5 کاتژمێر پێش ئێستا
174 جار خوێنراوەتەوە
په‌رله‌مانى كوردستان؛ ئه‌و دامه‌زراوه‌یه‌ى دواى 34 ساڵ له‌برى زیاتر چالاككردنى په‌كخراوه
ئەمڕۆ، 34 ساڵ بەسەر دامەزراندن و یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنى پەرلەمانی کوردستاندا تێدەپەڕێت، کە لە دەرئەنجامی ڕاپەڕین و شۆڕشی خه‌ڵكى باشورى کوردستان دامەزرا، به‌ڵام 1285 رۆژه په‌رله‌مانى كوردستان په‌كخراوه و 573 رۆژیشه هه‌ڵبژاردنى خولى شه‌شه‌مى په‌رله‌مانى كوردستان كراوه و ته‌نها په‌رله‌مانتاران سوێندیان خواردووه و ته‌نانه‌ت ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانیش هه‌ڵنه‌بژێردراوه.
ڕۆژی 19ی ئایاری 1992 خەڵکی کوردستان بە جۆش و خرۆشەوە بەشدارییان لە یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرد، بەڵام ئەوکاتە نەیاندەزانی سەردەمێک دێتە پێشەوە، خۆیان پەشیمان دەبنەوە لەوەی دەنگیان بەو پەرلەمانە داوە

دامه‌زراندنى په‌رله‌مان
پەرلەمانی هەرێمی کوردستان (سەرەتا ناوى ئه‌نجومه‌نى نیشتیمانیی کوردستان بوو)، وەک یەکەمین دامەزراوەی شەرعی و یاسایی لە مێژووی باشووری کوردستاندا، لە دەرئەنجامی ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی 1991 و دوای ئەنجامدانی یەکەمین هەڵبژاردنی گشتی لە 19ـی ئایاری 1992ـدا دامەزرا، یەکەمین کۆبوونەوەی فەرمی پەرلەمان لە چواری حوزەیرانی 1992 بەڕێوەچوو.
لەو کاتەدا، پەرلەمان لە 105 کورسی پێکدەهات، 100 کورسی بۆ لایەنە کوردییەکان (50 به 50 له‌نێوان پارتى و یه‌كێتیدا) و پێنج کورسیش وەک کۆتا بۆ پێکهاتەی مەسیحی تەرخانکرابوو، لەمڕۆشدا کە پەرلەمان لە 100 کورسی پێکدێت پێنجیان پشکی کەمینەکان (مەسیحی، ئەرمەن و تورکمان) ی هەرێمی کوردستانە و ئه‌وانى تریش به‌سه‌ر لایه‌نه‌كاندا دابه‌شبوون.

شه‌ش خولى په‌رله‌مانى كوردستان
لە ساڵی 1992ه‌وە تا ئێستا، پەرلەمانی هەرێمی کوردستان پێنج خولی یاسایی بەڕێکردووە و له خولى شه‌شه‌مدایه، هه‌رچه‌نده به درێژایى ئه‌و 34 ساڵه به‌هۆى كێشه و ململانێى ناوخۆییه‌وه هیچ خولێك ماوه‌كه‌ى چوار ساڵ نه‌بووه، دیارترین نموونەش خولی یەکەم بوو کە بەهۆی شەڕی ناوخۆوە زیاتر لە 10 ساڵ بەردەوام بوو، هەروەها خولی پێنجەمیش کە لەلایەن دادگای فیدراڵیی عێراقەوە بڕیاری نادەستووریبوونی درێژکردنەوەی تەمەنی درا.

ڕێگریه‌كان له په‌رله‌مان و په‌رله‌مانتاران
یەکێک لە ڕەشترین و وەرچەرخانەکانی مێژووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە 12ـی تشرینی یەکەمی 2015 دا ڕوویدا، لەو بەروارەدا لە بازگەی پردێ، هێزە ئەمنییەکانی سەر بە پارتى دیمو‌كراتى كوردستان ڕێگەیان نەدا د. یوسف محەمەد، سەرۆکی ئەوکاتی پەرلەمانی کوردستان کە لە فراکسیۆنی گۆڕان ئه‌و پۆسته‌ى وه‌رگرتبوو، بچێتە ناو شاری هەولێری پایتەخت بۆ ئەنجامدانی ئەرکەكانى، ئەم ڕووداوە کە بەهۆی قەیرانی هەمووارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمەوە بوو، بووە هۆی پەکخستنی تەواوی پەرلەمان بۆ ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ.
جگه له‌وه‌ش چەندین جاری دیکە ناكۆكییه‌كانى پارتى و یه‌كێتى و لایه‌نه‌كان ڕێگریی لە بەڕێوەچوونی دانیشتنەکانی پەرلەمان کردووە یاخود لە ڕێگەی هێزەوە، ڕێگریی کراوه بەشێک لە پەرلەمانتاران بچنە ناو باڵەخانەی پەرلەمانەوە، لە نموونەی ئەوەی ڕێگریی بوو لە د. کازم فاروق، کە ئەوکات پەرلەمانتاری فراکسیۆنی نەوەی نوێ بوو.
له‌وباره‌یه‌وه دامه‌زراوه‌ى په‌ى بۆ په‌روه‌رده و گه‌شه‌پێدان ده‌ڵێت " پەرلەمان لە بری ئەوەی ببێتە ماڵی متمانەی خەڵک، كراوەتە شوێنی پەکخستن و ناکۆکی."
ئه‌و دامه‌زراوه‌یه ده‌شڵێت " سێ ساڵ و شەش مانگە، هەرێمی کوردستان بێ پەرلەمانە؛ ئەمە تەنها ژمارەی ڕۆژ نییە، بەڵکو ژمارەی ڕۆژەکانی بێدەنگکردنی دەنگی هاووڵاتیانە".

