5 کاتژمێر پێش ئێستا
190 جار خوێنراوەتەوە
ئهردۆغان: خوازیارین لهم دهستوره ڕزگارمان بێت؛ باکرهان: تهنها كورد ههنگاوى ناوه
ناوەندی هەواڵ
هاوسەرۆکی پارتی دەم ڕەخنە لە بێدەنگیی دەسەڵات دەگرێت و داوای ئازادکردنی زیندانییە سیاسییەکان و لابردنی قەیوومەکان دەکات بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی. سهرۆك كۆمارى توركیاش دهڵێت " "بە زاڵبوون بەسەر کۆسپەکاندا، دەگەین بە ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر".
تهنها كورد ههنگاوى ناوه
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی دەم لە میانی بەشداریکردنی لە ڕێپێوانی "لەپێناو ئاشتی هەنگاو بنێ" لە ئەنقەرە ڕایگەیاند، لەو پرۆسەی ئاشتییەی کە لە کۆتایی 2024ـەوە دەستیپێکردووە، تەنیا لەلایەن کوردەوە هەنگاو نراوە.
باکرهان ڕەخنەی لە دەسەڵات و دەوڵەتی توركیا گرت کە تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێکی کردەییان نەناوە و جەختی کردەوە کە ئاشتی بە هەنگاوی یەکلایەنە سەرناگرێت.

سیاسییهكانى كورد هێشتا له زیندانن
هاوسەرۆکی پارتی دەم ئاماژەی بەوە کرد، لە کاتێکدا لە ڕاپۆرتەکەی پەرلەماندا باس لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا و دادگای دەستووریی تورکیا دەکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا سیاسییەکانی کورد وەک دەمیرتاش، یوکسەکداغ، نازمی گویلەر و لەیلا گویڤەن لە زینداندان. باکرهان پرسیاری ئەوەی کرد بۆچی سەرەڕای ئاماژەدان بە لابردنی قەیوومەکان لە ڕاپۆرتەکەدا، هێشتا ئەو بڕیارە جێبەجێ نەکراوە.

دۆخى ئۆجهلان
باکرهان جەختی لەوە کردەوە کە ئاشتی پێویستی بە بوێری و دڵسۆزی هەیە و کاتی ئەوە هاتووە دۆخی عەبدوڵڵا ئۆجەلان باشبکرێت. وتیشى " تێناگەین دەسەڵات بۆچی کات بەفیڕۆ دەدات و چاوەڕێی چییە بۆ دەستپێکردنی هەنگاوەکان، چونکە ئاشتی ڕاستەقینە ئەوەیە کە کورد بتوانێت بە زمان و ناسنامەی خۆیەوە بژی".
دهنگى خهڵك ببیستن بۆ ئهوهى خوێن نهرژێت
لە درێژەی وتارەکەیدا، باکرهان داوای کرد دەسەڵات و پەرلەمان دەنگی خەڵک ببیستن بۆ ئەوەی جارێکی دیکە خوێن نەڕژێت. ئاماژەی بەوەش کرد دەبێت کۆتایی بە زیندانیکردنی سیاسییەکان بهێنرێت و سەرۆکی شارەوانییەکان بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان، چونکە مانەوەی یەک سیاسی لە زیندان یان یەک قەیووم لە شارەوانییەکان، خزمەت بە پرۆسەی ئاشتی و داهاتووی وڵات ناکات.
ئهردۆغان:به زاڵبوون بهسهر كۆسپهكاندا دهگهین به توركیاى بێ تیرۆر
لهلایهن خۆیهوه، ڕهجهب تهیب ئهردۆغان سهرۆك كۆمارى توركیا ڕایگهیاند:"بە زاڵبوون بەسەر کۆسپەکاندا، دەگەین بە ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر". جەختی لەوەش کردەوە "خوازیارین لەو دەستوورە کە بەرهەمی کودهتایە ڕزگاریان بێت و دەستوورێکی نوێی فڕەڕەهەند، ئازادیخوازانە و سڤیل بونیاد بنێین".
ئهم وتانهى ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سهرۆك كۆمارى توركیا، دوای بەشداریکردن بوو لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای هاریکاریی ستراتیجی تورکیا-کازاخستان و لووتکەی ڕێکخراوی دەوڵەتانی تورک (TDT)، لە کاتی گەڕانەوەیدا لەناو فڕۆکە قسەی بۆ میدیاکاران کرد.
ئەردۆغان وتی:"بە زاڵبوون بەسەر کۆسپەکاندا، دەگەین بە ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر، وەک هاوپەیمانی بە یەکێتی و پابەندبوون بەو ڕێکارانەی کە گەلەکەمان دیاریکردووە، جێبەجێی دەکەین".
ئەردۆغان لەبارەی هەوڵەکان بۆ بونیادنانی دەستووری نوێی تورکیا قسەی کرد و وتی: "خوازیارین لەو دەستوورە کە بەرهەمی کودهتایە ڕزگارمان بێت و دەستوورێکی نوێی فڕەڕەهەند، ئازادیخوازانە و سڤیل بونیاد بنێین. سیاسەت پێویستە گوێ لە خواستی گەل بگرێت".

