4   کاتژمێر پێش ئێستا 280 جار خوێنراوەتەوە

مەترسیی چەکی ئەتۆمیی ئێران؛ ترەمپ هێڵە سورەکان دەستنیشان دەکات و سوپای ئەمریکاش تووشی فشاری ستراتیژی دەبێت

لە ئاکامی پەرەسەندنی گرژییە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی "فۆکس نیوز" ڕایگەیاندووە، وڵاتەکەی بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادات ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. ترەمپ ئاماژەی بەوەشکردووە ئەگەر تاران دەستی بەو چەکە بگات، ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئیسرائیل، ئەورووپا و تەنانەت ئەمریکاش دەکەوێتە ژێر مەترسیی ڕاستەوخۆوە، بۆیە دەستوەردانی واشنتن بە پێویستییەکی حەتمی ناوبرد.

سەرۆکی ئەمریکا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر بارودۆخی ململانێ دەریاییەکان و ڕایگەیاند، هێزەکانی وڵاتەکەی بە هاوکاریی دەستەیەکی کەم لە هاوپەیمانانی، توانیویانە سەرجەم مینە دەریاییەکان پاک بکەنەوە و کۆنترۆڵێکی نیمچە تەواوەتی بەسەر گەرووی هورمزدا بسەپێنن. ترەمپ دانسقەی بەوەش دا کە ڕەنگە ئێران درێژە بە دروستکردنی ئاڵۆزی و ناڕەحەتی بدات، بەڵام باڵادەستیی دەریایی لە ناوچەکەدا لە دەستی ئەمریکادایە.

لە بەرامبەردا، هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران پەیامێکی ئاگادارکردنەوەی ئاراستەی تەواوی کەشتییە دەریاوانییەکان کرد و ئاماژەی بەوە دا کە پابەندبوون بە ڕێنماییە ئەمنییەکانی تاران لە گەرووی هورمز کارێکی ناچارییە. پاسداران ڕایگەیاند کە نەوتهەڵگرێک بەهۆی سەرپێچیکردنی ڕێکارەکان و تێپەڕبوون لە ڕێڕەوێکی نایاسایی لە باشووری گەرووەکە، دوو مینی دەریایی پێدا تەقیوەتەوە و ئاگری گرتووە. هاوكات هۆشداریی دایە کۆمپانیا دەریاییەکان کە بڕوا بە هاندانی سوپای ئەمریکا نەکەن.

سەبارەت بە بەرپەرچدانەوە سەربازییەکان، میدیا فەرمییەکانی ئێران بڵاویانکردەوە کە لە وەڵامی بۆردومانکردنی دوورگەی "لارک" لەلایەن ئەمریکاوە، سوپای پاسداران زنجیرەیەک هێرشی ئەنجامداوە؛ لەوانە خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکی لە جۆری (MQ-9) لە ئاسمانی گەرووی هورمز، هێرشکردنە سەر بنکەیەکی ئەمریکا لە ئوردن بە مووشەکی بالیستی، و بەئامانجگرتنی بنکەی ئاسمانیی "المنهید" لە ئیمارات لە ڕێگەی دەیان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژەوە. هەرچەندە بەرپرسانی ئەمریکی و سوپای ئوردن پشتڕاستیان کردەوە کە مووشەکەکانیان تێکشکاندووە و هیچ زیانێکی گەورە بەر هێزەکانی ئەمریکا نەکەوتووە.

لە لایەکی ترەوە، ڕۆژنامەی "واشنتن پۆست" لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنێکی نهێنیی پەڕاوی فەرمانەکانی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (SDOB) ئاشکرای کردووە، فەرماندە باڵاکانی هێزی وشکانی، دەریایی و ئاسمانیی ئەمریکا بە راشکاوی بە پیت هێگسەس، وەزیری جەنگیان ڕاگەیاندووە کە بەردەوامیی جەنگی ئێران تاوەکو ساڵی 2027 مەترسیی تووند بۆ سەر ئامادەییی سەربازیی ئەمریکا لە جیهاندا دروست دەکات.

بەپێی بەڵگەنامەکە، دارڵ کۆدڵ، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە دەریاییەکانی ئەمریکا ئاشکرای کردووە، تەنیا 25%ـی کەشتییە وێرانکەرەکانیان لە ئامادەییدان و تەرخانکردنی کەرەستە سەربازییەکان بۆ جەنگی ئێران، توانای ئەمریکای لە بەرگریکردن لە ناوچەکانی دیکەی وەک ئاسیا و ئەورووپا لاواز کردووە. لە وەڵامدا، گوتەبێژی وەزارەتی جەنگ جەختی کردەوە کە بڕیارە سەربازییەکان بەپێی ئەولەویەتەکانی سەرۆک ترەمپ و هەڵسەنگاندنی مەترسییەکان دەدرێن.

 

  • بەرپرسی نوسینگەکەی جومەیلی ملیاران دینار و ملیۆنان دۆلاری بە گەندەڵی کۆکردووەتەوە

  • لە 31ی ئابەوە تا گرتنی گەنجانی خانەقین؛ کاتێک ململانێی ناوخۆیی ئاسایشی نەتەوەیی کورد فەرامۆش دەکات

  • پرسی مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان؛ لە نێوان هۆشدارییەکانی "هەژماری من" و چاوەڕوانییدا

  • مەترسیی چەکی ئەتۆمیی ئێران؛ ترەمپ هێڵە سورەکان دەستنیشان دەکات و سوپای ئەمریکاش تووشی فشاری ستراتیژی دەبێت

  • ئەمساڵیش کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکنایەت

  • دوای نەمانی هەسەدە؛ پارتی ڕێگە گەڕانەوەی "پێشمەرگەی ڕۆژ بۆ رۆژئاوا خۆش دەکات

  • عێراق بەنزینی بە ٤٥٠ دیناری دابین دەکات؛ جیاوازیی تێچووی پاڵاوتن لە هەرێم چوار بەرامبەرە

  • چارەنووسی هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ پێشمەرگە؛ واشنتن تا ئێستا بڕیاری فەرمی بە هەولێر ڕانەگەیاندووە

  • موجتەبا لەبارەی یەكڕیزی هاتە دەنگ و لێپرسراوانی ئێران ترسیان هەیە

سەرەکی