2025-09-06 2467 جار خوێنراوەتەوە

كۆمپانیا بیانیه‌كانى نه‌وت ڕیسه‌كه‌ى هه‌ولێرو به‌غدا ده‌كه‌نه‌وه‌ به‌خورى

سه‌ربارى گه‌شبینى به‌ڕێوه‌به‌رى سۆمۆو وه‌زیرى نه‌وتى عێراق‌و هه‌رێمى كوردستان، به‌ڵام کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان ناسراو به‌(ئه‌پیكۆر)، خه‌ریكه‌ ڕیسه‌كه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ به‌خورى‌و داواى ڕێكه‌وتنى نوێ ده‌كه‌ن.

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ هه‌واڵى میدیاكان له‌زارى به‌رپرسانى كوردو عێراقیه‌وه‌ تاڕاده‌یه‌ك دڵخۆشكه‌ر بون به‌وه‌ى هه‌ولێرو به‌غدا نزیكن له‌ڕێكه‌وتن‌و دواى ئه‌وه‌ش دڵخۆشیه‌كى بۆ فه‌رمانبه‌ران هێنا كه‌ چیتر گیرفانیان خاڵى نابێت‌و لانى كه‌م مانگانه‌ موچه‌كانیان وه‌ربگرن.

به‌ڵام وتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان له‌شاشه‌ى تیڤیه‌كانه‌وه‌ ده‌ركه‌وت‌و جه‌ختیكرده‌وه‌، ڕێكه‌وتن له‌گه‌ڵ ئه‌وان نه‌كراوه‌، بۆیه‌ هیچ ئه‌گه‌رێكى هه‌نارده‌ى نه‌وتى كوردستان له‌ڕێگه‌ى عێراقه‌وه‌ نییه‌و داوایانكرد، ڕێكه‌وتنى نوسراو له‌گه‌ڵ ئه‌وان بكرێت.

مایڵز کاگینز كه‌ پێشتر له‌ناو ڕیزه‌كانى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى دژى داعش وته‌بێژ بوو، ئێستاش وتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور)ه‌، په‌یامێكى بڵاوكرده‌وه‌و وتى، "زیاتر لەدوو ساڵ‌و نیوە هەناردەی نەوتی هەرێم ڕاگیراوە، تائێستا ڕێکەوتنێکی دیاریکراو بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت نییە".

وتیشى، "وەزارەتەکانی سامانە سروشتییەکان، نەوتی فیدراڵ، هەروەها کۆمپانیا نەوتییەکان (ئەپیکور)و سۆمۆ بەردەوام لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی بگەن بەڕێککەوتنێکی نوسراو، به‌ڵام نه‌گه‌یشتون‌و هیچ واده‌یه‌كیش دیارینه‌كراوه‌".

کاگینز، نەیشاردەوە "هەوڵێك لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە هەبوە، بۆ ئەوەی سەرۆک وەزیرانی عێراق هانبدات‌و ڕێککەوتنی نوسراو واژۆبکات بۆ دوبارە هەناردەکردنەوەی نەوت".

وه‌كو كورد ده‌ڵێت، ئۆخه‌ى ئۆخه‌ى هه‌ركه‌س بۆخۆى، له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ مایڵز کاگینز، جه‌ختیكرده‌وه‌، "هەر کۆمپانیایەکی نەوت خۆی بڕیار دەدات کە کەی نەوت هەناردە دەکاتەوە، بەڵام وەک دەزانن ئەپیکور هەمیشە ڕایگەیاندوە پێویستی بەڕێککەوتنی نوسراو هەیە".

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لەپەراوێزی کۆڕبەندی وزە لەبەغدا بەڕۆژنامەنووسانی ڕاگه‌یاندبوو، "کێشە لەنێوان کۆمپانیا نەوتییەکان‌و حکومەتی هەرێم نەبوە، یان کۆمپانیا نەوتییەکان‌و حکومەتی فیدڕاڵ، بۆیە لەم ڕۆژانە کۆمپانیا نەوتییەکان‌و حکومەتەکانی هەرێم‌و فیدڕاڵ پێکەوە دەگەنە ئەنجامێک".

هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ عەلی نه‌زار بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، ئاشكرایكردبوو، "لەلایەن ئێمەوە لەبارەی ڕێككەوتن‌و گرێبەستەكان هەموو شتێك تەواوكراوەو هەموو ئامادەكارییەك بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە کراوە".

جه‌ختیشیكردبوه‌وه‌، "ئێستا ئێمە چاوەڕێین نەوتمان بۆ بنێرن، هەروەها وەزارەتەکانی سامانە سروشتییەکان‌و نەوتیش هەموو هەوڵێکیان بۆ دوبارە هەناردەکردنەوەی نەوت خستوەتەگەڕ".

  • توركیا بە 520 بەنداو 20 ملیار مەترسێجا ئاو بەعێراق دەدات

  • گه‌رده‌لولێكى به‌هێز ڕوو له‌عێراق ده‌كات.. كه‌سى لێ به‌ده‌ر ناكات

  • كۆمپانیا بیانیه‌كانى نه‌وت ڕیسه‌كه‌ى هه‌ولێرو به‌غدا ده‌كه‌نه‌وه‌ به‌خورى

  • مانگى هەنگوینیى پێكهاتەكانى كەركوك؛ هەڕەشەى لەسەرە

  • سلێمانى؛ رێساى پێشهاتە سیاسییەكان دەگۆڕێت

  • هێرشى ئەمریكاو ئیسرائیل بۆسەر میلیشیاكان بەنهێنى دەستیپێكرد

  • هێرشى ئه‌مریكاو ئیسرائیل بۆسه‌ر عێراق ده‌ستیپێكرد.. ورده‌كارییه‌كه‌ى ئاشكراده‌كرێت

  • بازرگانه‌ عێراقیه‌كه‌ چۆن ویستى فێڵ له‌ئه‌مریكا بكات؟ ئه‌مریكا سزایه‌كى توندیدا

  • ئێران نزیكه‌ له‌چه‌كه‌ مه‌ترسیداره‌كه‌.. نزیكه‌ له‌دروستكردنى 10 بۆمى ئه‌تۆمیى

سەرەکی