6   کاتژمێر پێش ئێستا 107 جار خوێنراوەتەوە

کێشمەکێش لەسەر هەڵمەتی دژی گەندەڵی؛ ڕەوتی سەدر هۆشداری دەداتە نەیارەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق

مەترسییەکانی دەستوەردان و هەڕەشەکردن لە هەڵمەتی بنبڕکردنی گەندەڵی لە عێراق ڕەوشی سیاسیی وڵاتەکەی خستووەتە قۆناغێکی هەستیارەوە. لەم چوارچێوەیەدا، هاوپەیمانی عەزم ئاشکرای کرد ڕەوتی سەدر لەوپەڕی ئامادەباشیدایە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر مەترسییەک کە بێتە ڕێی پرۆسەی چاکسازی.

ئامادەباشیی جەماوەری بۆ بەرگریکردن لە سەرۆک وەزیران

 ئاراس مەشهدانی، سەرکردە لە هاوپەیمانی عەزم لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا ڕایگەیاند، پشتیوانیی موقتەدا سەدر بۆ عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق، تەنها پشتیوانییەکی مەعنەوی نیە، بەڵکو پشتیوانییەکی بەهێزی جەماوەرییە. مەشهدانی جەختی کردەوە جەماوەری سەدر لەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ هەر پێشهاتێکی لەناوچاو کە ئامانج لێی دروستکردنی ئاستەنگ بێت بۆ سەرۆک وەزیران یان ئاڵوگۆڕکردنی بەرژەوەندییەکانی عێراق بە وڵاتانی تر، هەروەها هۆشداریی دا کە هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر سەلامەتیی سەرۆک وەزیران، کۆتایی بە تەواوی پرۆسەی سیاسی لە عێراق دەهێنێت.

پەیامی سەدر: پشتیوانی لە "سەربازی چاکسازی"

پێشتر موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، لە ڕێگەی وتاری نوێژی هەینی و پەیامی فەرمییەوە پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ ڕێوشوێنە حکومییەکانی سەرۆک وەزیران بەمەبەستی لێپرسینەوە لە تێوەگلاوانی گەندەڵی دەربڕی. سەدر، سەرۆک وەزیرانی بە "سەربازی دژە گەندەڵی" وەسف کرد و داوای لە لایەنگرانی کرد بە شێوازێکی ئاشتیانە پشتیوانی لەو هەڵمەتە نوێیە بکن تا هێزی زیاتر ببەخشنە دامەزراوەکانی دەوڵەت و ڕێگە لە فشاری لایەنە زەرەرمەندەکان بگرن.

سەدر ئاماژەی بەوەش کرد، تەواوی بەرپرسیارێتیی پاراستنی سەلامەتیی ژیانی چاکسازیخوازان و عەلی زەیدی دەخاتە ئەستۆی گەندەڵکاران. هاوکات سوپاسی دەسەڵاتی دادوەری، سەرۆکایەتیی پەرلەمان و هێزە ئەمنییەکانی کرد بۆ هاوکاری و هەماهەنگییان لە جێبەجێکردنی یاسا و پاراستنی سەروەریی وڵاتدا.

پێگەی ڕەوتی سەدر لە هاوکێشەی دەسەڵاتدا

ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی ۲۰۰۳وە خۆی هیچ پۆستێکی حکومی و جێبەجێکاری وەرنەگرتووە و ڕەوتەکەی وەک ئۆپۆزسیۆن و بەرگریکار لە جەماوەر نیشانداوە، خاوەنی کاریگەرییەکی بەهێزی جەماوەری و سیاسییە لەسەر ئاستی عێراق. چاودێران پێیان وایە کە ئەم هەڵوێستە توند و ڕاشکاوەی سەدر لە بەرژەوەندیی ڕێوشوێنە یاساییەکاندا، هاوکێشەی پاراستنی سیاسیی بۆ حکومەتی ئێستای بەغدا بەهێزتر کردووە و نەیارانی چاکسازی خستووەتە ژێر گوشارێکی جدییەوە.

 

  • کێشمەکێش لەسەر هەڵمەتی دژی گەندەڵی؛ ڕەوتی سەدر هۆشداری دەداتە نەیارەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق

  • کەجەکە هۆشداری لە دروستبوونی بۆشایی ئەمنی لە قەندیل دەدات؛ "دەوڵەتی تورکیاش باش دەزانێت کامپنشینی قبووڵ ناکەین"

  • شەڕی هورمز دەپەڕێتەوە هەرێمی کوردستان؛ هاوپەیمانان ۱۰ درۆنی بۆمبڕێژکراو لە ئاسمانی هەولێر دەخەنە خوارەوە

  • "سێ کاتژمێر خوێندن نییە بە زمانی دایک"؛ ناڕەزایەتییەکان دژی مەرسوومی ژمارە ١٣ی حکومەتی سوریا هەڵدەکشێن

  • لە ئەفغانستانەوە بۆ ئێران؛ بۆچی ئەمریكا ناتوانێت كۆتایی بە جەنگەكان بهێنێت؟

  • چوارچێوەی هەماهەنگی و زەیدی لەسەر یەکلاییکردنەوەی تەواوکاریی کابینەی حکومەت و ناردنی کاندیدەکان بۆ پەرلەمان ڕێککەوتن

  • لە نێوان پلانی جەنگ و ئاشتیدا؛ تاران و واشنتن لە بەرامبە بژارە قورسەکاندان

  • بەرپرسی نوسینگەکەی جومەیلی ملیاران دینار و ملیۆنان دۆلاری بە گەندەڵی کۆکردووەتەوە

  • لە 31ی ئابەوە تا گرتنی گەنجانی خانەقین؛ کاتێک ململانێی ناوخۆیی ئاسایشی نەتەوەیی کورد فەرامۆش دەکات

سەرەکی