7   کاتژمێر پێش ئێستا 62 جار خوێنراوەتەوە

مەرجەکان بۆ ڕێڕەوی نوێ لە گەرووی هورمز؛ ئێران دەستوەردانی دەرەکی ڕەتدەکاتەوە و ئەمریکاش گەمارۆکانی چڕتر دەکاتەوە

لە کاتێکدا جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایدەگەیەنێت دیاریکردنی ڕێڕەوی نوێی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز رێکارێکی کاتییە و دەستوەردانی دەرەکی تێدا قبوڵ ناکرێت، دانوستانەکانی تاران و مەسقەت بۆ ڕێککەوتنی کۆتایی بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینیوە؛ هاوکات ئەمریکا بەردەوامیی گەمارۆ دەریاییەکانی بەسەر تاراندا ڕادەگەیەنێت.

کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری یاسایی و نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، تاران بە هیچ شێوەیەک دەستوەردانی دەرەکی لە بەڕێوەبردنی گەرووی هورمزدا قبوڵ ناکات و هەر ڕێککەوتنێک لەم بارەیەوە تەنیا لە نێوان ئێران و سوڵتاننشینی عوماندا دەبێت.

 ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە ڕێڕەوی نوێی کەشتیوانی ڕێکارێکی کاتییە و ڕەنگە بۆ ماوەی دوو بۆ چوار مانگ یان زیاتریش بمێنێتەوە، بەپێی ئەم پلانەش کەشتییەکان لە کاتی هاتنە ژوورەوەیاندا بە ئاوەکانی ئێراندا تێدەپەڕن. غەریب ئابادی جەختیشی کردەوە کە سەپاندنی هەر کرێ و باجێک لەسەر کەشتییەکان بەندە بە بڕیاری بەرپرسانی باڵا و ڕەفتاری ئەمریکاوە، بەڵام ئاشکرای کرد پەیامێکیان لە واشنتنەوە پێگەیشتووە کە ئاماژە بە ئامادەییان دەکات بۆ گەڕانەوە بۆ پابەندییەکانیان.

لە بەرامبەردا، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند کە بەردەوامن لە سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بەسەر ئێراندا و تاوەکو ئێستا ئاڕاستەی ٤٨ کەشتیی بازرگانییان گۆڕیوە و چەندین کەشتییان پشکنیوە یان لەکارخستووە.

 لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە بەشێک لە سزا پەیوەندیدارەکانی سەر سوپای پاسدارانی ئێران، بەتایبەت سزا لەسەر سێ قەوارەی پەیوەندیدار بەو دامەزراوەیە هێنراونەتە خوارەوە و هۆشداریی نەرێنییان لەسەر لابراوە.

سەبارەت بە پەیوەندییە هەرێمییەکان، سەرچاوە ئێرانییەکان ئەوەیان ڕەتکردەوە کە وەزیری دەرەوە یان سەرۆکی پەرلەمان سەردانی پاكستان یان قەتەر بکن لەم هەفتەیەدا، ئەگەرچی داوەتنامەی فەرمییان پێگەیشتووە و ئەو وڵاتانەش لە هەوڵەکانیان بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان بەردەوامن.

لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی باڵای ئێرانی و بەرپرسانی ناوچەکەوە بڵاوی کردەوە، دەیان کێشە و وردەکاریی گرنگ هەڵپەسێردراون؛ هەرچەندە پێشنیازی ڕێککەوتنەکە دەسەڵاتی کۆنترۆڵکردنی ئەو کەشتییانە دەداتە ئێران کە دەچنە ناو کەنداوەوە، بەڵام دەربارەی ئەو کەشتییانەی لە کەنداو دەرچوون، ناکۆکیی قووڵ هەیە. سەرچاوە ناوچەیییەکان جەخت دەکەنەوە کە وڵاتانی ناوچەکە داوا دەکەن پشکنینی کەشتییەکان بە سه‌رپه‌رشتیی وڵاتانی ناوچەکە بێت و پێدانی هەر باجێکیش بە شێوەی خۆبەخشانە بێت.

