2   کاتژمێر پێش ئێستا 127 جار خوێنراوەتەوە

ململانێی سیاسی و قەیرانی وەزارەتە بەتاڵەکان؛ بەغدا لە نێوان سازان و ئیفلیجبووندا

پڕۆسەی سیاسی لە عێراقدا جارێکی تر گەیشتووەتە قۆناغی چەق بەستن، ئەوەش بەهۆی بەردەوامی ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان لەسەر پڕکردنەوەی وەزارەتە بەتاڵەکان و دابەشکردنی پۆستە سیادییەکان. سەرڕاى تێپەڕبوونی زیاتر لە ١٠٠ ڕۆژ بەسەر دەستبەکاربوونی کابینەی ئێستادا کە تەنیا لە ١٤ وەزیر پێکهاتووە، تا ئێستاش ٩ وەزارەتی گرنگ بە بەوەکالەت بەڕێوەدەبرێن.

کۆبوونەوەی شەوی ڕابردووی چوارچێوەی هەماهەنگی ئاماژەیەکی ڕوون بوو بۆ هەوڵدان لە پێناو تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە، بە تایبەت لە ڕێگەی تاوتوێکردنی داڕشتنەوەی یاسای دەستەی حەشدی شەعبی بۆ ڕێکخستنی کاری دەستەکە و بەهێزکردنی ڕۆڵی لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا. جگە لەوەش، هێزە سیاسییەکان هەوڵی یەکلاکردنەوەی چەند یاسایەکی بنەڕەتی دەدەن وەک یاساکانی: نەوت و غاز، دادگای فیدراڵی و ئەنجومەنی فیدراڵی، بە ئامانجی تەواوکردنی بونیادی دەستووری.

لەسەر ئاستی پەرلەمان، دوحا بەهادلی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، کۆبوونەوەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت هەنگاوێکی ئەرێنین، بەڵام جەخت دەکاتەوە کە یەکلاکردنەوەی کابینەکە تەنیا پێشکەشکردنی ناوەکان نیست؛ بەڵکو پێویستی بە سازانی سیاسیی قووڵ و بەکارهێنانی پێوەرەکانی لێهاتوویی، دەستپاکی و پسپۆڕی هەیە. ناوبراو هۆشداریدا کە بەڕێوەبردنی وەزارەتەکان بە بەوەکالەت زیانی گەورەی بە ئەدای دامەزراوەکان و پڕۆسەی بڕیاردان گەیاندووە.

لە بەرامبەردا، شرۆڤەکارانی سیاسی وەک مەحمود حوسێنی مەزەندەی ئەوە دەکەن کە یەکلاکردنەوەی خێرای دۆسیەکە ئەستەمە. بەپێی دیدگای چاودێران، کێبڕکێی توند لەسەر وەزارەتە سیادییەکان (بەتایبەت ناوخۆ و بەرگری) ڕێگرە لەبەردەم ڕێککەوتن. جگە لەوەش، دۆسیە گەورەکانی وەک کۆنترۆڵکردنی چەک لەدەستی دەوڵەت، دژایەتیکردنی گەندەڵی و قەیرانە ڕۆژانەییەکانی وەک مووچە، بەنزین و کارەبا، تەواوی سەرنجی سەرکردە سیاسییەکانیان لەسەر تەواوکردنی کابینەکە لاداوە.

لە ئێستادا، لە نێوان هیوای پەرلەمانتاران بۆ ناردنی ناوی کاندیدەکان لە ڕۆژانی داهاتوودا و گومانی قووڵی چاودێران، چارەنووسی ٩ وەزارەتە بەتاڵەکە (ناوخۆ، بەرگری، پلان دانان، ئاوەدانکردنەوە، خوێندنی باڵا، ڕۆشنبیری، کار، کۆچ و کۆچبەران، وەرزش و لاوان) هەڵپەسێردراو دەمێنێتەوە تا ئەو کاتەی لایەنەکان لەسەر دابەشکردنی خاڵەکان دەگەنە ڕێککەوتن.

گرنگترین ئامار و زانیارییەکان  

تەمەنی کابینەی ئێستا: زیاتر لە ١٠٠ ڕۆژ.

وەزارەتە دەستبەکاربووەکان: ١٤ وەزارەت.

وەزارەتە بەتاڵەکان (بەوەکالەت): ٩ وەزارەت (لە پێشەنگیاندا ناوخۆ و بەرگری).

یاسا سەرەکییە هەڵپەسێردراوەکان: یاسای حەشدی شەعبی، نەوت و غاز، دادگای فیدراڵی، ئەنجومەنی فیدراڵی.

 

  • تراژیدیای "٧ دەفتەر دۆلارەکە"؛ قەزای خورماتوو بە هەواڵێکی شۆکهێنەر ڕاچڵەکی

  • له‌ شه‌ش مانگدا زیاتر له‌ 33 هه‌زار كۆچبه‌ر له‌ وڵاتانى ئه‌وروپاوه‌ گه‌ڕێنراونه‌ته‌وه‌ بۆ وڵاته‌كانیان

  • ململانێی سیاسی و قەیرانی وەزارەتە بەتاڵەکان؛ بەغدا لە نێوان سازان و ئیفلیجبووندا

  • هەولێر ئامادەیە نەوت ڕادەست بکات؛ پێشنیازێکی نوێی هەرێم بۆ بەغدا لەسەر پرسی سووتەمەنی

  • شاندێکی هەرێم دەچێتە بەغدا؛ کێشمەکێشی نوێ لەسەر داهاتی گومرگ و بودجەی ٢٠٢٧ دروست دەبێت

  • مەترسییەکە سەرهەڵدەداتەوە؛ ڕاستڕەوەکان لە ئەڵمانیا بەرەو سەرکەوتن

  • گوشارە هاوتەریبەکانی ئێران؛ لە ئامانجگرتنی ئۆپۆزسیۆنەوە تا دروستکردنی ئاستەنگ بۆ چەکی دەستووریی هەرێم

  • بۆچی وڵاتان زێڕەکانیان لە ئەمریکا دەکێشنەوە؟

  • دوو پێنت هاوسی گرانبەها کە پەیوەندییان بە موجتەبا خامنەییەوە هەیە لە لەندەن بۆ فرۆشتن دانراون

سەرەکی