2025-09-06
7701 جار خوێنراوەتەوە
مانگى هەنگوینیى پێكهاتەكانى كەركوك؛ هەڕەشەى لەسەرە
پوختە
لەگەڵ نزیکبونەوەی ماوەی مانەوەی ڕێبوار تەها پارێزگاری ئێستای کەرکوک لە 31ی کانونی دوەم، ڕێککەوتنی "هۆتێل ڕەشید" کە ساڵی ڕابردو لە بەغدا بە سەرپەرشتی سەرکردەکان لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا ئەنجامدرا، سەریهەڵدایەوە.
لە ڕێککەوتنەکەدا خولانەوەی پۆستى پارێزگار لە نێوان پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی پارێزگاکەدا دیاریکرابو، بەڵام ئەو ڕێککەوتنەوە کە لە دوای واژۆکردنییەوە تا ئێستا بە ناڕونی ماوەتەوەو مشتومڕێکی بەرفراوانی لەنێو هێزە سیاسییەکان دروستکردوە، ئەمەش لەکاتێکدایە هۆشداریی ئەوە لە ئارادایە كە پاشگەزبونەوە لە سیستمى خولانەوە مەترسیی لەسەر ئاشتی کۆمەڵایەتی دروستدەکات و پێدەچێت شارەکەش بگەڕێنێتەوە بۆ کەشوهەوای پڕ لە گرژیی سیاسى، و هاوكات دەتوانێت بە ئەگەرێکی زۆرەوە درێژبێتەوە بۆ پرسە نیشتمانییە فراوانەکان، دیارترینیان سەرۆکایەتی كۆمارو هاوسەنگی هێز لە بەغدا.
حكومەتى خۆجێى كەركوك سەرەتا چۆن پێكهێنرا؟
حکومەتی خۆجێى کەرکوک لەسەرەتادا دوای ناکۆکییەكى قوڵ لە نێوان پێکهاتەکانیدا پێکهێنرا، کە بۆ ماوەی نزیکەی 10 مانگ درێژەى كێشاو گەیشتە دوای هەڵبژاردنەكانی کۆتایی ساڵی 2023.
دوابەدوای دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی محەممەد شەییاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، کۆبونەوەیەک لە هۆتێل ڕەشید لە ناوەڕاستی بەغدا ئەنجامدرا بۆ ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانی حکومەت لە 10ی ئابی 2024. لەو كۆبونەوەیەدا ڕێبوار تەها، لە یەکێتی نیشتمانى کوردستان، بە پارێزگار هەڵبژێردرا؛ محەمەد ئەلحافز، لە پێکهاتەی عەرەبی، بە سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا هەڵبژێردرا؛ پاشان ئیبراهیم تەمیم بە جێگری كرا و ئینجیل زیا، لە گروپی مەسیحی بابلی بە سەرۆکایەتی ڕەیان كەلدانى، وەک بڕیاردەرى ئەنجومەنی پارێزگا قبوڵكرا.
لەلایەكى ترەوە عەباس بەیاتلی، جێگری سەرۆکی بزوتنەوەی نەتەوەیى تورکمان لە لێدوانێكى رۆژنامەوانیى دا رایگەیاند، رێککەوتنەکەى هۆتێل ڕەشید هەنگاوێكى ڕون نەبوە، لە ژورە تاریکەکاندا ڕویداوە و پێکهاتەی تورکمانیش بەشدارییان نەکردوە.
بەیاتلی دەشڵێت: لە ڕێککەوتنەکەدا هاتوە کە کەسایەتییەکی تورکمان دەستنیشانكراوەو بڕیارە لە دوای کۆتاییهاتنی خولی ڕێبوار تەها لە 31ی کانونی یەکەمدا پۆستی پارێزگار وەربگرێت، لەبەرئەوە پابەندبون بەو رێككەوتنەوە پابەندبونێکی ئەخلاقییە.
دەستپێشخەرییەكەى یەكێتى بۆ چارەسەرى دۆخەكە چۆن بو؟
بەپێى زانیارییەكانى ئیرادە ڕۆژی 9ی ئابی 2024، خالید شوانى وەزیری داد دەستپێشخەرییەکی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە ڕاگەیاند، کە بێگومان پاڵپشتی بەغدای هەبو. دەستپێشخەرییەکە لەسەر بنەمای فۆرمولەی "سێ خولانەوەیی" بو بۆ پۆستى پارێزگار لەنێو پێکهاتەکاندا، بەپێى ئەو دەستپێشخەرییەى شوانى؛ کورد دو ساڵ پۆستەكە وەردەگرێت و عەرەب ساڵێک و هەمان شت بۆ پێکهاتەی تورکمانیش تەنها ساڵێك دەستنیشان كرابو.
