3   کاتژمێر پێش ئێستا 104 جار خوێنراوەتەوە

بژاردەی رۆژی قیامەت؛ ئەگەرەكانی سەرهەڵدانی جەنگ لەنێوان ئێران و ئەمریكا

ناوەندی هەواڵ

لە تەلئەبیب بیرۆكەی وەڵامی قورسی ئێران تەنها سیناریۆیەك نییە كە لە ناوەندەكانی توێژینەوە باس بكرێت، بەڵكو چووەتە ناوەندەكانی سەربازیی و سیاسییەوە.

بەیانی رۆژی هەینی 20 ی شوباتی 2026، ئێڤی دیفرین وتەبێژ بەناوی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند: سوپا لە نزیكەوە چاودێری گۆڕانكارییە هەرێمییەكان دەكات، جەختیش دەكاتەوە دامەزراوەی سەربازیی كەوتۆتە دۆخی ئامادەیی بەرگرییەوە، ئەویش لەسەر بنەمای ئەگەری وەشاندنی گورزی سەربازیی لەلایەن ئەمریكاوە دژ بە ئێران.

لەهەمان رۆژدا، ئاژانسی رۆیتەرز لەزاری چەند بەرپرسێكی ئیسرائیلی ئاشكرایكردووە، بڕوایان وایە كەلێنی نێوان تاران و واشنتۆن بەشێوەیەكە هیچ پردی تێدا نییە، ئەگەرەكانی گورزی سەربازییش زۆر نزیكە، لەگەڵ ئەگەرەكانی كاری پێكەوەیی ئیسرائیل و ئەمریكا دژ بە ئێران.

بژاردەی رۆژی دوایی

 دڵەڕاوكێی ئیسرائیلیەكان بۆ وەشاندنی گورزی سەربازیی دژ بە ئێران نییە، بەڵكو كاردانەوەكانی ئێران و بەرزبوونەوەی تێچووی جەنگە كە هەر دەستكەوتێك دەكات بەژێرەوە كە بەدەستی دەهێنن.

بەوهۆیەوە شیكارییە ستراتیژییەكان بە نیگەرانییەوە دەربڕینی "بژاردەی رۆژی قیامەت" یاخود رۆژی دوایی بەكاردەهێنن، بۆ وەسفكردنی ئەوپەڕی كاردانەوەی توندی ئێران لەئەگەری هەست كردن بەوەی هێرشكردنەسەری بۆ رووخاندنی سیستمەكەیەتی.

رۆژنامەی مەعاریفی ئیسرائیلی لەوبارەیەوە بڵاویكردۆتەوە، سوپای ئیسرائیل ماوەی مانگێكە لە دۆخی ئەوپەڕی ئامادەباشیدایە، چونكە ئیسرائیلیەكان پێیان وایە ئێران لەئەگەری لێدانیدا ئەوپەڕی توانای بۆ هێرشكردنەسەر ئیسرائیل بەكاردەهێنێت.

ئەوەی گرنگە روونكردنەوەی دوو خاڵی بنەڕەتییە، یەكەمیان دەستەواژەی رۆژی قیامەت، واتە وەڵامدانەوەی ئێران لەڕووی دەریایی و ئاسمانیی و وشكانییەوە، جگە لە بواری هێرشی ئەلیكترۆنی لە یەككاتدا، دووەمیش بە ئامانجگرتنی ئیسرائیل و ئەمریكا و جومگەكانی ئابوری جیهان بەیەكجار.

لە 14 ی ئابی 2025، پەیمانگەی نێودەوڵەتی بۆ لێكۆڵینەوەی ستراتیژی لە لەندەن، راپۆرتێكی لەبارەی سیناریۆی ئێران بۆ ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگ، واتە رۆژی قیامەت بڵاوكردۆتەوە.

هۆكاری دوودڵی ئیسرائیل لەو سیناریۆیە بۆ شەڕی 12 رۆژە لەگەڵ ئێران دەگەڕێتەوە، ئەوەی بەدیاریكراوی لە نێوان 13 بۆ 24 ی حوزەیران روویدا، كە بە توندترین بەرەنگاربوونەوەی سەربازیی نێوان ئیسرائیل و ئێران لە مێژوودا دادەنرێت.