لە کۆتاییدا، دیپلۆماتکارانی ئێران ئاماژە بەوە دەکەن داخستنی گەرووی هورمز دەرئەنجامی دەستدرێژییە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بووە، بۆیە تەنیا لێکتێگەیشتنی ئێران و عومان ناکرێت ببێتە هۆی دڵنیابوونەوە لە ئاسایشی تەواوەتیی گەرووەکە تا ئەو کاتەی هەڕەشە و گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکا بە تەواوەتی کۆتاییان دێت.

لەلایەن خۆشیەوە، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، ئەمڕۆ جەختی کردەوە، دانوستانەکان لەگەڵ ئێران ئاڵۆزەو کاتیان دەوێت، ئاماژەی بەوەشدا، ویلایەتە یەكگرتووەكان سەرجەم ئامرازە سەربازی و ئابوری و دیپلۆماسییەکان بەکار دەهێنێت بۆ گەیشتن بە چارەسەر لەگەڵ تاران.

ڤانس لە لێدوانێکدای رۆژنامەوانیدا وتی، ئێرانییەکان لایەنێکی زۆر سەختن لە دانوستاندا، دووچاری دابەشبوونيش بوون لە نێوان ئەوانەی دەیانەوێت کۆتایی بە جەنگ بهێنن و ئەوانەی هەوڵی بەردەوامبوونی دەدەن.

جێگری سەرۆکی ئەمریکا، راشیگەیاند، ئەمریکاهێشتا لە ناوەڕاستی رێگاکەدایە، بەڵام لە پێگەیەکی بەهێزتردا دێتە دەرەوە، نرخەکانی وزە دادەبەزن و ئێرانيش نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی جەختیشی کردەوە لەسەر نەبوونی هیچ جۆرە ناكۆكییەك لەگەڵ سەرۆک دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە ئێران و وتى، ئیدارەی ئەمریکا یەکگرتووە لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی سەرۆکدا.

  • جه‌نگى ئێران گرانترینه‌؛ به‌راوردكاریی تێچووی جه‌نگه‌كانی ئه‌مریكا لە مێژوودا

  • محەمەد سەمعان ماددەی ١٤٠ ڕەت دەکاتەوە و پارتیش سەفقەی "هۆتێل ڕەشید" بەبیر دەهێنێتەوە

  • له‌ دەقی ڕێککەوتنەوە تا کێشەی لۆجیستی؛ دواخستنی دەستپێکردنی کاروانی گەڕانەوەی ٦٤٨ خێزانی سەرێکانی

  • دەستپێکی پرۆسەیەکی مێژوویی؛ دەم پارتی و ئەردۆغان پێشوازی لە ڕەشنووسی یاسای چوارچێوە دەکەن و ڕۆژی هەینی تاوتوێ دەکرێت

  • مەرجەکان بۆ ڕێڕەوی نوێ لە گەرووی هورمز؛ ئێران دەستوەردانی دەرەکی ڕەتدەکاتەوە و ئەمریکاش گەمارۆکانی چڕتر دەکاتەوە

  • بۆچى پلانى ڕاكێشانى كورد بۆ شه‌ڕى ئێران له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه‌ پێش ده‌ستپێكردنى شكستیهێنا؟

  • دواى كۆبوونه‌وه‌ى عه‌بدى و شه‌رع؛ ناكۆكیه‌كانى نێوان ئیداره‌ى ڕۆژئاواى كوردستان و حكومه‌تى سوریا چاره‌سه‌ر كراون؟

  • پرۆژەیاسای چوارچێوە دەبرێتە پەرلەمانی تورکیا؛ ڕۆژی هەینی قۆناغێکی هەستیاری پرۆسەی ئاشتی دەستپێدەکات

  • ڕێگەی گەشەپێدان؛ ڕووباری سێیەمی عێراق لە كەنداوەوە بۆ توركیا درێژ دەبێتەوە

سەرەکی