چاودێری نەماوە
ئێستا له هه‌رێمى كوردستان چاودێرى به‌سه‌ر حكومه‌ت و دامه‌زراوه‌كانه‌وه نه‌ماوه، حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان زیاتر له سێ ساڵه ماوه‌كه‌ى به‌سه‌رچووه و هه‌ڵبژاردنیش كراوه، به‌ڵام په‌رله‌مانێكى كارا نیه تا حكومه‌تى نوێى هه‌رێم ڕابسپێرێت، له‌كاتێكدا ئه‌م دۆخه له هه‌موو كات زیاتر پێویستى به په‌رله‌مانه.
پەرلەمانێكی بێكار و پەككەوتوو بە مووچە و ئیمتیازاتەوە
كورسییەكان هیچ ڕۆڵیان نیە و ئەوانەی چوونە پەرلەمان و سوێندیان خوارد سوێندەكەیان جێبەجێ نەكرد و بەرامبەر هەموو پرسەكان بێدەنگن،مووچەی خۆیان وەردەگرن.
زیاتر لە ساڵ و نیوێكە، بە دیاریكراوی 573 رۆژە هەڵبژاردنی پەرلەمانی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان كراوە، بەڵام پەرلەمان هێشتا لە دۆخی پەككەوتندایە، كاندیدان و حزبەكان بە بەڵێنی بێ كردار وایان كرد خەڵك سندوقەكان بە دەنگەكانی پڕ بكات، بەڵام كورسییەكان هیچ ڕۆڵیان نیە و ئەوانەی چوونە پەرلەمان و سوێندیان خوارد سوێندەكەیان جێبەجێ نەكرد و بەرامبەر هەموو پرسەكان بێدەنگن، مووچەی خۆیان وەردەگرن و ترسیشیان هەیە لەوەی هەڵبژاردن دووبارە بكرێتەوە و مووچە و ئیمتیازاتەكان لەدەست بدەن.

ته‌نها سوێندخواردن
لە 18 مانگی ڕابردوودا، پەرلەمانی كوردستان یەك دانیشتنی ئەنجامداوە، ئەویش لە 2-12-2024 بوو تەنها بۆ سوێندخواردن، بۆ ئەوەی مووچەیان بۆ ببەسترێت و بێبەش نەبن لە ئیمتیازاتەكانیان.
لەوكاتەوە هەر پەرلەمانتارێك مانگانە هەشت ملیۆن و 200 هەزار دیناری تەنها وەك مووچە وەرگرتووە، جگە لەو ئیمتیازاتانەی وەك خانوو و ئۆتۆمبێل پێیان دراوە، ئەمەش لەبەرامبەر هیچ ئەركێكدا، واتە هەر سوێندخواردنەكە 147 ملیۆن دینار لەسەر قوتی خەڵكی هەرێمی كوردستان دراوە بەو پەرلەمانتارانە، لەكاتێكدا ئێستا ئەوان بێكارترین چینی كۆمەڵگەی كوردین.

ئۆپۆزسیۆن بە 30 كورسییەوە بێدەنگە
لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆنی هەرێمی كوردستان، 30 پەرلەمانتاریان هەیە، لە بنەڕەتدا ئەركی ئەوانە دژی ئەم چەقبەستووییە بووەستنەوە و دەنگی ناڕەزایی هەڵبڕن، بەڵام وەك ئەوەی نە بایان دی بێت نە باران، بێدەنگن و هیچ هەڵوێستێكیان نییە، نە ناڕەزایی دەردەبڕن و نە دەست لەكاردەكێشنەوە، نە دەچنە بەردەم پەرلەمان و كۆنگرەیەك ببەستن یاخود لانیكەم خێمەیەك لەبەردەم پەرلەمان هەڵبدەن.
ئەم بێهەڵوێستییەی پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن، بێئومێدی خەڵك بەرامبەر حزبەكانی ئۆپۆزسیۆن و دواتریش پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر دەكەن، لەكاتێكدا هەرێمی كوردستان بە ژمارەیەك قەیراندا تێدەپەڕێت و رۆژ بەدوای ڕۆژ زیاتر لەسەر یەك كەڵەكە دەبن، لەوانەش بێتوانایی حكومەت لە پێدانی مووچە و خزمەتگوزارییەكان، پێكنەهێنانی حكومەتی نوێ، نەبوونی بودجە و دەستور، سەرەڕای ئەوەش جەنگ بەرۆكی ناوچەكەی گرتووەو لە هەر شتێك زیاتر پێویست بوو پەرلەمانێكی كارا و حكومەتێكی نوێ هەبێت تا مامەڵە لەگەڵ ئەم هەموو قەیران و ئاڵۆزییەدا بكات.

