1     کاتژمێر پێش ئێستا 86 جار خوێنراوەتەوە

بۆردوومان و جموجۆڵی سەربازی نوێی تورکیا، پڕۆسەی ئاشتی نێوان تورکیا و پەکەکە بنکۆڵ دەکات

ئیرادە میدیا

نوێترین ڕاپۆرتی CPT، ئاماژە بەوە دەکات کە سەرەڕای بەردەوامی دانوستان و گفتوگۆکان، پڕۆسەی ئاشتی نێوان تورکیا و پەکەکە، لەژێر مەترسیدایە. 

ئەوە لە کاتێکدا بۆردوومانە بەرفراوانەکان بۆ ماوەی شەش مانگ وەستابوون، هێزەکانی تورکیا پڕۆسەی ئاشتییان بۆ دروستکردنی تۆڕی ڕێگاوبانی سەربازی بەکارهێناوە بە مەبەستی بەستنەوەی بنکە سەربازییەکانیان و دروستکردنی ناوچەی دابڕی ئەمنی.

ئەم فراوانخوازییە سەربازییانە زیانی ژینگەیی گەورەیان لێکەوتووەتەوە و چەندین شوێنەواری مێژووییان وێران کردووە، لەوانە (پردی دوشاو) کە مێژووەکەی بۆ سەردەمی حکومڕانی عەباسییەکان دەگەڕێتەوە.

ئامارەکان نیشانی دەدەن کە لە کۆی ١,١٩٢ گوندی زیانلێکەوتوو، تەنها ڕێگە بە گەڕانەوەی پێنج گوند دراوە، کە ئەمەش تەنها ٠.٤٪ی کۆی گوندەکان پێکدەهێنێت.

تۆپبارانەکانی سوپای تورکیا لە مانگی شوباتدا نیشاندەری دەسپێشخەرین بۆ دەستپێکردنەوەی جەنگ و دوورکەوتنەوە لە ئامانجەکانی پڕۆسەی ئاشتی. تیمی کوردستانی عێراقی سی پی تی، داوای کشانەوەی دەستبەجێی هێزە سەربازییەکان لە ناوچە مەدەنییەکان دەکات بۆ ئەوەی گوندنشینە ئاوارەبووەکان بتوانن بگەڕێنەوە سەر زەوی و زارەکانیان.

دەقی راپۆرتێکی نوێی تیمی کوردستانی عێراقی (CPT):

لە دوای نزیکەی شەش مانگ لە ڕاگرتنی هێرش و بۆردومانەکانی بۆسەر هەرێمی کوردستانی عێراق بەهۆی دانوستان و پڕۆسەی ئاشتی نێوان دەوڵەتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان، سوپای تورکیا سێ بۆردومانی لە کوێستانەکانی خنێرە لە سنوری قەزای سیدەکان ئەنجامداو بەشێکی "گەلی ڕەشاڤا"شی لە سنوری ناحیەی دێرەلوک لە پارێزگای دهۆک تەقاندەوە. 

ئەم پێشهاتانە، جەخت لەسەر ناسکی و لاوازی پڕۆسەی ئاشتی ئەمجارە دەکەنەوە؛ کە هەردوو لا بەردەوامن لە جوڵەپێکردنی هێز، فراوانکردنی تۆڕی ڕێگاوبانی سەربازی، لێدانی تونێلی شەڕ، دروستکردنی بارەگای سەربازی نوێ و بەهێزترکردنی بارەگا سەربازییە کۆنەکان.

لەماوەی سێ مانگی ڕابردوودا، بەمەبەستی دروستکردنی "ناوچەی دابڕی ئەمنی" بۆ ئامادەگی سەربازی سوپاکەیان، هێزەکانی سوپای تورکیا، فراوانکردنی تۆڕی ڕێگاوبانی سەربازی و توانای لۆجستی سوپاکەیان بەتایبەتی لە سنوری قەزای ئامێدی گەیاندووەتە قۆناغی کۆتایی.

 سوپای تورکیا تەواوی بنکەو بارەگا سەربازییەکانی خۆی لە ناوچەکانی زاپ، ئاڤاشین، مەتینا و بەرواری باڵا لەڕێگەی تۆڕی ڕێگاوبانی نوێوە بەیەکەوە بەستۆتەوە و سێ کۆمەڵگەی سەربازی نوێی گەورەشیان لە ناوچەکەدا دروستکردووە کە هەر کۆمەڵگەیەکییان، نەخۆشخانە، بنکەی مەشق و ڕاهێنان و تۆپخانەی تێدا جێگیرکراوە. 

ئامانج لە دروستکردنی "ناوچەی دابڕ" بۆ دڵنیابوونەوەیە لەوەی کە جموجۆڵی سەربازی سوپای تورکیا و گواستنەوەی کەلوپەل و سەرباز بۆ بنکە سەربازییەکانیان، چیتر پشت بە شەقام و ڕێگا گشتییەکانی ناوچە ئاوەدانەکانی کوردستان نەبەستێت.

 دەروازەی سەرەکی ئەو ناوچە دابڕە، دەکەوێتە گەلی ڕەشاڤا و لەو دەروازەیەوە سوپای تورکیا دەتوانێت بچێت بۆ هەموو بنکە و بارەگاکانی لە ناوچەکەدا.

