1     کاتژمێر پێش ئێستا 202 جار خوێنراوەتەوە

چی روویدا؟

ناوەندی هەواڵ

كوژرانی سەركردەی چەند گروپێكی مافیا لە مەكسیك كە ئەندامیان لە چەند وڵاتێكی دیكەش هەیە، دەرگای دۆزەخ بەڕووی ئەو وڵاتەدا دەكاتەوە، ئەندامانی ئەو "كارتێل" ە لە هەشت ویلایەتی مەكسیك دەستیان بە كوشتن و كاری تێكدەرانە كردووە.

چی روویدا؟

بەرەبەیانی یەكشەممە 22-2-2026 لە پرۆسەیەكی سەربازییدا لە شارۆچكەی تابالبا لە ویلایەتی خالیسكۆ لە رۆژئاوای مەكسیك، سوپای مەكسیك كوژرانی "نیمیسیۆ ئۆسیگوێرا سێرڤانتس" سەركردەی كارتێلی "نەوەی نوێی خالیسكۆ" ی بۆ ماددە هۆشبەرەكان راگەیاند، كە گەورەترین داواكراوی وڵاتەكەشە.

سێرڤانتس بە "ئێل مینچۆ" ناسراوە، لە ئۆپەراسیۆنەكەی سوپای مەكسیكدا برینداربووە، تا گەیەندراوەتە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.

كارتێلی نەوەی نوێی خالیسكۆ بۆ ماددە هۆشبەرەكان، ناوەندەكەی لە ویلایەتی خالیسكۆیە، بەڵام هەژموونێكی بەرفراوانی لە سەرجەم ویلایەتەكانی مەكسیك هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەندامیان لە 25 وڵات هەیە.

ئێل مێنچۆی 59 ساڵ، لە دواین سەركردە بەناوبانگەكانی مافیای مەكسیكە، ئەویش دوای دەستگیركردنی خواكین گۆزمان، دامەزرێنەری كارتێلی "سینالوا" كە ناسرابوو بە ئیلچاپۆ، لەگەڵ هاوبەشەكەی كە ناسرابوو بە ساموێل و ناوە راستەقینەكەی "مایۆ زامبادا" یە و ئێستا لە زیندانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكان.

سێرڤانتس یاخود "ئێل مێنچۆ" یەكێكە لە گەورەترین و دیارترین سەركردەكانی مافیا لە مەكسیك و ئەمریكا، بەشێوەیەك پاداشتی دارایی بە بڕی 15 ملیۆن دۆلار بۆ هەر كەسێك دانرابوو زانیاریی لەبارەوە بدات تا ببێتەهۆی دەستگیركردنی.

خالیسكۆ" لەساڵی 2009 دامەزراوە

بەوتەی وەزارەتی بەرگریی مەكسیك، لەكاتی ئۆپەراسیۆنی كوشتنی "ئێل مێنچۆ" دا، دەست بەسەر زرێپۆش و چەك و كاتیۆشادا گیراوە، جگە لەوەی سێ ئەندامی سوپا برینداربوون.

لەبەرامبەر كوشتنی سەركردەكەیان، كارتێلی "خالیسكۆ" دەستیان كردووە بە سوتاندنی ئۆتۆمبێل و دانانی بازگە و هێرشكردنەسەر هێزە ئەمنیەكان لە هەشت ویلایەتی مەكسیك.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاش هۆشداریداوە بە هاوڵاتیانی لە چەند ویلایەتێكی مەكسیك لە شوێنی مانەوەیان نەچنە دەرەوە. لە ویلایەتەكانی هاوسنوری مەكسیكیش، پۆلیسی ئەمریكا رێوشوێنی توندی گرتووەتەبەر.

سەركەوتنێكی گەورە بۆ مەكسیك و ئەمریكا و جیهان 

كریستۆڤەر لاندۆ، باڵیۆزی پێشووی ئەمریكا لە مەكسیك و جێگری وەزیری دەرەوە، كوشتنی "ئێل مێنچۆ" بە سەركەوتنێكی گەورە بۆ مەكسیك و ئەمریكا و جیهان ناودەبات.

بەوتەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، كارتێلی "خالیسكۆ" یەكێكە لە توندوتیژترین كارتێلەكانی مەكسیك، جگە لەوەی بە تۆڕێكی سنوربڕ ناودەبرێت، جگە لە ماددەی هۆشبەر بە بازرگانیكردن بە مرۆڤ و كوشتن و دزینی نەوت و كانزا و بازرگانی بە چەكیشەوە بەناوبانگن.