هەر بەپێى زانیارییەكانى ئیرادە، فۆرمولەی خولانەوەیی؛ بەشداریکردن لە زۆربەی پۆستە باڵاکانی شارەکەدا لەخۆدەگرێت، لەوانەش پۆستەکانی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا و جێگرەکانی و جێگرەکانی پارێزگاریش، بەڵام دواتر باس لە گۆڕین یان خولانەوەی پۆستەکان بە بێدەنگیی مایەوە، تا كاتى سەردانەکەی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پارتی پێشکەوتن بۆ کەرکوک لە سەرەتای مانگی ئابدا، بابەتەكە هێور بۆوە، ئەگەرچى ئەو سەردانەش مشتومڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا کاتێک ناوبراو لەوێوە ئەوەى خستەڕو كەسەرکەوتو بوە لە چەسپاندنی ڕێککەوتنی خولانەوەیی نێوان هەر سێ پێکهاتەکەی عەرەب، کورد و تورکمان، ئەمەش وایکرد ئەحمەد کەرکوکی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەسەر لیستى یەكێتى؛ ئەوە دوپاتبكاتەوە كە کە ڕێبوار تەها پارێزگاری ئێستای کەرکوک لە پۆستەکەیدا دەمێنێتەوە و جێی ناهێڵێت.
لە بەرامبەردا محەمەد تەمیم وەزیری پلاندانان و سەركردە لە پارتی پێشکەوتن، لە لێدوانێكى پێشوى دا وەڵامى ئەندامەكەى یەكێتى لە ئەنجومەنى پارێزگاى كەركوكى دایەوەو تێیدا ئاماژەی بەوە کرد، ڕێککەوتنی خولانەوەیی پۆستەکانی کەرکوک لەلایەن بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانى کوردستان واژۆ کراوەو، ماوەی پارێزگاری ئێستا "ڕێبوار تەها" لە کۆتایی ئەمساڵدا کۆتایی دێت.
توركمان چۆن دەڕوانێتە پابەندبونى یەكێتى بە رێككەوتنەكە؟
عەباس بەیاتلی جێگری سەرۆکی بزوتنەوەی نیشتمانی تورکمان؛ گومانی لە پابەندبونی یەکێتی نیشتمانى کوردستان بە ڕێککەوتنەکەوە هەیە، پێیوایە ئەو پابەندنەبونە رەوەو ئاییندەیەكى نادیاریان دەبات، كە لە ئەنجامدا کاریگەریی لەسەر ئاشتی کۆمەڵایەتی و سەقامگیريی کەرکوک دەبێت، هاوكات ناوبراو ئەوەشى رونكردەوە كە هێشتا بزوتنەوەکەیان بڕیاری بەشداریکردن و بەڕێوەبردنی پۆستەکەی نەداوە.
لای خۆیەوە ڕێبین سەلام كادرى پێشكەوتوى پارتی، ئەوەدەخاتەڕو كە حزبەكەى دورە لە ململانێی سیاسی کەرکوک، بەوپێیەی بەشداریی ڕێککەوتنی پێکهێنانی حکومەت نەبوە.
سەلام لە لێدوانێکیدا بۆ "ئەلعالەم ئەلجەدید" ئاماژەی بەوەداوە کە هەمو ئەوەى لە کەرکوک ڕویدا لەسەر بنەمایەکی نادروست بو، بۆیە دەبێت ئەو لایەنانەی حکومەتیان پێکهێنا، لێکەوتەکانی هەڵبگرن، چونکە کەرکوک تەنها بە کۆدەنگیی نێوان پێکهاتەکان و هەمو لایەنەکان دەتوانرێت بەڕێوەبچێت، نەک لە ڕێگەی موزایەدەی سیاسییەوە.
جێى ئاماژەیە، ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە 15 ئەندام پێکدێت، جگە لە سەرۆکی ئەنجومەن، نۆ لەو ئەندامانە ئەندامی لیستى ئیدارەی کەرکوکن و حەوت ئەندامیش ئەنجومەنەكەیان بایکۆت كردوە، ئەوانیش سیانیان عەرەبن و دوانیان لە پارتی دیموکراتی کوردستانن و دوانەكەى تریش لە پێکهاتەی تورکمانن، لەبەرئەوە ئەگەر دو ئەندامی ئەنجومەن بچنە ڕیزەکانی بایکۆتەوە، ئەنجومەنی کەرکوک بەتەواوی ئیفلیج دەبێت و ناتوانێت ئەو نیسابه یاسایيە بەدەستبهێنێت کە پێویستە بۆ ئەنجامدانی دانیشتنە ئاساییەکان.
-
توركیا بە 520 بەنداو 20 ملیار مەترسێجا ئاو بەعێراق دەدات
|
-
گهردهلولێكى بههێز ڕوو لهعێراق دهكات.. كهسى لێ بهدهر ناكات
|
-
كۆمپانیا بیانیهكانى نهوت ڕیسهكهى ههولێرو بهغدا دهكهنهوه بهخورى
|
-
مانگى هەنگوینیى پێكهاتەكانى كەركوك؛ هەڕەشەى لەسەرە
|
-
سلێمانى؛ رێساى پێشهاتە سیاسییەكان دەگۆڕێت
|
-
هێرشى ئەمریكاو ئیسرائیل بۆسەر میلیشیاكان بەنهێنى دەستیپێكرد
|
-
هێرشى ئهمریكاو ئیسرائیل بۆسهر عێراق دهستیپێكرد.. وردهكارییهكهى ئاشكرادهكرێت
|
-
بازرگانه عێراقیهكه چۆن ویستى فێڵ لهئهمریكا بكات؟ ئهمریكا سزایهكى توندیدا
|
-
ئێران نزیكه لهچهكه مهترسیدارهكه.. نزیكه لهدروستكردنى 10 بۆمى ئهتۆمیى
|
|
|