2026-09-02 395 جار خوێنراوەتەوە

کەجەکە هۆشداری لە دروستبوونی بۆشایی ئەمنی لە قەندیل دەدات؛ "دەوڵەتی تورکیاش باش دەزانێت کامپنشینی قبووڵ ناکەین"

مستەفا قەرەسوو، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) ڕایگەیاند، بیرۆکەی "کامپنشینکردنی" ئەندامانی تەڤگەرەکەیان بە تەواوی مەحاڵە و ڕەتی دەکەنەوە. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد دەوڵەتی تورکیا باش پەکەکە دەناسێت و دەزانێت ئیرادەی خۆیان لە ناو کامپەکاندا سنووردار ناکەن، بەڵکو ئامانجی سەرەکییان ئەوەیە بچنە ناو تورکیا و لە کایەی سیاسی و دیموکراتیدا درێژە بە تێکۆشانی شۆڕشگێڕیی خۆیان بدەن.

سەبارەت بە چارەنووسی ناوچە سنوورییەکان و قەندیل، قەرەسوو جەختی کردەوە کە ئەو ناوچانە بەهۆی پێگە ستراتیژییەکەیانەوە گرنگییەکی تایبەتیان هەیە، چۆڵکردنیان لە کاتی ئێستادا دەرگا بۆ دروستبوونی بۆشایییەکی ئەمنی گەورە دەکاتەوە. هۆشداریشی دا کە ئەم هەنگاوە ڕەنگە ڕێگەخۆشکەر بێت بۆ جێگیربوونی هێزەکانی وەک داعش یان هەڵگیرسانی پێکدادانی ناوخۆیی لە نێوان لایەنەکانی وەک پەدەکە و یەنەکەدا، بۆیە پاشەکشەی هێزەکانیان پێویستی بە پلانێکی گشتگیر و ورد هەیە بۆ بەڕێوەبردنی ناوچەکە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەندامەکەی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە ئاماژەی بە کەناڵەکانی پەیوەندی لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان کرد و وتی پەیوەندی و گفتوگۆکان لە نێوان دەوڵەت، ڕێبەرێتی (ئیمراڵی) و تەڤگەردا لە ڕێگەی چەند کەناڵێکەوە بەردەوامن، دووپاتی کردەوە کە پرسی دۆخی ڕێبەرایەتییان لە ئیمراڵی هێڵی سوورە.

قەرەسوو وتیی، بەپێی بڕیارەکانی کۆنگرەیان، هیچ پرۆسەیەک—بە پرسی دەستبەرداربوون لە چەکیشەوە—بەبێ سەرپەرشتی و بەشداریی ڕاستەوخۆی ئۆجەلان ناچێتە پێشەوە. جەختیشی کردەوە دەستبەرداربوون لە خەباتی چەکداری بە مانای وازهێنان لە ئامانجە ئایدیۆلۆژییە ۵۰ ساڵییەکەیان نایەت، بەڵکو گواستنەوەی هەمان خەباتە لە شاخەوە بۆ ناو کایەی سیاسیی مەدەنی.

لە نوێترین لێدوانیدا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، "ئێمە پرسی تورکیای بێ تیرۆر نەک وەک پرسێکی پەیوەندیدار بە کات بەڵکو وەک پرسێکی ئامانجداری دەیبینین، هەڵبەتە وەک دەوڵەت نەخشەڕێگە، پلان و خشتەی کاتمان هەیە".

وتیشی"(یاسای چوارچێوە) بۆ جێبەجێکردنی یاساکە پێویستە ڕێکخراوەکە بەڕاستی واز لە چەک بهێنێت و هەڵوەشێتەوە. ڕەوتی دەستنیشانکردن و پەسەندکردن دیارە و هەنگاو بە هەنگاو بەرەو پێش دەچێت".

هەروەها عەبدوڵا ئۆجەلان لە ڕێگەی وەفدی ئیمراڵییەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد پرۆسەکە گەیشتووەتە قۆناغێکی مێژوویی؛ داواشی لە هەموو لایەنەکان کرد بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە بکان و هۆشداریی دا لەوەی ئەو دەنگۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە ناوی ئەوەوە بڵاودەکرێنەوە هەوڵێک لەلایەن نەیارانەوە بۆ تێکدانی ئاشتی.

ئەم گۆڕانکارییانە دوای زنجیرەیەک هەنگاوی خێرا دێن؛ لە داواکارییەکەی باخچەلی لە کۆتایی ٢٠٢٤، تا کۆنگرەی ۱۲یەمی پەکەکە لە ئایاری ٢٠٢٥ بۆ خۆهەڵوەشاندنەوەو چەکدانان، و بەسوتامدانی چەکەکانیان لە ئەشکەوتی جاسەنەی سلێمانی لە تەممووزی٢٠٢٥، تا دەکاتە پەسندکردنی ڕاپۆرتی کۆمیسیۆن لە شوباتی ٢٠٢٦ و دەرچوونی یاساکە لەپەرلەمانی تورکیا لە ۱۰ی ئابی ٢٠٢٦.

 

  • وەفدەکەی هەرێم بۆچی لە بەغدان؟

  • مالیکی و کەعبی وەڵامی گوشارەکان دەدەنەوە؛ ناردنی ستیڤن ڤەیگن و ئامادەکاری بۆ سیناریۆی ڕەتکردنەوەی چەکدانان

  • لە لێدوانێکەوە بۆ دادگا؛ دانپێدانانەکەی هادی عامری کەیسێکی نوێ لەسەر سەرکوتکارییەکانی تشرین دەکاتەوە

  • کێشمەکێش لەسەر هەڵمەتی دژی گەندەڵی؛ ڕەوتی سەدر هۆشداری دەداتە نەیارەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق

  • کەجەکە هۆشداری لە دروستبوونی بۆشایی ئەمنی لە قەندیل دەدات؛ "دەوڵەتی تورکیاش باش دەزانێت کامپنشینی قبووڵ ناکەین"

  • شەڕی هورمز دەپەڕێتەوە هەرێمی کوردستان؛ هاوپەیمانان ۱۰ درۆنی بۆمبڕێژکراو لە ئاسمانی هەولێر دەخەنە خوارەوە

  • "سێ کاتژمێر خوێندن نییە بە زمانی دایک"؛ ناڕەزایەتییەکان دژی مەرسوومی ژمارە ١٣ی حکومەتی سوریا هەڵدەکشێن

  • لە ئەفغانستانەوە بۆ ئێران؛ بۆچی ئەمریكا ناتوانێت كۆتایی بە جەنگەكان بهێنێت؟

  • چوارچێوەی هەماهەنگی و زەیدی لەسەر یەکلاییکردنەوەی تەواوکاریی کابینەی حکومەت و ناردنی کاندیدەکان بۆ پەرلەمان ڕێککەوتن

سەرەکی