6   کاتژمێر پێش ئێستا 128 جار خوێنراوەتەوە

له زبڵدانەکانەوە بۆ کارگەکان؛ ڕیسایکڵین چۆن ڕەوشی ژینگە لە هەرێمی کوردستان دەگۆڕێت؟

لە کاتێکدا ڕۆژانە لە شارەکانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە سێ هەزار و ٤٠٠ تەن خۆڵ و خاشاک کۆدەکرێتەوە، پارێزگای سلێمانی لە ڕێگەی کارگەیەکی تایبەتەوە جیاکردنەوە و گۆڕینی خاشاک بۆ وزەی دەستپێکردووە و هەولێر و دهۆکیش کار بۆ بەئاگاهێنانی زیاتری هاوڵاتییان دەکەن.

نیاز ساڵح، بەڕێوەبەری ژینگە و چاککردنی خۆڵ و خاشاکی هەولێر لە لێدوانێکدا بۆ (ئیرادە میدیا) ئامار و زانیارییەکانی تایبەت بە پاشماوەکانی ئاشکرا کرد:

·     ئاماری هەولێر: ڕۆژانە لە سنووری شارەوانییەکانی هەولێر بڕی ٢١٦٣ تەن خۆڵ و خاشاک لە ڕێگەی ئامێرەکانی شارەوانییەوە کۆدەکرێتەوە.

·        پێکهاتەی خاشاکی هەولێر: ٢٦.٧٪ی پاشماوەی خۆراکە و ٢٦.٦٪ی لە ماددەی پلاستیک پێکهاتووە.

·        ئاماری دهۆک: لە پارێزگای دهۆک ڕۆژانە ١٢١٤ تەن خۆڵ و خاشاک کۆدەکرێتەوە، کە ٢٦٪ی خۆراکە و ١٩.٢٪ی پلاستیکە.

·        شێوازی کۆکردنەوە: سەرجەم پرۆسەی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک لە هەولێر و دهۆک لەلایەن کەرتی تایبەتەوە پاک دەکرێتەوە.

بەڕێوەبەری ژینگەی هەولێر داوای کرد کۆمەڵگە زیاتر لە پرسی خۆراک و ماددە زیانبەخشەکان بەئاگابن و لە ڕێگەی میدیاکانەوە هۆشیاری بڵاوبکرێتەوە. هەروەها پاشماوە پزیشکییەکانی وەک ترسناکترین جۆری خۆڵ و خاشاک پۆلێن کرد کە لە ڕێگەی نەخۆشخانەکانەوە بە شێوازی سووتاندن لەناودەبرێن.

ئامار و پرۆسەی کۆکردنەوەی خاشاک لە سلێمانی

ئەندازیار کارزان تاڵب، سەرۆکی بۆردی خۆڵ و خاشاکی سلێمانی لە لێدوانێکدا بۆ (ئیرادە میدیا) ڕەوشی پارێزگاکەی خستەڕوو.

·        بڕی کۆکراوە: ڕۆژانە بە کۆی گشتی هەزار و100 تەن خۆڵ و خاشاک لە شۆش زۆندا لەلایەن شەش کۆمپانیای کەرتی تایبەتەوە کۆدەکرێتەوە.

·        بەشداریی کەرتی تایبەت: ١٠٪ی کارەکان لەلایەن کەرتی تایبەتەوە جێبەجێدەکرێت لە ناوچەکانی وەک ستییەکان، نەخۆشخانەکان، بەشە ناوخۆییەکان و هەندێک بینای حکومی و ناحکومیی هایکۆست.

·        هێزی کار: کۆکردنەوەی خاشاکی سلێمانی لە ڕێگەی ۱۱۰۰ کرێکار و ۲۷۰ ئامێرەوە ئەنجام دەدرێت، بە سەرپەرشتی ۱۰۰ چاودێر.

·        پێکهاتەی خاشاک: پاشماوەکان هەموویان تێکەڵن و جیا نەکراونەتەوە؛ ٦٥٪یان پێکهاتووە لە خواردن، پلاستیک، شوشە، تەختە و دار.

سەرۆکی بۆردی خۆڵ و خاشاکی سلێمانی جەختی لەسەر ڕۆڵی گرنگی ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کردەوە لە هۆشیارکردنەوەی تاک و داوای کرد یاسا و ڕێنمایی تایبەت بۆ ئەم بابەتە دەربکرێت.

کارگەی ڕیسایکڵین و چاره‌سه‌ركردنی خاشاک لە سلێمانی

ئەندازیار کارزان تاڵب ئاشکرای کرد، لە شاری سلێمانی و لە تەنیشت وێستگەی ژێرگڵخستنی تانجەرۆ، کارگەیەکی ڕیسایکڵین و چارەسەرکردنی خۆڵ و خاشاکی ڕەق بوونی هەیە کە لە سەرانسەری عێراقدا هاوشێوەی نییە:

·        بەرهەمهێنانی وزە (RDF): پاشماوەکان چارەسەر دەکرێن و دەکرێنە کەرەستەی RDF کە وەک سەرچاوەی وزە و سووتەمەنی بۆ کارگەکانی ئاسن و چیمەنتۆ بەکاردەهێنرێنەوە.

·        پاراستنی ئامێرەکان: هەوڵدراوە کەمترین مەوادی زیانبەخشیان تێدابێت تاوەکو دانی ئامێرەکان نەشکێن.

