1     کاتژمێر پێش ئێستا 168 جار خوێنراوەتەوە

توركیا پێشوازی لە هەڵبژاردنی توركمانێك وەك پارێزگاری كەركوك دەكات

ناوەندی هەواڵ

توركیا پێشوازی لە هەڵبژاردنی محەمەد سەمعان وەك پارێزگاری كەركوك دەكات، وەزارەتی دەرەوەی توركیا دەڵێت " ئەم هەنگاوە گوزارشت لەنوێنەرایەتییەكی دادپەروەرانە دەكات‌و دەبێتە هۆی چەسپاندنی ئاشتی كۆمەڵایەتی لەناوچەكەدا".

وەزارەتی دەرەوەی توركیا لەڕاگەیەندراوێكدا پێشوازیی لەدەستبەكاربونی محەمەد سەمعان ئاغائۆغڵو وەك پارێزگاری نوێی كەركوك دەكات، ئەمەش دوای ئەوەی مەرسومی دەستبەكاربوونی لەسەرۆكایەتی كۆماری عێراقەوە وەرگرت.

وەزارەتی دەرەوەی توركیا لەڕاگەیەندراوەكەیدا جەختیكردووەتەوە، هەڵبژاردنی پارێزگارێكی توركمان بۆ كەركوك، كە شارێكی خاوەن فرەچەشنی كولتوریی‌و كۆمەڵایەتییە، پێشكەوتنێكی بەرچاوو مێژووییە.

ئەم هەنگاوە گوزارشت لەنوێنەرایەتییەكی دادپەروەرانە دەكات‌

توركیا ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەم هەنگاوە گوزارشت لەنوێنەرایەتییەكی دادپەروەرانە دەكات‌ و دەبێتە هۆی چەسپاندنی ئاشتی كۆمەڵایەتی لەناوچەكەدا.

لەبەشێكی دیكەی ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، "توركیا ئەم دەستبەكاربوونە وەك دانپێدانانێكی مێژوویی بەمافە ڕەواكانی توركمانەكان دەبینێت، كە وەك پێكهاتەیەكی ڕەسەن‌و دانەبڕاو لەعێراق‌ و كەركوكن".

هەر لە ڕاگەیەندراوەكەدا، وەزارەتی دەرەوەی توركیا پشتیوانی خۆی بۆ شێوازی دابەشكردنی خولانەوەی پۆستە باڵاكانی كەركوك دەربڕیوەو دەڵێت: "ئەم مۆدێلە لەسەر بنەمای تەوافوق‌و ڕێككەوتنی نێوان پێكهاتەكان دامەزراوە، ئەمەش نەك تەنها بۆ توركمانەكان، بەڵكو بۆ سەرجەم نەتەوەو پێكهاتەكانی دیكەی شارەكە دەستكەوتێكی دادپەروەرانەیە".

حكومەتی توركیا هیوای خواستووە ئەم گۆڕانكارییە سیاسییە ببێتە هەوێنی ئارامی، ئاسایش‌و خۆشگوزەرانی زیاتر بۆ تەواوی خەڵكی عێراق بەگشتیی‌و دانیشتوانی كەركوك بەتایبەتی.

هەڵبژاردنی محەمەد سەمعان

رۆژی 16 ی نیسانی 2026  محەمەد سەمعان كە سەرۆكی بەرەی توركمانی عێراق بوو، وەك پارێزگاری كەركوك هەڵبژێردرا، ئەمەش یەكەمجارە لەدوای دروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە توركمانێك ببێتە پارێزگاری ئەو شارە.

محەمەد سەمعان لە بەرەی توركمانی بە دەنگی 12 ئەندامی ئەنجوومەن لە كۆی 14 ئەندام كە بەشداری كۆبوونەوەی ئەنجوومەنیان كردبوو، وەك پارێزگاری نوێی كەركووك هەڵبژێردرا.

لەدوای ڕووداوەكانی 2017 كورد دەسەڵاتی ئەمنیی و ئیداری لە كەركوك لەدەستدا

لەدوای رووداوەكانی 16 ی ئۆكتۆبەری 2017 كورد لە كەركوك دەسەڵاتی سیاسی و سەربازیی لەدەستدا، لە هەڵبژاردنی ئەم خولەی پەرلەمانی عێراقیش كە كورد تێیدا یەك دەنگ نەبوو، بەڵام سەرەڕای ئەوەش پۆستی پارێزگاری بەدەستەوە مابوو، هەرچەندە پارتی و یەكێتی لەوەشدا دژایەتی یەكتریان دەكرد، كاندیدێكی توركمان و عەرەبیان لە كاندیدی یەكتر پێ باشتر بوو، سەرئەنجام كورد ئەو پۆستە گرنگەی كەركوكی لەدەستدا و دیار نییە كەی دەتوانێت پارێزگارێكی كورد بۆ شارەكە دابنێت.

