2025-06-08
104 جار خوێنراوەتەوە
جۆزیف گۆبڵز.. ئەو وەزیرەى تەنها رۆژێك راوێژكارى ئەڵمانیا بو
پوڵ جۆزێف گۆبڵز (29ی تشرینی یەکەمی 1897- 1ی ئایاری 1945)، سیاسەتمەدارى نازی ئەڵمانی و سەرۆكى ناوچەى "بەرلین" و وەزیرى پروپاگەندەى هیتلەر لە ماوەى ساڵانى (1933-1945)، یەکێک بو لە نزیکترین و دڵسۆزترین هاوکارەکانی "ئەدۆلف هیتلەر"ی سەرکردەی نازی، بە لێهاتویی قسەکردنی گشتی و بۆچونە راشکاوانەكانى دژ بە جولەکە ناسرابو، لە پرۆسەى "هۆڵۆكۆست" دا، بەئاشكراو بەبێ ترس داوای جیاکاری توندتر و قڕكردنى جولەكەكانى دەكرد.
پۆڵ جۆزێف گۆبڵز لە گوندی "رایدت" لە ویلایەتی "راینلاند"ى ئەڵمانیا لەدایکبوە و لەگەڵ پێنج براکەی لە خێزانێکی هەژار و کۆنەپەرستی ئەڵمانی کاسۆلیکی گەورە بوە، دایکی بەڕەچەڵەک هۆڵەندی بوە و باوکی "فرێدریک" ژمێریار بوە و هیوای خواستوە کوڕەکەی ببێتە قەشە لە کەنیسەی رۆمانی کاسۆلیکی، بەڵام گۆبڵز خەونی ئەوەی دەبینی کە وەک نوسەر یان رۆژنامەنوس کاربکات.
كاتێك دەنگۆی ئەوە بڵاوبوەوە کە جولەکە بوە، بە بڵاوکردنەوەی نامیلکەیەک لە ساڵى 1932دا، ئەو دەنگۆیەى رەتكردەوەو لەو نامیلكەیەدا رەگ و ریشەو رەچەڵەكى خۆى ئاشكراكرد.
گۆبڵز، لە 19ی کانونی دوەمی 1931 لەگەڵ "ماگدا ریچڵ" هاوسەرگیری کرد، ئەوەندە سەرسام بو بە هیتلەر، ناوی شەش هەر منداڵەکەی بە پیتی H دەستى پێدەكرد، ئەمەیش وەك ئاماژەیەك بۆ یەكەمین پیتى ناوى هیتلەر، دیكتاتۆرە مەزنەكەى ئەڵمانیاش لەپاداشتى ئەوەدا؛ منداڵەکانی گۆبڵزی خۆشدەویست، بەتایبەت کچە گەورەکەی، کە چەندین وێنەی لەگەڵدا بڵاوكردبۆوە.
وەزیرى پروپاگەندەى هیتلەر، لە سەردەمی منداڵیدا تەندروستی باش نەبو، لە تەمەنێكى كەمدا توشی هەوکردنی سەختی سییەکانی بو؛ کە نزیکبو لەوەى بیکوژێت، بەهۆی لاوازی ناوبراوەوە، لە یەكەمین جەنگی جیهانیدا رێگەی پێنەدرا لە سوپای ئەڵمانیادا خزمەتبکات، ئەمەش ئازاری شانازییەکەی دەدا، و بەهۆی ئەوەی نەیتوانی لە کاتی جەنگدا خزمەتی وڵاتەکەی بکات، بەردەوام سەرزەنشتى خۆى دەكرد.
هیتلەر، وەک لە وەسیەتنامە نووسراوەکەیدا هاتوە و پێش ئەوەی لە 30ی نیسانی 1945لە کۆتا رۆژەكانى دوەمین جەنگی جیهانیدا خۆی بکوژێت؛ "گۆبڵز"ى وەک راوێژکاری ئەڵمانیا دەستنیشانکرد.
گۆبڵز، لاى گەلى ئەڵمان، نازناوى "بلیمەتە شەڕەنگێزەكە"ى بەدەستهێنابو، هەمو ئەڵمانیای راکێشا بۆ شوێنکەوتنی هیتلەر، تەنها بۆ ماوەی یەک رۆژ سەرۆکی حکومەتی ئەڵمانیا بو، دواتر کۆتایییەکی تراژیدیتری لە سەرکردەکەی هەڵبژارد.
دوای ئەوەی بێهیوا بو لە سەرکەوتن لەو شەڕەدا كە بە پلەی یەکەم لە دواى هیتلەر بەرپرسیار بو لە ئەنجامدانی؛ لەگەڵ هاوسەرەکەی رۆژێک دوای خۆکوشتنی هیتلەر و لە 1ی ئایاری 1945 دا، بە فەرمانی ئەو کۆتاییان بە ژیانی خۆیانهێنا.
سەبارەت بە منداڵەكانیشى کە تەمەنیان لە نێوان 4 بۆ11 ساڵدا بون، بە یارمەتی پزیشکێک بە دەرزی مۆرفین بێهۆشكران و دایکیشیان بەهێمنى دەبە سیانیدەکانی لە دەمیاندا چەقاند و هەمویان گیانیان لەدەستدا.
-
رۆژهەڵات..لەحوكمڕانى سەفەوییەكانەوە بۆ كۆمارى ئیسلاميى ئێستا
|
-
ئایا عێراق دەبێتە پەناگەیەکی ئارام بۆ حوسییەکان؟
|
-
رایخى سێهەم.. ناسراوترین لۆگۆى جیهان
|
-
نێڵسۆن ماندێلا.. ئەو پیاوە لێبوردەیەى سەرەتا ناوى گێرەشێوین بو
|
-
جۆزیف گۆبڵز.. ئەو وەزیرەى تەنها رۆژێك راوێژكارى ئەڵمانیا بو
|
-
ئەو سەرۆكەى رۆژێك پێش مردنى وتارێكى نوسى و تەنها خۆى بینى
|
-
هۆچی منە.. چێشتلێنەرێك دەرگاى دۆزەخ بۆ ئەمریكییەكان دەكاتەوە
|
-
عیدی ئەمین..لە نێوان ستەم و پرتەقاڵ خواردن و رەفتاری نامۆدا
|
-
ناپلیۆن..ئەو ئیمپراتۆرەى لە پشیلە دەترسا و دەنگى زۆر ناخۆشبو
|
|
|