·        تێچووی چارەسەرکردن: بۆ چارەسەرکردنی هەر تەنێک خاشاک کە دەبرێتە کارگەی تانجەرۆ، بڕی ۱۸.۸ دۆلار (کە دەکاتە ۲٤ هەزار دیناری عێراقی) دەدرێت.

مێژوو و گەشەسەندنی پرۆژەکانی ڕیسایکڵین لە جیهاندا

 سەردەمی دێرین: لە ناچارییەوە بەرەو بەکارهێنانەوە

چەمکی ڕیسایکڵین و دووبارە بەکارهێنانەوەی پاشماوەکان دیاردەیەکی نوێ نییە، بەڵکو مێژووەکەی بۆ هەزاران ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە. لە سەردەمە دێرینەکاندا، بەهۆی ئەوەی دەرهێنان و بەرهەمهێنانی کەرەستەی خاو زۆر ئەستەم و گرانبەها بوو، کۆمەڵگەکان ناچاربوون دووبارە کەلوپەلەکان بەکاربهێننەوە:

ئیمپراتۆریەتی ڕۆما: شوشە و پارچە کانزایی و بڕۆنزییە شکاوەکانیان دەتوانەوە تا چەک و پەیکەری نوێیان لێ دروستبکەنەوە.

وڵاتی ژاپۆن (ساڵی ١٠٣١ی زایینی): وەک یەکەم دەوڵەت لە مێژوودا تۆمارکراوە کە پرۆسەی کۆکردنەوە و ڕیسایکڵکردنی بۆ کاغەزە بەکارهێنراوەکان ئەنجامدابێت تا کاغەزی نوێیان لێ دروستبکاتەوە.

شۆڕشی پیشەسازی و جەنگە جیهانییەکان

لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕشی پیشەسازی لە سەدەی ١٨ و ١٩دا، بەرهەمهێنانی بەکۆمەڵ زیادی کرد و زبڵ و پاشماوەیەکی زۆر لە شارەکاندا کەڵەکە بوو. لە کاتی جەنگی جیهانیی یەکەم و دووەمدا، وڵاتانی بەشداربوو ڕووبەڕووی کەمیی زۆری کەرەستەی خاو بوونەوە، بەمەش کەمپەینی سەرتاسەرییان ڕاگەیاند بۆ کۆکردنەوەی تایەی ئۆتۆمبێل، ئاسن، قوماش و کاغەز تا لە پیشەسازیی سەربازی و ئابووریدا بەکاریان بهێننەوە.

سەرهەڵدانی هۆشیاریی ژینگەیی (ساڵانی ١٩٧٠ تا ئێستا)

تێگەیشتنی هاوچەرخ بۆ ڕیسایکڵین وەک ئامرازێک بۆ پاراستنی ژینگە، لە ساڵانی ١٩٧٠کانەوە دەستی پێکرد:

هێمای سێ تیرەکە: لە ساڵی ١٩٧٠ هێمای نێودەوڵەتیی ڕیسایکڵین (مۆبیوس) دیزاینکرا کە تا ئێستاش بەکاردێت.

یاسادانان لە ڕۆژئاوا: لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەمدا، وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا یاسای ناچارکەریان دەرکرد بۆ جیاکردنەوەی خاشاک لە ناوماڵ و کارگەکاندا.

پیشەسازیی هاوچەرخ: لە ئێستادا وڵاتانی وەک ئەڵمانیا، سوید و ژاپۆن لە پێشەنگی جیهانن، بە شێوەیەک زیاتر لە ٥٠٪ی پاشماوەکانیان ڕیسایکڵ دەکەنەوە. وڵاتی سوید گەیشتووەتە ئاستێک کە بەهۆی کەمیی خاشاکەوە، خۆڵ و خاشاک لە وڵاتانی تر هاوردە دەکات تا کارگەکان و وێستگەکانی بەرهەمهێنانی وزەی پێ بەگەڕ بخات.

  • حکومەتی فیدراڵ و هەرێم لەسەر بنەما دەستوورییەکان بۆ بودجەی ٢٠٢٧ ڕێکدەكەون

  • له زبڵدانەکانەوە بۆ کارگەکان؛ ڕیسایکڵین چۆن ڕەوشی ژینگە لە هەرێمی کوردستان دەگۆڕێت؟

  • کۆچی دوایی هێمای بەرهەڵستکاری؛ ٤٢ ساڵ بەسەر ژیانئاوایی یەڵماز گونەی تێدەپەڕێت

  • مافە دەستوورییەکانی هەرێم لە یاسای نەوت و غازدا: دەرفەت یان دووبارەبوونەوەی هەڵەکان؟

  • مستەفا قەرەسوو زانیاریی هەستیار لەبارەی پرۆسەی ئاشتی ئاشکرا دەکات

  • تراژیدیای "٧ دەفتەر دۆلارەکە"؛ قەزای خورماتوو بە هەواڵێکی شۆکهێنەر ڕاچڵەکی

  • له‌ شه‌ش مانگدا زیاتر له‌ 33 هه‌زار كۆچبه‌ر له‌ وڵاتانى ئه‌وروپاوه‌ گه‌ڕێنراونه‌ته‌وه‌ بۆ وڵاته‌كانیان

  • ململانێی سیاسی و قەیرانی وەزارەتە بەتاڵەکان؛ بەغدا لە نێوان سازان و ئیفلیجبووندا

  • هەولێر ئامادەیە نەوت ڕادەست بکات؛ پێشنیازێکی نوێی هەرێم بۆ بەغدا لەسەر پرسی سووتەمەنی

سەرەکی