هەرچەندە كاتی شەڕەكە دیاریكراو بوو، بەڵام ئاماژەكانی قوڵ بوون، لەو ماوەیەدا ئێران 500 موشەكی دوابەدوای یەك هەڵدا، ئەوەش هەڵمەتێكی فشاری چاوەڕوان نەكراوبوو بۆ بەرەی ناوخۆی ئیسرائیل.

بەڵگەكان دەریدەخەن لەماوەی 12 رۆژدا ئێران 22 هێرشی موشەكی بۆسەر ئیسرائیل ئەنجامداوە، ئامانجەكانیشی فراوان كردووە واتە تەنها وەك رابردوو پێگەی سەربازیی بە ئامانج نەگرتووە، بەڵكو لەماوەی ئەو شەڕەدا ئامانجی ئەكنیی و ژێرخان و ناوچەی دانیشتوانیشی كردەئامانج.

داخستنی هورمز

ئەوەی لە حوزەیرانی 2025 روویدا، كۆپییەكی سنورداری كاتیی بەرەنگاربوونەوەی راستەوخۆ بوو، بەڵام ئەوەی ئیسرائیل لێی دەترسێت لە ئەگەری وەشاندنی گورزی سەربازیی فراوانی ئەمریكا دژ بە ئێران، گۆڕینی ئەو وێنەیەیە بۆ كۆپییەكی گەورە و ئاڵۆز، ئەویش بە توندبوونی گورزەكان و بەرەی جیاواز، جگە لە زیادبوونی تێچووی ئابوری و سیاسی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئێران كە حسابە سەربازییەكان تێپەڕێنێت. هەر بەوهۆیەشەوە ناوەندەكانی توێژینەوە دەستەواژەی رۆژی دوایی "قیامەت" بەكاردەهێنن.

یەكێكی دیكە لەو شتانەی ئیسرائیلیەكان لێی دەترسن، تەنها ئەوە نییە كە دەبنە بەشێك لە هەڵگیرسانی جەنگی درێژخایەن لەنێوان ئەمریكا و ئێران، بەڵكو ترسیان لەوەیە بەهۆی ئەو جەنگەوە شادەماری وزەی جیهان لە رێگەی گەرووی هورمزەوە ئیفلیج ببێت.

گەرووی هورمز گرنگییەكەی لە ژمارەكاندایە

گەرووی هورمز تەنها لە سیمبولدا كورت نابێتەوە، بەڵكو گرنگییەكەی لە ژمارەكاندایە، بەپێی راپۆرتە نێودەوڵەتیی و ئەمریكیەكان، نزیكەی یەك لەسەر پێنجی بازرگانیی نەوتی جیهان لەو گەروەوە تێدەپەڕێت، بۆیە هەر گرژییەك لەو گەرووە تەنها كاریگەری لەسەر بازاڕی وزە نابێت، بەڵكو تێچووی باركردن و دڵنایی و زنجیرەی پاڵپشتی نێودەوڵەتی زیاتر دەكات.

هەرچەندە پەیمانگەی واشنتۆن لە ساڵی 2018 لە راپۆرتێكدا باس لەوە دەكات، ئێران بە تەواوەتی توانای ئەوەی نییە كە گەرووی هورمز دابخات، ئەویش بەهۆی باڵادەستی هێزی دەریایی ئەمریكا، بەڵام لە هەمانكاتدا هۆشداریش دەدات لەوەی ئێران بەبێ ئەوەی پەنا بۆ داخستنی تەواوەتی ببات، بژاردەی دیكەی لەبەردەستە، كە دیارترینیان پەكخستنی دەریاوانییە لەگەڵ هەڵكوتانەسەر كەشتییەكان و جێبەجێكردنی پرۆسەی خێرا، لەگەڵ چاندنی بۆمبی دەریایی و بەكارهێنانی موشەكی دژە كەشتیی و چەندین رێگەی دیكە بۆ مەترسی دروستكردن لەسەر بازاڕی وزەی جیهانیی.

ئەمە تەنها باسكردنێكی تیۆری نییە، بەڵكو ئێران لە 17 ی شوباتی 2026 رایگەیاند بەشێوەی كاتیی و بۆ تێست گەرووی هورمزی داخستووە، ئەوەش هەنگاوێكە كە ئاژانسی ئەسۆشەیتد پرێس بە دەگمەن و هۆكار بۆ زیادبوونی ئاڵۆزییەكان ناویبردووە.

