9   کاتژمێر پێش ئێستا 67 جار خوێنراوەتەوە

پشت پەردەی سەردانەكەی تۆم باراك بۆ عێراق

ناوەندی هەواڵ

سەردانی تۆم باراك بۆ بەغداد، هەڵگری چەند پەیامێك بوو لەنێوان پێكهێنانی حكومەتی عێراق و كۆنترۆڵكردنی ئاوازی ئەمنییدا.

بەوتەی چاودێرانی دۆخی سیاسی، سەردانی تۆم باراك نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ سوریا و باڵیۆزی ئەمریكا لە توركیا بۆ بەغدادی پایتەختی عێراق چەند ئامانجێكی لەم كاتەدا لەپشتە، سەردانەكەش هەڵگری رەهەندی سیاسی و ئەمنییە، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ ئاڵۆزییە هەرێمییەكان.

ئەمریکیەکان ویستیان چی پەیامێک بگەیەنن

ئەمریكیەكان لە رێگەی سەردانەكەی تۆم باراكەوە، ویستیان ئەو پەیامە بگەیەنن كە پێویستە پەلە بكرێت لە پێكهێنانی حكومەتی عێراق، هەر دوای سەردانەكەی ئەو بەرپرسەی ئەمریكا، چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان لە بەغداد كۆبوونەوە و پرسی سەرەكیش پێكهێنانی حكومەت بوو لەگەڵ كاندیدی سەرۆكوەزیران.

گرەنتی ئاسایشی دامەزراوەكانی دەوڵەت بكرێت

هۆكارێكی دیكەی سەردانەكەی تۆم باراك بۆ عێراق و پاشانیش هەرێمی كوردستان، گەیاندنی ئەو پەیامەی ئەمریكا بوو كە پێویستە گرەنتی ئاسایشی دامەزراوەكانی دەوڵەت بكرێت بەدوور لەهەر قەیرانێك كە لە داهاتوودا كاریگەری لەسەر عێراق هەبێت، ئەمەش وەك ئاماژەیەك بۆ روودانی رووداوێك لە داهاتوودا، لەكاتێكدا ئەمریكا هەڕەشەی وەشاندنی گورزی سەربازیی دەكات لە ئێران ئەگەر لەگەڵی رێكنەكەوێت، پوختەی پەیامەكەش بۆ گروپە چەكدارەكانە كە نابێت لە ئەگەرێكی لەوشێوەیەدا هیچ كاردانەوەیەكیان هەبێت، وەك چۆن لە شەڕی دوانزە رۆژەدا كە لە حوزەیرانی رابردوو ئەمریكا و ئیسرائیل دژ بە ئێران كردیان، ئەو گروپە عێراقیانە كاردانەوەیەكی ئەوتۆیان نەبوو.

ئەمریكا دەیەوێت دڵنیابێتەوە

ئەمریكا دەیەوێت دڵنیابێتەوە لە توانای حكومەتی عێراق كە دەتوانێت لەكاتی روودانی هەر ئاڵۆزییەكی دیكەی ناوچەیی كۆنترۆڵی مەیدانی ناوخۆی بكات، ئەگەر دیپلۆماسی بێت یان سەربازیی.

خشتەی سەردانەكەی تۆم باراك زۆر فراوان نەبوو

خشتەی سەردانەكەی تۆم باراك زۆر فراوان نەبوو، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق و فوئاد حسێن وەزیری دەرەوە و محەمەد حەلبوسی سەرۆكی حزبی تەقەدوم و فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی بینی، لە هەرێمی كوردستانیش هەریەك لە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی و مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی بینی.

ئەمەش ئاماژەیەكە بۆ ئەوەی جگە لە پرسی دۆخی عێراق، باس لە دۆخی هەرێمی كوردستان و سوریاش كراوە، بەتایبەتیش رێككەوتنی نێوان ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوا و حكومەتی دیمەشق، لەگەڵ دۆسیەی گێڕانەوەی چەكدارانی داعش لە سوریاوە بۆ عێراق.

  • هاوسەرۆكی دەم پارتی: راپۆرتەكەی كۆمسیۆن پرسی كوردی خستۆتە چوارچێوەی تیرۆرەوە

  • پشت پەردەی سەردانەكەی تۆم باراك بۆ عێراق

  • سیناریۆکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمریکا و ئێران

  • چی روویدا؟

  • كردارێك سیناریۆی 2014 بە بیر دەهێنێتەوە

  • پێنج حیزبی رۆژهەڵاتی کورستان هاوپەیمانییەکیان پێکهێنا

  • "مێتا" ئەپڵیكەیشنی "مەسنجەر" دادەخات

  • "ماڵ لە خاوەن ماڵ حەرامە"

  • ئۆجەلان بۆ تورکیا: لە پرۆسەی ئاشتی دەکشێمەوە

سەرەکی