4   کاتژمێر پێش ئێستا 129 جار خوێنراوەتەوە

محەمەد سەمعان ماددەی ١٤٠ ڕەت دەکاتەوە و پارتیش سەفقەی "هۆتێل ڕەشید" بەبیر دەهێنێتەوە

سوڕانەوە لە بازنەیەکی بەتاڵدا؛ ماددەی ١٤٠ دوای ١٩ ساڵ کەرکووک دەگەڕێنێتەوە خاڵی سەرهەڵدانەوەی ململانێکان

لە کاتێکدا محەمەد سەمعان ئاغا، پارێزگاری کەرکووک جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ بە «گەورەترین هەڵەی ستراتیژی» ناو دەبات، داوای ئاڵوگۆڕی پۆستەکان دەکات، پارتی دیموکراتی کوردستان دوای دوو ساڵ شکاندنی بایکۆت و گەڕانەوەی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگا، قسەکانی پارێزگاری بە هێڵی سوور و بێبەهاکردنی دەستوور لەقەڵەم دا.دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێمیش دەڵێت "ماددەی 140 تاقە نەخشەرێگەی هاوسەنگە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ناسنامەی ناوچە کوردستانییەکان".

لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی (عێراقیە)، محەمەد سەمعان ئاغا، پارێزگاری کەرکووک ڕایگەیاند، شاری کەرکووک پێویستی بە فۆرمولەیەکی تایبەتی حوکمڕانی هەیە لەسەر بنەمای هاوسەنگی و دابەشکردنی پۆستەکان بە ڕێژەی ٣٢٪، هاوکات پێشنیازی کرد پۆستی پارێزگار دوو تا سێ ساڵ جارێک لەنێوان پێکهاتەکاندا ئاڵوگۆڕ بکرێت.

ناوبراو مامەڵەکردنی دوای ساڵی ٢٠٠٣ لەگەڵ دۆسیەی ماددەی ١٤٠ی بە «گەورەترین هەڵەی ستراتیژی» ناوبرد و جەختی کردەوە بەربژێرکردنی بە دەنگی ١٢ ئەندامی ئەنجوومەن (لە کۆی ١٤ ئەندامی بەشداربوو) تەنیا بڕیارێکی عێراقی بووە و هیچ کەسایەتییەکی تورکی دەنکی پێ نەداوە.

کاردانەوەی پارتی توند بوو بەڵام یەکێتی کە بەپێی رێککەوتنێک پۆستەکەی داوە بە محەمەد سەمعان بێدەنگە، مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان وەڵامی پارێزگاری دایەوە و ئاماژەی بەوە کرد قسەکردن لەسەر نەمانی ماددەی ١٤٠ بە مانای بێبەهاکردنی دەستوور و بەتاڵکردنەوەی عێراق دێت لە مانای دەوڵەتبوون. پارتی ڕایگەیاند گەیشتنی محەمەد سەمعان بەو پۆستە ئەنجامی «سەفقەیەکی گوماناوی» هۆتێل ڕەشید بووە. ئەوەش لە کاتێکدایە پێشتر فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، هۆشداری دا کە پرسی خاک و دەستکەوتە دەستوورییەکان پێویستی بە یەکگرتوویی ناوماڵی کوردە و بەغدا نابێت ماددەی ١٤٠ نادیدە بگرێت.

هاوکات لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییە سیاسییانەدا، دوای دوو ساڵ لە بایکۆتکردنی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، کۆتایی تەموزی ئەمساڵ، فراکسیۆنی پارتی بڕیاری بەشدارییدانی دا. حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ڕایگەیاند، گەڕانەوەیان لەسەر دوو پایەی سەرەکی بووە، وەڵامدانەوەی داوای جەماوەرەکەیان و هەستکردن بە بەرپرسیارێتیی سیاسی بەرامبەر داواکاریی لایەنەکان.

کۆتاییهاتنی بایکۆتی پارتی دوای ئەوە دێت کە پێشتر لە ئابی ٢٠٢٤، لە هۆتێل ڕەشیدی بەغدا، بە ئامادەبوونی ٩ ئەندام لە کوتلەکانی یەکێتی، قیادە، عرووبە و کۆتای کریستیان، حکومەتی خۆجێی پێکهێنرا و پۆستی پارێزگار بە دوو ساڵ بە دوو ساڵ دیاری کرا.