بازاڕی وزە دەهەژێت

بەپێی هەڵسەنگاندنەكانی ئیسرائیل، هەر پەكخستنێكی سنوردار و كاتیی، بەسە بۆ ئەوەی فشار دروست بكات لەسەر ئیسرائیل و ئەمریكا بۆ كۆتایی هێنان بە ئاڵۆزیەكان، چونكە بازاڕی وزە دەهەژێت و نرخی وزە و باركردن و دڵنایی بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزدەبێتەوە، ئەمەش جەنگەكە لە سەربازییەوە دەگۆڕێت بۆ جەنگێكی ئابوریی جیهانیی.

یەكێك لە پێكهێنەرەكانی ئەو بژاردەیەی ناویان ناوە "بژاردەی رۆژی قیامەتی ئێران" خۆی دەبینێتەوە لە بە ئامانجگرتنی بنكەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە، ئەمەش بە ئامانجی فراوانكردنی مەودای جەنگ هەر لە سەرەتای دەستپێكردنیەوە.

لە 20 ی شوباتی 2026 ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسانی ئێران ئاشكرایكرد، هەر هێرشێكیان بكرێتەسەر بە توندی هێرش دەكەنەسەر بنكەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە.

ئەو بنكانەی ئەمریكا لە دەوڵەتانی كەنداو وەك قەتەر، بەحرەین، كوەیت، سعودیە، ئیمارات و دەسەڵاتدارێتی عومانن، جگە لە بوونی سەربازیی لە ئوردن و عێراق. ئیسرائیلیەكان رێك لەمە دەترسن، ئەوكات جەنگەكە لە چوارچێوەی جەنگی ئیسرائیل و ئێران دەردەچێت، بەڵكو دەبێتەهۆی جەنگی راستەوخۆی ئێران و ئەمریكا، ئەوكات دەبێتە جەنگێكی هەرێمیی و قورسە بتوانرێت رێرەوەكەی دیاریبكرێت یاخود ماوەكەی.

ئێران لەئەگەری هێرشی دەریایی و ئاسمانیی بۆسەر وڵاتەكەی، هەوڵدەدات بەرەی جیاواز بكاتەوە، ئەویش لە رێگەی هاوبەشە هەرێمیەكانیەوە، بەوتەی پەیمانگەی توێژینەوەی جەنگ لە واشنتۆن، ئێران دەیەوێت بەو هەنگاوە مەیدانی بەرگریی فراوان بكات و ئاڵۆزی سیاسیش دروست بكات.

بەوتەی پەیمانگەكە، ئێران لە لوبنان و عێراق و یەمەن و تەنانەت سوریاش هێشتا گروپی چەكداری هەیە، ئەو تۆڕە توانای بەرەنگاربوونەوەی ئێران لە ناوچەكە فراوانتر دەكات، ئەوكات هەڕەشەكان تەنها موشەكەكانی ئێران نین.

  • بژاردەی رۆژی قیامەت؛ ئەگەرەكانی سەرهەڵدانی جەنگ لەنێوان ئێران و ئەمریكا

  • پرسی كورد لەنێوان بە "تیرۆر" ناساندن و خوشك و برایەتیدا

  • ساڵ و نیوێكە پەرلەمانی كوردستان پەكیكەوتووە و یەكێتی و پارتی خەمی بەغدادیانە

  • ئۆجەلان: قۆناغی چەكدانانی پەكەكە كۆتایی هات

  • ساڵێک بەسەر دەستپێشخەریی بۆ ئاشتی و پلانگێڕییەکە تێدەپەڕێت

  • ئەمڕۆ 15ساڵ بەسەر مەرگی هونەرمەند حمە جەزا تێدەپەڕێت

  • لاهور جەنگی بورهان لە هاوسەرۆکی یەکێتیەوە بۆ زیندان

  • رۆژهەڵات..لەحوكمڕانى سەفەوییەكانەوە بۆ كۆمارى ئیسلاميى ئێستا

  • ئایا عێراق دەبێتە پەناگەیەکی ئارام بۆ حوسییەکان؟

سەرەکی