لەكاتێكدا هەزاران گەشتیار لە كەناراوەكانی "خالیسكۆ" گیریان خواردووە، كلۆودیا شینباوم سەرۆكی مەكسیك دۆخەكە بە ئاسایی ناودەبات و داوا لە هاوڵاتیان دەكات "ئارام بن".

كارتێلی "خالیسكۆ"  بەهۆی هێرشەكانی بۆسەر هێزە ئەمنیەكان و بەرپرسانی ناوخۆیی، ناوبانگێكی زۆری پەیداكردووە، بەوەش ناسراون هێلیكۆپتەری هێزە ئەمنیەكانیان بە موشەكی دژە فڕۆكە بەرداوەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ناسراون بەوەی تەرمی دژەكانیان دوای كوشتنی بە شوێنی بەرز و پردەكاندا هەڵدەواسن.

ئێل مێنچۆ كێیە؟

ئێل مێنچۆ لە ساڵی 1966 لە مەكسیك لەدایكبووە و لە ساڵی 1980ەوە دەستی بە بازرگانی ماددە هۆشبەرەكان كردووە.

لە ساڵی 1990 بە تۆمەتی فرۆشتنی ماددە هۆشبەرەكان لە ئەمریكا دەستگیركرا و دوای سێ ساڵ زیندانیكردن دیپۆرتی مەكسیك كرایەوە.

لە ساڵی 2010، دوای كوژرانی "ناچۆ كۆرۆنێل"، بووە سەركردەی سەرەكی كارتێلی نەوەی نوێی خالیسكۆ (CJNG).

گەورەترین رووداو لە مەكسیك

دەزگای جێبەجێكردنی ماددە هۆشبەرەكانی ئەمریكا (DEA) ئەم كارتێلەی بە بەهێزتر لە كارتێلی سینالوا دەزانێت، كارتێلەكە لە هەر 50 ویلایەتی ئەمریكادا بوونی هەیە و ساڵانە ملیارەها دۆلار لە بەرهەمهێنان و دابەشكردنی مادەهۆشبەرەكان بەدەست دەهێنێت.

ئەمە بە گەورەترین رووداو دادەنرێت لە مەكسیك لەدوای دەستگیركردنی ئێل چاپۆ، گەورەی بازرگانانی مادەی هۆشبەر لە مەكسیك و جیهان لە ساڵی 2016.

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەكە، گروپە چەكدارەكان رۆژی یەكشەممە واتە 22 ی شوباتی 2026'جەنگی سەرشەقام'یان لە چەندین ویلایەتێكی وڵاتەكە راگەیاند، چەكداران پاس و بارهەڵگریان سووتاند و رێگە سەرەكییەكانی نێوان شارەكانی گوادالاخارا، مەكسیكۆ سیتی و مۆنتێری-یان داخست، چەندین وێستگەی پۆلیس و باڵەخانەی حكومی لە ویلایەتی جالیسكۆ و میچۆاكان تەقێندراونەتەوە.

كارتێلی CJNG بڕێكی یەكجار زۆر لە مادە هۆشبەرەكانی وەك (میسامفیتامین، فێنتانیل، كۆكاین و هێرۆین)ی بۆ ناو ئەمریكا گواستووەتەوە، كە ویلایەتی تەكساس وەك خاڵێكی سەرەكی چوونە ژوورەوە و گواستنەوە بەكارهاتووە بەهۆی سنوورە بەرفراوانەكانی لەگەڵ مەكسیك.

  • سیناریۆکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمریکا و ئێران

  • چی روویدا؟

  • كردارێك سیناریۆی 2014 بە بیر دەهێنێتەوە

  • پێنج حیزبی رۆژهەڵاتی کورستان هاوپەیمانییەکیان پێکهێنا

  • "مێتا" ئەپڵیكەیشنی "مەسنجەر" دادەخات

  • "ماڵ لە خاوەن ماڵ حەرامە"

  • ئۆجەلان بۆ تورکیا: لە پرۆسەی ئاشتی دەکشێمەوە

  • هەڵوێستی روسیا لەئەگەری هەڵگیرسانی جەنگ لەنێوان ئەمریكا و ئێران چی دەبێت؟

  • تورکیا بە نیازە عێراق و سوریاش دژ بە پەکەکە تێوەبگلێنێت

سەرەکی