9   کاتژمێر پێش ئێستا 123 جار خوێنراوەتەوە

٤٨ ڕۆژ بێ مووچەیی؛ هاووڵاتی لە سەرەی "هەژماری من" و بەرپرسان لە بازنەی بێباکیدا

"بازاڕی سست و ژیانی ڕەفاهیی بەرپرسان؛ چۆن ململانێی بەغداد و هەولێر قووتی مووچەخۆرانی قووتدا؟

لەکاتێکدا فەرمانبەران و مووچەخۆران لە سلێمانی و شارەکانی تر، لە سەرەی درێژدا وەستاون بۆ وەرگرتنی کارتی "هەژماری من"، نائومێدییەکی گەورە باڵی بەسەر بازاڕدا کێشاوە؛ چونکە کاتژمێری بژێویی ئەوان ٤٨ ڕۆژە لە لێدان کەوتووە و هیچ دەنگوباسێک لە مووچە نییە.

دواین نائومێدیش ئێوارەی شەممە (١١ی تەمموز) بوو، کاتێک کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی کۆتاییهات، بێ ئەوەی تەنانەت باسی مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی هەرێم بکرێت؛ ئەمەش بەهۆی ئەوەی هەرێم بڕی ١٢٠ ملیار دیناری داهاتی ناوخۆی ڕادەستی بەغداد نەکردووە.

پاساوی داهات و یاریی میدیایی

حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆکاری نەناردنی پارەکەی بۆ جێبەجێکردنی سیستەمی "ئەسیکۆدا" دەگەڕێنێتەوە، کە گوایە بووەتە هۆی دابەزینی بەرچاوی داهاتی نانەوتی. پەرلەمانتارانی پارتی و بەشێک لە لایەنەکان دەڵێن بەغداد لەم کەمبوونەوەیە تێدەگات و ئاسانکاری دەکات، بەڵام وا ٤٨ ڕۆژە هاووڵاتیان تەنیا بەڵێنی "ئەم هەفتە و ئەو هەفتە" دەبیستن.

میدیای  پارتی ڕایگەیاندووە کە هەرێم ٦٠ ملیار دینار داهاتی ناوخۆی ئامادە کردووە تا بخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق، کاتێک بەغداد بڕیاری فەرمی بدات. ئەمە لەکاتێکدایە پێشتر حکومەتی هەرێم دانی بەوەدا نابوو کە داهاتی ناوخۆ مانگانە پتر لە ٣٠٠ ملیار دینارە، بەڵام ئێستا دەڵێت ٧٠٪ی دابەزیوە.

ئەم گۆڕانکارییە لە کاتێکدایە کە لە کابینەی پێشووی عێراقدا بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی، ڕێککەوتن کرابوو مانگانە ١٢٠ ملیار دینار داهاتی ناوخۆ بدرێتە بەغداد.

بەپێی زانیارییەکانی "ئیرادە میدیا"، حکومەتی عێراق سوورە لەسەر وەرگرتنی تەواوی ١٢٠ ملیارەکە، ئەگەرنا لە پشکی مووچەی دەبڕێت. لە بەرامبەردا، حکومەتی هەرێم تا ئێستا ڕێگەی نەداوە بەغداد بەو مەرجە پارەکە بنێرێت، بەو پاساوەی تووشی کورتهێنان دەبێت.

ململانێی پشت پەردە و فشارە سیاسییەکان

هاوشانی قەیرانە داراییەکە، ململانێیەکی سیاسیی قورستریش لە پشت پەردەوە هەیە. لە کۆبوونەوەی حەوتی ئەم مانگەی نێوان فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق و لیژنەی دارایی پەرلەماندا، وەزیرەکە ئاشکرای کردووە کە فشارێکی سیاسیی توندی لەسەرە بۆ نەناردنی مووچەی کوردستان.

