10 کاتژمێر پێش ئێستا
148 جار خوێنراوەتەوە
لەنێوان هەڕەشە و گەشبینیدا؛ ئەمریكا و ئێران رێكدەكەون؟
ناوەندی هەواڵ
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا هەڕەشەی ئەوە دەكات ئەگەر ئێران لەگەڵیان ڕێكنەكەوێت بۆردومان دەستپێدەكاتەوە، لە هەمانكاتیشدا دەڵێت ئەگەر ئێران پابەند بێت جەنگی ئەمریكا و ئیسرائیل لەگەڵیدا كۆتایی دێت و گەرووی هورمز دەكرێتەوە، ماڵپەڕێكی ئەمریكیش ناوەڕۆكی ئەو رێككەوتنەی ڕەنگە بیكەن ئاشكرا دەكات.

ترەمپ:بە ئەگەری زۆرەوە ئێران پابەند دەبێت
لە نوێترین لێدوانیدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا ڕایگەیاند:بە ئەگەری زۆرەوە ئێران پابەند دەبێت بە رێككەوتن و ئەوكات پرۆسەكانی ئەمریكا دژ بە ئێران كۆتایی دێت و گەرووی هورمز بەڕووی هەمواندا دەكرێتەوە.
بەڵام ترەمپ هەڕەشەی ئەوەشیكرد، ئەگەر ئێران لەگەڵیاندا رێكنەكەوێت، بۆردومان بە چڕی دەستپێدەكاتەوە بەشێوەیەك پێشتر نەبینرابێت.
هەردوولا نزیكن لە ئیمزاكردنی یاداشتێكی یەك لاپەڕەیی ڕێككەوتن
ئەوەش لەكاتێكدایە، ماڵپەڕی ئاكسیۆسی ئەمریكی، زانیاریی نوێی لەبارەی ئەگەری رێككەوتنی ئەمریكا و ئێران بڵاوكردووەتەوە، باس لەوەدەكات هەردوولا نزیكن لە ئیمزاكردنی یاداشتێكی یەك لاپەڕەیی ڕێككەوتن بۆ كۆتایی هێنان بە جەنگ، ئێرانیش دەڵێت رێككەوتنێكی گشتگیریان دەوێت و ئەمریكاش پێشبینی دەكات لە 48 کاتژمێری داهاتوودا تاران وەڵامی واشنتۆن بداتەوە.
پێگەی ئاكسیۆس بڵاویكردووەتەوە، ئەمریكا و ئێران نزیكن لە ئیمزاكردنی یاداشتێكی یەك لاپەڕەیی بۆ كۆتایی هێنانی تەواوەتی بە جەنگ، ئەمریكاش پێشبینی دەكات لە 48 کاتژمێری داهاتوودا ئێران وەڵامی بداتەوە.
ئەمریكا چاوەڕێیە
وەك پێگەی ئاكسیۆس ئاماژەی پێداوە، ئەمریكا چاوەڕێیە ئێران وەڵامی خاڵە سەرەكییەكان بداتەوە، رێككەوتنەكەش پابەندبوونی ئێران بە راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم و هەڵگرتنی سزاكان و ئازادكردنی پارە بلۆككراوەكانی ئێران لەخۆدەگرێت.
ئەو هەوڵانە بە نێوەندگیری پاكستانن، لەكاتێكدا چین ڕایگەیاندووە ئامادەیە بەشداری لە دانوستانەكاندا بكات، تا ئاشتی هەمیشەیی بێتە كایەوە.

عیراقچی: ئێران رێككەوتنێكی گشتگیر و دادپەروەرانەی دەوێت
لە نوێترین لێدوانیشدا، عەباس عیراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندووە،وڵاتەكەی رێككەوتنێكی گشتگیر و دادپەروەرانەی دەوێت لە دانوستانەكانی لەگەڵ ئەمریكا، ئەوەش لەكاتێكدایە پێشتر ترەمپ ڕایگەیاندبوو كە بەرەوپێشچوون لە دانوستانەكان لەگەڵ ئێران بەدیهاتوون.