پەرلەمانی كوردستان ئێستا حكومەت چۆن هەرێم بەرێوە دەبات؟
لە غیابی پەرلەمانی كوردستان، حكومەتی هەرێم بە شێوەیەكی كاتی و بە پشتگیری یاساكانی پێشووتر هەرێم بەرێوە دەبات و دەسەڵاتی یاسادان زۆر كەمە، بۆیە حكومەت زیاتر پشت بە بڕیارە كۆنەكان، فەرمان و بڕیارەكانی ئەنجومەنی وەزیران دەبەستێت.
هاوكات، پڕۆژە یاسا نوێیەكان ناتوانرێت بە شێوەی ئاسایی پەسەند بكرێن، بۆیە بەرێوەبردن زیاتر دەبێت بە شێوەی بەڕێوەبردنی كارگێڕی (ئیداری) نەك چاكسازی یاسایی.بەگشتی، ئەم دۆخە دەبێتە هۆی سنوورداربوونی چاودێری دیموكراتی و كێشە لە ڕوونی و بەرپرسیارێتی حكومەت، بەڵام بۆ بەردەوامبوونی كارەكان، دامەزراوەكان بە شێوەی نائاراستە و كاتی كار دەكەن.

هەڵبژاردن و پێكهێنانی حكومەت لە هەرێمی كوردستان 1992 – 2026
خولی یەكەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 19/5/1992 بەڕێوەچوو، پاش تێپەڕبوونی (46) ڕۆژ و لە 4/7/1992 كابینەی یەكەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێكهێنرا.
خولی دووەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 30/1/2005 بەڕێوەچوو، پاش تێپەڕبوونی (462) ڕۆژو لە 7/5/2006 كابینەی پێنجەم _یەكگرتنەوە_ حكومەتی هەرێمی كوردستان پێكهێنرا.
خولی سێیەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 29/7/2009 بەڕێوەچوو، پاش تێپەڕبوونی (95) ڕۆژو لە 28/10/2009 كابینەی شەشەم و دوای دوو ساڵ كابینەی حەوتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێكهێنرا.
خولی چوارەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 21/9/2013 بەڕێوەچوو، پاش تێپەڕبوونی (270) ڕۆژو لە 18/6/2014 كابینەی هەشتەمی بنكە فراوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێكهێنرا.
خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 30/9/2018 بەڕێوەچوو، پاش تێپەڕبوونی (282) ڕۆژو لە 10/7/2019 كابینەی نۆیەمی سێ قۆڵی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێكهێنرا.
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان لە (20/10/2024) لەسەر ئاستی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو، تا ئێستا كە ساڵیك و زیاتر لە شەش مانگ تێپەڕیوە، ئاسۆیەكی ڕوون نییە بۆ پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و سیناریۆی جیاواز لە ئارادایە.

-
یه‌كگرتوو داوا له به‌ریتانیا ده‌كات ناوبژیوانى پارتى و یه‌كێتى بكات
|
-
چین، ئێران و سعودیه پێشه‌نگن؛ له‌سێداره‌دان له‌سه‌ر ئاستى جیهان 78% زیادیكردووه
|
-
په‌رله‌مانى كوردستان؛ ئه‌و دامه‌زراوه‌یه‌ى دواى 34 ساڵ له‌برى زیاتر چالاككردنى په‌كخراوه
|
-
نه بینیومانه و نه له به‌رنامه‌شدایه؛ ئیلهام ئه‌حمه‌د له‌باره‌ى بینینى ئۆجه‌لان ڕوونكردنه‌وه ده‌دات
|
-
ئەمریكا جارێكی تر نوێترین پێشنیازی ئێرانی ڕەتكردەوە؛ ترەمپ: هێرشەكەمان ڕاگرت
|
-
ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ى یه‌كگرتوو له‌نێوان ده‌ستخۆشى پارتى و گومانى یه‌كێتیدا
|
-
ئێران په‌ته‌كه له ملى خۆى توندتر ده‌كات؛ دەستپێکردنەوەی جه‌نگ له‌به‌رده‌رگایه
|
-
بنكه‌ى نهێنى و دزه‌كردنى ئه‌منیی؛ له‌ناوخۆی عێراق چى ڕووده‌دات؟
|
-
ئه‌ردۆغان: خوازیارین له‌م ده‌ستوره ڕزگارمان بێت؛ باکرهان: ته‌نها كورد هه‌نگاوى ناوه
|
|
|
|