7 کاتژمێر پێش ئێستا
363 جار خوێنراوەتەوە
دەستپێکی پرۆسەیەکی مێژوویی؛ دەم پارتی و ئەردۆغان پێشوازی لە ڕەشنووسی یاسای چوارچێوە دەکەن و ڕۆژی هەینی تاوتوێ دەکرێت
لە مەرجەکانی چەکداماڵینەوە تا لێخۆشبوونی کاتی؛ نەخشەڕێی یاسای چوارچێوە بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ لە تورکیا
دوای دوو ساڵ لە دانوستانی چڕ، هاوسەرۆکانی دەم پارتی ڕەشنووسی «یاسای چوارچێوە»یان ڕادەستی پەرلەمانی تورکیا کرد کە وردەکاریی چەکداماڵینی پەکەکە و دواخستنی دادگایی دەستنیشان دەکات؛ لە کاتێکدا ئەردۆغان پشتیوانیی خۆی ڕاگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت ڕۆژی هەینی پەرلەمان یەکەم دانیشتن لەسەر ڕەشنووسەکە ئەنجام بدات.
ڕۆژی چوارشەممە (٥ی ئابی ٢٠٢٦)، حاتیمۆغولاریی و تونجەر باقرخان هاوسەرۆکانی دەم پارتی ڕەشنووسی پرۆژەیاسای «چوارچێوە»یان فەرمی پێشکەشی پەرلەمانی تورکیا کرد. هاوسەرۆکانی دەم پارتی ئاماژەیان بەوە کرد کە دوای دانوستانی دوو ساڵەیی و لە دوای بانگەوازەکەی عەبدوڵا ئۆجالان، ئەم یاسایە دەرگایەکی نوێ بە ڕووی سیاسەت و ئاشتیی کۆمەڵایەتیدا دەکاتەوە و دەرفەتێکی گرنگە بۆ ٨٦ ملیۆن هاووڵاتی، بۆیە داوایان لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان کرد پشتیوانی لە تێپەڕاندنی بکەن.

دەقی ڕەشنووسی پرۆژەیاساکە چەندین خاڵی ئەمنی و دادوەریی جەوهەریی لەخۆگرتووە کە ئایندەی پرۆسەکە دیاری دەکەن:
چەکداماڵین: کۆتاییهاتنی بەکردەوەی پێکهاتەکانی پەکەکە و پرۆسەی چەکداماڵینیان لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەکانەوە جێبەجێ دەکرێت و پێویستە لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانییەوە پشتڕاست بێتەوە.
مەودای یاساکە: یاساکە ئەو تاوانانە دەگرێتەوە کە پەیوەندیدارن بە پەکەکە/کەجەکە و دابینکردنی دارایی تیرۆر؛ بەڵام تاوانی کوشتنی بەئەنقەست و ئەو سزایە قورسانەی پێش ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٥ دەرچوون، لەم چوارچێوەیە بەدەر کراون.
دواخستنی دادگایی و سزاکان: لێکۆڵینەوە، دادگایی، و جێبەجێکردنی سزای زیندانیکردن بۆ ماوەی ٥ بۆ ۱۰ ساڵ (بەپێی قورسایی تاوانەکە) دوا دەخرێت. ئەگەر لەو ماوەیەدا کەسەکە تاوانی دیکە ئەنجام نەدات، کەیسەکە بە تەواوەتی دادەخرێت.
چاودێری و جێبەجێکردن: لیژنەیەک بە سەرۆکایەتیی جێگری سەرۆک کۆمار و بە ئەندامێتیی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و دەزگای هەواڵگری نیشتمانی تورکیا (میت) کارگێڕیی پرۆسەکە دەکات، هاوکات کۆمسیۆنێکی پەرلەمانی لە ١٧ ئەندام بۆ چاودێری پێکدەهێنرێت.
ماوەی داواکاری: تەنها ٦ مانگ لە دوای بڵاوبوونەوەی بڕیارەکە لە ڕۆژنامەی فەرمیدا مۆڵەت دەدرێت تا داواکاریی نووسراو بۆ سوودمەندبوون لە یاساکە پێشکەش بکرێت.

لە لایەکی دیکەوە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند کە ڕەشنووسی یاسای بەهێزکردنی هاودەنگیی نیشتمانی دوای ڕاوێژێکی فراوان بە ئەنجام گەیشتووە و پێشکەشی پەرلەمان کراوە.
ئەردۆغان ئاواتی خواست ئەم هەنگاوە وڵاتەکەیان بە یەکجاری لە هەڕەشەی تیرۆر ڕزگار بکات و سەرجەم ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا کۆتایی پێبهێنێت؛ هاوکات سوپاسی ئەندامانی پەرلەمان و بەتایبەت دەولەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپەی کرد بۆ ڕۆڵی کارایان لە رێکخستن و سەرخستنی تەواوی پرۆسەکەدا.
چاوەڕوان دەکرێت ڕۆژی هەینی ٧ی ئاب، پەرلەمانی تورکیا یەکەم دانیشتنی تایبەت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بڕگەکانی ڕەشنووسەکە ڕێکبخات.
-
جهنگى ئێران گرانترینه؛ بهراوردكاریی تێچووی جهنگهكانی ئهمریكا لە مێژوودا
|
-
محەمەد سەمعان ماددەی ١٤٠ ڕەت دەکاتەوە و پارتیش سەفقەی "هۆتێل ڕەشید" بەبیر دەهێنێتەوە
|
-
له دەقی ڕێککەوتنەوە تا کێشەی لۆجیستی؛ دواخستنی دەستپێکردنی کاروانی گەڕانەوەی ٦٤٨ خێزانی سەرێکانی
|
-
دەستپێکی پرۆسەیەکی مێژوویی؛ دەم پارتی و ئەردۆغان پێشوازی لە ڕەشنووسی یاسای چوارچێوە دەکەن و ڕۆژی هەینی تاوتوێ دەکرێت
|
-
مەرجەکان بۆ ڕێڕەوی نوێ لە گەرووی هورمز؛ ئێران دەستوەردانی دەرەکی ڕەتدەکاتەوە و ئەمریکاش گەمارۆکانی چڕتر دەکاتەوە
|
-
بۆچى پلانى ڕاكێشانى كورد بۆ شهڕى ئێران لهلایهن ئیسرائیلهوه پێش دهستپێكردنى شكستیهێنا؟
|
-
دواى كۆبوونهوهى عهبدى و شهرع؛ ناكۆكیهكانى نێوان ئیدارهى ڕۆژئاواى كوردستان و حكومهتى سوریا چارهسهر كراون؟
|
-
پرۆژەیاسای چوارچێوە دەبرێتە پەرلەمانی تورکیا؛ ڕۆژی هەینی قۆناغێکی هەستیاری پرۆسەی ئاشتی دەستپێدەکات
|
-
ڕێگەی گەشەپێدان؛ ڕووباری سێیەمی عێراق لە كەنداوەوە بۆ توركیا درێژ دەبێتەوە
|
|
|
|