"نهخشه ڕێگاكه بخرێته بوارى جێبهجێكردنهوه"
پێشتر ئەردۆغان له لێدوانێكدا باسى لهوهكردبوو، لیژنە پەرلەمانییەکەی پرۆسەی ئاشتی لەسەر بنەمای سازان نەخشەڕێگەیەکی نووسیوەتەوە و بەپێویستی دەزانێت، لەڕێگەی "بۆچوونێکی بونیادنەر و چارەسەرخوازانە"، نەخشەڕێگەکە بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
"کەسانێک بە پرۆسەکە نائاسوودە دەبن"
جەختی لەسەر گرنگیی هەستی بەرپرسیارێتییش کردووەتەوە و هەروەها وتوویەتی: "وەک چۆن کەسانێک هەن هەر لە ڕۆژی یەکەمەوە نزا بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە دەکەن و هەوڵی بۆ دەدەن، بەهەمان شێوە کەسانێکیش هەن بەمە نائاسوودە دەبن". سەرۆک کۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرەڕای هەموو دەنگە دژەکان پرۆسەکە تاوەکو ئەمڕۆ، لەگەڵ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگاری و بەربەستە سروشتییەکاندا، "بەرەو پێشچوونی بەخۆوە بینیوە".

پرۆسەکە چۆن دەستیپێکرد؟
پرۆسەی چارەسەری پرسی كورد كە دەسەڵاتدارانی توركیا بە "پرۆسەی توركیای بێ تیرۆر ناوی دەبەن"، رۆژی یەكی تشرینی یەكەمی 2024 بە بانگەوازێكی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە بۆ عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانكراوی پەكەكە دەستیپێكرد.
دواتر لە 27ی شوباتی 2025، ئۆجەلان داوای لە پەكەكە كرد چەك دابنێ و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە. رۆژی 12ی ئایاری 2025، پەكەكە بڕیاری كۆتاییهێنان بە خەباتی چەكداری دا و خۆی هەڵوەشاندەوە.
پاشان كۆمیسیۆنی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموكراسی لە پەرلەمانی توركیا پێكهێنرا و لە پێنجی ئابی 2025 دەستی بە كارەكانی كرد. ئەو كۆمیسیۆنە رۆژی 18-02-2026 راپۆرتی هاوبەشی فراكسیۆنەكانی پەسەند كرد، بەڵام هێشتا ڕاپۆرتەكە نەبراوەتە پەرلەمانی توركیا تا دەنگی لەسەر بدرێت، ئەمەش ناڕەزایەتی سەركردایەتی دەم پارتی و پەكەكەی لێكەوتووەتەوە.
-
ئهردۆغان: خوازیارین لهم دهستوره ڕزگارمان بێت؛ باکرهان: تهنها كورد ههنگاوى ناوه
|
-
قهسرى شیرین و سایكس بیكۆ؛ یهكهم و دووهم دابهشكارى خاكى كوردستان
|
-
فشاری ئەمریکا و ئێران لە یەککاتدا؛ چوارچێوه چۆن له دوو كاتژمێردا بوو بە دوو لەتەوە؟
|
-
محەمەد باقر سەعدی کێیە و ئەمریکا بۆ دەستگیری کرد؟
|
-
ترەمپ چی دەوێت؟؛ لێدوانەكانی سەریان لە كورد شێواندووە
|
-
براكەی: شێروان شێروانی بەهۆی مانگرتنەوە تەندروستی تێكچووە بەڵام ورەی بەرزە
|
-
ڕۆیتەرز: سعودیە لە مانگی ئاداردا هێرشی كردووەتە سەر ئێران
|
-
ناكۆكی لەسەر پۆستەكانی چی بەسەرهات؟؛ پێنجشەممە دەنگ لەسەر كابینەكەی عەلی زەیدی دەدرێت
|
-
توێژینەوەیەک: ژمارەی دانیشتوانی زەویی لە توانای بەرگەگرتنی زیاترە
|
|
|
|