1     کاتژمێر پێش ئێستا 176 جار خوێنراوەتەوە

دەست بە دادگایی كردنی جەلادەكەی نوگرە سەلمان كرا؛ عەجاج كێیە؟

رۆژی 7-5-2026 دەست بە دادگایی كردنی جەللادەكەی نوگرە سەلمان كرا، كە دەستی لە كۆمەڵكوژكردنی هەزاران كوردی بێتاواندا هەیە، ئەو تاوانبارە پاش 37 ساڵ خۆحەشاردانی و لەسەر سكاڵای یەكێك لە ڕزگاربووانی ئەنفال دەستگیركرا .

بە دەستی خۆمان لەپشت شوراكانەوە منداڵەكانمان دەناشت 
لەخواردنی پاشماوەی خۆڵەكانمان دەخواردو بە دەستی خۆمان لەپشت شوراكانەوە منداڵەكانمان دەناشت و رۆژانە روبەڕوی دەستدرێژی و سوكایەتی دەبوینەوە. ئەمە وتەی یەكێك لە ڕزگاربووانی ئەنفال و زیندانە بەدناوەكەی نوگرە سەلمانە. كە لەسەر سكاڵای ئەو عەجاجی جەللاد دەستگیركرا و ئێستاش لەنێو زیندان و لەبەردەم دادگایە.
عەجاج، پاش 37 ساڵ لە خۆحەشاردانی، رۆژی 31ـی تەمموزی رابردوو لەلایەن دەزگای هەواڵگریی عیراق، دەستگیركرا.
رۆژی حەوتی ئایاری 2026 یەكەم دانیشتنی دادگاییكردنی عەجاج لە دادگای تێهەڵچوونەوەی بەغداد/ رەسافە دەستیپێكرد، ئەمەش یەكەم دادگایی تاوانبار عەجاج حەردان تكریتی،  بەرپرسی زیندانی نوگرە سەلمان و یەكێك لە تاوانبارە گەورەكانی رژێمی بەعسی لەناوچووە.

عەجاج زیاتر لە 220 سكاڵای لەسەر تۆماركراوە 
عەجاج زیاتر لە 220 سكاڵای لە لایەن كەسوكاری قوربانیان لە چەمچەماڵ و گەرمیان و هەڵەبجە لەسەر تۆماركراوە و نزیكەی 200 كەس  لە كەسوكاری ئەنفالكراوان بۆ شایەتیدان لەسەر ئەو تاوانبارە ئامادەیی دادگاییكردنەكەی بوون.
عەجاج ئەحمەد حەردان، ناسراو بە عەجاجی نوگرەسەلمان، لە لێكۆڵینەوەكاندا دان بە تاوانەكانیدا دەنێت و دەڵێت، چەكی برسیكردنی بۆ كۆمەڵكوژی ئەنفالكراوانی كورد بەكارهێناوە و لەماوەی 10 مانگدا دوو لەسەر سێی دەستگیركراوەكان گیانیان لەدەستداوە.

وتەی شایەتحاڵێك و دانپێدانانی عەجاج
پێشتر رۆژنامەی سەباحی عیراقی، وتەی شایەتحاڵێك و دانپێدانانی عەجاجی بڵاوكردووەتەوە، شایەتحاڵێكی كورد بەناوی فەزیلە دەڵێت، ئەوكاتەی برانە زیندانی نوگرەسەلمان منداڵ بووە و دایك و باوك و برا ساواكەی لە زیندانەكەدا گیانیان لەدەستداوە و هەر لە زیندانەكەدا بەخاكیان سپاردوون، باسی لەوەشكردووە، رۆژانە رووبەڕووی دەستدرێژی و سوكایەتی بوونەتەوە.
رۆژنامەی سەباحی زمانحاڵی حكومەتی عیراق، لەبارەی عەجاجەوە نوسیویەتی: سەرجەم دانپێدانانەكانی ئەو تاوانبارە بە دۆكیومێنت دەكرێن و وەك ئەرشیف دەپارێزرێن.
رۆژنامەكە لەنێو بابەتە بڵاوكراوەكەی دا چیرۆكی ژنێك دەگێڕێتەوە بە ناوی "فەزیڵە حسێن" كە یەكەمین كەس بووە داوای یاسایی لەسەر "عەجاج" تۆماركردووەو بەهۆی داواكەی ناوبراوەو ئەو تاوانبارە مەترسیدارە دەستگیركراوە.