عیراقچی لە میانی سەردانەكەیدا بۆ چین، وتی هەموو هەوڵمان دەخەینەگەڕ بۆ پاراستنی ماف و بەرژەوەندیەكانمان لە دانوستانەكاندا، بۆیە پێشوازی لە هیچ شتێك ناكەین تەنها رێككەوتنێكی گشتگیر و دادپەروەر نەبێت.
ئەو بەرەوپێشچوونانە لەكاتێكدان، پێشتر دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا پرۆژەی ئازادی لە گەرووی هورمز ڕاگرت، كە بۆ ڕزگاركردن و چاودێریكردنی كەشتیی ئەو وڵاتانەیە كە بە دۆستی ئەمریكا ناودەبرێن لە گەرووەكە.
رەنگە هەفتەی داهاتوو دانوستانەكان لە ئیسلام ئاباد دەستپێبكاتەوە
رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" لە راپۆرتێکدا رایگەیاندووە، رەنگە هەفتەی داهاتوو دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران لە ئیسلام ئاباد دەست پێبکاتەوە، بەڵام هێشتا کەلێنێکی بەرچاو لە نێوان واشنتۆن و تاران هەیە سەبارەت بە ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم و پرۆسەی پشکنین.
لای خۆیەوە، وەزارتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئاڵوگۆڕی پەیامەکان له ڕێگەی ناوبژیوانی پاکستانەوه بەردەوامە و پێداچوونەوه به دەقه ئاڵوگۆڕکراوه کان هێشتا بەردەوامن.
روونیشی کردەوە، تاران تا ئێستا وەڵامی خۆی بۆ پێشنیازەكەی ئەمەریکا نەداوەتە ناوبژیوانی پاکستان سەبارەت بە پێشنیازە 14 خاڵییەکەی ئەمریكا.
لە 28 ی شوباتی ئەمساڵ كە جەنگی نێوان ئەمریكا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران هەڵگیرسا، گەرووی هورمز بەڕووی وزە و بازرگانیی نێودەوڵەتی جیهاندا ڕاگیرا،دواتر ئاگربەستێكی دوو هەفتەیی ڕاگەیەندرا و پاشانیش درێژكرایەوە، ئێستاش هەوڵەكان بۆ ئاگربەستی هەمیشەیی و كۆتایی هێنانن بە جەنگ.
-
دیموكراتەكانی كۆنگرێس داوا لە ئیدارەی ترەمپ دەكەن لەبارەی جبەخانەی ئەتۆمی ئیسرائیل بێدەنگی بشكێنێت
|
-
ئوستورالیا داعشەكانی وەردەگرێتەوە بەڵام دادگاییان دەكات
|
-
لەنێوان هەڕەشە و گەشبینیدا؛ ئەمریكا و ئێران رێكدەكەون؟
|
-
رۆڵی ئۆجەلان دیاری بكرێت؛ بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئاپۆیی: هەنگاوی پێویست لەلایەن توركیاوە نەنراوە
|
-
هانتا؛ ئەو ڤایرۆسەی لەسەر كەشتییەكی گەشتیاری لە زەریای ئەتڵەسی بڵاوبوەوە چییە؟
|
-
رێکخراوی CPT: چەندان ڕۆژنامەوان و چالاكی سیاسی لە زیندانەكانی هەرێمی كوردستانن و تۆمەتی جیاجیان خراوەتە پاڵ
|
-
ترەمپ دوو بژاردە دەخاتە بەردەم ئێران؛ رێككەوتن بە نیەتی باش یان دەستپێكردنەوەی جەنگ
|
-
ئاشتی لە نێوان گومانی كورد و دڵنیاییەكانی حكومەتی توركیادا
|
-
ململانێی وەزارەت؛ ئەركی سەرۆكوەزیرانە راسپێردراوەكەی عێراق قورس دەكات
|
|
|
|