ئەم ناکۆکی و بەپێشهاتە سیاسییانە لە کاتێکدان کە ماددەی ١٤٠، دوای ١٩ ساڵ لە تێپەڕبوونی وادە یاساییەکەی (کە دەبوو تا کۆتایی ٢٠٠٧ جێبەجێ بکرێت) و تەرخانکردنی زیاتر لە ٢ ترلیۆن دینار، هێشتا بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە. سەرەڕای جەختکردنەوەی دادگای فیدراڵی لە ساڵی ٢٠١٩ لەسەر بەردەوامیی کارایی ئەم ماددەیە، ڕەوشی کەرکووک دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر ڕۆشتووە.

پێشێلکارییەکان و گۆڕینی دیموگرافیا لە ڕێگەی گواستنەوەی فۆڕمی خۆراک و کارتی زانیاریی بۆ عەرەبە هاوردەکان، بەتایبەت لە ناوچەکانی وەک ناحیەی سەرگەڕان چڕبووەتەوە؛ لەوێ زەوییە کشتوکاڵییەکانی جووتیارانی کورد و تورکمان بە هاوکاریی هێزە ئەمنییەکان داگیر دەکرێن. ئەم پێشێلکارییانە پێشتر لەلایەن ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتییەوە ئاماژەی پێکراوە و داوا لە حکومەتی عێراق کرابوو پاراستنی ناوچەکە بسپێردرێت بە هێزێکی سەربەخۆ و باوەڕپێکراو.

لەلایەن خۆیەوە، دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دەستووری عێراق بنچینەی سەرەکیی حوکمڕانییە و پابەندبوون پێوەی رێزگرتنە لە ویستی گەلان، ماددەی 140 تاقە نەخشەرێگەی هاوسەنگە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ناسنامەی ناوچە کوردستانییەکان لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا.

دەستەکە دەشڵێت، هەر جۆرە لێدوانێکی نادەستووری لەلایەن پارێزگاری کەرکووکەوە بە تەواوی رەتدەکەینەوە، پێویستە پارێزگاری کەرکووک گیانی پێکەوەژیان زاڵ بکات و خۆی لەو دەستەواژانە بپارێزێت کە پێچەوانەی دەستوورن.  

  • جه‌نگى ئێران گرانترینه‌؛ به‌راوردكاریی تێچووی جه‌نگه‌كانی ئه‌مریكا لە مێژوودا

  • محەمەد سەمعان ماددەی ١٤٠ ڕەت دەکاتەوە و پارتیش سەفقەی "هۆتێل ڕەشید" بەبیر دەهێنێتەوە

  • له‌ دەقی ڕێککەوتنەوە تا کێشەی لۆجیستی؛ دواخستنی دەستپێکردنی کاروانی گەڕانەوەی ٦٤٨ خێزانی سەرێکانی

  • دەستپێکی پرۆسەیەکی مێژوویی؛ دەم پارتی و ئەردۆغان پێشوازی لە ڕەشنووسی یاسای چوارچێوە دەکەن و ڕۆژی هەینی تاوتوێ دەکرێت

  • مەرجەکان بۆ ڕێڕەوی نوێ لە گەرووی هورمز؛ ئێران دەستوەردانی دەرەکی ڕەتدەکاتەوە و ئەمریکاش گەمارۆکانی چڕتر دەکاتەوە

  • بۆچى پلانى ڕاكێشانى كورد بۆ شه‌ڕى ئێران له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه‌ پێش ده‌ستپێكردنى شكستیهێنا؟

  • دواى كۆبوونه‌وه‌ى عه‌بدى و شه‌رع؛ ناكۆكیه‌كانى نێوان ئیداره‌ى ڕۆژئاواى كوردستان و حكومه‌تى سوریا چاره‌سه‌ر كراون؟

  • پرۆژەیاسای چوارچێوە دەبرێتە پەرلەمانی تورکیا؛ ڕۆژی هەینی قۆناغێکی هەستیاری پرۆسەی ئاشتی دەستپێدەکات

  • ڕێگەی گەشەپێدان؛ ڕووباری سێیەمی عێراق لە كەنداوەوە بۆ توركیا درێژ دەبێتەوە

سەرەکی