2   کاتژمێر پێش ئێستا 49 جار خوێنراوەتەوە

سەرەڕای هەڕەشەی ترەمپ پێنج هۆكار رێگرە لە دووبارەكردنەوەی سیناریۆی ڤەنزوێلا لە ئێران

ناوەندی هەواڵ

سەرەڕای هەڕەشە بەردەوامەكانی ئەمریكا بۆ وەشاندنی گورزی سەربازیی لە ئێران، یاخود ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوشێوەی ڤەنزوێلا لەو وڵاتە، بەڵام گۆڤارێكی ئەمریكی پێنج هۆكار باس دەكات كە قورسە ئەمریكا بتوانێت هاوشێوەی كاراكاس ئۆپەراسیۆن دژ بە تاران ئەنجام بدات.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا هەوڵدەدات پرۆسە سەربازییە پێشبینیكراوەكەی لە ئێران ئاسان و سەركەوتوو بێت، ئەویش لەسەر بنەمای ئەو ئۆپەراسیۆنەی چەند هەفتەیەك لەمەوبەر بەهۆیەوە نیكۆلاس مادۆرۆ سەرۆكی ڤەنزوێلای تێدا رفێنرا.

لە نوێترین لێدواندا، رەسوڵ سینائی راد، یاریدەدەری كاروباری سیاسی لە نوسینگەی فەرماندەی سوپای ئێران، رایگەیاند: ئێران وەكو ڤەنزوێلا نییە، ئەوەش وەك بەراوردێك لەنێوان هێرشی ئەمریكا لە كاراكاس و ئامادەكاری ئەمریكا بۆ هێرشێكی هاوشێوە لە تاران.

بەپێی شیكارییەكی گۆڤاری "نیوزویك"ی ئەمریكی، وتەكەی ئەو بەرپرسە ئێرانییە زیاتر نزیكە لە واقیع نەك پلانەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، ئەوەش لەبەر پێنج هۆكار كە گۆڤارەكە باسی كردووە.

عەلی خامنەیی رابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران، بە پێچەوانەی نیكۆلاس مادۆرۆ سەرۆكی ڤەنزوێلا شوێنەكەی تاڕادەیەكی زۆر پارێزراوە، قورسە گەمارۆ بدرێت یاخود دەستگیر بكرێت، چونكە لەلایەن یەكەیەكی تایبەتی هەڵبژێردراوی سوپای پاسداران پاسەوانی دەكرێت، پرۆتۆكۆلێكی ئەمنیی ئاڵۆزی هەیە، بەشێوەیەك داڕێژراوە رێگربێت لە تیرۆركردن یاخود دەستگیركردنی.

هەرچەندە خامنەیی تەمەنی 86 ساڵی تێپەڕاندووە و هێزی جەستەی لاواز بووە، بەڵام ئەو گۆڤارە ئەمریكیە پێی وایە خامنەیی خۆی رادەست ناكات و دەستگیرناكرێت، بەڵكو لەكاتی هەوڵی رفاندنیدا بەرەنگار دەبێتەوە و دەكوژرێت.

بەپێچەوانەی ئێران، مادۆرۆ و سوپاكەی و كەسانی دەوروبەری سزای زۆریان بەسەردا سەپێنرابوو و پشتیان بە هێزە گەورەكان دەبەست، بۆیە ئاسان بوو بۆ ئەمریكا دووری بخاتەوە، بەڵام سیستمە سیاسیەكەی ئێران ئاڵۆز و بەهێزە، دامەزراوەكانیشی رەگ و ریشەیان هەیە، بەوهۆیەشەوە بە ئاسانی لە رێگەی گورزێك یان چەند گورزێك لاواز ناكرێت.

بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر ئاڵنگارییەك، خامنەیی نزیكەكانی و بەتایبەت عەلی لاریجانی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانی ئاگاداركردووەتەوە، كار بكەن تا توانای ئێران لەبەرامبەر هەر هێرشێك گرەنتی بكەن، یاخود هەر هەوڵێك بۆ تیرۆركردنی فەرماندەكانی بە رابەری باڵاشەوە.

پلانێكی دیكەی خامنەیی وەك ئەو گۆڤارە ئەمریكیە باسی كردووە ئەوەیە، بۆ هەر پۆستێكی باڵای حكومی و سەربازیی چوار جێگرەوەی داناوە، داواشی لە هەر یەكێكیان كردووە چوار كەسی دیكە بۆ دوای خۆیان ئامادە بكەن، ئەمەش لەپێناو ئەوەیە هەر فەرماندەیەك یان رابەری باڵا تیرۆر بكرێت كاروبارەكان بەڕێوەبچن.
چەند مانگێكە ئێران خۆی بۆ هێرشی چاوەڕوانكراو ئامادەكردووە، لەكاتێكدا دانوستانەكانیش بەردەوامن، بەپێچەوانەی ڤەنزوێلا كە ئۆپەراسیۆنێكی ئەمریكا سەرۆكەكەیان رفێنرا.

ئێران وەك خۆئامادەكردن بۆ جەنگ، موشەكی بالیستی لە سنورەكانی رۆژئاوا و بە درێژایی كەناراوەكانی كەنداو بڵاوەپێكردووە، جگە لەوەی خاوەنی زیاتر لەدوو هەزار موشەكی بالیستییە و دەگاتە ئیسرائیل، لەگەڵ كۆگایەكی پڕ موشەكی كورتمەودا كە دەتوانن بنكەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە بپێكن و گەرووی هورمزیش پەكبخەن.

هۆكارێكی دیكە كە نیوزویك باسی كردووە ئەوەیە، ئێران تۆڕێك هاوپەیمانی ناوچەیی هەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەوانەش عیراق و یەمەن و لوبنان، لەئەگەری هەر جەنگێكدا رەنگە ئەوانیش بەشداربن و ئاڵۆزی گەورە بنێنەوە.

جیاوازی جوگرافیا و دووری ئەمریكا و ئێران لە یەكەوە، یەكێكی دیكەیە لە هۆكارەكان، بەپێچەوانەی ڤەنزوێلا كە لە ئەمریكاوە نزیكە و دەكەوێتە باشوریەوە، بەڵام ئێران دەكەوێتە قوڵایی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمریكا تەنها لە رێگەی بنكەكانیەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا دەتوانێت پرۆسەی سەربازیی دژ بەو وڵاتە ئەنجام بدات. بەڵام بەرگریی ئاسمانیی و هەڵكەوتەی جوگرافی ئێران رێگرە لەوەی بە ئاسانی ئۆپەراسیۆنی تێدا ئەنجام بدرێت.

  • سەرەڕای هەڕەشەی ترەمپ پێنج هۆكار رێگرە لە دووبارەكردنەوەی سیناریۆی ڤەنزوێلا لە ئێران

  • بۆردوومان و جموجۆڵی سەربازی نوێی تورکیا، پڕۆسەی ئاشتی نێوان تورکیا و پەکەکە بنکۆڵ دەکات

  • هاوسەرۆكی دەم پارتی: راپۆرتەكەی كۆمسیۆن پرسی كوردی خستۆتە چوارچێوەی تیرۆرەوە

  • پشت پەردەی سەردانەكەی تۆم باراك بۆ عێراق

  • سیناریۆکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمریکا و ئێران

  • چی روویدا؟

  • كردارێك سیناریۆی 2014 بە بیر دەهێنێتەوە

  • پێنج حیزبی رۆژهەڵاتی کورستان هاوپەیمانییەکیان پێکهێنا

  • "مێتا" ئەپڵیكەیشنی "مەسنجەر" دادەخات

سەرەکی