3   کاتژمێر پێش ئێستا 98 جار خوێنراوەتەوە

ئاگربەست لەگەڵ ئێران؛ سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل ڕوبەڕووی ڕەخنەی توندی ئۆپۆزسیۆن دەكاتەوە

ناوەندی هەواڵ

سەركردەكانی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل ڕەخنەی توند لە بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل دەگرن، دوای ئەوەی ئەمریكا ئاگربەستی لەگەڵ ئێران ڕاگەیاند، سەرۆكوەزیران بەوە تۆمەتبار دەكەن شكستیهێناوە لە بەدیهێنانی ئامانجەكانی جەنگ.سەركردەیەكی ئۆپۆزسیۆن دەڵێت تەنانەت لەسەر مێزی رێككەوتنەكەش نەبووین.

ئاگربەستی دوو هەفتەیی بۆ ڕاگرتنی جەنگ

درەنگانێكی شەوی سێشەممە، ئەمریكا و ئێران بە نێوەندگیری پاكستان و میسر و توركیا، گەیشتنە ئاگربەستێكی دوو هەفتەیی بۆ ڕاگرتنی جەنگ، ئەمەش وەك كۆتا هەوڵ بۆ رێگریكردن لە هەڕەشەی وێرانكردنی تەواوەتی ئێران كە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكاوە كرابوو.

هەرچەندە ئیسرائیل پشتیوانی بۆ بڕیاری ترەمپ ڕاگەیاند و هێرشەكانی بۆسەر ئێران ڕاگرت، بەڵام جەختیكردەوە بڕیاری ئاگربەستەكە لوبنان ناگرێتەوە، لەكاتێكدا شەهباز شەریف سەرۆكوەزیرانی پاكستان جەختدەكاتەوە، ئاگربەستەكە لوبنانیش دەگرێتەوە.

ئاگربەست لەگەڵ ئێران بە كارەساتێكی سیاسی چاوەڕوان نەكراو ناودەبات

یائیر لاپید، سەرۆكی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل، كە بە نەیاری سەرسەختی نەتەنیاهۆ دادەنرێت، رێككەوتنی ئاگربەست لەگەڵ ئێران بە كارەساتێكی سیاسی چاوەڕوان نەكراو ناودەبات، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل بەوە تۆمەتبار دەكات شكستیهێناوە لە بەدیهێنانی ئامانجەكانی جەنگ.

یائیر لە تۆڕی ئێكس نوسیویەتی: كارەساتی سیاسی لەوشێوەیە لە مێژووی ئێمەدا ڕووینەداوە، تەنانەت ئیسرائیل لەسەر مێزی دانوستانیش نەبوو، كاتێك بڕیارێكی پەیوەست بە ئاسایشی نەتەوەییمان درا.

نەتەنیاهۆ تووشی شكستی سیاسی و ستراتیژی بووە

سەرۆكی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل دەڵێت، سوپا ئەوەی جێبەجێكرد كە داوای لێكرابوو، خەڵكیش خۆڕاگرییەكی بێوێنەیان ئەنجامدا، بەڵام نەتەنیاهۆ تووشی شكستی سیاسی و ستراتیژی بووە، هیچ یەكێك لە ئامانجەكانی كە خۆی دیاریكردبوون بەدینەهێنا.

ڕەخنەكانی سەرۆكی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل لەكاتێكدایە، بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل بەردەوام جەختی كردووەتەوە، ئامانجی سەرەكیی جەنگ سەركەوتنە بەسەر بەرنامە ئەتۆمیەكەی ئێران و لاوازكردنی، كە بە مەترسیی بۆسەر مانەوەی ئیسرائیل ناوی دەبات.

ئامانجەکانی نەتەنیاهۆ لە جەنگی ئێران چییبوون؟

سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل هەمیشە داوای سنورداركردنی توانا موشەكیەكانی ئێرانی دەكرد، تەنانەت زۆركات دەیوت سیستمی دەسەڵات لە ئێران لەناودەبەین، جگە لەوەی سنور بۆ هەژموونی هەرێمیی ئێران دادەنێت لە رێگەی بە ئامانجگرتنی گروپە چەكدارەكان كە نزیكن لە ئێرانەوە.

بەوتەی لاپید، ساڵانێكی زۆر پێویستە بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو زیانە سیاسی و ستراتیژیانەی كە بەهۆی نەتەنیاهۆوە لە ئیسرائیل كەوتووە، كە ئەو بۆ لوتبەرزی و كەموكوڕی و نەبوونی پلانی ستراتیژی نەتەنیاهۆی دەگەڕێنێتەوە.

نەتەنیاهۆ بەڵێنی سەركەوتنێكی مێژوویدا

هەر یائیر لاپید نییە كە ڕەخنە لە بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل دەگرێت، یائیر گولان سەرۆكی پارتی دیموكراتی چەپی ئیسرائیل بە هەمانشێوە ئەو رێككەوتنە لەگەڵ ئێران بە شكستی ستراتیژی نەتەنیاهۆ دەزانێت.

گولان دەڵێت، نەتەنیاهۆ بەڵێنی سەركەوتنێكی مێژوویدا كە نەوەكانی دواتریش بپارێزێت، بەڵام لە واقیعدا تووشی قورسترین شكستی ستراتیژی بووین كە تائێستا روبەڕووی ئیسرائیل بووبێتەوە.

ئێران دەتوانێت دووبارە خۆی لەو رێگەیەوە بنیات بنێتەوە

لە هەمانكاتدا، ئەڤیگدۆر لیبەرمان، كە یەكێكە لە پەرلەمانتارە ئۆپۆزسیۆنەكانی كنێست، ڕێككەوتن لەگەڵ ئێران بە هەلێك دەزانێت كە ئێران دەتوانێت دووبارە خۆی لەو رێگەیەوە بنیات بنێتەوە.

ئەڤیگدۆر بەدووریشی دەزانێت ئێران دەستبەرداری بەرنامەی ئەتۆمیی و موشەكی بالیستی ببێت لەگەڵ هاوكاریكردنی گروپەكانی ناوچەكە، كە ئیسرائیل بە مەترسیی بۆسەر خۆی دەزانێت.

  • هۆشداری لە شكاندنی ئاگربەست؛ هێرشەكان بۆسەر ئێران ڕاگیراون بەڵام ئاگربەست لوبنانی نەگرتووەتەوە

  • ئاگربەست لەگەڵ ئێران؛ سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل ڕوبەڕووی ڕەخنەی توندی ئۆپۆزسیۆن دەكاتەوە

  • موجتەبا خامنەیی چۆن لە كۆتا ساتدا گڵۆپی سەوزی بۆ دانوستان هەڵكرد؟

  • چۆن لە كاتژمێرەكانی كۆتاییدا جەنگی ئێران راگیرا؟

  • چیرۆكی ئازادكردنی كچە رۆژنامەنوسە ئەمریكیەكە

  • هێرشی گروپەكان بۆسەر هەرێم و ناوەندەكانی ئەمریكا چڕبوونەتەوە

  • كێڵگەی نەوت و بەندەر و كارگەكان؛ زیانەكانی پێنج هەفتە جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریكا و ئیسرائیل

  • ئێران وەڵامی هەڕەشەكانی ترەمپ دەداتەوە و ئاگربەست رەتدەكاتەوە

  • کوردستان لاپەڕەی وشکەساڵی دادەخات؛22 بەنداو توانای خۆیان تێدەپەڕێنن

سەرەکی