1     کاتژمێر پێش ئێستا 61 جار خوێنراوەتەوە

پرسی مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان؛ لە نێوان هۆشدارییەکانی "هەژماری من" و چاوەڕوانییدا

پرسی تۆمارکردنی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و خانەنشینان لە سیستمی "هەژماری من" بووەتە ڕۆژەڤ، لەکاتێکدا هەڕەشەی ڕاگرتنی مووچە لەسەر ئەو کەسانە هەیە کە تاوەکو ڕێککەوتی ٣١ی ئاب فۆڕمی تۆمارکردنیان پڕنەکردووەتەوە. هاوکات لەگەڵ ئەم ئاستەنگانەدا، نزیکەی ١٣ هەزار کەمئەندام لە هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی ١٢ ساڵە چاوەڕوانی بڕینەوەی مووچەن.

دۆخی تۆمارکردن و هۆشداریی ڕاگرتنی مووچە

ژیلوان عادل شکور، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری کۆمەڵایەتیی سلێمانی بە ئیرادە میدیای ڕاگەیاند، ئاگادارییان داوەتە تەواوی ئەو کەمئەندامانەی مانگانە سەردانیان دەکەن یان تۆمارکراون، کە بە زوویی فۆڕمی "هەژماری من" پڕبکەنەوە، چ لە ڕێگەی تیمی هەژماری منەوە بێت یان بەڕێوەبەرایەتییەکانی خۆیان. ئاماژەی بەوەش کرد، هەر کەمئەندامێک فۆڕمەکە پڕنەکاتەوە، مووچەکەی لەلایەن پرۆسەکەوە ڕادەگیرێت و خاوی یان خێرایی گەیشتنی مووچەکانیان تەواو بەستراوەتەوە بە پرۆسەی هەژماری منەوە.

سەبارەت بە شایستەی دارایی ئەو کەمئەندامانەی کە لە هەمان کاتدا فەرمانبەر یان مووچەخۆری حکومەتی هەرێمن، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری کۆمەڵایەتی ڕوونی کردەوە، بڕی ١٠٠ هەزار دیناری کەمئەندامییەکەیان دەبێتە دەرماڵە و ڕاستەوخۆ دەچێتە سەر هەژمارە بانکییەکەیان.

ئامارەکان؛ ٧٠ هەزار کەمئەندام و دواکەوتنی ١٢ ساڵەی تۆمارکردنی نوێ

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان نزیکەی ٧٠ هەزار خاوەن پێداویستیی تایبەت هەن کە ١٤ هەزاریان لە سنووری پارێزگای سلێمانین و مووچە وەردەگرن. بەڵام کێشەی سەرەکی ئەوەیە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە پرۆسەی تۆمارکردنی نوێ ڕاگیراوە و نزیکەی ١٣ هەزار کەسی دیکە ماونەتەوە کە تا ئێستا مووچەیان بۆ نەبڕدراوەتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، نەهرۆ عەبدوڵا عەلی، بەڕێوەبەری تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتیی سلێمانی بۆ ئیرادە میدیا ئاشکرای کرد، تاوەکو مانگی تەمووز مووچەی کەمئەندامان بە دەستی و بەکاش دابەش کراوە. تا هەفتەی ڕابردووش نزیکەی حەوت هەزار کەمئەندام مابوون کە فۆڕمی هەژماری من پڕبکەنەوە، بەڵام ئێستا ٩٠٪ی کارتەکانیان ئامادەیە و لیستیان بۆ نێردراوە بۆ بانکەکان تا بە فەرمی شێوازی وەرگرتنی مووچەی ئەم مانگەیان (بە کارت یان بەکاش) دیاری بکرێت.

سەبارەت بەوانەی کە زیاتر لە مووچەیەکیان هەیە (وەک خانەنشینی و کەمئەندامی)، نەهرۆ عەبدوڵا جەختی کردەوە کە بەپێی ڕێنماییەکان، هەر هاووڵاتییەک تەنها دەبێت خاوەنی یەک کارتی بانکی بێت، بۆیە هاوکاریی کەمئەندامییەکەیان دەچێتە سەر هەمان کارتی خانەنشینییەکەیان.