بۆ دروستکردنی ڕیگای سەربازی بۆ دەروازەی گەلی ڕەشاڤا، لە ڕۆژی ٦ی شوباتدا، سەربازانی تورکیا کەلوپەلی ڕێگاسازییان بۆ دەروازەکە هێنا و ئامرازی تەقەمنییان لە گرد و چیاکانی نزیک گەلییەکە جێگیرکرد و دواتر تەقاندییانەوە. هەروەها بەمەبەستی ڕێگە خۆشکردن بۆ دروستکردنی رێگا سەربازییەکە،  ڕێژەیەکی زۆر لە دارستانەکانی گەلی ڕەشاڤایان بڕیەوە.

لە ڕۆژی دواتردا، دوو هەلیکۆپتەری سەربازی سوپای تورکیا بەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا سوڕانەوە و وەکو بەشێک لە مەشقی سەربازی بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمەڵگە سەربازییە تازە دروستکراوەکاندا، پڕیشکەی تەقەمەنییان بەسەر چیاکانی ناوچەکەدا خستە خوارەوە. تەقینەوەکانی ئەم دواییە لە گەلی ڕەشاڤا، بوونە هۆی داڕمانی دوو شوێنەواری مێژوویی بەناوبانگی ناوچەکە کە یەکێکیان (پردی دووشاو)ە و مێژووی دروستکردنی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دەوڵەتی عەباسی.

جگە لەوە، لە ڕۆژی ١٣ی شوباتدا، سوپای تورکیا سێ جار تۆپبارانی بەرزاییەکانی خنێرەی کرد لە سنوری قەزای سیدەکان لە پارێزگای هەولێر. لەدوای ٢٤ی ئابی ٢٠٢٥ەوە ئەمە بە یەکەم هێرش و تۆپبارانی سوپای تورکیا دادەندرێت لە هەرێمی کوردستاندا. لە ساڵی ٢٠٢٥دا، سوپای تورکیا (١،٧١٨) هێرش و بۆردوومانی ئەنجامداوە، کە لەم ژمارەیە (١،٤٢٦) هێرش و بۆردوومانیان لە دوای ڕاگەیاندنی پڕۆسەی ئاشتی لە ١ی ئازاری ٢٠٢٥ەوە بووە و هێرشەکانی ئەم ساڵە بوونەتە هۆی شەهید و برینداربوونی (٩) هاوڵاتی مەدەنی.

سەرباری پەرەسەندن و بەردەوامی دانوستان و گفتوگۆکانی ئاشتی، دەرئەنجامە ئەرێنییەکان بۆ هاووڵاتییانی مەدەنی لەو شوێنانەی کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی سەربازی تورکیادان، زۆر کەم و سنورداربوون. بە گشتی، لانی کەم (١،١٩٢) گوند لە هەرێمی کوردستان بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیاوە زیانیان بەرکەوتووە، جا چ لە ڕێگەی ئاوارەبوون، سنووردارکردنی هاتووچۆ، یان زیانگەیشتن بە موڵک و ماڵیان بێت. لەو ژمارەیەش، (١٨٣) گوند بە تەواوی چۆڵکراون، لەکاتێکدا (٦٠٢) گوندی دیکە بەشێک لە دانیشتوواننەکانییان چۆڵیان کردووە و تا ئێستاش لە هەمان بارودۆخی ئاوارەبووندان و هیچ گۆڕانکارییەکی ئەرێنی بۆ باشتربوونی دۆخیان نەهاتۆتە پێشەوە.

لەو (١،١٩٢) گوندە، (٤٠٥) گوندییان کە پێشتر بە هۆی ئەنجامدانی پڕۆسەی ئەنفال لە ساڵانی (١٩٨٠)دا و هێرشی چەکدارانی داعش لە دوای ساڵی (٢٠١٤)دا چۆڵبووبون، گوندنشینەکانییان بەهۆی ئامادەیی سەربازی سوپای تورکیا لە گوندەکانییان نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە بۆسەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

 هەروەها، (٣٩) گوندی دەووروبەری چیای گارا، کە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی (چنگی-قفڵ)ی سوپای تورکیا لە حوزەیرانی ٢٠٢٤دا چۆڵکرابوون، سەباری هەوڵی بەردەوامی گوندنشینان بۆ گەرانەوە و ئاوەدانکردنەوەی گوندەکانییان، تاوەکو ئێستا ڕێگەیان پێنەدراوە و نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە.

  • بۆردوومان و جموجۆڵی سەربازی نوێی تورکیا، پڕۆسەی ئاشتی نێوان تورکیا و پەکەکە بنکۆڵ دەکات

  • هاوسەرۆكی دەم پارتی: راپۆرتەكەی كۆمسیۆن پرسی كوردی خستۆتە چوارچێوەی تیرۆرەوە

  • پشت پەردەی سەردانەكەی تۆم باراك بۆ عێراق

  • سیناریۆکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمریکا و ئێران

  • چی روویدا؟

  • كردارێك سیناریۆی 2014 بە بیر دەهێنێتەوە

  • پێنج حیزبی رۆژهەڵاتی کورستان هاوپەیمانییەکیان پێکهێنا

  • "مێتا" ئەپڵیكەیشنی "مەسنجەر" دادەخات

  • "ماڵ لە خاوەن ماڵ حەرامە"

سەرەکی