محەمەد سەمعان كێیە؟

محەمەد سەمعان، پارێزگاری نوێی كەركوك لە 1982 لە كەركوك لە دایكبووە، لە ساڵی2004 زمان و ئەدەبی توركی لە ئەنقەرە تەواوكردووە، لە 2010 - 2019 سەرۆكی رێكخراوێكی سەربە بەرەی توركمانی بووە، لە2019 بووە بە وتەبێژی بەرەی توركمانی،2022 بە ئەندامی مەكتەبی سیاسیی بەرەی توركمانی هەڵبژێردراوە، لە 13ـی نیسانی 2025 وەك سەرۆكی بەرەی توركمانی هەڵبژێردرا، شەوی 16 ی نیسانی 2026 یش بە پارێزگاری كەركوك هەڵبژێردرا.

"حەسرەتی 100 ساڵەمان كۆتایی هات"

توركیا و توركمانەكان لەدوای دروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە، هەمیشە خەونیان ئەوەبووە ببنە دەسەڵاتی یەكەمی كەركوك، نەشیان شاردووەتەوە ئەو شارە بەهی خۆیان دەزانن، لەكاتێكدا یەكێتی و پارتی و دەسەڵاتدارانی كورد بە قودس و دڵی كوردستان ناوی دەبەن.

محەمەد سەمعان لە یەكەم لێدوانی دوای دەستبەكاربوونی وەك پارێزگاری كەركوك ڕایگەیاند:"هیچ بڕیارێك لە كەركوك بەبێ راوێژ لەگەڵ جێگر و یاریدەدەرەكان دەرناكرێت، دەمەوێت خەڵك دڵنیا بن تەنها كار بۆ یەك نەتەوە و لایەن ناكەین".

سەرۆكی بەرەی توركمانی كە ئێستا پارێزگاری كەركوكیشە، وتی:"حەسرەتی 100 ساڵەمان كۆتایی پێهێنا و ئێستا توركمانێك پارێزگاری كەركوكە".

ئاڵوگۆڕەكە بەپێی رێككەوتن بووە

یەكێتی نیشتمانی كوردستان نەیشاردووەتەوە ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگاری كەركوكی بەپێی رێككەوتن كردووە، رێبوار تەها كە تا بەرواری 15 ی نیسان پارێزگاری كەركوك بوو لەسەر پشكی ئەو حزبە و ژمارەیەكی بەرچاو دەنگی هێنا، ئێستا جێگری پارێزگاری كەركوكە.

رێككەوتنەكەی هۆتێل رەشید

لە ڕۆژی 10 ئابی 2024 لە هۆتێل ڕەشید لە بەغدا، لە كۆبوونەوەیەكدا بە بێ بەشداری فراكسیۆنی پارتی  و بەشێك لە عەرەب و توركمانەكان لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، بڕیاردرا پۆستی پارێزگاری كەركوك لەبەرامەبەر بەخشینی ژمارەیەك پۆستی شارەكە بدرێت بە ڕێبوار تەها لە فراكسیۆنی یەكێتی، ڕێككەوتنەكە واژۆكرا، بەپێی ڕێككەوتنەكە دوای دوو ساڵ پۆستی پارێزگاری كەركووك لەنێوان لایەنە بەشدارەكان ئاڵوگۆڕ بكرێت.

لە 16 كورسیی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، یەكێتی 5 كورسی و پارتی بە 2 كورسی هەیە، هەرچی كورسیی كریستیانەكانیشە بە نزیك و پاڵپشتی لە كورد دادەنرێت، عەرەب 6 كورسی و توركمانیش 2 كورسییەكەی دیكەی هەیە.

 

  • توركیا پێشوازی لە هەڵبژاردنی توركمانێك وەك پارێزگاری كەركوك دەكات

  • هەر كاندیدێك خۆی بە بژاردەی رێبەری نوێ دەزانێت؛ ئەندامانی چوارچێوە خۆزگە بە سەردەمی قاسم سولەیمانی دەخوازن

  • ئیسرائیل بۆچی توركیا وەك ئێرانێكی نوێ دەبینێت؟

  • كۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی؛ چاوەڕوان دەكرێت بڕیاری یەكلاكەرەوە بدرێت

  • چارەنوسی ئاگربەست لە مەترسیدایە؛ دوای ئەوەی ئەمریكا كەشتییەكی ئێرانی دەستبەسەرداگرت

  • ئەمریكا و ئێران هەوڵەكانیان چڕكردووەتەوە؛ ناكۆكیەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی جارێكی تر كاندیدی سەرۆكی حكومەت دوادەخات

  • ئاغازادەكان چۆن پارەی قاچاغی ئێران لە دەرەوەی وڵات بەڕێوەدەبەن؟

  • هەماهەنگی نزیك و نوێكردنەوەی ئامانجەكان؛ ئەمریكا و ئیسرائیل ئامادەكاری بۆ شكستی ئاگربەست دەكەن

  • ئەلمۆنیتەر: مەزڵوم عەبدی پێشنیارێکی ئەحمەد شەرع-ی بۆ وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆک کۆمار ڕەتکردەوە

سەرەکی