فەزیلە چیرۆكی خۆی بەمجۆرە دەگێڕێتەوە
كاتێك دایكم و باوكم و برا شیرەخۆرەكەم لە زیندانی "نوگرە سەلمان" لەدەستدا، منداڵێكی بچوك بووم، لەخواردنی پاشماوەی خۆڵەكانمان دەخواردو بە دەستی خۆمان لەپشت شوراكانەوە منداڵەكانمان دەناشت و رۆژانە روبەڕوی دەستدرێژی و سوكایەتی دەبوینەوە.
فەزیلە، لەگەڵ هەزاران دەستگیركراوی كورد دا لە هەشتاكانی سەدەی رابردوودا لەنێو زیندانی "نوگرە سەلمان" دەردەسەرییەكانی ژیانی تێدەپەڕاند، پێش ئەوەی لەساڵی 1990دا بەر لێبوردنی گشتی بكەوێت.
فەزیلە دەڵێت، هەرگیز ناتوانم ئەو تاوانبارانەی رۆڵیان لە ئازادارن و ئەشكەنجەدان و برسیكردنی ئەو خەڵكە بێتاوانەدا هەبووە، لەبیربەرمەوە، كە بەداخەوە ئێستا هەندێكیان چارەنوسیان نادیارە یان هەڵاتوون بۆ دەرەوەی وڵات.

ماوەی 37 ساڵ توانیبوی لەبەرچاو ونبێت 
بەهۆی شایەتیدانی فەزیلەوە، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عیراقی لە مانگی ئایاری رابردودا، هەواڵی دەستگیركردنی تاوانبار "عەجاج"ی راگەیاند، كە بۆ ماوەی 37 ساڵ توانیبوی لەبەرچاو ونبێت و خۆی بشارێتەوە، سەرەڕای ئەوەی خێزانەكەی لە ساڵانی رابردودا هەواڵی مردنی ناوبراویان بڵاوكردبۆوە، بۆئەوەی دەزگا ئەمنییەكان بەلاڕێدا ببەن و چیتر بەدوایدا نەگەڕێن.
بەوتەی عەبدولكەریم عەبد فازڵ سەرۆكی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عیراق، هەڵمەتی دەستگیركردنی "عەجاج" دوای لێكۆڵینەوەیەكی بەرفراوانی دەزگاكەو دانپێدانانی ژمارەیەك لە گەورە ئەفسەرانی پێشووی رژێمی بەعسەوە سەرچاوەی گرتوە.

عەجاج، لە درێژەی دانپێدانەكانی دا چی دەڵێت ؟
عەجاج، لە درێژەی دانپێدانەكانی دا دەڵێت كاتێك لە ساڵی 1989 ئیدارەی زیندانەكەم وەرگرت، بەتاڵم كردەوە لە چوار هەزار دەستگیركراوی عەرەب و لە شوێنی ئەوان سێ هەزار دەستگیركراوی كوردم لە سلێمانی و هەولێرەوە هێنا و پرۆسەی برسیكردنمان وەك چەكێكی جەنگ بەكارهێنا كە هیچی كەمتر نەبوو لەكوشتار و بۆردومانی سەربازیی، چونكە تەنها لەماوەی 10 مانگ دا یەك لەسەر سێی دەستگیركراوەكان مردن.
زیندانی نوگرە سەلمان یەكێكە لە زیندانە كۆنەكانی عیراق لە شاری سەماوە، لە ساڵی 1930 لە سەردەمی پادشایەتی دروستكراوە.
نوگرە سەلمان دەكەوێتە نزیك سنووری عیراق و عەرەبستانی سعوودی لە تەنیشت گوندی سەلمان لە پارێزگای موسەننا.

 

  • دەست بە دادگایی كردنی جەلادەكەی نوگرە سەلمان كرا؛ عەجاج كێیە؟

  • ئاماژەكانی رێككەوتنێك لەنێوان ئەمریكا و ئێران بۆ كۆتایی هێنان بە جەنگ نزیكە

  • دیموكراتەكانی كۆنگرێس داوا لە ئیدارەی ترەمپ دەكەن لەبارەی جبەخانەی ئەتۆمی ئیسرائیل بێدەنگی بشكێنێت

  • ئوستورالیا داعشەكانی وەردەگرێتەوە بەڵام دادگاییان دەكات

  • لەنێوان هەڕەشە و گەشبینیدا؛ ئەمریكا و ئێران رێكدەكەون؟

  • رۆڵی ئۆجەلان دیاری بكرێت؛ بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئاپۆیی: هەنگاوی پێویست لەلایەن توركیاوە نەنراوە

  • هانتا؛ ئەو ڤایرۆسەی لەسەر كەشتییەكی گەشتیاری لە زەریای ئەتڵەسی بڵاوبوەوە چییە؟

  • رێکخراوی CPT: چەندان ڕۆژنامەوان و چالاكی سیاسی لە زیندانەكانی هەرێمی كوردستانن و تۆمەتی جیاجیان خراوەتە پاڵ

  • ترەمپ دوو بژاردە دەخاتە بەردەم ئێران؛ رێككەوتن بە نیەتی باش یان دەستپێكردنەوەی جەنگ

سەرەکی