یەکێک لە سەرچاوەی فشارەکان عەدنان فەیحان، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراقە، کە بە نووسراوێکی فەرمی داوای کردووە پێش ناردنی مووچە، دەبێت پاکتاوی دارایی سێ ساڵی ڕابردوو بکرێت، بەو پاساوەی هەرێم زیاتر لە پشکی خۆی پارەی بردووە.لەگەڵ ئەوەشدا، گوتاری پەرلەمانتارانی کورد هاودژە؛ دیلان غەفوور (ئەندامی لیژنەی دارایی) دەڵێت وەزیر دڵنیایی داوە مووچەی ئەم مانگە خەرج دەکرێت بەڵام بۆ مانگەکانی داهاتوو دەبێت یاساکە بگۆڕدرێت. هاوکات سروە محەمەد ئاماژە بەوە دەکات کە تا کاتی دەرچوونی یاسای بودجەی ٢٠٢٧ هیچ کێشەیەکی بنەڕەتی دروست نابێت. ئەمە جگە لەوەی سەرەتای ئەم مانگە وەفدێکی تەکنیکیی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق بۆ ماوەی هەفتەیەک لە هەولێر بوون بۆ پشکنینی "میزان موراجەعە"ی وەزارەتەکان.

ژیانی ڕەفاهیی بەرپرسان و ناڵەی مووچەخۆران

لەم نێوەندەدا، بازاڕ بە تەواوی سست بووە و مووچەخۆر پێویستی بە پارەیە بۆ پڕکردنەوەی پێویستییەکانی. ئەو بەرپرس و پەرلەمانتارانەی ڕۆژانە لێدوانی دژ بەیەک دەدەن، خۆیان لە ژیانێکی پڕ لە ڕەفاهییەتدان؛ بەشێکیان مووچەیان لەسەر بەغدادە و بەشەکەی تریشیان لە هەرێم مووچەی بەرز وەردەگرن و لە دۆخی ڕاستەقینەی خەڵک ناگەن.

مێژووی ١١ ساڵی ڕابردووی مووچە (٢٠١٥ - ٢٠٢٥) کە دەکاتە ١٣٢ مانگ، گەواهیدەری ئەو ستەمەیە کە لەم چینە کراوە

به‌پێى ئه‌و داتایانه‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بڵاویكردوونه‌ته‌وه‌ و به‌پێى به‌دواداچوونه‌كانیش، لەماوەی 11 ساڵی رابردوودا ( 2015 – 2025) كە دەكاتە (132) مانگ (70) موچە خەرجكراوە، (18) موچە بەتەواوی خەرجنەكراوە، (44) موچەش بە چارەكە موچەو لێبڕینەوە خەرجكراوە.

لەكابینەی نۆیەمدا لە (2019 – 2025) حكومەتی هەرێم (13) موچەی تەواوەتی نەداوە كە (3) موچەی هی كابینەی پێشووەو (10)موچەی هی كابینەی نۆیەمە، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ لە راپۆرتی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان دەڵێت 10 موچەی تەواوەتی نەدراوە.

 

  • ئه‌ردۆغان ده‌یه‌وێت سیستمى سه‌رۆكایه‌تى له‌ ده‌ستوورى نوێى توركیا بگۆڕێت

  • له‌ هه‌ر 23 كه‌س له‌ هه‌رێمى كوردستان؛ كه‌سێكیان سه‌ربازیی یان ئه‌منییه‌

  • ٤٨ ڕۆژ بێ مووچەیی؛ هاووڵاتی لە سەرەی "هەژماری من" و بەرپرسان لە بازنەی بێباکیدا

  • پاساوی شەڕ سووتێنرا، بەڵام ئاشتی نەهات؛ پرۆسەی دیموکراسی لە نێوان جاسەنە و ئەنقەرەدا

  • کوردستان بێ ناوچەی پارێزراوە؛ 21 جۆر زیندەوەر قڕ بوون و پڵنگ و ورچ لە لێواری لەناوچووندان

  • تڕەمپ هەڕەشەی خاپوورکردنی ئێران دەکات و خامنەیی کوڕیش بەڵێنی تۆڵە دەدات

  • یازدەی تەممووز و هێڵی سووری پەکەکە؛ بۆچی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا چەقی بەستووە؟

  • ئێف 35 بۆ تورکیا؛ ترسی نەتەنیاهۆ و هەوڵی واشنتن بۆ ڕاگرتنی باڵانسی هێز

  • ڕاپۆرتێكى ئه‌مریكى پشت په‌رده‌ى به‌ ئامانجگرتنى خوێندنگاکەى میناب له‌ ئێران ئاشكرا ده‌كات

سەرەکی