەو کەسانە بناسە کە لەگەڵ ئۆجەلاندا دەرکەوتن
|
|
|