ڕێکارە تایبەتەکان بۆ ئیفلیجی مێشک و کورته‌باڵاکان

سەبارەت بەو توێژانەی توانای جەستەیییان سنووردارە، بەڕێوەبەری تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی ڕوونی کردەوە، ئەو کەسانەی تووشی ئیفلیجیی مێشک (شەلەل دەماغ) بوون بە ڕێژەی ١٠٠٪ و ناتوانن خۆیان مووچە وەربگرن، کارتەکەیان دەکرێت بەناوی دایک یان باوکیانەوە ئەگەر فەرمانبەر بن. لە حاڵەتێکدا ئەگەر دایک و باوکیان لە ژیاندا نەما ببن، لە ڕێگەی دادگاوە (حوجەی قەییومە) ئەنجام دەدرێت و کارتەکە دەکرێت بەناوی چاودێرەکەیانەوە (بە هەمان شێوازی نابینایان کە پاسوۆردی ئامێرەکەیان لەسەر لادەبرێت).

لەلایەکی دیکەوە، ئاماژە بە گرفتەکانی توێژی کورته‌باڵاکان کراوە کە لە کاتی بەکارهێنانی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە (ATM) تووشی ئاستەنگ دەبنەوە بەهۆی بەرزیی کەیبۆرد و ئامێرەکانەوە.

پەیامی "هەژماری من" و بڕیاری بەغدا

ڕێبین کامەران، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی "هەژماری من" لە هەرێمی کوردستان بە ئیرادە میدیای ڕاگەیاند، ئێستا تەنها دوو توێژ ماون لە سیستمی تۆمارکردن و وەرگرتنەوەی کارتەکانیان، ئەوانیش خانەنشینان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانن. ناوبراو هۆکاری دواکەوتنەکەی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی بەشێک لە هاووڵاتییان خۆیان درەنگ مامەڵەکانیان جێبەجێ کردووە، یان لە مۆڵەتی بێمووچە و دەرەوەی وڵاتدا بوون، و بەشێکیشیان بایکۆتی پرۆسەکەیان کردووە.

نوێنەری هەژماری من جەختی کردەوە، لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵەوە بە بڕیاری حکومەتی فیدراڵ، وەرگرتنی مووچە بە کاش قەدەغە کراوە و حکومەتی هەرێم ناتوانێت تاكلایەنە مۆڵەتی ٣١ی ئاب درێژ بکاتەوە.

سەبارەت بە داواکاریی کورته‌باڵاکان و ئاسانکاری بۆ ئیفلیجانی مێشک، ڕێبین کامەران ڕایگەیاند، ئاگاداری ئاستەنگەکانیانن و بابەتەکە بە جدی وەرگیراوە؛ بۆ ئیفلیجانی مێشک ٣٦ خاڵ و ڕێنمایی تایبەت بۆ ئاسانکاری دیاریکراوە و ئیش لەسەر ڕەچاوکردنی بارودۆخی کورته‌باڵاکانیش دەکرێت لە سیستمی ئامێرەکانی (ATM)دا.

لە کۆتاییدا جەخت کرایەوە، مووچەی تەواوی ئەو کەسانەی فۆڕمی هەژماری من پڕناکەنەوە ڕادەگیرێت، تا ئەو کاتەی بە تەواوی خۆیان تۆمار دەکەن و کارتە بانکییەکانیان وەردەگرنەوە.

 

  • لە 31ی ئابەوە تا گرتنی گەنجانی خانەقین؛ کاتێک ململانێی ناوخۆیی ئاسایشی نەتەوەیی کورد فەرامۆش دەکات

  • پرسی مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان؛ لە نێوان هۆشدارییەکانی "هەژماری من" و چاوەڕوانییدا

  • مەترسیی چەکی ئەتۆمیی ئێران؛ ترەمپ هێڵە سورەکان دەستنیشان دەکات و سوپای ئەمریکاش تووشی فشاری ستراتیژی دەبێت

  • ئەمساڵیش کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکنایەت

  • دوای نەمانی هەسەدە؛ پارتی ڕێگە گەڕانەوەی "پێشمەرگەی ڕۆژ بۆ رۆژئاوا خۆش دەکات

  • عێراق بەنزینی بە ٤٥٠ دیناری دابین دەکات؛ جیاوازیی تێچووی پاڵاوتن لە هەرێم چوار بەرامبەرە

  • چارەنووسی هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ پێشمەرگە؛ واشنتن تا ئێستا بڕیاری فەرمی بە هەولێر ڕانەگەیاندووە

  • موجتەبا لەبارەی یەكڕیزی هاتە دەنگ و لێپرسراوانی ئێران ترسیان هەیە

  • مەزڵوم عەبدی لە کۆبانێ تاوەکو دیمەشق

سەرەکی